لە دیدارێکدا کە #ڕەفعەت عەبدوڵڵا#، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی ئامادەبوو، دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی هەرێم و ئێراق گفتوگۆیدان لەبارەوەکرا و جەخت لە بەردەوامیی دیالۆگی نیشتمانی و بوونیادنەرانە کرایەوە بەئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.
#بافڵ تاڵەبانی# لەبارەی دۆخی هەرێم بە گشتی و پرسی هەڵبژاردن و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بەتایبەت ڕایگەیاند، سیاسەت و ستراتیژی یەکێتی سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن ڕوونە و لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووین بەڵام هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دوور لە دەستوەردان. ئەمەش بە یاسایەکی نوێ و کۆمیسیۆنێکی بەهێز دەکرێت نەک یاسایەک دەرفەت بۆ هەڵبژاردنێکی ڕووکەش بڕەخسێنێت. ئێستاش کات ماوە و دەتوانرێت بە سازان پرسەکە یەکلایی بکرێتەوە کە ئەمەش خواستی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمە.
وتیشی، بەداخەوە سەروەریی دەسەڵاتی دادوەری لەژێر پرسیاردایە و حزب دەستوەردان لە کارەکاندا دەکات، ئەمەش پێشهاتێکی مەترسیدارە و دەبێت ڕێگریی لێبکرێت.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەوڵە ئەرێنییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بافڵ تاڵەبانی وتی، کاری پێکەوەیی لەگەڵ دۆستەکانمان لە بەغدا و فراوانکردنی هاوکاری و هەماهەنگییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا، فاکتەری بەهێزبوون و مانەوەمانە وەک قەوارەیەکی بەهێز و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکەکەمان.
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# ئاشکراشیکرد، ئەو دۆخە سیاسییەی ئەمڕۆ ڕێکەوتی #07-06-2023# لە هەرێم هاتووەتە ئاراوە نەک خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکات بەڵکوو لە سیاسەت و حوکمڕانییەکی تەندرووست دوورمان دەخاتەوە، ناشتوانین کۆتایی بەو دۆخە بهێنین ئەگەر واز لە عەقڵییەتی سەپاندن و تاکڕەوی نەهێنین و پێکەوە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان کار نەکەین. [1]