ئەوەی کە لەو ڕۆژانەدا لە پەڕڵەمانی ئێراقدا لەسەر یاسای بودجە بینرا دەریخست کە کورد چەند لێکترازراوە و زیاتر لە هەمووان پێویستی بە یەکگرتن هەیە، کورد پێویستی بە سیاسەتێکی کوردستانیانەی سەرو حزبایەتی هەیە، پێویستی بە کەسانی باش و بە توانا هەیە کە بتوانن سیاسیانە و نیشتمانیانە و یاسایانە کوردستان بەڕێوە ببەن و بەرگری لە مافی گەلی کوردستان بکەن.
کە بینیم مووچەی پێشمەرگە لە نیو میلیون دینارەوە دەست پێ دەکات و مووچەی سەربازانی ئێراقی و حەشدی شەعبی لە سەرووی یەک میلیون دینارەوە دەست پێ دەکات دڵم پڕ بوو لە خەم، ئێمە کە نەتوانین بەرگری لە مووچەی پێشمەرگە بکەین کە بەشدار بووە لە ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس و بوونیادنانی ئەو ڕژێمەی ئێستای ئێراق و شکاندنی داعش، چۆن دەتوانین بەرگری لە مافی تێکڕای گەلی کوردستان بکەین.
پارتی و یەکێتی کە دوو هێزی سەرەکین کە هەر خەریکی تەخوین کردنی یەکتری بن، سیاسەت و پلانیان تەنیا لە دژایەتی کردنی یەکتر قەتیس کردبێتەوە، هەر یەک لەوانە پێیان وابێت کە ئەوی تریان شکاند سەربەخۆی کوردیان وەدەست هێناوە، حزبەکانی تریش وا بیر دەکەنەوە کە پارتی و یەکێتی بشکێنن کورد سەر دەکەوێت، غافل لەوەن کە هەموویان دەشکێن و ژێر دەکەون.
با چیتر گلەیی لە برایانی عەرەب و تورک و فارس نەکەین زۆربەی لەوەی بەسەرمان دێت خەتای خۆمانە، ئێمە کە ڕێز لە خۆمان و دامەزراوەکانمان نەگرین بۆ چاوەڕوان بین خەڵکی تر ڕێزمان بگرێت. [1]