لە سەفەرێکی دیکە بۆ کەیپ تاون لە باشووری ئەفەریقا، جارێکی دی گەڕاینەوە بۆ لای #ئەبوبەکر ئەفەندی# و لەگەڵ بنەماڵەکەی لاپەڕەکانی ژیانیمان هەڵدایەوە.
ئەو زانا کوردە کە لە ساڵی 1814 لە گوندی سیساوە و لە ناوچەی خۆشناوەتی لە دایک بووە، هەر لە مەدرەسەیەکی ئەو گوندەش خوێندوویەتی و پەروەردە بووە، دواتر چووە بۆ ئەستەنبوڵ و بۆ ماوەی پێنج ساڵی دی درێژەی بە خوێندن داوە، لە زانستە شەرعییەکان ئەوەندە توانا و باڵادەست بووە، لە دەوڵەتی عوسمانی بە (شیخ العلم و مفتی الأربعة) ناسراو بووە. ئەو زانا کوردە، نزیک بە دوو سەدە پێش ئێستا لە ساڵی 1830 خۆی بنەماڵەکەی گوندی سیساوەیان بەجێ هیشتووە و ڕوویان لە ئەرزەڕۆم کردووە. ئەبوبەکر لەوێوە لە ساڵی 1862 لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە ڕەوانەی کەیپ تاون دەکرێ بۆ ئەوەی ڕێنمایی دینی بە موسڵمانەکانی ئەوێ بدات. ئەبوبەکر بە ڕووناکایی زانستەکەی لە کەیپ تاون موسڵمانەکانی ئەو شارە ڕۆشن دەکاتەوە، نەوەیەکی موسڵمان لەو شارە ڕێنمایی دەکات کە هەتا ئێستاش باسی شارەزایی و لێهاتووی ئەو دەکرێ، مێژوویەکی ئەوەندە پرشنگداری لەم شارە تۆمار کردووە، ڕوو لە هەر مۆزەخانەیەکی کەیپ تاون دەکەی، ئاماژە بە ڕۆڵی ئەبوبەکر دەکرێ لە پێشخستنی کۆمەڵگەی موسڵمانان و پەروەردەکردنیان، هەروەها ڕۆڵی لە پێشخستنی زمانی ئەفریکانی، کە پەڕتووکێکی بەناوی بیان الدین بەو زمانە و بە ئەلفوبێی عەرەبی نووسیوە.
جارێکی دی لەگەڵ محەمەد زۆبری ئەفەندی (نەوەی سێیەمی ئەبوبەکر ئەفەندی) باسی ئەو مێژووەمان کرد کە ئەبوبەکر بۆ یەکەمجار پێی لەم شارە داناوە و وێستگەیەکی گرنگی لە ژیانی زانستی لێرە دەست پێ کردووە، هەموو ئەو بەڵگەنامانەی نیشان دام کە باسی زەویوزاری وەقفی بنەماڵەکەیان دەکات، کە لە سەدەی دوازدەمی میلادییەوە، لە ناوچەی خۆشناوەتی هەیان بووە. ئەو هەمیشە بە دڵگەرمییەوە لەبارەی باپیرە گەورەی دەدوێ کە لە کوردستانەوە هاتووە و بە ئەسڵ کوردە و بە عەشیرەت خۆشناوە. زۆر دژی ئەو هەوڵانەیە کە هەندێک نووسەری تورکی نەتەوەپەرست دەیانەوێ ناسنامەی نەتەوەییان بگۆڕن و بیانکەن بە تورک. محەمەد زۆبری دەڵێ: ئێمە کوردین، ناتوانین هیچ نەتەوەیەکی دی بین، چونکە بنەماڵەی ئێمە بە بنەچە و بە گوند و بە عەشیرەت و بە مێژوو کوردن، ئەو بەڵگەنامانەی لە باپیرە گەورەمانەوە بۆ ئێمە بە جێ ماوە، هەموو ئەوە نیشان دەدەن کە مێژووی ئێمە لە سەدەی دوازدەمەوە لە گوندی سیساوە و خۆشناوەتی بووە، ئەمە لەکاتێکدا بووە، کە هێشتا تورک و عوسمانی پێیان لە ئەنادۆڵ نەناوە و کوردستانیان نەخستووەتە ژێر دەستی خۆیان، بۆیە هیچ کەسێک ناتوانێ ئەم مێژووە لە ئێمە زەوت بکات، یان بیەوێ چەواشەی بکات و ئێمە بکات بە تورکی عوسمانی، یان عەرەب. هەر لەم ڕووەوە داوای لێ کردم کە لەگەڵ ناوی ئەبوبەکر ئەفەندی ناسناوی خۆشناوی دابنێم، چونکە ئەمە لەقەبی عەشیرەتەکەی بووە کە بەڵگەیە بە ئەسڵ کوردە.
نەوەکانی ئەبوبەکر ئەمڕۆ لە شاری کەیپ تاون لە دامێنی چیای سەرکەشی تەیبڵ و نزیک بە کەنارەکانی ئۆقیانووسی ئەتڵەسی دەژین، هێشتا چاویان لە کوردستان و گوندی سیساوەیە، حەز دەکەن چاویان بە زێدی باپیرە گەورەیان بکەوێت، ئەوان هێشتا هەر کوردستان بە وڵاتی خۆیان دەزانن. لەم سەفەرە پێکەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی بە تاجە گوڵێکەوە چووینەوە سەر قەبرەکەی ئەبوبەکر لە گۆڕستانی تانا بارو، لەسەر قەبرەکەی پەیمانمان نوێ کردەوە کە لێ ناگەڕێین ئەم مێژووە پڕ لە سەرەوەرییەی ئەم زانا کوردە ون ببێت، یان دەستی تەزویر و چەواشەکاری بگاتێ. دەبێ ئەم مێژووە زیندوو بکرێتەوە، جارێکی دی ئەم شانازییە بگەڕێتەوە بۆ کورد و بۆ سیساوە و خۆشناوەتی.
#سوداد ڕەسووڵ#[1]