ناونیشانی بابەت: دەوالی و هۆکار و چارەسەرەکانی
ئامادەکردن: د. #عەلی ئیسماعیل#
دەوالی بریتییە لە بەرینبوونی تۆڕە خۆێنهێنەرەکانی گوون، کە ئەویش وادەکات خوێن لەچواردەورەی گوونەکان لەناو خوێنهێنەرەکان کۆببێتەوە چونکە خوێنهینەرەکان توانای گەراندنەوەی خوێنیان کەم دەبێتەوە ، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە زمانەکانی ناو خوێنهێنەرەکان کە بەرپرسن لە گەڕاندنەوەی خوێن بۆ خوێنهێنەرە گەورەکان و پاشان بۆ ناو دڵ لەکار دەکەون و لە ئەنجامدا ئەو خوێنە کۆدەبێتەوە و خوێنهێنەرەکان بەریندەبێت.
کە ئەمەش زۆر زیاتر لەلای چەپی گوون ڕوودەدات چونکە خوێنهێنەری گوونی چەپ بەگۆشەی تیژ دەچێتە ناو خوێنهێنەری گورچیلەی چەپ کە ئەمەش کاری گواستنەوەی خوێن زەحمەتتر دەکات بە بەراورد لەگەڵ لای ڕاست کە ڕاستەخۆ دەچێتە شاخوێنهێنەری خواروو . بۆیە زیاتر لە ٪85 ی دەوالی لەلای چەپ ڕوودەدات و ئەگەر دەوالی بە تەنیا لەلای ڕاست بە شێوەی کت وپڕ ڕووبدات پێویستە پشکنینی زیاتر بکرێت تا هۆکارە نەخوازراوەکانی تری ڕوودانی دەوالی وەک گرێی ناو سک کە لەوانەیە زەختی کردبێتە سەر خوێنهێنەرکان یان هەر هۆکارێکی تر دەبێت پشکنینی زیاتر بکرێت.
دەوالی 4 پلەی هەیە کە بەپێی زیاتر بەرینبوونی خوێنهێنەرەکان پلەکەی بەرزتر دەبێت ، پلەی یەک بەدەست هەستپێناکرێت تەنیا بە سۆنەری جۆری دۆپلەر دەستنیشان دەکرێت تا وای لێدێت لە پلەی 4 بەچاو بەرینبوونی خوێنهێنەرەکە دەبیندرێت ، وە بەپێی بەرزی پلەکەی کاریگەریی زیاتر دەبێت لەسەر تەندرووستی و شێوەی دەرەکی جۆڕکی گوون.
=KTML_Bold=کاریگەرە نێگەتیڤەکانی دەوالی لەسەر تەندرووستی پیاوان:=KTML_End=
کاری گوون بریتییە لە دروسکردنی سپێرم و هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن ، کە بۆ ئەمەش پێویستی بە پلەی گەرمایەکە کە 3 پلە سیلیزی لەخوار دەرەجەی گەرمای لەش بێت، بۆیە لە کاتی گەرمادا گوونەکان بەشێوەی ئاسایی شۆرن بەڵام لە سەرمادا بەسەردەکەون تا لەش نزیک ببنەوە تا پلەی گەرمیەکەیان بەرزبێتەوە و لە چالاکی نەوەستن.
بۆیە لەکاتی هەبوونی دەوالی خوێنی گەرم لە دەوری گوونەکان کۆدەبێتەوە بەشێوەیەکی زۆر و نائاسایی کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گوون و ئەو جیاوازیە 3 پلەییەی گەرما لەگەڵ گەرمای لەش نامێنێت دەبێتە هەمان پلەی گەرمی لەش بەو شێوەیە کاری درووستکردنی سپێرم (spermatogenesis) سست دەبیت و دەبێتە هۆی کەم بوون و کەمی چالاکی سپێرم و کەم بوونی دەردانی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن بەمەش نەزۆکی و لاوازی جنسی لە پیاو ڕوودەدات هەندێک جار بەتایبەتی ئەگەر هەردوو گوونەکە دەوالی هەبێت.
هەروەها دەوالی ژانی و قوورسی لە گوونەکان درووست دەکات کە ڕێژەکەی لەوانەیە کەم بێت هەندێک جارێش ژانەکەی ئەوەندە زۆرە نەخۆش لە کاروچالاکییەکانی ڕۆژانەی دەخات.
=KTML_Bold=کێن ئەوانەی پێویستیان بە چارەسەرە ئەوانەی کە دەوالیان هەیە ؟=KTML_End=
تەنیا ڕێژەی 20-30 ٪ پێویستیان بە نەشتەرگەریە کە بریتین لە:
1- ئەگەر گەشەو قەبارەی گونەکە بەڕێژەی 20٪ کەمتر بێت بە بەراورد لەگەڵ لایەکەی تر یان لە ڕێژەی ئاسایی.بەتایبەتی ئەگەر لە تەمەنی هەرزەکاری نەشتەرگەری بکات لەوانەیە بە گەشەی ئاسایی ڕابگاتەوە سوودی زۆری لێببینێت.
2-ئەگەر دەوالی نەزۆکی لەگەڵ بێت و کواڵیتیی و جولەی سپێرم یان ژمارەکەی کەم بێت هیچ هۆکارێکی تری نەزۆکی نەبێت ، ڕێژەیەکی زۆریان 3 -6 مانگ دوای نەشتەرگەری کواڵیتیی و جولەی سپێرم و ژمارەکەی باشتر دەبێت و زیاد دەکات.
3-هەبوونی ئازارێکی زۆر کە کاریگەریی لە لەسەر کار و چالاکی ڕۆژانە هەبێت دوای نەشتەرگەری زۆربەیان باش دەبن.
=KTML_Bold=جۆرەکانی نەشتەرگەری لە دەوالی:=KTML_End=
1-نەشتەرگەری بە شێوازی کردنەوە (فتح) لە خوارەوەی سک بە برینێکی 4 سم . خوێهێنەرە بەرینەکان دەبەسترێن و پاشان دەبردرێن.
2- هەندێک جار لە ڕێی هەمان برینی خوارەوەی سک بەڵام بە بەکارهێنانی مایکرۆسکوپ ، ئەو مایکروسکۆپە یارمەتیی پزیشکەکە دەدات بۆ ئاسانتر دەستنیشانکردنی بۆری سپێرم و خوێنبەرەکان و پاراستنیان لە برینداربوون لەکاتی نەشتەرگەری.
3-نەشتەرگەری لەرێگەی 3 کونی نیو سانتیمەتری لە سک بە نازوور دەکرێت و ئەگەر هەردووک لا پێویستی بە نەشتەرگەری بیت و بەتایبەتی ئەگەر هۆکاری نەشتەرگەریەکە نەزۆکی بێت.ئەوە سوودی زۆری هەیە لەڕووی زووتر گەڕانەوە نەخۆشەکە بۆ کارو چالاکی ڕۆژانە و ژانی کەمترە و لایەنی جوانکاری چونکە ئەگەر بە شێوازی نەشتەرگەری کردنەوە (فتح) بێت دەبێت بەلای کەمی برینی 4 سم لە هەرلایەک بکرێت. کەچی بە تەنیا 3 کونی نازوور کە هەریەکەیان نیو سانتیمەترە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری هەردوولا پێویستە ، وە هەروەها بۆری سپێرم و خوێنبەرەکان لەناو سک لە خوێنهێنەرە بەرینبووەکان کە پێویستی بە نەشتەرگەریە دوورن و پارێزراون لە کاتی نەشتەرگەری.
4-نەشتەرگەری دانانی قەستەرەی کۆیلدار لەناو خوێنهێنەرە بەرینبووەکان. [1]