ناساندنی سەردەمی هەڵەکان
ئامادەکردن: #نەجاتی عەبدوڵڵا#
سەردەمی هەڵەکان بریتییە لە بەشی دووەمی سیانەی ڕۆمانی (نانی ڕووت، سەردەمی هەڵەکان و سیماکان) . محەمەد شوکری لەسەر هەمان ڕێچکەی ڕۆمانی (نانی ڕووت) لە کڵاوڕۆژنەی یادەوەرییەکانییەوە سەربردەی ژیانی خۆی لەم بەشی دووەمەشدا دەگێڕێتەوە، بەڵام گێڕانەوەیەک لە قاڵبێکی ئەدەبی بەرز چیرۆکی پاڵەوانەیلی پەڕاوێزخراو و کەسانی چینە هەرە فەرامۆشکراوەکانی کۆمەڵگەی مەغریبی دەگێڕێتەوە.
لەم گێڕانەوەیدا نووسەر لەگەڵ چیرۆکی سەربووردەی ژیانی خۆی، هاوکات وێنای مێژوویێکی زیندووی کۆمەڵگەی مەغریبیمان پێشکەش دەکات، وێنەیەک کە هیچ لە پەڕتووکە مێژووییەکان ناتوانن ئاوها گوزارشت لەم قۆناغەی ژیانی کۆمەڵایەتی ناوچەکە بکەن.
«سەردەمی هەڵەکان» هەر تەواوکەری ژیانی مەینەتی و کڵۆڵیی ڕۆمانی «نانی ڕووت»ە و نووسەرەکەی زۆر بە بوێرانە و ڕاشکاوانە نووسیویەتی، کە من پێم وایە بەشێکی زۆری سەرکەوتنی ئەم ڕۆمانە دواجار دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بوێری و بێ پەردەیی باسکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی ناو کۆمەڵگەکەیەتی، کە نووسەر زۆر بەوردی و زۆر شارەزایانە لە فۆرمێکی گێڕانەوەییدا ئاڵقە بە ئاڵقە چیرۆکەکان بە یەکەوە دەبەستێتەوە و لەگەڵ خۆیدا خوێنەر دەباتە نا کۆڵانە تەسکوتریسکەکانی (تەنجە) ، (وەهران) ، (ڕیف) و سەر زەریا و ژیانی ناو قەحبەخانە، باڕ، ناو قاچاخچی و قۆڵبڕ و هەموو ئەو چینە پەراوێزخراو و فەرامۆشکراوانەی، کە زۆربەی جار مێژووی ڕەسمیی فەرامۆشیان دەکات.
بۆیە ئەگەر لە سایەی گێڕانەوەکانی ناو ئەم ڕۆمانە نەبوایە ڕەنگ بوو ئاشنابوونمان پێیان وا ئاسان نەبوایە. دواجار هەموو پەڕتووکە مێژووییەکانی مەغریب ناتوانن ئەو وێنایە بخەنە بەر دیدەی خوێنەر کە لەم ڕۆمانەدا بەزیندوویی بەبەرچاوی خوێنەردا تێپەر دەبن، کە ئەمە نهێنی و ڕازی بەشێکی گەورەی سەرکەوتنی ئەم ڕۆمانەیە کە بۆ چەندین زمانی جیهانی وەرگێڕدراوە.
=KTML_Bold=لەسەر بەرگی پشتەوەی ئەم پەڕتووکەدا هاتووە:=KTML_End=
لە بیست ساڵی، محەمەد شوکری نەخوێندەوار بوو، بۆ ڕزگاربوون لەدەست بوونێک کە تێیدا هاودەمیی کڵۆڵی، زەبروزەنگ و لەشفرۆشیی بووە، ئەو دەست دەکات بەوەی خۆی پێبگەیەنی، لەنێوان تەنجە وعەرائیش دەبوو خەبات بکات بۆ فێربوون، چونکە تەنیا زانیاری و مەعریفە دەیانتوانی بیکەن بە مرۆیەکی ئازاد. (ژیانی ڕاستەقینە، دەبێ لەناو پەڕتووکان بۆی بگەرێی) .
محەمەد شوکری (2003-1935) ، لەدایکبووی (ریف) ی مەغریب، نووسیاری ڕۆمان، چیرۆک، شانۆنامە و وتارگەلێکی کە خستوویانەتە ڕیز نووسەرە گەورەکانی ئەدەبیاتی عەرەبی، ئەو لە گێڕانەوەی (نانی ڕووت) ، پەڕتووکێک کە بووتە سەرچاوە و باسی منداڵی خۆی دەگێڕێتەوە. سەردەمی هەڵەکان، بەرگی دووەمی هەمان سەرگوزشتەی ژیانامەکەیەتی: هەمان تاڵاو، هەمان یاخی بوون و هەمان دەنگی نەفرتلێکراوی سەر زەوی (ڕۆژنامەی لۆمۆند). [1]