ئەو چیرۆکانەی دەبێت بزانرێن دووربینییەکانی #مام جەلال# و کاک #نەوشیروان مستەفا ئەمین#
نووسین: #محەمەد ئەمین پێنجوێنی#
بەشی یەکەم:
تازە سەرهەڵدانی جەماوەری و بەرخۆدانی گەلانی سووریا دەستی پێ کردبوو، لەو کاتەدا ڕژێمەکانی تونس، میسر و لیبیا یەک لە دوای یەک هەرەسیان دەهێنا.
بەهاری عەرەبی جۆش و خرۆشی شەقامی وڵاتە عەرەبییەکانیان ئاگر تێ بەردابوو، هەر لە هەمان کاتدا ڕژێمی (بەشار ئەسەد) لە گەلێ ناوچەی ڕۆژاوادا کشایەوە و لە هەندێ ناوچەش هێزە کوردییە شۆڕشگێڕەکان دەستیان بەسەر داوودەزگاکانی میریدا لە ڕۆژاوادا گرت.
لەم لایشەوە چالاکانی (پەیەدە) و شەڕوانانی ڕۆژاوا بەرەو زێدی خۆیان کەوتنەوە ڕێ بۆ سەرکردایەتیکردن و ڕێکخستن و گوژم دان بە شۆڕشی ڕۆژاوا، پۆل پۆل لە (#فیشخاپوور# ) پەڕینەوە، لە باشووریش هەندێ لەو چالاکانە کەوتنە هاندان و کۆکردنەوەی ئاوارەکانی سووریا بە کورد و نەتەوەکانی ترەوە بۆ هاندان و بەپیرەوەچوونی شۆڕشەکە، ئیتر دەنگ وا بڵاوبووەوە ئەها ئەمڕۆ بەشار دەکەوێت یا سبەی ..!
هەر لەو سەروبەندەدا بوو، ڕەوان شاد (مام جەلال) ناردی بە شۆێنمدا و وتی: ( (کێ لە کوردەکانی ڕۆژاوا وکادرەکانیان لەم ناوە هەن بۆم بانگ بکە.) )
ئەو کاتە لێرە لە باشوور کادرێکی پەیەدە هەبوو بەناوی دکتۆر (حسێن کۆچەر) ، لەگەڵ دوو هەڤاڵی دیکەدا، کە ناوەکەیانم لەیاد نەماوە، چووینە لای مام، لە#قەڵاچوالان# ، مام ڕووی تێ کردین و وتی: لە ڕەوشی سووریا و ڕۆژاوا چی دەزانن بۆم باس بکەن! ئەوانیش کە ڕۆژانە پێوەندییان هەبوو لەگەڵ سووریا و ڕۆژاوا بەوردی چیان دەزانی باسیان کرد و وتیان ئەوا، بن عەلی و قەزافی و موبارەک ڕۆیشتن بەم نزیکانە بەشاریش دەڕوات و ئێمەش دەگەڕێینەوە بۆ وڵات.
ئینجا مام، بەدرێژی باسی دیرۆکی درووستبوونی دەوڵەتی سووریا و سەرهەڵدان و شۆڕشەکانی کوردی ڕۆژاوای بۆ کردن و وتی: بەشار ناکەوێت و ناڕوخێت و دەمێنێتەوە، لەبەر ئەوە هەموو پردەکان لەگەڵ بەشار مەڕوخێنن بەلانی کەمەوە (شعرە معاویە) بهێڵنەوە بۆ پاشەڕۆژ سوودی لێ دەبینن، وتیشی کە دەڵێم بەشار ناکەوێ لەبەر ئەم هۆکارانایە:
یەکەم : ڕژێمی بەشار وەکوو ئەو ڕژێمانە نییە کە لەبەر چاوماندا ڕووخان و ئێوە باستان کرد، بەشار هەموو جومگەکانی دەوڵەتی کۆنترۆڵ کردووە .لەناو خێزانەکەی خۆیدا وەکوو هێزی سەربازی، هەواڵگری، ئاساییشی ناوخۆ، هێزی ئاسمانی، بانکی مەرکەزی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەمووی لەنێوان خۆی، برا، ئامۆزا و زاواکانییدا بەش کردووە و دەستیان بەسەردا گرتووە.
دووهەم: ئێران و ڕووسیا ناهێڵن بەشار بکەوێت، چونکە ئەڵتەرناتیفەکەی بەشار ئیخوانی و ئیسلامییە تووندڕەوەکان و هێزی داگیرکەری تورکیایە وە ئەم ئەڵتەرناتیڤە خراپتر و کوشندەترە بۆ کورد و بۆ گەلانی سووریاش
سێیەم: ئیسرائیل لەم بزاڤە دەترسێ و پێی قبووڵ ناکرێت، هەتا ئیسرائیلیش ڕازی نەبێ هیچ کات هێزە ئیسلامییە تووندڕۆکان ناتوانان حوکمی وڵاتانی هاوسنووری دەوڵەتی عیبری بگرنەدەست.
چوارەم : هیچ بە دووری نازانم ئەگەر هێزی ڕووسیا و ئێران درێژە بەمانەوەیان بدەن و زیاتر جوگرافیای ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەن، هێزی ئەمەریکا و هاوپەیمانایش بێنە سووریا، ئەوەش بزانن ئەو ناوچانەی کە ئەم هێزانەی تیا
کۆئەبێتەوە ناوچە (گازی و نەوتەکانی ) سووریایە ئەمەش هەلێکی زێڕینە بۆ کورد تا بتوانن یارییەکی ئەقڵانی بکەن لەم ناوچە ئاگراویەدا، بۆ یەدەڵێم هەموو پردەکان لەگەڵ بەشار مەڕوخێنن.
ڕوی کردە من و وتی پێنجوێنی تۆش بڕۆ ئەم باسە بەناوی منەوە بە برادەرانی #قەندیل# بڵێ.
زەمان هات و زەمان ڕۆیی قسەکانی مام جەلال دەقاو دەق وەکوو خۆی هاتە دی. مام یادی بەخێر.
[1]