ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق ڕایدەگەیەنێت، کورد بەکێشە ناوخۆییەکانییەوە دەناڵێنێ و دۆخی خەڵک و خزمەتگوزارییەکان تا دێ خراپتر دەبێت.
#کاروان عەلی یاروەیس# ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق بڵاویکردۆتەوە، کورد بە پەرتەوازەیی و قوڵبوونەوەی کێشە ناوخۆییەکانییەوە دەناڵێنێ و دۆخی خەڵک و خزمەتگوزارییەکان تادێ خراپتر دەبێت، لەکاتێکدا چەند پرسێکی گرنگ لە داهاتودا لە ئێراق دێنە ئاراوە و ئەگەر کورد یەک بڕیار و یەک ڕوئیای نەبێت زیانی گەورە دەکات.
کاروان یاروەیس لەبارەی پرسە گرنگەکانەوە ڕایگەیاندووە، ئەو پرسە گرنگانەش بریتین لە پڕۆژە یاسای بودجەی ئێراق بۆ ساڵی 2023 و پشکی هەرێم، هەروەها پڕۆژە یاسای نەوت و غاز کە ئاییندەی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات و یاسایەکی زۆر گرنگە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ئێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە و چارەنووسی کەرکووک و ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان و پڕۆژە یاسای سەرژمێری گشتی لە ئێراق لەگەڵ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق لەو پرسانەن کە لە داهاتوودا دێنە ئاراوە. [1]