کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ئێراقی بڕیاریداوە دۆلار بەنرخی فەرمی بانکی ناوەندی مامەڵە پێوە بکات و فرۆشتنی بلیتی گەشتە ئاسمانییەکانی بە دیناری ئێراقی بێت.
ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی #25-02-2023# #کاروان عەلی یاروەیس#، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق، ڕایگەیاند دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لەگەڵ بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانیی ئێراقییەدا، ڕایگەیاند کە ئیتر فرۆشتنی بلیتی گەشتەکانمان بە دیناری ئێراقی دەبێت و بە پێی ئەو نرخەیش کە بانکی ناوەندی ئێراق دایناوە، ئەم بڕیارەش هەموو گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی ئێراق دەگرێتەوە.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی یەکێتی باسی لەوەش کردووە پێشتر بە نووسراوی فەرمی داوامان لە هێڵی ئاسمانیی ئێراقی کردووە کە بلیتەکانی گەشتکردن بەنرخی بانکی ناوەندی ئێراقیبن و کاتەکانی گەشتکردن و خزمەتگوزارییەکان لەسەر ئەو نرخە ڕێکبخرێتەوە .
ئەم بڕیارەی نوێیەی هێڵی ئاسمانی ئێراق لە کاتێکدایە ماوەی ڕابردوو هاووڵاتییان گلەیی و گازندەی زۆریان هەبوو سەبارەت بە بلیتەکانی گەشتکردن کە نرخەکانی زۆرە بەرانبەر بە دیناری ئێراقی و هێڵی ئاسمانی ئێراقیش جەختی لەوە کردووەتەوە کە بڕیارەکەیان فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. [1]