#نێچیرڤان بارزانی# سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەیەوێت بەشێک بێت لەو شاندەی ئێراق، کە بڕیارە بۆ پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت سەردانی تورکیا بکەن.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شەیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی ئێراق، لە بارەی چوونی شاندی ئێراق بۆ تورکیا گفتوگۆی کردووە.
لەو کۆبوونەوەیە نێچیرڤان بارزانی داوای لە محەمەد شەیاع سوودانی سەرۆک وەزیران کردووە، وەک سەرۆکی هەرێم بەشێک بێت لەو شاندەی بڕیارە ئێراق بۆ پرسی هەناردەی نەوتی هەرێم بینێرێتە تورکیا.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کردووە، کە ئەو پرسە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بۆیە باشتر وایە خۆی بەشێک بێت لە شاندەکە، کە ڕەنگە لە کۆتایی ئەم مانگە سەردانی تورکیا بکەن. [1]