لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لە هاویندا، ڕێژەی تووشبوون بە بەرزی پەستانی خوێن، ناڕێکی لێدانی دڵ، جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاد دەکات.
دکتۆر سڤێتلانا بیزرۆڤا، پزیشکی دڵ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیزڤێستیا ڕایگەیاند، بیرۆکەیەکی باش نییە لە ماڵەوە دەربچیت کاتێک دەرەوە زۆر گەرمە، هەروەها باشترین کات بۆ دەرچوون پێش کاتژمێر 10ی بەیانییە، لە ئێوارانیش پاش کاتژمێر 4، باشتریشە بکرێتە پاش کاتژمێر 6.
هەروەها وتیشی، ئەو کەسانەی بەدەست نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە دەناڵێنن، دەبێت لە کەشی گەرمدا دووربکەونەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و بچنە شوێنێک لە هەواگۆڕکێی هەبێت.
ئەو خانمە پزیشکە ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە بڕی پێویست لە ئاو بخورێتەوە تەنانەت ئەگەر کەسێک تووشی سستبوونی دڵیش بوبێت، بۆ ئەوەی دڵ بە شێوەیەکی ئاسایی کار بکات، وە قەرەبوی کەمی شلەمەنی بکاتەوە، باشترە ئاو، شەربەت، یان بەرهەمە شیرەمەنیەکان بخورێتەوە.
لە هەمان کاتدا ئەو پزیشکە پسپۆڕە هۆشداری دەدات لە خواردنەوەی قاوە و کحول لە کەشوهەوای گەرمدا، هەروەها ئامۆژگاری خەڵکی دەکات کە تا دەتوانن جگەرەکێشان کەمبکەنەوە، ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی وازیلێبهێنن.
لە کۆتاییدا ئەو پزیشکە جەختیکردەوە لەسەر گرنگیدان بە خۆراک، بەو پێیەی باشتر وایە خۆیان بەدور بگرن لە خواردنی سوورکراوە و چەور، هەروەها بڕێکی زۆر سەوزە و میوە بخۆن. [1]