=KTML_Bold=ئازاری شان بۆ هێندە بڵاوە و چارەسەری چییە؟=KTML_End=
هیچ جومگەیەکی جەستە هێندەی شان مەودایەکی فراوانی جووڵەی نییە، ئەمەش لەسەر حسابی پتەویی جومگەکەیە، چونکە بۆ ئەوەی شان و قۆڵ وا بە سەربەستی بجووڵێن بە هەموو لایەکدا، کەمترین سنووری ئێسکی هەیە و زیاتر بە ژێ و بەستەر و ماسوولکە قایمکراوە، بۆیە ئەگەری ماندووبوون و نەخۆشکەوتنیشی زۆرە، بەهۆی بزێوی زۆر جووڵانەکەشی، ناتوانین وەکوو پێویست پشووی پێبدەین و بەردەوام دەیکولێنینەوە، بۆیە ئازاری شان لە بڵاوترین ئازارەکانی جومگەیە.
=KTML_Bold=- هۆکارەکانی:=KTML_End=
1- هەوکردن و هەڵاوسانی بەستەر و ژێیەکانی شان.
2- گرژبوون و توندبوونی کەپسوولی چواردەوری جومگەکە (شانی جامبوو).
3- زبربوونی ئێسکی ناو جومگەکە و تەسککردنەوەی ڕێڕەوی بەستەرەکانی ناو جومگەکە.
4- هەوکردنی کیسە سابوونییەکەی سەرووی جومگەکە.
5- سووان (سەوەفان) لە شوێنی پێکگەیشتنی کەللەی ئێسکی قۆڵ و دەفەی شان.
6- سووان (سەوەفان) لە شوێنی پێکگەیشتنی ئێسکی چەڵەمە و دەفەی شان.
7- هەوکردنی ڕۆماتیزمیی جومگەکە.
8- هەندێکجار گرفتەکە فەقەراتی ملە و تۆ لە شان و قۆڵدا هەستی پێدەکەیت.
9- جاریش هەیە جەڵتەی دڵە و لە شاندا هەستی پێدەکرێت!
10- پووکانەوەی کەللەی ئێسکی قۆڵ بەهۆی نەڕۆیشتنی خوێن بۆی.
11- لەجێچوون و درز و شکاویی دوای زەبر.
=KTML_Bold=- پشکنین:=KTML_End=
پزیشک بە گوێگرتن لە نەخۆشەکە، پاشان پشکنینی دەستی و ڕووبەڕوو گەڵاڵەی هۆکارەکە دەکات، دواتر بڕیار دەدات ئایا پشکنینی دیکە پێویستن؟ وەکوو:
1- تیشکی ئێکس (ئەشیعەی ئاسایی).
2- سۆنەر.
3- سیتی سکان.
4- ڕەنینی موگناتیسی.
5- پشکنینی خوێن.
=KTML_Bold=- چارەسەری چییە؟=KTML_End=
تاوەکوو هۆکارەکەی نەدۆزرێتەوە، ئاسان نییە چارەسەرێکی سەرکەوتووانەی بۆ بکرێت، بۆیە دەبێت پزیشکی ئێسک و جومگە دەستنیشانی بکات و چارەسەری بکات.
=KTML_Bold=- چارەسەرەکە بەپێی جۆرەکەیە، بە گشتی لە زۆربەیاندا یەکێک یان زیاتر لەمانە پێویستە:=KTML_End=
1- ڕێنمایی و ڕاهێنان و چارەسەری سرووشتی و فیزیایی.
2- دەرمانی کۆنترۆڵکردنی ئازار و هەوکردن.
3- دەرزیی ڕاستەوخۆ بۆ: ناو جومگەکە، نزیک بەستەرە هەوکردووەکە یان کیسە سابوونییە هەوکردووەکە.
4- دوور نییە پێویست بە نەشتەرگەریش بکات.
5- ئەگەر هۆکارەکە لەدەرەوەی شان بوو، دەبێت ئەو هۆکارە چارە بکرێت.
د. سەروەر سالار چوچانی
پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و جومگە و ڕۆماتیزم. [1]