ناو: عیزەدین
نازناو: نەقشبەندی
ناوی باوک: عەبدولقادر
ڕۆژی لەدایکبوون: #10-11-1903#
ڕۆژی کۆچی دوایی: #18-03-1974#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی ئاڵەک -چوارتا-
شوێنی کۆچی دوایی: گوندی چەمپاراو - بانە-
$ژیاننامە$
خواناسی پیرۆزی ڕێگەى عیرفان و تەریقەتی نەقشبەندی، مورشید و ڕابەری شەرعزان و زانا بە یەکتاپەرستیی و خواناسیی و خواویستیی، حەزرەتی شێخ عیزەدین نەقشبەندی پیرخزری چەمپاراوی.
$زانیاری کەسی$
ناوی تەواوی: شێخ عیزەدین نەقشبەندی پیرخزری چەمپاراو، کوڕی شێخ مەلا عەبدولقادری نەقشبەندی، کوڕی سەیید محەمەد، کوڕی سەیید ئەحمەد، کوڕی سەیید مستەفا، لە نەوەى مامۆستا سەیید حەسەنە، کە مەزاری پیرۆزی لاى مەزاری (پیرمەسوورە) لە گەڕەکی حاجی حانی شاری سلێمانی، لە ساداتی پیرخزری شاهۆیە، لە نەوەى حەزرەتی ئیمام (ڕەزا) ی مەشهەدە .
لەدایکبوون: ڕۆژی سێشەممە #10-11-1903# زاینی، لە گوندی (ئاڵەکی) نزیک چوارتای پارێزگاى سلێمانیی، کوردستانی / ئێراق .
شوێنی نیشتەجێ بوون: کوردستان/ باشوور و ڕۆژهەڵات.
مەزهەبی: شافیعی مەزهەب بووە .
بیروباوەڕی: بیروباوەڕی ئەشعەری بووە.
تەسەووف: مورشید و ڕابەری تەریقەتی نەقشبەندی بووە.
$بنەماڵەى حەزرەتی شێخ عیزەدین نەقشبەندی$
ئەم بنەماڵە پیرۆزە دەگەنەوە بە مامۆستا مەلا سەیید حەسەن کە لە (حاجی تەکیە) ی قەیوانەوە هاتونەتە شارى سلێمانی وە لە بنەچەدا دەچنەوە سەر بۆ حەزرەتی ئیمام (ڕەزا) ی مەشهەد.
تەسەووف و عیرفانی: ڕابەر و مورشیدی گەورەی دیاری ڕێبازی پیرۆزی نەقشبەندی بووە.
ئەولادەکانی: شێخ فەخرەین، شێخ محێدین، کافیە خان، مەریم خان، ستارە خان، فەیمە خان، فاتیمە خان، تەڵا خان، عائیشە خان، گەلاوێژ خان، سەبری خان .
$زانست و خوێندنی حەزرەتی شێخ عیزەدین نەقشبەندی پیرخزری چەمپاراوی$
سەرەتا لە ساڵی 1910ی زاینیی، لە خزمەت باوکیدا دەست دەکات بە خوێندن لە مەدرەسەکەى خۆیان لە گوندی (چنارە) ی لاى چوارتای پارێزگاى سلێمانی، پاشان لە ساڵی 1916ی زاینی، ڕوودەکاتە شارى سلێمانی لە خزمەت مامۆستا ناودارەکانی ئەو سەردەمە دەخوێنێت، پاشان لە ساڵی 1920- زاینی دەچێتە گوندی (چنگیان) لە ناوچەى شارباژێری سەر بە (چوارتا) ی پارێزگاى سلێمانی لە کوردستانی ئێراق، لە خزمەت زانای ناودار حاجی مامۆستا مەلا عارفی چنگیانی کوڕی خوالێخۆشبوو حاجی مامۆستا مەلا قادری چنگیانی، تەواوی زانستە شەرعیەکان تەواو دەکات و لە ڕۆژی دووشەممە 25-09-1922زاینیی، بڕوانامەی زانستی وەردەگرێت.
$تەسەووف و تەریقەتی حەزرەتی شێخ عیزەدین$
لە دوای تەواوکردنی زانستە شەرعییەکان لە خزمەت مورشید و ڕابەری گەورەی تەریقەتی نەقشبەندی، حەزرەتی شێخ مەلا عەبدولقادری نەقشبەندی باوکیدا، خەریکی سەیر و سلوک دەبێت، وە تەواوی پلەکانی عیرفان و تەریقەتی نەقشبەندی تەواو دەکات، وە لە خزمەتیدا مۆڵەتی ئیرشاد وەردەگرێت، وە لە ڕۆژی هەینی 30-03-1934 زاینی دەبێتە مورشید و ڕابەری گەورە و ناوداری ڕێبازی پیرۆزی نەقشبەندی .
$ چەند فەرموودەیەکی حەزرەتی شێخ عیزەدین نەقشبەندی$
1. خۆتان بەدوور بگرن لە کۆڕ و دانیشتنی خەڵکانی خراپ .
2. هەر کات ویستتان دڵتان دامەزراوبێت داوای یارمەتیی بکەن بە پاراستنی زمانتان لە هەڵە.
3. تەسەووفی ڕاستەقینە: خاوێنی دڵی موریدە.
4. زیکر و یادی خوا هۆکارى پاکی ڕۆحە .
5. شوێنکەوتنی هەواوهەوەس کلیلی گشت هەڵە و تاوانەکانە .
6. نوێژکردن باشترین یارمەتیدەرى تۆیە لەسەر بەڵاو ناهەموواری و کێشەکان .
7. ئەدەب بۆ مرۆڤ چاکترین نیعمەتی خوایە .
8. (عەقڵی سالم) ژیری ساغ، دەتگێڕێتەوە لە هەڵە .
9. گشت کاروبارت ڕادەست بە خوا بکە، مورید، دەبێتە هۆی سەرکەوتنت لە ڕێبازی پیرۆزی نەقشبەندی چەمپاراو.
10. یادی مردن دەرمانی دڵە.
11. خۆشەویستی سەروەت و سامان بناغەى هەموو شەڕێکە، خۆشەویستی ئارەزوبازی بناغەى گشت عەیب و عارێکە .
12. پێداگری لە نزا و پاڕانەوە، بە سوودترە لە دونیا و ئەوەى لە دونیادایە.
13. تەندرووستی لاشە بە کەم خۆریە، تەندرووستی ڕۆح بە کەم تاوانییە .
$دانراوەکانی حەزرەتی شێخ عیزەدین نەقشبەندی$
حەزرەتی شێخ عیزەدین نەقشبەندی دەیان و سەدان بابەت و وتار و فەتواى لە مەزهەبی حەزرەتی پێشەوا شافیعی هەیە، وە یەک پەڕتووکی دەست نووسی هەیە بە ناوی: (مجمع المسائل) لە بابەتی هەمەجۆر.
$کۆچی دوایی$
فەوتی حەزرەتی شێخ عیزەدین نەقشبەندی پیرخزری چەمپاراوی، لە ڕۆژی دووشەممە: 18-03-1974- زاینی، 23/2/1394- کۆچی، لە گوندی چەمپاراوی سەربە شارى بانەى کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە مەرقەدی حەزرەتی شێخ مەلا عەبدوقادری نەقشبەندی باوکیدا بە خاک سپێردراوە . [1]