- مستەفا پەکۆز:هوداپار ناتوانێت سەرکەوتووبێت لەبەرانبەر خەباتی مەدەنی لە باکووری کوردستان
- مستەفا پەکۆز: هوداپار پەکەکە بە تیرۆرست نازانێت
- مستەفا پەکۆز: هوداپار تیرۆرست نییە و لەگەڵ هەدەپە لەسەر کێشەی کورد ڕێکدەکەون
شارپرێس:
مستەفا پەکۆز پارێزەر ئاماژە بەوە دەکات، هوداپار کە پارتێکی ئیسلامی باکووری کوردستانە پەکەکە بە تیرۆرست ناناسێنێت، دەشڵێت هوداپار پارتێکی تیرۆرستی نییە و دەکرێت لەگەڵ هەدەپە بگەن بەرێککەوتن لەسەر کێشەی کورد و پێکەوە گوشار لەسەر حکومەت درووستبکەن.
لە ساڵی 2023 دا، بزووتنەوەی سیاسی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان لەچاو ئەم ساڵانەی دواییدا بە خراپترین دۆخیدا تێپەڕ دەبێت. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای خۆپیشاندانەکانی (ژینا) کاربەدەستانی وڵات بە هەموو شێوەیەک گوشار لە کورد دەکەن لەناوەوە خەڵک ڕاپێچی زیندان دەکەن، لەدەرەوەشدا هەوڵدەدەن هەناسە لە بزووتنەوەی سیاسی کورد ببڕن.
لە هەرێمی کوردستان لەم ساڵەدا کۆمەڵێک ڕووداو هاتنە پێش کە قەوارە و قەبارە و پێگەی حکوومەتەکەیان بچووک کردۆتەوە بە ئاستێک کە چاودێران بە سەرەتای کۆتاییهاتنی ئەو حوکمڕانییە خۆجێیە ناوی دەبەن کە 32 ساڵ زیاترە درووستبووە.
لە ڕۆژاوای کوردستانیش دۆخی نادیار ڕۆژبەڕۆژ نادیارتر دەبێت و دەستکەوتەکانی کورد دەخاتە مەترسیەوە. لە باکووری کوردستان و تورکیاش دۆخێکی تەواو نالەبار لە ئارادایە، سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکان، پاشەکشێی (#HDP# ) بە ژمارە و داتا هیواکان بەرەو پووکانەوە دەبات، بەڵام ئەوەی زیاتر دەبێتە مەترسی بۆ ئەم بەشەی کوردستان، ڕێککەوتنی پارتی دەسەڵاتدار (AKP) بوو لەگەڵ (HÜDA PAR) کە پارتێکی کوردی ئیسلامییە و خاوەن پێشینەیەکی سەلەفی جیهادیە.
بە گوێرەی (HDP) ، (HÜDA PAR) درێژە پێدەری (حزبوڵا) ی ساڵانی 1990ە، کە حزبوڵا بەپلانی دەوڵەت تاوانبار دەکرێت بە کوشتنی هەزاران کەسی مەدەنی لە باکووری کوردستاندا.
شارپرێس بۆ زیاتر تیشکخستنە سەر دۆخی باکووری کوردستان و هێز و حزبە کوردییەکانی ئەو پارچەیەی کوردستان، بۆ زیاتر ئاشنابوون بە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ پارچەپارچەکردنی دەنگی کورد ئەم دیمانەیەی لەگەڵ پارێزەر و چالاک لە مافەکانی مرۆڤ پڕۆفیسۆر (مستەفا پەکۆز) ئەنجامداوە ناوبراو پارێزەرێکی کوردە و یەکێکە لە شرۆڤەکارەکانی ناوچەکەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاسته.
شارپرێس: پارتی دۆزی ئازاد (HÜDA PAR) چۆن لە دایک بوو و چۆن گەیشتە ئەم ڕۆژە؟
مستەفا پەکۆز: (HÜDA PAR) لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2012 وەکوو پارتێکی یاسایی دامەزرا، بەڵام بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵی (HÜDA PAR) پێویستە سەرەتا باش لە پەیوەندییەکان و جوڵەکانی پێشتری (حزبوڵا) تێبگەین.
(حزبوڵا) لە ساڵای 1990 لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسی کورد یان ڕاستترە ئەگەر بڵێین لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بە ئاشکرا دەستی بە شەڕ کرد. ئەو (حزبوڵا) یەی ڕۆڵی هەبوو لە کوشتنی دەیان کورد، بە ئاشکرا پشتگیری لە دەوڵەتی تورکیا وەرگرت.
لە ڕاپۆرتێکی دەزگای ئاساییشی نیشتمانی تورکیادا هاتووه، (جەم ئەرسەڤەر) فەرماندەی هەواڵگری هێزی جەندرمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ناسراو بە (JİTEM) کە وەکوو ڕێکخراوێکی نایاسایی سەر بە دەوڵەت لە ساڵانی 1990 لە ناوچە کوردییەکانی تورکیا کارا بووە پێشنیاری کردووە: لە دژی PKK پشتگیری لە (حزبوڵا) بکرێت و ڕێگای بۆ خۆش بکرێت.
(حزبوڵا) لەو ساڵانەدا لە ناوچەکانی باکووری کوردستان گەشە دەکات و بەهێز دەبێت، لەلایەن خەڵکی کورد ناوچەکەش وەکوو (حزبی – کۆنتڕا) دەناسێندرێت.
(حزبوڵا) لەوسەردەمەدا هەرکەسێک لە خۆیان نەبووبێت یان ڕکابەریان بووبێت لەناو گرووپە کوردییە ئیسلامییەکانی دیکە بە زەبری چەک لەناویان بردووە.
(حزبوڵا) کە بەپشتگیری دەوڵەت بووە خاوەن هێز، دوای ماوەیەک لە دژی هێزەکانی دەوڵەتیش کەوتە شەڕ. بەناوبانگترین هێڕشی چەکداریشیان کوشتنی (جەعفەر ئۆکان) بوو کە بەڕێوەبەری (پۆلیسی مەدەنی) بوو لە شاری ئامەد. لە دوای ئەم هێڕشە دەوڵەت لە دژی (حزبوڵا) دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان کرد. هێزەکانی دەوڵەت هەڵیانکوتایە سەر ئەو ڤیلایەی کە (حسێن وەلیدەدەئۆغڵو) سەرۆکی (حزبوڵا) تیایدا دەمایەوە.
لە شارۆچکەی (بەیکۆز) لە ئێستانبۆڵ هێزەکانی دەوڵەت ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر ئەندامانی ئەم حزبە ئەنجامدا، تیایدا تەنیا (حسێن وەلیدەدەئۆغڵو) گیانی لەدەست دا و ئەوانەی دیکەش هەموویان دەستگیرکران.
دوای ئەم ئۆپەراسیۆنە، هەموو ئەم کردەوە چەکداریانە پەردەیان لەسەر لادرا کە (حزبوڵا) بە ئاگایی و ڕەزامەندی دەوڵەت ئەنجامیداوە. هەروەها دەرکەوت کە ئەم حزبە بەچ شێوازێک خەڵکی ئەشکەنجە داوە و کوشتووە، لە هەمان کات چەند شوێنێک دۆزرایەوە کە (حزبوڵا) تەرمی ئەو کەسانەی لێ شاردۆتەوە کە دوای ئەشکەنجەدانیان فەرمانی کوشتنی بۆیان دەرکردووە. لە مێشکی مرۆڤەکاندا کۆپی بووە کە چۆن (حزبوڵا) لەسەر شێوازی بەستنەوەی (بەراز) خەڵکی بەستۆتەوە و تا مردن ئەشکەنجەی کردوون.
چەندین سەرکردەی (حزبوڵا) بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ لە زیندان مانەوە. (حزبوڵا) کە تا ئاستێکی بەرچاو لەناو ڕای گشتی تورک و کورد ناشیرین بوو، ئەو هێزەی جارانی نەما، بەڵام توانی پارێزگاری لە جەماوەرەکەی بکات. لەو کاتەی (حزبوڵا) سەرلەنوێ بە دوای ڕێگای دیکە دەگەڕا، چەندین کادیری ئەم حزبە بەرەو ئاڕاستەی خەباتی مەدەنی بایاندایەوە.
سەرەتا چەند ڕیکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنیان دامەزراند و دواتریش لە مانگی کانوونی یەکەمی 2012 دامەزراندنی (HÜDA PAR) یان ڕاگەیاند. دوای ئەم پڕۆسەیە (حزبوڵا) لە ڕووی سەربازی و سیاسیەوە زۆر لاواز بوو، قۆناخ بە قۆناخ دەستکرا بە قۆناخی کاراکردنی (HÜDA PAR) . بەم شێوەیە (HÜDA PAR) کە خاوەن ڕوئیای سیاسەتی ئیسلامیانەیە، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ لە نزیکەوە پەیوەندی هەیە لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) کە چەندین ساڵە لە تورکیادا لەسەر دەسەڵاتە.
شارپرێس: بە گوێرەی ئەو وەڵامەت بێت، دەکرێت بڵێین (HÜDA PAR) درێژە پێدەری ڕێگای (حزبوڵا) یە؟
مستەفا پەکۆز: زەحمەتە ئەگەر بە تەواوەتی وا بڵێین، بەڵام لە ڕووی سەربازییەوە پەیوەندی لەگەڵ (حزبوڵا) هەیە و وەکوو خۆشیان جەختی لێ دەکەنەوە لە ڕووی سیاسی و ئایدیۆلۆژییشەوە درێژە پێدەری ڕێگای (حزبوڵا) یە.
(HÜDA PAR) ناو بەناو هەندێک ڕەخنە لە (حزبوڵا) ش دەگرێت، بەمەش دەیەوێت بڵێ کە هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانی لەگەڵ (حزبوڵا) نییە. بۆ نموونە (HÜDA PAR) ، بەتایبەتی لە مەسەلەی شەڕی چەکداری لەگەڵ (PKK) ، ڕەخنە لە (حزبوڵا) و (PKK) دەگرێت جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەردوو حزب هەڵەیان کردووە. لە هەمان کاتدا پێیوایە (PKK) و (حزبوڵا) تیرۆریست نین، بەڵام لە بنەمادا ئەم حزبە پشتگیری لە دونیابینی ئایدۆیۆلۆژی و سیاسی (حزبوڵا) دەکات.
شارپرێس: ئایا دەوڵەت پلانێکی ستراتیژی دیاریکراوی هەیە بۆ (HÜDA PAR) ؟ ئەگەر هەیە چۆن دەکرێت پێناسەی بکەین؟
مستەفا پەکۆز: بێگومان دەوڵەت پلانی ستراتیژی سیاسی هەیە پەیوەست بە (HÜDA PAR) . چۆن دەوڵەت لە دژی (PKK) پشتگیری لە (حزبوڵا) کردووە و ڕێگای بە بەهێزبوونی داوە، بە هەمان شێوە ئەمڕۆ بڕیاری داوە لە دژی پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) کە نوێنەرایەتی بزووتنەوەی کورد دەکات پشتگیری لە (HÜDA PAR) بکات کە ئەمەش بۆ هەر دەوڵەتێک ڕەنگە جۆرێک بێت لە سیاسەتی مانەوە لە دەسەڵات. واتە دەوڵەت برەو دەدات، بە تەکتیکی پارچەکردنی بزووتنەوەی سیاسی کورد و درووستکردنی ئەلتەرناتیڤێک بۆ ئەم بزووتنەوەیە.
ئەمڕۆ هەبوونی نوێنەرانی (HÜDA PAR) لەسەر لیستی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) لە پەڕڵەمانی تورکیا ئەنجامی ئەم ڕێککەوتنەیە کە لەنێوان (HÜDA PAR) و دەوڵەت کراوە. ئەگەر لێی ورد بینەوە، (AKP) دوو هاوپەیمانی هەرە نەتەوەپەرست و ڕەگەزپەرستی هەیە. یەکێکیان پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (MHP) و ئەوەی دیکە پارتی یەکێتی گەورە (BBP) یە. بەتایبەتی (دەوڵەت باخچەلی) سەرۆکی گشتی (MHP) کە هەڕەشە لە دادگای دەستووری دەکات تا بەبیانووی (جوداخواز و تیرۆریست) بڕیاری قەدەخەکردنی کاراترین و بەهێزترین پارتی سیاسی کوردی (HDP) بدات، بەڵام لەگەڵ (HÜDA PAR) بە پێچەوانەوە ڕێککەوتن دەکات.
باشە بۆچی دەوڵەت باخچەلی لەناو یەک هاوپەیمانی لەگەڵ (HÜDA PAR) جێدەگرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەستە بە پلان و پەیوەندی پشت پەردە لەنێوان (HÜDA PAR) و دەوڵەتی تورکیادا.
شارپرێس: قسەکانی (سولەیمان سۆیلو) وەزیری پێشووی ناوخۆی تورکیا کە دەڵێت: هەنگاوی دەوڵەت لەبارەی (HÜDA PAR) یەکێکە لە هەنگاوە هەرە گرنگەکانی ئەم ساڵانەی دوایی. لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامەکانی دەبینین پەیوەندی هەیە بەو لێکدانەوەیە کە لە پرسیارەکانی پێشتردا ئاڕاستەمان کردوویت؟
مستەفا پەکۆز: (سۆیلو) بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند، ئەوەی ڕەهەندی پەیوەندی سیاسی ڕێککەوتنی لەنێوان (HÜDA PAR) و (AKP) داڕشتووە دەوڵەت بۆخۆیەتی.
بە واتایەکی دیکە لە قۆناغی داهاتوودا (HÜDA PAR) وەکوو نوێنەری کورد لەلایەن دەوڵەتەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
شارپرێس: باشە دەوڵەت چۆن گەرەنتی ئەمە دەکات؟
مستەفا پەکۆز: بێگومان وەڵامی پرسیاری ئایا دەوڵەت لەم یاریەدا سەرکەوتوو دەبێت گرنگە. ڕاستییەک لە ئارادایە کە ئەمەیان نەوەکو زۆر ئاسان نابێت بەڵکوو زۆر زەحمەتیشە. بەڵام دەوڵەت لەپێناو لەناوبردنی سیاسەتی مەدەنی و یاسایی کورد، لاوازکردن و شکاندنی کاریگەرییەکانی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بە هەموو هێزی خۆی کار دەکات. بە هەزاران سەرکردە، کادیر، سەرۆک شارەوانی و پەڕڵەمانتاری (HDP) لە زیندانن. هەروەها کەیسی داخستنی (HDP) لە دادگایی باڵای دەستووری لە داهاتوویەکی نزیکدا یەکلایی دەبێتەوە. لەبەرانبەر ئەمەشدا بە هەموو شێوازێک دەرگا لە بەردەم (HÜDA PAR) دەکرێتەوە و پشتگیری لێ دەکرێت. بەهای ئایینی و مەعنەوی لەناو کورد لە ئاستێکی بەرز دایە، کە ئەمەش زەمینەی چالاکبوون بۆ (HÜDA PAR) دەڕەخسێنێت، کە ئامانجیەتی بە پشتگیری ئابووری و سیاسی دەوڵەتی تورکیا چالاکتر بێت.
شارپرێس: باشە بزووتنەوەی سیاسی کورد نزیکەی 45 – 50 ساڵە خەباتێک بەڕێوە دەبات ئایا دەکرێت دەوڵەت بەم شێوازانە بگاتە سەرکەوتن؟
مستەفا پەکۆز: دەوڵەت چۆن پێشتر هێزی چەکداری (حزبوڵا) ی دژ بە (PKK) بەکارهێناوە، ئەمڕۆش دەخوازێت (HÜDA PAR) دژ بە (HDP) یان پارتی چەپی سەوز بەکاربێنێت. (حزبوڵا) زیانێکی سنوورداری بە (PKK) و کۆمەڵگەی کوردی گەیاند، بەڵام نە گەیشتە ئەو سەرکەوتنەی کە چاوەڕێ دەکرا. (HÜDA PAR) یش بە هەمان شێوە، هەرچەند نوێنەری لە پەڕڵەماندا هەبێت، بە پشتگیری دەوڵەت لە ڕووی سیاسی کاراتریش ببێت، لەبەرانبەر سیاسەتی مەدەنی کوردی و (HDP) ناگاتە ئەو سەرکەوتنەی پلانی بۆ دانراوە. جەماوەری بزووتنەوەی سیاسی کورد لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە زۆر بەرفراوانە، لەسەر بنەمایەکی تەندرووست ڕێکخراوە و خاوەن ئەزموونە.
شارپرێس: بۆچونێکی بەهێز لە تورکیادا هەیە کە (HÜDA PAR) بە تیرۆریست لە قەڵەم دەدات. پێتوایە (HÜDA PAR) ڕێکخراوێک یان پارتێکی تیرۆریستی بێت؟
مستەفا پەکۆز: (HÜDA PAR) لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و سیاسیدا پشتگیری لە حکومی ئیسلامی دەکات و پارتێکی ئیسلامییە. دژایەتی دیموکراسی و بنەماکانی دیموکراسی دەکات. دەربارەی مافەکانی ژن زۆر لە دواوەیە. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە بەراورد لەگەڵ پارتە ئیسلامییەکانی دیکە لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و سیاسیدا جیاوازی نییە. لە پڕۆگرامی ئەم پارتەدا دەربارەی داواکاریەکانی کورد هەڵسەنگاندنی گرنگ کراوە. هەرچەند (HÜDA PAR) وەکوو پارتێکی ئیسلامی شەریعەتخواز پێناسەش بکرێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک وەکوو ڕێکخراو/ پارتێکی (تیرۆریست) لە قەڵەم نادرێت. پارتێک کە تێڕوانینی سەردەمیانە نەبێت و هەڵە بێت جیاوازە، لەگەڵ پارتێکی تیرۆریست. (HÜDA PAR) لەناو جوگرافیای کورد پارتێکە کە خاوەن دینامیکی کۆمەڵایەتی و هێزی جەماوەریە. پارتێک کە بە گوێرەی دینامیکە کۆمەڵایەتییەکانی جوگرافیایەک دامەزرابێت، وەکوو بزووتنەوەیەکی تیرۆریستی ناناسێنرێت.
ناکرێت پارتێک تەنیا لەبەر ئەوەی باوەڕی بە توندوتیژی سیاسی هەبووە بە تیرۆریست بناسرێت. لەم ڕوانگەیەوە، من لە دژی تەواوی دونیابینی (HÜDA PAR) م، بەڵام بە دڵنیایی وەکوو تیرۆریست پێناسەی ناکەم.
شارپرێس: پێشبینی دەکرێت پەیوەندی نێوان (HDP) و (HÜDA PAR) گۆڕانی بەسەردا بێت؟
مستەفا پەکۆز: لە پەیڕەو و پڕۆگرامی (HÜDA PAR) دەربارەی چارەسەری کێشەی کورد لێکدانەوە و داواکاری گرنگ جێی گرتووە. بە هەمان شێوە لە پڕۆگرامی (HDP) و پارتی چەپی سەوزدا، چارەسەری کێشەی کورد لەناو سیاسەتی دیموکراتیانەدا، بە گفتوگۆکردن لەگەڵ دەوڵەت ئیرادەیەکی بەهێز خراوەتەڕوو. بانگەشەی هەردوو لایەن: کێشەی کورد لە تورکیادا کێشەی سەرەکیە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لەلایەن دەوڵەتەوە پێویستیمان بە ئیرادەی هاوبەش هەیە. سەرەڕای ئەوەی لە زۆر تەوەرەی گرنگدا دونیابینی زۆر جیاوازیان هەیە، لەبارەی کێشەی کورد دەگەنە یەکتر و بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە گوشار دەخەنە سەر دەسەڵات و حکوومەت.
شارپرێس: ئاماژەتان پێدا کە بەم زووانە دۆسیەی داخستنی (HDP) لە دادگای دەستووری یەکلایی دەکرێتەوە و دادگا بڕیاری ئاشکرا دەکات. لەمبارەیەوە هەڵوێستی (HÜDA PAR) چی دەبێت؟
مستەفا پەکۆز: تا ئەمڕۆ دەوڵەت ژمارەیەکی زۆر لە پارتی سیاسی کوردی داخستووە. هەر جارێکیش گەلی کورد پارتێکی نوێ درووست دەکات و لە زەمینەی خەباتی مەدەنیدا واز لە خەباتی پەڕڵەمانی و سیاسەتی مەدەنیانە ناهێنێت. بۆ ئەوەی کێشەی کورد لە چوارچێوەی سیاسەتی دیموکراتیانە و لەناو پەڕڵەمانچارەسەر بکرێت ئیرادەیەکی بەهێز بەیان دەکرێت. ئەو شارەوانیانەی (HDP) بە هەڵبژاردن بەدەستیهێنان، قەیوومیان بۆ دانرا و سەرۆکەکانیان زیندانی کرد، پەڕڵەمانتارەکانیشیان دەستگیر کردن. تا ئەمڕۆ گوێم لێنەبووە (HÜDA PAR) لەمبارەیەوە لێدوانێکی دابێت. هەڵبەتە ئەم ئۆپەراسیۆنانەش دژ بە تەواوی کوردە. بێدەنگبوونی (HÜDA PAR) کاردانەوە درووست دەکات لەناو ڕای گشتی، ئەم بێدەنگیە وەکوو پشتڕاستکردنەوەی هەبوونی پەیوەندی ئەم پارتە لەگەڵ دەوڵەت دەزانرێت و ئاماژەشە بە هەوڵی پڕ کردنەوەی ئەم بۆشایە دەخوێنرێتەوە کە لە ئەنجامی گوشارەکان بۆ سەر (HDP) درووست دەبێت. [1]