ناونیشانی بابەت: مێژووی مزگەوتی شوێنەواریی باڵەکیان بۆ دوو سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
مزگەوتی کۆنی باڵەکیان لە سنووری ئیدارەی #سۆران#، مێژووەکەی بۆ زیاتر لە دوو سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و یەکێکە لە شوێنەوارەکانی سنووری ئیدارەی سۆران، مێژوونووسان مێژووی ئەم مزگەوتە بۆ سەردەمی میرنشینی سۆران دەگێڕنەوە.
#مەمدووح ڕواندزی#، لە یەکێک لە پەرتووکەکانییدا بە ناوی مێژووی ڕواندز، لە 2009 لاپەڕە 223 نووسیوویەتی: میرانی لە سەردەمی میرنشینی سۆران، ھەستاون بە ھەندێ خزمەتی پێویست لەوانە درووستکردنی مزگەوت و دەرسخانە و پرد و چاککردنی ڕێگاوبان و ھەروەک نۆ پرد لەسەر ڕووباری ڕواندز و پردێکیشیان لەسەر ڕووباری باڵەکیان لە ڕاستی گوند درووست کراوە، بەمەش زۆربەی بەساڵاچوانی گوندەکە مێژووی درووستکردنی بۆ سەردەمی میرنشینی سۆران لە ڕواندز دەگەڕێننەوە.
بۆچوونێکی تریش ھەیە کە دەگێڕنەوە لە ساڵانی (1830-1835) میر محەمەد، پاشای گەورەی ڕواندز، زۆربەی سەرباز و کەسە نزیەکانی خەڵکی گوندی باڵەکیان و دەوربەر بوون، بۆیە چەند کار و پڕۆژەیەکی لە گوندەکە درووست کردووە، کە دوای نزیکەی دوو سەدە تا ئێستا شوێنەوارەکانیان لە ناوچەکە ماون، یەکێک لەوانەش بریتییە لە مزگەوتی کۆنی باڵەکیان، کە لە لێواری ڕووبارەکەیە ئەوەی تریشیان پردێکە لەسەر حەڤدە پەیز، پانی دیواری مزگەوتەکە لە لای ڕۆژھەڵات (105) سانتیمەترە، لای ڕۆژاواش (95) سانتیمەترە، دیواری لای قیبلەشی (100) سانتیمەترە و دیوارەکە لە بەردی نەقاڕ و قسڵ و زەردێنەی ھێلکە درووست کراوە.
لە ساڵی 1945 کاتێک گوندی باڵەکیان دەسووتێندرێت، مزگەوتەکە سەقفی سەری نەبووە و لە ساڵی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو چاک کراوەتەوە، خەڵکی گوندەکە بۆ نوێژ و پرسە و بۆنەکان سوودیان لێی وەرگرتووە، دواتر لە ساڵی 1975 بە دەستی ڕژێمی لەناوچووی ئێراق زیان بە مزگەوتەکە کەوتووە و سووتاوە، لە ساڵی 1976 ھەندێ لە دانیشتووانی گوندەکە، گەڕاونەتەوە و بۆ جارێکی دیکە سەری مزگەوتەکەیان نۆژەن کردووەتەوە، لەگەڵ دەستکاریکردنی ھەندێ دەرگا و پەنجەرەکانی مزگەوتەکە، لە ساڵی ھەشتاکان سەری مزگەوتەکە سەب کراوە و دوای دوو سەدە زیاتر تا ئێستا دانیشتووانی گوندەکە کەڵک لەم مزگەتە وەردەگرن.
$سەرچاوە:$
- پەرتووکی ھۆزی باڵەکی لە سەدەی چواردەمی زاینییەوە تا سەدەی بیستەم، لا (202-203) نووسینی د. دڵشاد باڵەکی ساڵی 2018.[1]