ناونیشانی بابەت: تەکیەی گەیلانی لە ڕواندز مێژووەکەی لە 100 ساڵ نزیک دەبێتەوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
تەکیە و مزگەوتی گەیلانی لە شاری #رواندز#، کە لەلایەن #سافی هیرانی# دامەزراوە، مێژووەکەی بۆ نزیکەی 100 ساڵ دەگەڕێتەوە و لە ساڵی 2012 لەلایەن سەید مەجید سەید محەمەد، هاووڵاتییەکی دەڤەرەکە، نۆژەن کراوەتەوە.
لەمبارەیەوە، هانا کاکی هیرانی، نووسەر و لێکۆڵەر و یەکێک لە نەوەکانی سافی هیرانی، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: ”خانەوادەکەمان کەسانی دیار و خاوەن مێژوویەکن، کە لە کۆنەوە تا ئێستا خاوەن تەکیە و خانەقا بوونە، بەمەش بەردەوام دەروێش و موریدان بە زیکر و پاڕانەوە و لێدانی دەف و گوتنی سروودی ئایینی ڕوویان تێکردوون، تەنانەت باپیرە گەورەمان سافی هیرانی، شاعێرێکی بەناوبانگ و دیاری کوردستان بووە، خاوەن چەندین سرود و شیعر و هونراوە بووە و چەند پەڕتووکێکی چاپکراویشی هەیە.
ئەوەشی خستە ڕوو: لە زۆربەی شارەکانی کوردستان تەکیە و مزگەوتی هیران هەبوونە، یەکێک لەوانەش تەکیەی گەیلانی لە شاری ڕواندزە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1926، لەسەر دەستی مستەفا (سافی هیرانی) دامەزراوە، بەوپێیەی لە کۆنەوە ڕواندز دۆست و ناسیاو و موریدی زۆری پەیڕەوانی تەریقەتی قادری (کاکی هیرانی) لێ بووە، هەر لەسەردەمی باپیرم شێخ سلێمانی (میری سۆر- سۆران) لە ساڵانی 1685- 1770) دواتر لەسەردەمی (عەبدوڵڵا سانی) لە ساڵانی 1830- 1906 لەلایەن باوکی (سافی) زیاتر پەرەی پێ دراوە و ئەم ڕێچکەیش نەوە دوای نەوە بەردەوامیی هەبووە.
وتیشی: بەپێی لێکۆڵینەوە و سەرچاوە مێژووییەکان، سلێمان بەگی کوڕی مستەفا فەندیی ڕواندزی ئەگێڕێتەوە، کەوا ساڵانە (سافی هیرانی) سەردانی ڕواندزی کردووە و خەڵکەکەش، بەتایبەت دەروێش و مریدانی چاوەڕێی هاتنی بوونە، لە کاتی گەیشتن بە شارەکە، بە دەفلێدان زیکر و سروودی ئایینی بەپیریەوە دەچوون و پێشوازییان لێ دەکرد، (کاکی هیران) لە ڕواندز لەتەکیەی خۆیدا دادەنیشت و ئێواران مریدانی دوای نوێژی مەغریب، خوانچەی خواردنیان ئەهێنایە تەکیە و لەوێ نانەکەیان دەخوارد و بە زیکر و خوێندنەوەی شیعری ئایینی کۆڕەکەیان گەرم دەکرد.
ئاماژەی بەوەش دا: دوای نانخواردن لەتەکیەی گەیلانی لە شاری ڕواندز، بە دەنگ و سەدای حاجی عەبدوڵڵای دەفژەن و دەروێش مستەفای دێوانە و عەلیم و ئیسماعیلی کوڕی و خەلیفە حاجی و مەلا عەبدوڵڵا ڕواندزی و خەلیفە حافزی باپشتی و دێوانە حەمەد ئەمینی عەنبەر، غەزەلەکانی سافی و سانیی باوکی بە دەفلێدان ئەخوێنرانەوە، سۆزی دەنگە زوڵاڵەکان و زرینگەی دەفەکان و عیشقی دڵەکان ئەهاتنە جۆش و خرۆش و خۆشەویستیی عاریفانە کۆڕەکەی دائەگرت، لەدونیای ناسووتەوە ئەچوون بۆ دونیای لاهووت و تا درەنگانی شەو بازنە و کۆڕی زیکری دەروێشان دائەبەسترا.
هانا کاکی هیرانی، دەشڵێت: ئەوکات پیاوماقووڵەکانی سنوورەکە پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان هەبووە و هاتوونەتە خزمەت (سافی هیرانی) ، هەندێک لەوانە خەلیفە سەمەد خانی برادۆستی و سەید عەلی سەید ڕەسوڵی هاودیانی و عەقید فایەق کاک ئەمین و حاجی مستەفای سەفار و حەمەد مەلاک و عەزیز مام سەلیم کاولۆکەیی و حاجی ئەحمەدی شەکری و حەمەدئەمین سۆری و حاجی سەعیدە ڕەش و چەندانی دیکەی دەڤەرەکە، بە دیداری شاد دەبوون.
ئەوشی خستە ڕوو: دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سەدەیەک بەسەر درووستکردنیدا، مزگەوت و تەکیەی گەیلانی لە شاری ڕواندز ماوە، ئەوەی جێگەی دەست خۆشیکردنە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئەو تەکییەیە لەلایەن سەید مەجید سەید محەمەد نۆژەن کراوەتەوە و خەڵکە ڕووی تێ دەکەن.“[1]