ئەندامێکی پێشووی پەڕڵەمانی ئێراق لە پشکی یەکێتی دەڵێت: لە هیچ سەرکردەیەکی کورد ڕازی نیم، ئەندامێکی ئاسایی یەکێتیم، لە دوای شەڕەکەی پەڕڵەمان خەڵک هێندەی دیکە لە یەکێتی و پارتی و ئۆپۆزسیۆنیش بێزار بووە.
#ڕێزان شێخ دلێر#، ئەندامی پێشووی پەڕڵەمانی ئێراق ڕایگەیاند، زۆر قوورسە دەوڵەتداری بەبێ بوونی یاسای بودجە، ئەو کێشمە کێشمەی نێوان پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێ لە پەڕڵەمانی ئێراق قوورس بوو بۆ هەرێم و بەلاوازییەوە لە بڕگەکانی پڕۆژە یاساکە هاتە دەرەوە.
ئاماژەی بە ئەوەش کرد، ڕەنگە ئێستا هەندێک لایەن بڵێن ئێمە توانیمان بودجەیەک بۆ هەرێم بەدەست بخەین، لە کاتێکدا ئەوە ئەرکە لەسەر حکومەتی ئێراق، چونکە بەپێی یاسا زۆرینەی دەسەڵاتەکانی لە هەرێم سەندووەتەوە.
وتیشی، لە هیچ سەرکردەیەکی کورد ڕازی نیم، ئەندامێکی ئاسایی یەکێتیم، یەکێتی و پارتی هەرێمیان ناشرین و پەرت کرد، ئەوەی جاران عەرەب نەی ئەوێرا پێمان بڵێ، ئەوان لە پەڕڵەمان بە یەکتریان وت، شەڕێکی زۆر ناشرینیان کرد هاوشێوەی شەڕی براکوژی و دوبەرەکی، دوای ئەوشەڕەیان خەڵک هێندەی دیکە لەو دوو حیزبە و ئۆپۆزسیۆنیش بێزار بوو.
لەبارەی مامەڵەی ڕاستەوخۆی بەغدا لەگەڵ #سلێمانی# دەڵێت: زۆر پێم قوورسە، چونکە هەرێمی کوردستان موڵکی هیچ حیزبێک نییە و ئەوە نیشانەی پەرتکردنی هەرێمە، ئەگەر تۆ نییەتت ئەوە بێت ئەی چۆن دەتوانی باسی هەڵبژاردن بکەیت، من ئەوکاتەش کە پەڕڵەمانتار بووم دژی ئەوە بووم.
پەیوەست بە #لاهور شێخ جەنگی#، ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت: کێشەکان ئەوەندە زۆرن پێویستیان بە کەسانی ئاقڵ و ژیر هەیە، بەڵام ئەو ژیرییە لە هەرێم بوونی نییە. [1]