نووسینی: #شێمحەمەد باڵەک#
ڕاگواستنەوەی گوندان و کارەساتی دواڕۆژ
تەلەڤزیۆن و ڕاگەیاندنی حیزبان کە لە کۆبوونەوەکانی وەزاڕەتدا باسی جۆراوجۆر کردنی بەرهەم و بەرهەمی نانەوتی دەکەن ئەمە بێجگە لە چاوبەستن و لادانی زەینی خەڵک لەسەر کاروکردەوەکانیان شتێکی تر نییە. بۆ نموونە باسی ئەوە دەکرێ کە وەکوو پێویست یارمەتیی دارایی وەرزێر نادرێ: کێشەی وەرزێر یارمەتیی نەدانی دارایی حکومەت نییە، تاکە کێشەی ئەو ئەوەیە بە بەرهەمی ڕەنج و ماندوبوونەکەی ناژی و لە کۆتاییی ساڵدا ڕەنج بەخەسار لێی دەردەچێ. تۆ وەرە هەموو شتێک بۆ وەرزێر دابین بکە، تەرەکتۆر و مەکینەی دروێنە و ئۆتۆمۆبێلی بەخۆڕایی بدەیێ، پەینی کیمیایی و دەرمانی ڕشاندن و گشت کەلوپەلەتەکنەلۆجی و پێشکەوتووەکانی بۆ دابین بکە، خانووی بۆ درووست بکە، نێوماڵی بۆ دابنێ، خۆ وەرزێر ئەگەر بە بەرهەمەکەی نەژی نان بە تەرەکتۆر و ئۆتۆمۆبێل و کەلوپەلەوە ناخوا. ئەو پێویستی بە خواردنە، بە دکتۆرە، بە جلک و بەرگە، بە بەنزین و گاز و نەوتە، بە کارتی موبایل و خەرجی خوێندنی منداڵەکانی و کرێی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری و سەفەر و دەیان شتی ترە. ئەگەر بەرهەمەکەی پارەی ئەم خەرجییانە دەرنەهێنێ ئەو پارەیە لەکوێ بێنێ؟ ئەوە وەکوو ئەوە وایە تۆ بچی فرۆشگایێکی گەورە لە بیابانێکی چۆڵ درووست بکەی و بەهادارترین شتومەک و کاڵای لێ دابنێی، جوانترین و مەکربازترین کچی لێوە بەزەردەکەنی پارە وەرگر لە پشتی مێزی پارەتێکردنەوە دابنێی، وێڕای ئەوەش دووسەت لەسەت لەسەر زیان بڕوا. کابرایێکی ڕووتەڵەش لە قوژبنێکی ژێر پەیژەی شەقامێکی قەڵەباڵغدا دووکانۆکەیێکی چڵکن دابنێی و چوارسەت ئەوەندەی تۆ قازانجی هەبێ.
پرسیار ئەوەیە بۆ جاران وەرزێر بە بەرهەمەکەی دەژییا و ئێستا پێی ناژی؟ بۆچی کاروانی میوانانی بە قەتارەوە دەحاواندنەوە، پێشمەرگە و بزووتنەوەی کوردی دەژیاند، خۆی لەبەرانبەر گەمارۆی ئابووریی چوار دەوڵەت و بۆمبارانی شەو و ڕۆژی فڕۆکان ڕادەگرت؟ بۆچی ئێستا خۆی پێ ناژیێ؟ تۆ بڵێی لەو هەموو وەزیر و پسپۆڕە سمێڵ تاشاو و خاوەن ڕیشی فەیلەسووفانە و مل بە ئەستۆبێنانەی وەزاڕەتی کشتوکاڵ هینێکی وایان تێدا نەبێ هۆیەکەی بزانێ؟ بۆچی وەرزێر نە ڕیشی بەرداوەتەوە و نە سمێڵی تاشیوە و نە ئەستۆبێنەی لە ملدایە و نە دۆینە بە چەنگاڵ دەخوا هۆیەکەشی دەزانێ؟ کە بۆچی بە بەرهەمەکەی ناژی! ئێمە دەبێ بەدوا لەناوبردنی پێنەژیاندا بگەڕێین. دۆزینەوەی زۆر سادەیە: بازرگانیی بەرهەمی کشتوکاڵ دەدەستی ڕێبەرایەتی حیزباندایە و کڕینی دانەوێڵەش لە وەرزێران بەتەمای بەغدا لێگەڕاون ئەوەندەیە و هیچی ترنا. تۆ سەیریکە لەنێوان چەند ساڵێک وەرزێری دانەوێڵەی پشتاو (دێمی) یەک ساڵ هاتییەتی ئەو ساڵەش بە چەرمەسەریی کڕیار بەرهەمەکەی لێوەردەگرێ. کە وەریشی گرت دوای حەوت هەشت ساڵ بە پچڕ پچڕی پارەکەی دەداتێ. لە ماوەی ئەو حەوت هەشت ساڵەدا وەرزێر چی بخوا و چی خەرج کات! کەچی ئارد لەدەرەوەی وەڵاتەوە دێ - بە گوتەی خۆیان هاوردە دەکرێ - بیانووی هێنانی ئارد لەدەرەوە و نەکڕینی ئاردی خۆوەڵاتی ئەوەیە کە ئاردی خۆوەڵاتی نانی لێنایێ (نابێتە نان) . کە لێی نایێ بۆچی هۆیەکەی نادۆزنەوە و چارەسەری ناکەن. هەناری #هەڵەبجە# ناوبانگی دەرکردووە، هەنار لە میسرەوە دێنن بۆ ئەوەی هەناری خۆمانە نەفرۆشرێ. خۆخ لە یۆنانەوە دێنن بۆ ئەوەی خۆخی ناوچە ناوچیاییەکان نەفرۆشرێ. تەماتەی وەرزێری خۆشمان هیچ وەرزێکی تەماتە پێگەیین نییە بە سەتان تەن بەسەر وەرزێراندا نەمێنێتەوە و نەڕزێ و بەفیڕۆ نەچێ، دەبێ ئەرکی فڕێدانیشی بکێشێ.
بەر لە ساڵی 2003 تا ڕێکخراوە بێگانەکان لێرەبوون نزیکەی حەوتووی جارێک سەریان لە گوندان دەدا و ڕێنماییان دەکردن و خولی فێرکردنیان بۆ وەرزێران دەکردەوە و چارەسەری نەخۆشیی زیندەوەر و کشتوکاڵیان بۆ دەکردن. لەوەتەی ئەوان ڕۆیشتوونەتەوە کەس تاکە فەرمانبەرێکی کشتوکاڵیی لە لادێیێک نەدیوە. ئێستا لە هەندێک گوندی باڵەکایەتی گرێبەستیان دەگەڵ ئەندازیاریی کشتوکاڵی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە لە خانێ (#پیرانشار#) هەموو ساڵێ لە وەرزی کشتوکاڵدا دێ بۆیان سەیری باغ و شینایی دەکا. ئەمانەی ئێرە بە پارەش نایێن بۆیان تەماشاکەن، ئەو ماخۆ مردانەی سەربە وەزاڕەتی کشتوکاڵ نازانم کاریان چییە و مووچە بە بۆنەی چییەوە وەردەگرن؟
تا ئێستا ئەزموونگەیێکی کشتوکاڵی لە کوردستاندا نییە خۆڵی زەویانی تێدا بپشکنن تاخۆ بۆ چ جۆرە ڕووەکێک دەست دەدا. کەوا ڕەنگە هەر هێندەی پەیژەیەکی شوقەکانی ئیمپایەر یان قەیوانیان تێبچێ. تا ئێستا ساردخانە نییە، ئەو دەمەی وەرزێران تەڕەیان بۆ نافرۆشرێ لەجیاتی ڕزین و فڕێدان لەوێیدا هەڵگرن بۆ ئەو کاتەی تەڕە لە بازاڕدا نامێنێ. وەرزێرانی شیناوردی ساڵانە بە سەتان تەن تەڕە (میوە و سەوزە) یان لێ خەساردەبێ و لەنێو کەردێ - دا دەڕزێ. ئەوەی لە دەرەوەشڕا دێ گشتی دەفرۆشرێ و هیچی لێنامێنێتەوە، چونکە وەرزێری وەڵاتی تەڕە فرۆشەکان ساردخانە و ئامرازی تەڕە پاراستن و هەڵگرتنیان بۆ دابین کراوە، لەکاتی گونجاو و پێویستدا دەیخەنە بازاڕ.
لە کۆتاییدا دێهات نامێنن و خەڵکی شارەدێ و قەزاکانیش بەرەو ناوەندی پارێزگایان کۆچ دەکەن و بەدوای کاردا دەگەڕێن. ئەوسا دەبێ چاوەڕێی کارەساتی سرووشتی و ئابووری و ژینگەیی و ئاوی ماڵان بین.
کورد وتەنی دەبێ هەقێکیش بۆ گورگ بڵێین، حکومەتی خۆمان زێدەبەشێکی هەیە هیچ حکومەتێک لە جیهاندا نییەتی ئەویش ئەوەیە: هەرگیز حەیای ناچێ.[1]