یەکێتی نیشتمانی لە بەغداوە کار بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان دەکات و تاڕادەیەکیش بەڵێنی لەلایەنە شیعەکان وەرگرتووە، لەو پرسەدا پشتگیری بکەن.
یەکێتی نایەوێت لەمساڵدا 2023 هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان بکرێت، بۆ ئەوەش لە بەغداوە دەستی بە هەوڵەکانی کردووە، تا هەڵبژاردنەکە نەکرێت.
یەکێتی پێی باشە هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان بکەوێت ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لەلایەنە شیعەکان کردووە، پشتگیری بکەن و ڕێگە بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئێراق نەدەن ڕازی بێت لەمساڵدا ئەو هەڵبژاردنە بکرێت.
یەکێتی بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی لە لایەک و ئامادەکاریش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ئێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەتایبەتی لە کەرکووک نایەوێت هەڵبژاردنی پەڕڵەمان بکرێت و داوای دواخستنی کردووە.
زانیارییەکان باس لەوەش دەکەن، بۆ هەمان مەبەست یەکێتی لەگەڵ لایەنی ئێرانیش قسەی کردووە، بۆ ئەوەی فشار لەلایەنە شیعەکان بکەن، تا هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان لەمساڵدا نەکرێت. [1]