ناونیشانی بابەت: جینۆسایدى بێدەنگ
ئامادەکردن: #بارام سوبحی#
“بەکارهێنانى مرۆڤ وەک کەرەستەى تاقیکردنەوە”
لەماوەى سەدەى ڕابردوودا هەریەکە لە حکومەتەکانى ژاپۆن و ئەمەریکا و ئەڵمانیا و سۆڤیەت، بۆ تاقیکردنەوەى کاریگەرى چەک و تەقەمەنیەکان لە جەنگەکاندا، دەیان مرۆڤیان وەکوو کەرەستەى تاقیکردنەوە لە تاقیگەکانیاندا بەکارهێناوە. زاناکانى ئەو وڵاتانە بە پاڵپشتی و بودجەی تەواوی حکومەتەکانیان و بەهیوای سەرکەوتن لە شەڕەکاندا ئەو تاقیکردنەوانەیان ئەنجامداوە. ئەم ڕاپۆرتە بۆ خستنەڕووى هەندێک لەو تاقیکردنەوە ترسناکانەیە کە حکومەتەکان لەسەر مرۆڤە بێدەسەڵاتەکان ئەنجامیانداوە، بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیای دڕندەتری جەنگى پەرە پێبدەن. ئەو تاقیکردنەوانەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئەو حکومەتانەوە ئەنجامدراون کە هیچ گرنگییەکیان بە تەندرووستی دەروونی و ئەقڵى ئەو توێژە نەداوە کە لە تاقیکردنەوەکاندا بەکارهێنراون.
بەبۆچوونى چاودێرانى مافى مرۆڤ، دڕندەیی مرۆڤ لەو تاقیکردنەوانەدا گەیشتۆتە لووتکە کە زاناکان بە پاڵپشتی و بودجەی تەواوی حکومەت، بەهیوای سەرکەوتن لە شەڕەکاندا ئەنجامیانداوە. ئەو تاقیکردنەوانەش لە تاقیگە نهێنییەکان و پڕۆژە حکومییە ڕانەگەیەنراوەکاندا ئەنجامدراوە.
=KTML_Bold=“سۆڤیەت: تاقیگەى ژەهرەکان”=KTML_End=
لە ساڵی (1921) یەکەیەکی نهێنی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدان لە دەزگای پۆلیسی نهێنی یەکێتى سۆڤیەت دامەزرا کە بە “تاقیگەی ژەهر” ناسراوە. مەبەست لە دامەزراندنی ئەم تاقیگەیە دۆزینەوەی ماددەیەکی کیمیایی ژەهراوی بوو کە هیچ تام و بۆنێکی نەبوو، دوای مردنیش نەدەتوانرا دەستنیشان بکرێت. ئەم ماددە کیمیاییە کوشندانە لەسەر ئەو زیندانییانە تاقیکرایەوە کە لە زیندانى گولاگەوە هێنرابوون، گولاگ واتە ئۆردوگاى کۆکردنەوە و گرتن و بێگارى و کاری زۆرەملێ و خوێناوی سۆڤیەت.
لەو گرتوخانانەدا زیندانیانی تەمەن و باری جەستەیی و تایبەتمەندی گشتی جیاواز هەڵبژێردران، ژەهرەکە تێکەڵ بە ژەمى خواردن و خواردنەوەکانیان کرابوو، بە ئامانجى لێکۆڵینەوە و زانینى کاریگەریی ئەم ژەهرانە لەسەر بەشێکی گەورەتر، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی وێنەیەکی گشتی و گشتگیر لەبارەى ئەوەی کە ئەم ژەهرانە دەتوانن ببنە هۆی چی دەرد و نەخۆشییەک. پڕۆژەى تاقیگەی ژەهرزانیی سۆڤیەت لەلایەن “میرا نۆفسکی” سەرۆکایەتیی دەکرا. کارمەندانى ئەم تاقیگەیە ماددەیەکی کیمیاییان بە تایبەتمەندییە پێویستەکانەوە پەرەپێدا، کە ناوی لێنرا (C-2) ، ماددەکەش پێکهاتبوو لە تێکەڵەیەک لە “کارپێلامین-کۆلین-کلۆرید”، کە دەبووە هۆی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە جەستەی قوربانییەکاندا، بەو پێیەی دەبووە هۆی لاوازی و شەکەتییەکى تووند لەو زیندانیانەی کە ماددەکەیان دەرخوارد دەدرا. دواى خواردنى ئەو ژەهرە بە ماوەى (15) خولەک گیانیان لەدەستدەدا.
=KTML_Bold=“ژاپۆن.. تاقیگەى دیلەکان”=KTML_End=
لە ژاپۆن یەکەیەکی نهێنی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی سوپای ئیمپراتۆری کە بە یەکەی (731) ناسراوە، لە ساڵانی (1930) لەلایەن پزیشکی نەشتەرگەری شیرۆ ئیشیەوە درووستکرا، چەندین تاقیکردنەوەی پزیشکی ترسناک و نەشتەرگەری دڕندانە و کوشندەیان لەسەر هەزاران دیل ئەنجامدا، کە لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا لە کاتی جەنگی چین و ژاپۆن لە ساڵانی (1937 - 1945) بەدیل گیرابوون. ئەم یەکە پزیشکییە چەندین پشکنینی کوشندەیان لەسەر زیندانییەکان ئەنجامدا، دوای ئەوەی تووشی نەخۆشی جۆراوجۆریان کردن. نەخۆشە زیندووەکانیان بەبێ بێهۆشکردن پارچەپارچە دەکرد، تاوەکوو ئەندامە تووشبووەکان لابەرن و لە لێکۆڵینەوە لەسەر کاریگەرییەکانی نەخۆشییەکە لەسەر جەستەی مرۆڤ بەکاریبهێنن.
ئەو یەکەیە، زیندانییە تەندرووستەکانیان ناچارکرد سێکس لەگەڵ زیندانیانی تووشبوو بە سفلیس بکەن، تاوەکوو لێکۆڵینەوە لەسەر گواستنەوەى نەخۆشییەکە بکەن، پاشان نەخۆشە تووشبووەکان تا لە ژیاندا بوون توێکارى دەکران. تاقیکردنەوەیەکی دیکەى ترسناکی ئەو یەکەیە، بۆ ئەوە بوو بزانن مرۆڤ چەندێ خوێنى لێ بڕوات، ژیانی لەدەست دەدات. ئەم تاقیکردنەوەیەشیان بە بڕینی بەشەکانی ئەندامی زیندانییەکان ئەنجامدا. هەروەها ئەو یەکەیە تاقیکردنەوەی بەستەڵەکیان لەسەر دیلەکان ئەنجامدا، تاقیکردنەوەکەش بریتى بوو لەوەى لە کەشوهەوای بەستوودا دیلەکانیان بەجێدەهێشت تا لووت و گوێ و ئەندامەکانی دیکەیان دەیانبەست، دواتر بەفرەکەیان دەشکاند و ئەندامەکانیان لە ئاوی شلەتێندا نووقم کرد، بەمەش ئەندامەکان دەستبەجێ دەکەوتنە خوارەوە.
ژاپۆنییەکان هەر بەوەندەوە نەوەستان، بەڵکوو دیلەکانیان بۆ تاقیکردنەوەی کاریگەرى چەکەکانیان بەکاردەهێنا. بە جۆرێک دیلەکانیان دەبەستەوە و بۆمبیان لێ دەبەستن یان گولەبارانیان دەکردن، تاوەکوو بۆیان دەربکەوێت کاریگەریی و تواناى چەکەکانیان تا چ ڕادەیەکە.
=KTML_Bold=“ئەمەریکا.. تاقیکردنەوەیەکى چل ساڵە”=KTML_End=
لەنێوان ساڵانی (1932 بۆ 1972) ، زانکۆی توسکیگ بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندرووستی لە ویلایەتی ئەلاباما، تاقیکردنەوەیەکی پزیشکییان لەسەر ئەمەریکییە ئەفریقییەکان ئەنجامدا، بۆ زانینى کاریگەرییەکانی چارەسەرنەکردنی سفلیس بەبێ ئاگاداری نەخۆشەکان و لەژێر پەردەی چاودێری پزیشکی بێبەرانبەردا. ئامانجی سەرەکی ئەم تاقیکردنەوەیە، زانینی کاریگەرییەکانی چارەسەرنەکردنی نەخۆشییەکە بوو، ئەم تاقیکردنەوە چل ساڵ بەردەوام بوو، دوای دۆزینەوەی کاریگەریی پەنسلین لە چارەسەرکردنی سفلیسدا، تەنیا لەسەر ئەمەریکییە ئەفریقییەکان ئەنجامدرا. بەشداربووە ڕەشپێستەکانی تاقیکردنەوەکە چەواشەکران بەوەى کە بە ناو تۆمارکردنیان لەم تاقیکردنەوەیەدا کە ماوەى شەش مانگ دەخایەنێت، چارەسەری خوێنی خراپیان بۆ دەکرێت و سەردانی پزیشک و ژەمە خۆراک بەخۆڕایی وەردەگرن. ئەگەر هاتوو گیانیشیان لەدەستدا، ئەوا زانکۆکەش سپۆنسەری مەراسیمەکانی ناشتنیان دەکات.
لەم تاقیکردنەوەیەدا (399) کەس بەشدارییان کرد کە لەڕاستیدا تووشی سفلیس بوون، لەکاتێکدا (201) کەس تووشی سفلیس نەبوون، لە ماوەی چل ساڵی توێژینەوەکەدا، هیچ کام لەو کەسانەی کە زانیاری هەڵەیان پێدرابوو، چارەسەری پەنسلینیان پێشکەش نەکرا. لە کۆتایی تاقیکردنەوەکەدا لە ساڵی (1972) ، تەنیا (74) کەس لەو کەسانە بەزیندوویی مابوونەوە، چونکە (28) کەس بەهۆی سفلیسەوە گیانیان لەدەستدابوو، سەد کەسی دیکە بەهۆی دەرهاویشتەکانی ئەو نەخۆشییەوە کە چارەسەریان بۆ نەکرا، چل کەسیش نەخۆشییەکەیان بۆ هاوسەرەکانیان گواستەوە. ئەم تاقیکردنەوەیە دوای ئاشکراکردنى لەلایەن ئاژانسى (ئەسۆشێتد پرێس) ەوە ڕاگیرا. حکومەت هەوڵیدا بە نیشاندانی ڕەزامەندی ئەو (600) کەسە بۆ بەشداریکردن لە توێژینەوەکەدا پاساو بۆ خۆی بهێنێتەوە، بەڵام دادگا بۆی دەرکەوت کە ئەو کەسانە بەلاڕێدا براون و ڕاستیی توێژینەوەکە بە هیچ کامیان نەگوتراوە، بە جۆرێک بەشداربووان بەجێهێڵراون تاوەکوو بەدەست نەخۆشییەکە و دەرئەنجامەکانییەوە بناڵێنن، سەرەڕای هەبوونی چارەسەرێکی کاریگەر کە نەخۆشییەکە لەناودەبات. پاشان زانکۆی توسکیگ لە مۆزەخانەکەیدا “چەکێک”ى نمایشکرد کە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە دەرچووە، بۆ پشتگیریکردن و دابینکردنى بودجە بۆ ئەم تاقیکردنەوە نامرۆڤانەیە.
=KTML_Bold=“سوپاى ئەمەریکا و چارەسەرى مەلاریا”=KTML_End=
هەر لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا، لەبەرئەوەی زۆرێک لە سەربازەکانى سوپاى ئەمەریکا تووشی مەلاریا بوون، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی خواستی بەپەلە بۆ بنبڕکردنی نەخۆشییەکە یان پەرەپێدانی چارەسەرێکی گونجاو بۆی، کۆلێژى پزیشکى زانکۆی شیکاگۆ هاوکاری سوپای ئەمەریکا و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاى کرد، بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەیەک بە مەبەستی تێگەیشتن لە کاریگەریی دەرمانی دژە مەلاریا لەسەر لاوازکردنی مەلاریا، هەروەها پشکنینی هەندێک دەرمانی نوێ کە کاریگەرییان لەسەر مەلاریا دیار نییە، تاقیکردنەوەکەش لەسەر زیندانییەکانى زیندانی ستاتڤیل لە نزیک ئیلینۆی ئەنجامدرا.
تاقیکردنەوەکە لەسەر (441) زیندانی ئەنجامدرا، بە ئەنقەست زیندانییەکانیان تووشی مەلاریا دەکرد، هەر زیندانییەک نزیکەی دە جار مێشوولەیەکی هەڵگری مەلاریا پێوەی دەدا، بەهۆی چارەسەری تاقیکارییەکەوە، یەکێک لە زیندانیەکان گیانی لەدەست دا، بەڵام توێژەران و پزیشکەکان پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە مردنەکەی سرووشتییە، نەوەکو بەهۆی کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەو دەرمانەی کە تاقیکراوەتەوە. ئەوەى ئەم تاقیکردنەوەیە لەوانى دیکە جیادەکاتەوە ئەوەیە کە زیندانییەکان ئاگاداری ئەو تاقیکارییە نائەخلاقییە بوون، ئەوان ڕازیبوون تاقیکردنەوەیان لەسەر بکرێت، لەبەرانبەر پاداشتی دارایی و بەڵێنی ئازادکردنیان بەبێ مەرج، جگەلە فریودانیان بەوەى کە ئەم کارەیان خزمەتکردنە بە نیشتمانەکەیان.
“=KTML_Bold=نازییەکان و کۆمەڵکوژى جمکەکان”=KTML_End=
لە جەنگی جیهانی دووەمدا نازییەکان چەندین تاقیکردنەوەی مرۆیی دڕندانەیان لەسەر دیلەکانی ئۆردوگاکانی کۆکردنەوەی نازییەکان ئەنجامدا، جا ئەو دیلانە پۆڵەندی بن یاخود جوولەکە، یان دیلەکانی جەنگی سۆڤیەت بن، تەنانەت چەندین ئەڵمانی کە کەمئەندامی جەستەیی بوون یاخود نەخۆشى دەروونییان هەبوو لە تاقیگەکاندا بەکارهێنران. یەکێک لە دیارترین تاقیکردنەوە ترسناکەکان، تاقیکردنەوەیەک بوو کە لەلایەن پزیشکی بەدناو “جۆزێف مێنگێل”ەوە لە ماوەی ساڵانی (1943 تا 1944) ئەنجامدرا، لەسەر دووانەکان لە ئۆردوگاکانی کۆکردنەوە، بەتایبەتی لە ئاوشڤیتز.
ئەو پزیشکە تاقیکردنەوەی لەسەر نزیکەی (1500) حاڵەتی دووانە ئەنجامدا، کە لە دوای وەستاندنی ئەم تاقیکردنەوە ترسناکانە، تەنیا (200) حاڵەتیان لە ژیاندا ماونەتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ تێگەیشتن لە جینات بەو هیوایەی بتوانێت ڕەگەزی ئەڵمانی و ڕەگەزی ئاریەکان چەند هێندە بکات. دکتۆر مێنگلێ دووانەکانی بە یەکەوە دەبەستەوە، یان هەندێک ئەندامی جەستەیانی دەبڕی بۆ ئەوەی بزانێت تایبەتمەندی دوانە پێکەوە لکاوەکان چییە، هەروەها دەرزی نەخۆشییەکانی تایفۆیدى لە یەکێک لە دووانەکان دەدا، دواتر خوێنەکەی بۆ جمکەکەى دیکە دەگواستەوە، تا بۆی دەربکەوێت کامیان ڕزگاریان دەبێت، هەروەها دەرزی بە بۆیەی جیاواز لێدەدان، تاوەکوو بزانێت ڕەنگی چاو و قژیان دەگۆڕێت یان نا.
ئەو پزیشکە نازییە دەرزیی کلۆرۆفۆرمى ڕاستەوخۆ لە دڵی دووانەکانى ژێر لێکۆڵینەوەکە دەدا، ئەو دووانانەش ژمارەی تاقیکردنەوەکە لەسەر دەستیان تاتۆ کرابوو، تاوەکوو ئەگەر بێ کەڵک بوون بۆ تاقیکردنەوەکانی داهاتوى پێیان بزانێت و بەکاریان نەهێنێت، یاخود ئەگەر هاتوو بەهۆى ئەو دەرزی لێدانەوە باری تەندرووستییان تێکچوو یان مردن.
=KTML_Bold=سەرچاوە:=KTML_End=
- تسنیم فهید: هژە أکبر التجارب الوحشیە التى أجرتها الحکومات على البشر، موقع نون بوست.
- تەسنیم فەهید: نووسەر و بلۆگەرێکی میسرییە. بۆ چەندین ماڵپەڕ و ڕۆژنامەی عەرەبی وتار دەنووسێت، دوو کۆمەڵە کوورتە چیرۆکی بەناوەکانی “تەختەیەکی مەڕمەڕی سپی” و “دایکى الوالی” بڵاوکردۆتەوە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە و دکتۆراى لە سەلامەتی و کوالێتی خۆراک بەدەستهێناوە. [1]