ناونیشانی بابەت: ڕەفتارە سەیر و سەمەرەکانی دیکتاتۆرەکان
ئامادەکردن: #بارام سوبحی#
نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتووانی جیهان لە بندەستی ڕژێمە دیکتاتۆرییەتەکاندا دەژین، ئەو ڕژێمانە کۆماری و پادشایەتین و هەندێکیشیان بە هەڵبژاردن گەیشتونەتە دەسەڵات. دیکتاتۆرەکان هەندێکیان خۆیان بە هەڵبژاردەی خودا و هەندێکی دیکەیان خۆیان دەبەنەوە سەر پەیامبەرەکان. ئەوان دەستوەردەدەنە وردەکاری ژیانی هاووڵاتییان و خاوەنی ڕەفتاری سەیر و سەمەرەن، ئەم ڕاپۆرتە مشتێک لە خەرمانی ڕەفتارە سەیر و سەمەرەکانی دیکتاتۆرەکان دەگێڕێتەوە. پەڕتووکی دیکتاتۆرو دیکتاتۆرییەت “تێگەیشتن لە ڕژێمە دەسەڵاتگەراکان و سەرۆکەکانیان”، لە نووسینی “ناتاشا ئیزرۆو ئیریکا فرانتز”ە، د.بایەزید حەسەن عەبدوڵڵا کردوویەتی بە کوردی. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دووتوێی (500) لاپەڕەدا بڵاویکردۆتەوە. پەڕتووکەکە لە (13) بەش پێکهاتووە، لە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکانی جیهان بە پادشایەتی و کۆمارییەوە دەکۆڵێتەوە. وەکوو لە پێشەکی پەڕتووکەکەدا هاتووە بەگوێرەی مەزەندەی ڕێکخراوی فریدەم هاوس، نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتووانی جیهان لە بندەستی ڕژێمە دیکتاتۆرییەتەکاندا دەژین، دوو ملیار کەس بەدەست فەرمانڕەوایی ستەمکارییەوە دەناڵێنن. لە جیهاندا (106) ڕژێمی فەرمانڕەوایی دیکتاتۆری یان نیمچە دیکتاتۆری هەن. واتە (54%) دەوڵەتانی سەر گۆی زەوی. نزیکەی لە هەر سێ وڵات لە جیهاندا، یەکێکیان لەژێر فەرمانڕەوایی دیکتاتۆرییەتدایە.
=KTML_Bold=بەفیڕۆدانی سامانی وڵات:=KTML_End=
یەکێک لە ڕەفتارەکانی دیکتاتۆرەکان؛ بەهەدەردانێکی بێشووماری سەروەت و سامانی وڵاتە لەپێناوی خۆشگوزەرانی خۆیاندا. لەم پەڕتووکەدا چەندین نموونە لەوبارەیەوە باس کراون. بە جۆرێک مەزەندە دەکرێت “فێردیناند مارکۆسی فلیپین و سانی ئاباشەی نایجیریا”، هەریەکەیان کاتێک لە دەسەڵاتدا بوون زیاتر لە پێنج ملیار دۆلاریان دزی بێت. هەروەها کەسێکی وەکوو؛ بۆکاسای سەرۆککۆماری ئەفریقای ناوەند، لە ئاهەنگی تاج لەسەر نانەکەی، (22) ملیۆن دۆلاری خەرجکرد، ئەو بڕە پارەیە (24%) داهاتی نەتەوەیی کۆمارەکەی پێکدەهێنا. لەگەڵ ئەو هەژارییە ترسناکەی هایتی، “بیبی دۆک” زیاتر لە حەوت ملیۆن دۆلاری لە ئاهەنگی ژنهێنانەکەی خەرجکرد. ساڵانە سەد هەزار دۆلار وەک مووچە دەدرا بە ژنەکەی، وەک دیبلۆماتەکان باسی دەکەن، ئەو بڕە پارەیە بۆ کڕینی تاقمێکی زۆر جوان لە قاپووتی کەوڵی مینک خەرجدەکرا. وەزیری دارایی پێشوی هایتی و کارمەندێکی بانکی نێودەوڵەتی، دوای لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوت کە بەلایەنی کەمەوە (36%) داهاتی حکومەت لە هایتی لەژێر سایەی حوکمڕانیی بیبی دۆک دزراوە. لە فلیپین و لە ماوەی فەرمانڕەوایی مارکۆسدا (1972 - 1986) ، تەواوی کەرتی بازرگانی لە دەستی هەشتاو یەک خێزاندا چڕکرابووەوە. خەرجییەکانی حکومەت بە ڕێژەی (92%) زیادی کردبوو. ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی حکومەت خاوەنیان بوو سێ هێندە زیادیان کردبوو، بە جۆرێک (30%) خەرجییە گشتییەکانیان خەرجدەکرد. لە (1970 بۆ 1975) قەرزە دەرەکییەکان بە ڕێژەی (214%) زیادیان کردبوو. ئەو پارەیەی زیاد بوایە لە پێداویستی پیشەسازی شەکر کە حکومەت خاوەنی بوو، دەڕۆیشت بۆ خێزانی یەکەمی فلیپین بۆ خەرجکردنی لە پێداویستییە سیاسی و کەسییەکانیان. بۆ نموونە (10%) بودجەی هەموو وەزارەتەکان دەدرا بە پڕۆژە تایبەتەکانی خانمی یەکەم. حکومەتی ئێستای فلیپین مەزەندەی ئەوە دەکات کە مارکۆس و ژنەکەی زیاتر لە (500) ملیار دۆلار قەرزاری وڵاتن.
هەر لە بواری بەڕێوەبردن و ئابوورییدا، دیکتاتۆرەکان خاوەنی بڕیارو ڕەفتاری سەیر و سەمەرەن. بە نموونە “عیدی ئەمین”ی سەرۆکی “ئۆگەندا” لە (1972) ، بڕیارێکی دەرکرد بۆ دەرکردنی نزیکەی سەد هەزار ئاسیایی لە ئۆگەندا کە خەڵکی وڵاتەکە نەبوون، ئەمین بە و کارەی وڵاتەکەی تووشی گێژاوێکی ئابووری کرد. هەروەها لە ساڵی (1997) قەزافی بڕیاریدا کە دەبێت هەموو خێزانەکانی لیبیا لە ماڵەکانیان مریشک بەخێوبکەن، وەک هۆیەک بۆ ئەوەی لیبیا بەشی خۆی لە مریشک دابین بکات و مریشک هاوردە نەکات. هەرچەندە ئەو بڕیارە قوورس نەبوو بۆ ئەوانەی لە لادێکان دەژیان، بەڵام بۆ دانیشتووانی شارەکانی لیبیا شتێکی مەحاڵ بوو. لە مانگی تشرینی دووەمی (2005) دا، سەرۆکی ڕژێمی دیکتاتۆرییەتی “بۆرما” “سان سوان”، لەناکاو پایتەختی وڵاتەکەی لە ڕانگونەوە بۆ پینمانا گواستەوە، لەکاتێکدا پینمانا جەنگەڵێک بوو لە باکووری وڵاتەکە و (250) کیلۆمەتر لە ڕانگونەوە دوور بوو. فەرمانبەرانی حکومەت و ئەفسەرانی سووپا ماوەی دوو ڕۆژیان درایە بۆ گواستنەوە و بە کاروانێکی لۆری گەورەی پڕ لە کەلوپەل گواستیانەوە بۆ پایتەختە نوێیەکە.
=KTML_Bold=سوپاو شەڕ:=KTML_End=
قەبەکردنی سووپاو بەخشینەوەی پلە و پۆستی سەربازی لەسەر بنەمای ئارەزوو بەرپاکردنی شەڕو جەنگ بەشێکی دیکەیە لە ڕەفتاری دیکتاتۆرەکان. بە جۆرێک بەگوێرەی توێژینەوەیەکی “دان ڕایتەرو ئالان ستام” لە ماوەی ساڵانی (1946 - 1992) ، نۆزدە دیکتاتۆرییەتی تاکڕە و جەنگیان بەرپاکردووە، لە هیچیشیاندا جەنگەکەیان نەبردۆتەوە. سەدام حسێنی دیکتاتۆری ئێراق شەڕێکی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێراندا بەرپاکرد. لە ماوەی جەنگی ئێراق ئێراندا، وەزیری تەندرووستی ئێراق پێشنیاری کرد سەدام بۆ ماوەیەکی کاتی واز لە دەسەڵات بهێنێت، بۆ ئەوەی ئەو مەرجەی ئێران بۆ ئاشتی جێبەجێ بکات. سەدام سوپاسی ئەو هەڵوێستە ڕاشکاوانەی وەزیرەکەی کرد. پاشان تەرمەکەی بە پارچەپارچە کراوی لە کیسەی مردواندا بۆ هاوسەرەکەی ناردە ماڵەوە. جۆزێف مۆبۆ تۆی زائیر (ئەمڕۆ کۆماری دیموکراتی کۆنگۆیە) ، لە سووپادا بەرزکردنەوەی پلەی پلە باڵاکانی تاڕادەیەکی زۆر بە سیاسی کردبوو، لەبری ئەوەی لەسەر لێهاتوویی و ئەزموون بێت. ئەو سووپایەی لەژێر دەستی مۆبۆ تۆدا بوو ناوبانگییان لە نەبوونی دیسپلین دەرکردبوو. چەند بارە بێتوانا دەردەکەوت، کە بتوانێت سوپایەکی بچوکی دوژمن کە پڕچەکیش نەبێت، ببەزێنێت. بەڵگەش بۆ ئەوە لە ساڵانی (1978 و 1979) سووپای “زائیر” نەیتوانی بەرگری بکات بەرانبەر گرووپێکی بچوکی نزیکەی (1500) کەسیی بەکرێگیراوی ئەنگۆلی. لەگەڵ ئەوەشدا “مۆبۆ تۆ” لە سەردەمی فەرمانڕەواییدا ملیۆنان دۆلاری وەک کۆمەکی سەربازی و ڕاهێنانیان وەرگرتبوو. موعەممەر قەزافی سەرۆکی لیبیا، زنجیرەیەکی بۆ فەرماندەکردن درووستکردبوو، کە پلە و ناونیشان مانایەکی وایان نەبوو. بەرپرسیارییەتی هیچ کەسێک دیار نەبوو. بۆ نموونە کاپتنەکان جاروبار ڕاپۆرتیان دەنووسی بۆ کەسێک کە هیچ پلەیەکی سەربازی نەبوو. ئامانج لەم جۆرە پێکهاتەیەش بۆ دڵنیابوون بوو لەوەی کە ئەو پلە نزمانەی سووپا کە خواستی بەرزیان هەیە، لەژێر کۆنترۆڵدا بن و هەریەکەیان چاودێریی ئەوی تریان بکات. لەلایەن خۆیەوە ڕافایل ترۆجیلۆی سەرۆککۆماری “دۆمینیکان” کوڕە چوار ساڵەکەی کرد بە عەقید و لە نۆ ساڵیدا کردی بە عەمید. دیکتاتۆرێکی وەکوو عیدی ئەمینی سەرۆکی ئۆگەنداش وای بڵاوکردەوە لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا سەد تا شەشسەد هەزار خوێندەواری کوشتووە.
=KTML_Bold=“گەمژە و نمایشکاری جلوبەرگ”=KTML_End=
ڕەفتارێکی دیکەی سەیری دیکتاتۆرەکان؛ بڕیاردان و بەخشینی پۆستە باڵاکانی حکومەتە لەسەر بنەمای ئارەزووی کەسی، نەوەکو لێهاتوویی و شارەزایی. بەنموونە گعیدی ئەمین”ی ئۆگەندا بەزۆری ڕاوێژکاری نەخوێندەواری هەڵدەبژارد، لەو کەسانە بێزار بوو کە خوێندەواری باشیان هەیە. هەر بۆیە “تۆرۆ باگایا” کە لەپێشدا نمایشکارێکی جلوبەرگ بوو، ئەمین کردی بە وەزیری دەرەوە. یەکەم دەرکەوتنی باگایا لە ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بە پۆشاکێکی زێڕ کەشی تەسکەوە. لابردنی باگایە لە پۆستەکەی بەهۆی ئەوە بوو ئەمین تاوانباری کردبوو بەوەی کە لەگەڵ پیاوێکی ئەوروپی نەناسراو لە ئاو دەستدا دڵداریی کردووە. دوای ئەوەی گیرا حوکمی نیشتەجێبوونی بەزۆری لە ساڵی (1975) دا بەسەردا سەپێنرا، بەڵام هەڵهات و وڵاتەکەی بەجێهێشت. هەر لە ئۆگەندا هەر کەسێک گومانی لە ڕاستییەکانی عیدی ئەمین بوایە، ئەوا لێدانی دەخوارد. جارێکیان وەزیری دارایی ڕاپۆرتێکی بەڕاستی ئامادەکرد دەربارەی ئەوەی بەرهەمی لۆکە بەڕێژەی (60%) دابەزیوە، یەکسەر دوای ڕاپۆرتەکە وەزیرەکە دیارنەما. دیکتاتۆرێکی وەکوو “فرانسیکۆ ماسیاس نگویما”ی سەرۆکی گینیای ئیستیوائی، هەموو جۆرە دەرمانێکی هاوچەرخی لە وڵاتەکەیدا قەدەغەکرد، تەنانەت لە ماوەی بڵاوبوونەوەی کۆلێرای ترسناکیشدا. هەروەها کاتێک گۆڤاری فەرەنسی (لی نۆڤل ئۆبسێرڤاتور) وتارێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە سەدام حسێن کردبوو وەک “گەمژەیەکی تەواو، پیاوکوژ، دڕندە”. سەدام لە دادگا داوای لەسەر ئەو گۆڤارە تۆمارکرد کە ناویان زڕاندوە، بەڵام داواکەی دۆڕاند.
=KTML_Bold=“ناو و وێنەی دیکتاتۆرەکان”=KTML_End=
دیکتاتۆرەکان لە ماوەی دەسەڵاتیاندا ڕۆدەچنە ناو وردەکاری ژیانی هاووڵاتییانەوە، دەیانەوێت ژیانی هاووڵاتییان بە و جۆرەی خۆیان دەیانەوێت ڕەنگڕێژ بکەن. لەوبارەیەوە قەزافی ساڵنامەی گریگۆریی گۆڕی بۆ ساڵنامەی هەتاوی و ناوی هەموو مانگەکانیشی گۆڕی بۆ ئەو ناوانەی خۆی دایهێنان. هەروەها “ساپارمورات نیازۆڤ”ی تورکمانستان ناوی مانگ و ڕۆژەکانی هەفتەی بەناوی خۆی و خێزانەکەی کردبوو. سەمای بالێی قەدەغەکرد، چونکە بە جاڕسکەری دەبینی. زانینی زنجیرە وانەیەکی “روخنامە” کە پەڕتووکێکی بیرکردنەوەی ئایینی بوو، نیازۆڤ نووسیبووی؛ مەرج بوو بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی شۆفێری.
لەلایەن خۆیەوە جۆزێف مۆبۆ تۆ (1965 -1997) بڕیاریدابوو وێنەکەی لە هەموو شوێنێکی وڵاتدا هەڵبواسرێت. فەرمانبەرانی حکومەتی ناچار کردبوو وێنەی مۆبۆ تۆ لە بەرۆکی چاکەتەکانیان بدەن، فەرمانیان پێکرابوو لەبری مۆدێلی جلوبەرگی ڕۆژاوایی، جلوبەرگی وەک مۆبۆ تۆ بپۆشن. هەموو شەوێک پێش دەستپێکردنی دەنگوباس دەبوو تەلەڤزیۆن وێنەی مۆبۆ تۆ پیشانبدات، لە ئاسمان لەناو هەورەکانەوە دەهاتە خوارەوە. دیکتاتۆرێکی وەکوو هاستنگس باندای سەرۆکی مالاوی، بڕیارێکی دەرکردبوو کە نابێت ژنان پانتۆڵ لە پێ بکەن. عیدی ئەمین لە (1971 - 1979) دەستی بەسەر “ئۆگەندا” گرت. خولیای ئەوە بوو ڕێزی لێ بگیرێت. سوور بوو لەسەر ئەوەی بەم نازناوە ئاماژەی بۆ بکرێت: خاوەنشکۆ سەرۆککۆماری ئۆگەندا جەنەراڵ حاجی عیدی ئەمین دادا. ڕادیۆی کەمپالا فەرمانی پێکرابوو ڕۆژانە چەندین جار ئاماژە بە و نازناوەی بکات. ئەفسەرانی پەروەردەنەکراو لە پۆستە گرنگەکانی حکومەت دادەنران. کارمەندانی ڕۆشنبیر بە زۆری لە کارەکەیان دەردەکران لەسەر ئەو بنەمایەی کە دڵسۆزی حکومەت نین و کەسانی نەشارەزا لە شوێنەکانیان دادەنران. بڕیاری سیاسی لەخۆوە و بێ پلان دەردەکرد. پێی باش بوو متمانە بکاتە سەر فاڵچی و خەونەکانی یان هەست و سۆزە زگماکییەکانی بۆ بڕیاردان وەک لە ئامۆژگاریی پسپۆڕان.
فرانسوا دوڤالی سەرۆکی هایتی بە پاپا دۆک ناسرابوو. لە (1956) بە سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرا. لە هەڵبژاردنی (1961) دا هەڵبژاردنەکانی بە (13) ملیۆن دەنگ بەرانبەر بە سفر بردەوە. لە (1964) ڕایگەیاند تا مردن سەرۆکی هایتی یە. وێنەکانی خۆی لە هەموو شوێنەکانی وڵاتدا دانا. لە وێنەیەکدا لە تەنیشت عیسای مەسیح وەستاوە و مەسیح دەستی لەسەر شانی داناوە لەگەڵ نووسینێک کە دەڵێت؛ من پاپا دۆکم هەڵبژاردووە. “دۆک” جادووگەریی بۆ کۆنترۆڵکردنی جەماوەر بەکاردەهێنا. ڕەنگی ئاڵای وڵاتەکەی لە شین و سوورەوە بۆ ڕەش و سوور گۆڕی. ئەو ڕەنگانە پەیوەست بوون بە جادووگەریی نهێنی کۆمەڵگەکان. زانیارییەکانی لەسەر جادووگەری بۆ چەسپاندنی ترس و گوێڕایەڵی لە دەروونی جەماوەردا بەکاردەهێنا. بۆکاسا لە (1966) لە کۆماری ئەفریقای ناوەند دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و تا (1979) بەردەوام بوو، دوای ئەوەی کودەتای بەسەر دەیڤد داکۆی ئامۆزایدا کرد. هەموو پۆستە مەدەنییە گرنگ و سەربازییەکانی لە حکومەتدا بۆ خۆی وەرگرت. بەرپرسی چەندین وەزارەت بوو کە وەزارەتەکانی: بەرگری نیشتمانی، ناوخۆ، ڕاگەیاندن، کشتوکاڵ، هێزی ئاسمانی سەربازی و خزمەتگوزاری گشتی و ئاساییشی کۆمەڵایەتی دەگرتەوە… نازناوی پاپا بۆکی لە خۆی نابوو. ناوی خۆی لە خوێندنگە و دامەزراوە و شەپقەی سەربازی و ڕێگە نابوو. وێنەکانی لە هەموو شوێنێکی وڵاتدا دەردەکەوتن. لەناو جەماوەردا خۆی بە کۆمەڵێکی جۆراوجۆر لە مەدالیا دەڕازاندەوە، ئەوپەڕی پارەی بەفیڕۆدەدا. لە ئاهەنگی تاج لەسەر نانەکەی (22) ملیۆن دۆلاری خەرجکرد. ئەو بڕە پارەیە (24%) داهاتی نەتەوەیی کۆماری ئەفریقای ناوەندی پێکدەهێنا. زۆرجار بە جلوبەرگی زۆر نابەجێ لەناو جەماوەر دەردەکەوت. بێگومان ئەگەر هەر کەسێک بە بۆکاسا پێکەنیبایە ئەوا بەتوندی بە قامچی لێیدەدرا. کاتێک کۆمەڵێک لە منداڵان ڕەتیانکردەوە ئەو جلوبەرگە یەکپۆشانەی کە یەکێک لە پیاوەکانی بۆکاسا دەیفرۆشت بکڕن، بۆکاسا ئەو منداڵانەی گرت و زیندانی کردن. زۆر لە هاووڵاتییان دەڵێن؛ چەندین لەو منداڵانە ڕەنگە کوژرابن. لە (1979) کاتێک لەدەرەوەی وڵات بوو، سەربازانی فەرەنسا کودەتایەکیان کرد و داکۆی سەرۆک کۆماری پێشویان هێنایەوە سەر دەسەڵات. زۆر سەیر بوو تا ئەو کاتە بەزیندوویی مابووەوە.
=KTML_Bold=“خوداو پەیامبەر”=KTML_End=
دیکتاتۆرەکان بۆ بەخشینی شەرعییەت بە دەسەڵاتەکانیان، پەنادەبەنە بەر بانگەشەی ئایینی و بنەچەی خۆیان دەبەنەوە سەر پەیامبەرانی ئایینەکان و خۆیان وەکوو نمایندەی خوداوەند نمایش دەکەن. لەوبارەیەوە بۆ نموونە لە وڵاتی مەغریب “شاحەسەنی دووەم” بۆ دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە لە بنەچەی پەیامبەرە، هەموو ساڵێک زنجیرەی بنەچەی خۆی بڵاودەکاتەوە و وای پیشان دەدات کە ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە سەر بنەچەی پەیامبەری ئیسلام. شا حەسەنی دووەم دەڵێت کە “امیر المومنین”ە و پۆشاکی نەریتی لەبەر دەکات و پارە بۆ پڕۆژەی ئیسلامی تەرخان دەکات. مادەی نۆزدەی دەستووری مەغریب دەڵێت؛ شا هێمای یەکێتییە و لەلایەن خوداوەندەوە دانراوە. هەروەها شا حسێنی ئوردون دەڵێت؛ لە وەچەی پەیامبەر محەمەدە و خزمەتکارێکی حەرەمی ئەلشەریفە لە قودس. لە نیپاڵ ئەندامانی خێزانی پادشایەتی دەڵێن؛ لە بنەچەی ڤیشنوی خوداوەندی هیندۆسن و پارێزەری ڕاستەقینەی ئایینی هیندۆسین. ڕەزاشای پادشای پێشووی ئێران، خۆی وەک باوکی خەڵکی ئێران وێنادەکرد و هەوڵیدا خۆی وەک نوورێکی عیرفانی پیشانبدات. بۆ ئەنجامدانی ئەو هەوڵەی فەرمانیکرد کە مۆنۆمێنت و وێنەکانی لە هەموو شوێنێکی سەرانسەری وڵاتەکەدا دابنرێن. [1]