ناونیشانی بابەت: سەدام ساڵی لەدایکبوونی ساختەکرد
ئامادەکردن: #بارام سوبحی#
بەگوێرەی ژمارەیەک بەڵگەنامە، دیکتاتۆری “ئێراق” سەدام حسێن دوای کودەتای بەعسییەکان و گەیشتنی بە لوتکەی دەسەڵاتی حیزبی و حکومی، ڕۆژ و ساڵی لەدایکبوونی خۆی ساختەکردووە، تاوەکوو تەمەنی خۆی لەگەڵ تەمەنی هاوژینەکەی هاوتا بکات، لەو کاتەشەوە تا ئێستا ساڵی لەدایکبوونی بووەتە (28/نیسان/1937) .
سەدام حسێن (1937 - 2006) ، دوای ئەوەی لە ساڵی (1979) بووە سەرۆک کۆماری ئێراق، ساڵانە لە ڕۆژی (28/نیسان) دا ئاهەنگی ڕۆژی لەدایکبوونی لە شار و شارۆچکەکان و لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەڕێوەدەچوو. لەکاتێکدا بەپێی بەڵگەنامەکان، نە لەو ڕۆژەی مانگی نیساندا لەدایکبووە، نە لەو ساڵەشدا کە کردبووی بە ساڵی لەدایکبوونی.
=KTML_Bold=“لەدایکبوونی سەدام لە سێ بەڵگەنامەدا”=KTML_End=
بەپێی بەڵگەنامەی تۆماری لەدایکبوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شارستانی/ کەرخ لە ساڵی (1957) ، ڕۆژی لەدایکبوونی سەدام بە (1/7/1939) تۆمارکراوە، هاوشێوەی زۆرێک لە هاووڵاتییانی ئێراق کە ڕۆژی لەدایکبوونیان دیارنییە، ڕۆژی (1/تەمموز) بە ڕۆژی لەدایکبوونی دیاریکراوە. کەواتە وەکوو لەو بەڵگەنامەیەوە دەردەکەوێت، سەدام لە (1939) لەدایکبووە، بەڵام دواتر (28/نیسان) کرا بە ڕۆژی لەدایکبوونی. بە و هۆیەوە ساڵانە هەموو میدیاکانی ئێراق لەو ڕۆژەدا ئاهەنگیان بۆ دەگێڕا، خەڵکیش بڕوایان بەوە هێنابوو کە ئەوە ڕۆژی لەدایکبوونێتی. بەڵگەنامەیەکی دیکە کە ساڵی لەدایکبوونی سەدام ساغ دەکاتەوە، نووسراوێکی ناوەندی کەرخە کە بەهەمانشێوە ساڵی لەدایکبوونی سەدامی بە (1939) دیاریکردووە. ئەو بەڵگەنامەیەش لە ژمارە (761) گۆڤاری (ئەلف با) لە (27/نیسان/1983) لە بەغدا بڵاوکراوەتەوە. گۆڤارەکە لەو ژمارەیەدا بیست و یەک لاپەڕەی بۆ بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی سەدام تەرخانکردووە، کە تیایدا ژمارەیەک چاوپێکەوتنی لەخۆگرتووە بۆ باسکردن لە هەموو لایەنەکانی کەسایەتی سەدام، لەنێویاندا چاوپێکەوتن لەگەڵ “خەیروڵا تڵفاح” خاڵی سەدام. ناوبراو دەڵێت؛ سەدام لە ساڵی (1937) لەدایکبووە. سێ مانگ پێش ئەوەی (حسێن مەجید) ی باوکی بمرێت، داوای لە باوکم کردبوو ساجیدە بکاتە هاوژینی سەدام، چونکە لەو کاتەدا ئەوە داب و نەریتی کەسوکارمان بووە، دوای مردنی باوکی، سەدام و دایکیم بردە ماڵی خۆم، دایکی سەدام بووە خانمی ماڵ بە و پێیەی خوشکی گەورەم بوو. سەدام لە ماڵی مندا پێگەیشت و مایەوە، تا ئەو کاتەی ڕۆیشت بۆ ماڵی ئیبراهیم حەسەنی باوکی بەرزان.
یەکێکی دیکە لە بەڵگەنامەکان، پەڕتووکەکەی “فوئاد مەتەرە”، ئەو لە سەروەختی دەسەڵاتی سەدامدا، پەڕتووکێکی بە ناونیشانی (صدام حسین: ڕجل و قضیة و المستقبل) بڵاوکردەوە، تیایدا ساڵی لەدایکبوونی سەدامی بە (1937) دیاریکردووە. بەڵام بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت کەوتووەتە لێکدژییەکی ڕوونەوە، چونکە دەڵێت؛ لەو ساڵەدا کە بیرۆکەی گۆڕینی بزووتنەوەی بەعسی عەرەبی بۆ حیزب لەلای “میشێل عەفلەق” لە دیمەشق لە پێگەیشتن نزیکببۆوە، سەدام حسێن کە بە هەتیوی لەدایکبوو بوو لە هەشت ساڵی نزیک کەوتبووەوە، هێشتا نەچووبووە قوتابخانە، چونکە خێزانەکەی دەیانویست ببێتە جوتیار وەکوو هەموو جوتیارەکانی دیکەی گوندەکەیان.
لێکدژی قسەکەی مەتەر لەوەدایە بزووتنەوەی بەعسی عەرەبی لە ساڵی (1947) گۆڕا بۆ حیزب. لەو ساڵەشدا “سەدام حسێن کە بە هەتیوی لەدایکبوو بوو لە هەشت ساڵی نزیک کەوتبوەوە”. کەواتە ئەمە دەریدەخات سەدام لە (1939) لەدایکبووە.
بەوتەی ئەو نووسەرە، ئەو کەسەی چارەنووسی سەدامی گۆڕی، عەدنان خەیروڵای کوڕە خاڵی سەدام بوو. چونکە عەدنان هاوتەمەنی بوو، کاتێ باسی قوتابخانەی بۆ کرد، هەروەها چۆن دەستی بە نووسین و خوێندنەوە و وێنەکێشان کردووە، ئەوەش سەدام حسێنی هاندا لەگەڵ خزمەکەیدا بچێتە شارۆچکەی “تکریت” تا لەوێ بچێتە قوتابخانە، ئەمەش بە یەکەم یاخیبوونی سەدام لە ویستی خێزانەکەی دادەنرێت کە لەو کاتەدا لە ناوچەی شوەیش دەژیان. پێدەچێت لە پاداشتی ئەو هاندانەدا بووبێت، کاتێک سەدام بووە سەرۆک کۆمار، عەدنان خەیروڵای کرد بە وەزیری بەرگری. لەمیانی وردبوونەوە و سەرنجدان بە قوڵی لەو بڕگەیە، زیاتر مێژوی لەدایکبوونی ڕاستەقینەی سەدام حسێن ڕووندەبێتەوە و مێژووە ساختەکە پوچەڵ دەکاتەوە. چونکە لای هەمووان ڕوونە بزووتنەوەی بەعسی عەرەبی لە ساڵی (1947) گۆڕا بۆ حیزب، واتە ئەو ساڵەی سەدام حسێنی بێباوک تەمەنی لە هەشت ساڵی نزیک کەوتبووەوە. کەواتە سەدام لە (1939) لەدایکبووە، هەر لە هەمانساڵدا بووە کە عەدنان خەیروڵا تڵفاحی کوڕە خاڵی سەدام، هانیداوە بچێتە قوتابخانە. بەتایبەتی ئەگەر بێت و بزانین کە عەدنان خەیروڵا لە (1940) لەدایکبووە، لەکاتی مردنیشیدا کەناڵەکانی ڕاگەیاندن زۆر باسیان لەو ساڵە دەکرد، بۆیە درووستە بڵێین؛ عەدنان هاوتەمەنی سەدام بووە و جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوانیاندا نەبووە. چونکە ئەگەر سەدام لەدایکبووی (1937) بووایە، ئەوا جیاوازی تەمەنیان دەیکردە دوو ساڵ. لەلایەکی دیکەوە “حەنا بەتاتوو” لە پەڕتووکەکەیدا (ئێراق: شیوعییەکان و بەعسییەکان و ئەفسەرانی ئازادیخواز) ، لە زیاتر لە شوێنێکدا مێژووی لەدایکبوونی سەدامی بە (1939) دیاریکردووە، لەمەشدا کەوتۆتە ژێر کاریگەریی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی ئێراقییەوە و خۆی بە گەڕان بەدوای ڕاستییەکان و تەتەڵەکردنی بەڵگەنامەکاندا ماندوو نەکردووە.
=KTML_Bold=“بەعسیبوون و کوشتن”=KTML_End=
سەبارەت بە پەیوەندیکردنی بە حیزبی بەعسەوە، فوئاد مەتەر لە پەڕتووکەکەیدا دەڵێت؛ سەدام حسێن لە کۆتاییەکانی ساڵی (1957) دا، تەمەنی بیست ساڵێک دەبوو، هاتە ڕیزەکانی حیزبی بەعسەوە. هەروەها فلەیح حەسەن جاسم، ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمی حیزبی بەعس و وەزیری پیشەسازی، دەڵێت؛ من لە ساڵی (1956) چوومە ڕیزی حیزبی بەعسەوە، سەدام ساڵێک دوای من هاتە ڕیزی حیزبەوە، ئێمە بە نەوەی دووەمی حیزب دەژمێردرێین.
سەدام دوای ئەوەی دەبێتە ئەندامی حیزبی بەعس، بە هاندانی خەیروڵا تڵفاحی خاڵی یەکەم، تاوانی کوشتن ئەنجام دەدات، ئەویش کوشتنی خزمێکی خۆیان بووە بەناوی (سەعدون تکریتی) کە ئەندامی حیزبی شیوعی بووە و پلەکەی لە سوپادا جێگری ئەفسەر بووە. سەعدون سەر بە عەشیرەتی (ئەلبو ناسر) بووە، لەکاتێکدا سەدام و خەیروڵا بانگەشەی ئەوەیان کردووە سەر بە و عەشیرەتەن. سەدام حسێن، بەهۆی تێکەڵابوونی بە کاری حیزبایەتی نەیتوانیوە زانکۆ تەواو بکات و ببێتە خاوەنی بڕوانامە، چونکە لە ساڵی (1959) کاتێک خوێندکاری قۆناغی ناوەندی دەبێت بەشداری لە هەوڵی تیرۆرکردنی عەبدولکەریم قاسم دەکات، لەو ڕووداوەدا بریندار دەبێت و پاشتر ئێراق بەجێدەهێڵێت و ڕوودەکاتە وڵاتی میسر، لە قاهیرە لە ناوەندی (قەسر نیل) قۆناغی ناوەندی تەواودەکات و پەیوەندی بە کۆلێژی مافی زانکۆی قاهیرەوە دەکات، بەڵام خوێندنەکەی تەواوناکات و لە (1963) دەگەڕێتەوە بۆ ئێراق. لە ئێراق لە نووسینگەی جوتیاران دەستبەکار دەبێت و خوێندنەکەی تەواوناکات. لە (1964) زیندانی دەکرێت و لە زیندانەوە درێژە بە خوێندنەکەی دەدات، بەڵام ناتوانێت قۆناغی دووی زانکۆ ببڕێت، چونکە لە ساڵی (1966) لە زیندان هەڵدێت و هەتا کودەتای حەڤدەی تەمموزی (1968) خۆی لە چاوی دەسەڵاتداران دەشارێتەوە.
=KTML_Bold=“بۆچی تەمەنی خۆی گۆڕی؟”=KTML_End=
سەدام حسێن لە ساڵی (1979) ساڵی لەدایکبوونی خۆی گۆڕی، ئەو هۆکارانەی ناچاریانکرد دوو ساڵ بۆ تەمەنی زیاد بکات، بۆ ئەوە بوو تاوەکوو تەمەنی هاوتای تەمەنی هاوژینەکەی (ساجیدە خەیروڵا) بکات، چونکە بەم گۆڕانکارییە ویستی ڕێگای پرسیارکردن لە بەردەم نەیارەکانی دابخات، دەترسا ئەم باسە ببێتە بابەتێک لە شەقامی ئێراقیدا، یاخود ببێتە بابەتێکی ڕۆژنامەوانی و میدیاکاران پرسنی خۆیانی پێ تێربکەن، چونکە لە نەریتی خێڵەکی ئێراقدا دەگمەن بووە پیاو لەگەڵ ژنێکدا هاوسەرگیری بکات کە تەمەنی لە خۆی گەورەتر بووبێت، تەنیا ئەگەر لە حاڵەتێکی ناچاریدا نەبووبێت، هەرچەندە ساجیدە کچە خاڵی سەدام بووە، بەڵام پڕۆسەی هاوسەرگیرییان بە ئاسانی مەیسەر نەبووە، لەو پێناوەشدا سەدام هەوڵێکی زۆری داوە. چونکە ساجیدە پێگەی خۆی لە سەدام بە بەرزتر بینیووە، بەهۆی ئەوەی باوکی ساڵی (1941) بووەتە ئەفسەر، پاشان لە (1958) دا کراوەتە بەڕێوەبەری مەعاریفی لیوای بەغدا (واتە؛ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی ئێستا) . لەکاتێکدا لەو دەمەدا سەدام لە دۆخێکی پەراوێزخراو و فەرامۆشیدا لە ماڵی خزمەکانی دەژیا، هاوسەرگیری سەدام و ساجیدە لە دوای کودەتای بەعسییەکان لە هەشتی شوباتی (1963) ڕوویدا، دوای ئەوەی گەنجە شەقاوە دەرکراوەکە بووە بەرپرس لە نووسینگەی جوتیاران، ساجیدە ملکەچی فشارەکان بوو. بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییەش پێنج منداڵ بوو، دوو کوڕ و سێ کچ بەناوەکانی: عودەی، قوسەی، ڕەغد، ڕەنا، حەلا.
=KTML_Bold=“ناونانی سەدام”=KTML_End=
لەبارەی ناونانی سەدامەوە بیروڕای جۆراوجۆر هەیە. بە جۆرێک “خەیروڵا تڵفاح” لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ گۆڤاری (الف با) دەڵێ؛ من ئەو ناوەم لێنا، ئەوەش لە پێکدادانەوە وەرگێڕاوە، بەڵام ڕۆژنامەی (الجمهوریة) لە پاشکۆیەکی تایبەتدا کە بۆ ژیاننامەی سەدام حسێن تەرخانیکردبوو، دەڵێت؛ ئەحمەد عەبد هاوسەری یەکێک لە پورەکانی سەدام ئەو ناوەی لێناوە. سەبحە تڵفاح دوای مردنی مێردی یەکەمی، لە ماڵی خوشکەکەی (دایکی دەحام) دەمایەوە و سەدام ڕۆژەکانی یەکەمی تەمەنی لەو ماڵەدا بەسەربرد، ئەحمەد عەبد (باوکی دەحام) ناوینا سەدام. لەلایەکی دیکەوە “فوئاد مەتەر” لە پەڕتووکەکەیدا دەڵێت؛ حەسەن مەجید مامی سەدام ئەو ناوەی لێناوە. مەتەر دەڵێت؛ لە ژیانی سەدامدا چوار کەسایەتی شوێنێکی گەورەیان لە ویژدانی سەدامدا هەبووە، کە یەکێکیان دایکی بووە کە ناوی تەواوی سەبحە تڵفاح مەسڵەت ئەمیر عومەرە، چونکە کاتێک سەدامی بووە، باوکی لەدەستداوە و ئەویش لە سکی دایکیدا بووە. بە و هۆیەوە حەسەن مەجیدی مامی ناوی ناوە سەدام، نووسەری پەڕتووکی (حکومة القریة) ، دەڵێت؛ کارێکی ئاساییە کەسایەتییە دیارەکانی گوندی عۆجە لە بابەتی ناولێنانی سەرۆکدا پێشبڕکێ و ڕکابەری یەکتر بکەن، چونکە سەدام بووە پیاوێکی دەسەڵاتدار و هەمووان دەیانویست خۆیانی لێ نزیک بکەنەوە. ئەگەر وەکوو دانیشتووانی گوندەکەی لە سەرەتای تەمەنیدا دەیانویست، سەدام وەکوو جوتیارێک بمابایەتەوە و نەگەیشتایە بە لوتکەی دەسەڵات، ئەوا قسە و باسەکان بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا دەبوون.
* زانیارییەکانی نێو ئەم ڕاپۆرتە لەم پەڕتووکەوە وەرگێڕاوە: طالب الحسن: حکومة القریة: فصول من سلطە النازحین من ڕیف تکریت، دار الحکمە، بغداد، الطبعة السادسة، 2014، لاپەڕەکانی (341 - 349) . [1]