ناونیشان: کەمکردنەوەی نایەکسانی لە کوردستان
نووسەر: #ڕوەیدە مستەفا#
ڕۆژی دەرچوون: #10-06-2023#
نایەکسانی گرفتێکی ڕەگ داکوتراوە لە هەرێمی کوردستان کە هەموو بوارێکی کۆمەڵگەی گرتووەتەوە، لە پەروەردەوە بیگرە تاوەکوو دەگاتە تەندرووستی. جیاوازییەکە لەگەڵ دۆخی لەدایکبوونی تاک دەستپێدەکات، لەوانەش ئەو خێزانەی ئەو منداڵە تێیدا لەدایک دەبێت، ئەو ناوچەیەی تێیدا گەورە دەبێت، باری ئابووریی خێزانەکە و تەنانەت ئەو هەوادارییە سیاسییەی ئەو تاکە هەیەتی. جێگەی نیگەرانییە کاتێک دەبینین بەرزبوونەوەی پێگەی تاک بێ هەبوونی پەیوەندیی سیاسی زۆر سنووردارە. کاتێکیش ئەو بابەتە و جیاوازییەکانی نێو کەرتی پەروەردە ئاوێتە دەبن، کاریگەرییەکانیان لەسەر یەکسانی زیاتر دەردەکەون.
یەکێک لە کاریگەرییە نیگەرانکەرییەکەی ئەم نایەکسانییەی هەرێمی کوردستان لە کەرتی پەروەردەدا دەبیندرێت، قوتابخانە تایبەتییەکان لە هەرێمی کوردستان بە باشی پێشدەکەون و ستاندەردێکی باڵای خوێندن و پەروەردە پێشکێش دەکەن، بەڵام منداڵانی خێزانی چینی کرێکار دەستیان ناگاتە ئەو قوتابخانانە. ئەمەش سیستمێک درووست دەکات کە لە خزمەتی چینی دەوڵەمەنددایە و یەکێک لە ئەنجامەکانیشی درووستکردنی دابەشبوون و جیاوازییەکی ڕوونە کە ئەویش ڕێگرە لە بەردەم بەرزبوونەوەی پێگەی تاک. ئەوە لە کاتێکدایە، زۆرجار قوتابخانەکانی کەرتی گشتی کێشەی نەبوونی کەرەستە و ئامرازیان هەیە، لەوانەش نەبوونی پێداویستییەکان و وانەکانی وەک تەکنەلۆژیا، ئەندازیاری و کۆدسازی کە هەموویان بۆ پەرەدان بە توانای منداڵ و تاک زۆر پێویستن. ئەو جیاوازییانەی ئاماژەیان بۆ کرا ئاستەنگ بۆ هەرێمی کوردستان درووست دەکەن و دەبنە هۆکارێک بۆ ئەوەی گەنج بۆ داهاتوویەک ئامادە نەکرێت کە تێیدا ژیریی دەستکرد و پێشکەوتنی بواری تەکنەلۆژیا ڕۆڵی گەورە دەگێڕن.
قوتابخانە تایبەتەکان لە کوردستان دەبنە هۆی درووستبوونی کۆمەڵگەیەک کە لە دوو چین پێک دێت. ئەو قوتابییانەی لەو جۆرە قوتابخانانەدا دەخوێنن فێری ئەوە دەبن بە چەند زمانێک قسە بکەن و دەرفەتێکی باشیشیان هەیە بۆ ئەوەی دواتر بۆ خوێندن بچنە دەرەوە، بەڵام ئەو دۆخە کاریگەریی دیکەی هەیە، ئەویش زیادبوونی ئەو گۆشەگیرییەیە کە بەشێک لە منداڵان ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی نیڤشکانن و هەروەها ئەوانەی کێشەی بەزەحمەت فێربوونیان هەیە. زۆرجار ئەو منداڵانە فەرامۆش دەکرێن. بۆ نموونە، هەندێک سەنتەر بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خزمەتگوزاری بۆ منداڵانی ئۆتیزم دابین دەکەن و پارەیەکی زۆریش وەردەگرن، بەڵام چارەسەرێکی ئەوتۆ پێشکێش ناکەن.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە، تەنانەت بەدەگمەن یەک تووشبووی ئۆتیزم دەبینی سەرکەوتووانە قۆناخی ناوەندی یان زانکۆی لە هەرێمی کوردستان تەواوکردبێت. قوتابخانەکانی کوردستان وەرگرتنی ئەو قوتابییانە ڕەتدەکەنەوە کە نیڤشکانن یان کێشەی هاوشێوەیان هەیە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو توانایەی کە هەیانە. تاوەکوو ئێستاش وەرنەگرتنی قوتابییانی ئۆتیزم لە قوتابخانەکانی قۆناخی ئامادەییدا هەیە و ئەوەش واتای ئەوەیە منداڵانی خاوەن توانا و بەهرەی زۆر، دوای قۆناخی بنەڕەتی فەرامۆش دەکرێن. سیستمی پەروەردەش شکستی هێناوە لەوەی دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو منداڵێک بڕەخسێنێت.
وەک هاونیشتمانییەک کە کار بۆ گۆڕانکاری دەکەم، ئێستا لە هەڵمەتێکدا بەشدارم و هانی وەزارەتی پەروەردە دەدەم کە ئەم قەدەخەکردنە نافەرمییە هەڵبگرێت و دڵنیایی بدات لەوەی مامۆستایانی قوتابخانەکان ڕاهێنانی پێویستیان پێدەکرێت تاوەکوو قوتابی تووشبووی ئۆتیزم لە قوتابخانە و پۆلەکانیان جێگەیان ببێتەوە. ئەو قسەیە ڕاستە کە دەکرێت هەندێک لە منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم لە ژینگەی قوتابخانەکاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببنەوە و هەندێک مامەڵەی تێکدەرانە بکەن، بەڵام هەبوونی سیستمێکی درووست دەبێتە یارمەتیدەرێک بۆ ئەوەی ئەو منداڵانەی کە مامەڵەی تێکدەرانەیان زۆر نییە، بەشێوەیەکی ئاسایی لەسەر خوێندن بەردەوام بن.
منداڵەکانی من لە ئینگلتەرا خوێندوویانە و ئەزموونی ئەوێ زۆر جیاوازە. منداڵەکانم دوو هاوپۆلی تووشبووی ئۆتیزمیان هەبوو، بەڵام دۆخەکەیان نەبووە هۆکارێک بۆ ئەوەی لە پۆلدا نەبن و نەخوێنن. بە پێچەوانەوە، حکومەتی بەریتانیا بودجەیەکی تایبەتی بۆ قوتابخانەکە تەرخانکرد تاوەکوو ستافێکی زیاتری هەبێت، کەرەستەکانی تایبەت بە خوێندن بە جۆرێک ڕێکبخات لەگەڵ توانای ئەوان بگونجێت و ئەو تێگەیشتنەش لای قوتابییانی دیکەی نێو قوتابخانەکە درووست بکات کە بەڵێ جیاوازی لە ژیاندا هەیە. ئەو شێوازی کارکردنە هانی منداڵەکان دەدات بۆ ئەوەی ڕێز لە هاوپۆلە جیاوازەکانیان بگرن و لێیان تێبگەن؛ لە هەمان کاتیشدا دڵنیایی دەدات لە هەبوونی ژینگەیەکی تایبەت بە فێربوون کە تێیدا هەموو شت یارمەتیدەرە و هەموو کەسیش خۆی تێدا دەبینێتەوە. جێگەی نیگەرانییە ئەو تێگەیشتن و مامەڵەیە لە کوردستاندا نییە.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە، دەبینین هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی هەژارییەکی زۆر بووەتەوە، بەڵام جیاوازی لە بواری ساماندا کەم بووە. کەچی ئێستا بەشێکی کۆمەڵگە بە جۆرێک سەیری خۆی دەکات لە سەروو ئەوانی دیکەوەیە، ئەوەش بەهۆی ئەو سامانەی کۆی کردووەتەوە، ئیدی بە ڕێگەیەکی درووست بووبێت یان نا. لە هەمان کاتدا چینی کرێکار دوورە لەوەی نوێنەرایەتیی سیاسی بکرێت و دەرفەتی هاوشێوەی چینەکانی دیکەی بۆ بڕەخسێت تاوەکوو پێشبکەوێت. خێزانی چینی کرێکار بەزەحمەت دەتوانێت خەرجی خوێندنێکی باش بۆ منداڵەکانی دابین بکات و لە خزمەتگوزارییە تەندرووستییە باشەکان لە چوارچێوەی سیستمی ئێستادا سوودمەند بێت.
بۆ نەهێشتنی ئەم نایەکسانییە زۆرە، ڕێبازێکی گشتگیر و فرە ڕەهەند پێویستە. دەبێت کاری لەپێشینەی حکومەت ئەو سیاسەتانە بێت کە دەرفەتی ئابووریی یەکسان پەرە پێدەدەن، جیاوازی لە داهات کەم دەکەنەوە، دڵنیایی دەدەن لەوەی دەرفەتی یەکسان بۆ خوێندن و چاودێریی تەندرووستیی باش بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە هەیە. پێویستە چاکسازییەکان زیادبوونی خەرج بۆ قوتابخانە گشتییەکان، باشکردنی پڕۆگرامی خوێندن و زیادکردنی کەرەستەکان بگرێتەوە؛ هەروەها دەبێت چاکسازییەکان دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ منداڵانی نیڤشکان بگرێتەوە.
کەرتی تەندرووستی بایەخپێدانی تایبەتی دەوێ و پێویستە سەرنجێکی تایبەت لەسەر ڕێکخستنی دەرمانسازی، باشکردنی خزمەتگوزاری تەندرووستیی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پزیشکی بیانی بێت. لەوەش زیاتر، پێویستە سیستمی بەڕێوەبردن و پەیوەندی نێوان دامەزراوەکان چاکسازی تێدا بکرێ بۆ دڵنیابوونەوە لە نوێنەرایەتیکردنی یەکسانی چینەکانی کۆمەڵگە و بەشداریکردنیان. ئەم چاکسازییە زۆر شت دەگرێتەوە، وەک ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، پەرەدان بە شەفافییەت و بەهێزکردنی ڕۆڵی کۆمەڵگە فەرامۆشکراوەکان بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی چالاک لە پڕۆسەی بڕیارداندا بەشداربن. لە ڕێگەی نەهێشتنی هۆکارەکانی درووستبوونی نایەکسانی و جێبەجێکردنی چاکسازییەکی گشتگیر، دەکرێت کوردستان بەرەو بوون بە کۆمەڵگەیەکی یەکسانتر هەنگاو بنێت؛ کۆمەڵگەیەک کە دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییەکانی بڕەخسێنێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی باکگراوند و دۆخی.
لە کۆتاییدا، نەهێشتنی نایەکسانی لە کوردستان گرنگە و پێویستی بەوەیە سەرنجی بخرێتە سەر و هەوڵی هاوبەشی هەموو لایەکیشی پێویستە. کوردستان دەتوانێت ئەو جیاوازییە کەم بکاتەوە کە هەیە و کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەران و گشتگیر بوونیات بنێت، ئەوەش لە ڕێگەی بایەخدان بە دەرفەتی یەکسانی پەروەردە، خزمەتگوزاری تەندرووستی و دەرفەتی ئابووری؛ هەروەها لە ڕێگەی جێبەجێکردنی چاکسازییەوە بە جۆرێک نوێنەرایەتی سیاسی و بەڕێوەبردنیش باشتر بکرێت. ڕێگەی گەیشتن بە یەکسانی دەکرێت درێژ و ماندووکەر بێت، بەڵام دەبێت کوردستان ئەو ڕێگەیە بگرێتەبەر و بیبڕێت، ئەوەش لەبەرخاتری گەلەکەی و نەوەکانی داهاتووی. [1]