ناونیشان: نوێنەرانی کورد لە بەغدا
نووسەر: #عەلی سەرباز#
ڕۆژی دەرچوون: #14-06-2023#
ڕووداو و ئاڵۆزییە سیاسییەکانی ماوەی ڕابردوو لە هەموو کاتێک زیاتر گرنگی پێگە و کارەکانی نوێنەرانی کوردی لە بەغدا خستەڕوو، هەروەها مەترسییەکانیشی لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر کرد. لە کاتێکدا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێش 2003وە، کورد وەک ئەکتەرێکی سەرەکی بڕیاریدا بەشداربێت لە ئێراقی نوێ و لەو کاتەوە تاوەکوو ئێستا چەندین جار هەلی بۆ ڕەخساوە ببێتە ئەکتەرێکی سەرەکی، بەڵام هیچ کات نەیتوانی دەسەڵات و هەژموونی خۆی لە بەغدا لە لووتکەدا بهێڵێتەوە و بیپارێزیت. هۆکارەکانی ئەمەش بۆ چەند فاکتەرێکی وەک کێشەی نێوخۆیی، کاریگەریی نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە، بەڵام کەم توانایی نوێنەرەکانی کورد لە بەغدا و لە هەموویشی گرنتر دابەشبوونی کورد لە بەغدا بۆخۆی فاکتەرێکی گرنگە. پێویستە پێداچوونەوەیەک بۆ ڕابردوو بکرێت و چاوێک بەسەر خاڵە لاوازەکانی کورد لە بەغدا بخشێندرێت کە یەکێک لەوانە ڕەفتاری نوێنەرانی کوردە لە بەغدا.
=KTML_Bold=کورد و پۆستی سەرۆککۆمار=KTML_End=
هەرچەندە بەشێک لە لێکۆڵینڤانان، سیاسەتمەدار و خەڵکیش پێیانوایە پۆستی سەرۆککۆمار تەنیا پۆستێکی تەشەریفاتییە و ناکرێت هاوشێوەی پۆستی سەرۆکی پەڕڵەمان و سەرۆکوەزیران یان ڕێککەوتنە سیاسییەکان بۆ بەرژەوەندیی کورد سوودی لێ وەربگیردرێت. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت ئەو پۆستە چەندین جار ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە بۆ داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە و نێوخۆی ئێراق لە دوای 2003وە. بۆ نموونە، کاتێک جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری ئێراق ڕازی نەبوو بڕیاری لەسێدارەدانی سەدام حسێن و سەرکردەکانی پێشووی ئێراق واژۆ بکات و شیعەکانی ناچار کرد بە واژۆکردنی، جووڵەیەکی مێژوویی بوو کە کوردی لە ململانێیەک دوورخستەوە. هەروەها پاشان سووربوونی مام جەلال لەسەر واژۆکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەمنی لەگەڵ ئەمریکا و قایلکردنی ئێران لە 2008، کاریگەرییەکی ئێجگار زۆری خستە سەر سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی ئێراق. هەروەها لە دوای خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ئێراقیش هۆشدارییەکانی د. بەرهەم ساڵح بە دەستکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار، لایەنە شیعەکانی ناچارکرد خۆیان لە بەربژێرکردنی هەموو کەسێک دووربخەنەوە.
لە هەمانکاتدا ئەو پۆستە بووە هۆکاری هەزار کێشە و گرفت بۆ کورد و هەرێمی کوردستان. ئەمەش کاتێک دەستی پێ کرد کە هەر یەک لە پارتی و یەکێتی بڕیار و بۆچوونەکانیان لە بەغدا جیاواز بوون. بۆ نموونە، کاتێک لە هەولێر سەرۆک بارزانی، مام جەلال و سەدر لەسەر لابردنی مالیکی ڕێککەوتن، دواتر مام جەلال لە سەندنەوەی متمانە لە مالیکی پاشگەزبووەوە و دوای کەمتر لە ساڵێکیش بودجەی هەرێمی کوردستان بڕدرا. هەروەها ململانێی یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار وایکرد کێشەکانی هەولێر و بەغدا لە هەڵکشانێکی بەردەوام بن و ڕۆژانە خەڵکی هەرێمی کوردستان لێی زەرەرمەند بن.
ئێستاش سەرۆککۆماری ئێراق دەتوانێت بۆ ماوەی 45 ڕۆژ واژۆکردنی بودجەکە بە مەبەستی دەستکاریکردنی دوابخات، ئەمەش لە کاتێکدایە شیعەکانی ئێراق و حکومەتەکەی سوودانی زۆر پێویستیان بە تێپەڕاندنی ئەو بودجەیە هەیە. ئەمەش وا دەکات کورد 45 ڕۆژی لە بەردەست بێت بۆ ئەوەی یان سەرۆکایەتیی وەزیرانی ئێراق وەک ئەوەی سوودانی ئاماژەی پێکرد دەستکاری ئەو بڕگانە بکات، یانیش دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی لۆبییەکی کوردی بەهێزتر لە پەڕڵەمانی ئێراق بکرێت. ئەمەش لە کاتێکدا دەگوترێت پارتی بە نیازە سکاڵایەک لەسەر بڕگەی هەشتی ماددەی 14 پێشکەش دادگەی فیدراڵی بکات و ئەمەش هەندێک کات دەدات تاوەکوو دەرچوونی ئەنجامەکانی ئەو سکاڵایە. کورد ئێستا لە هەموو پێکهاتەکان زیاتر کێشەی دواکەوتنی بودجەی نییە و هەر پەکخستنێکی پەسندکردنی بودجە گوشارکانی سەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی زیاتر دەکات.
=KTML_Bold=کورد لە پەڕڵەمان=KTML_End=
هەرچەندە دوای دابەشبوونی شیعە لە پەڕڵەمانی ئێراق بەسەر بەرەی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا چاوەڕێ دەکرا کورد لە پەڕڵەمانی ئێراق بەهێزتر بێت و دەستکەوتی زیاتری هەبێت، بەڵام لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی کورد لەمەدا سەرکەوتوو نەبوو. دابەشبوونی کورد بەسەر چەند بەرەیەکدا وایکرد هیچ گەرەنتییەک نەبێت کە بودجە سێ ساڵییەکە وەک خۆی جێبەجێبکرێت و کێشەی سیاسی کاریگەریی نەخاتە سەری، بەڵکوو قەوارەی هەرێمی کوردستانی خستە ژێر مەترسییەکی گەورەوە. هۆکاری دووەمیش بریتییە لەوەی بەشێکی زۆری نوێنەرانی کورد لە بەغدا بە تایبەت پەڕڵەمانتارانی یەکێتی و پارتی هاوشێوەی مستەفا سەند و یوسف کیلابی خەمی هەموو بڕگەکانیان نەبوو، بەڵکوو تەنیا شەڕیان لەسەر بڕگەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بوو. لە کاتێکدا زۆر بابەت هەن وەک ماددەی 16 بودجە، باجدانان لەسەر سووتەمەنی، هاوکاریی مرۆیی بۆ سۆماڵ، کۆمۆرۆس و فەلەستین بە بڕی سێ ملیار دۆلار، سندووقی دووبارە بوونیاتنانەوەی پارێزگا ئازادکراوەکان لەدەستی داعش، خەرجییەکانی حەشدی شەعبی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کە دەکرا کورد وەک کارت بۆ بەدیهێنانی مافەکانی خۆی وەک جێبەجێکردنی ماددەی 140 و قەرەبووکردنەوەی خێزانی ئەنفالکراو و خانەوادەی کیمیابارانکراوەکان بەکاری بهێنێت.
ململانێی ناوخۆیی پارتی و یەکێتی ڕۆژ دوای ڕۆژ لە ئێراق و دەرەوەی ئێراقیش ڕەنگدانەوەی زیاتری پەیداکردووە. ئەمەش وایکردووە هەر دوو حیزب جوڵە و ڕاگەیێندراوی سیاسیی خێرایان هەبێت، وەک ئەوەی پارتی چەند جارێک هۆشداریی کشانەوەی خۆی لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دا و یەکێتیش بەشێوەیەکی مەترسیدار پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵ گرووپە پرۆ ئێرانی و ئیتارییەکان زیادکردووە. ئەمەش خاڵێکی زۆر مەترسیدارە لەسەر هەرێمی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. [1]