ناونیشان: قۆناخی پاش تێپەڕاندنی بودجەی سێ ساڵی لە ئێراق
نووسەر: یاسین تەها محەمەد
ڕۆژی دەرچوون: 18-06-2023
پاش 60 کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی و زیاتر لە 180 دیدار لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵیی ئێراق، پەڕڵەمانی ئێراق لەنێو هەرایەکی گەورەدا، لە سپێدەی 12ی حوزەیرانی 2023 بە بەشداریی 229 پەڕڵەمانتار لە کۆی 329، هەرچۆنێک بوو کۆتایی بە مشتومڕی بودجە لەنێو بازنەکانی دەسەڵاتی یاسادانان هێنا. ئێستا بڕیار لەلای حکومەتی سوودانییە کە ئایا لە دادگەی فیدراڵی تانە لەو بڕگەو ماددانە دەدات یان نا کە پێچەوانەی خواستی دەسەڵاتی جێبەجێکردن زیادکراون؟ چونکە حکومەتی حەیدەر عەبادی لە 2017دا بەم ڕێکارە کۆمەڵێک بڕگە و ماددەی پەسەندکراوی بودجەی هەڵوەشاندەوە. حکومەتی ئێستاش ڕایگەیاندووە کە پێداچوونەوەیەکی لەو شێوەیە دەکات، بەڵام وردەکاری زیاتری لەسەر نەدرکاندووە.
بودجە لەڕووی ژمارە و خەرجییەوە هەرچۆنێک بێت، لە کۆتاییدا ئەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە لە پەسەندکردنیدا هەندێک پێشینە و گرژی سیاسی و پێکهاتەیی لەخۆ گرت کە سێبەری لەسەر قۆناخی داهاتوو دەبێت. حەوت پەڕڵەمانتاری لیژنەی دارایی کە خۆیان ناو ناوە هەڵۆکان کەوتنە هەموارکردنی زۆر لە بڕگە و ماددەکانی دەقی پڕۆژە حکومییەکەی بودجە، لەکاتێکدا بەپێی دوو بڕیاری پێشووی دادگای فیدراڵی (25/2012) و (35/2021) ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق دەسەڵاتی ئەوەی نییە هەمواری بنچینەیی و جەوهەری لە پڕۆژە یاسای بودجەی حکومەت دا بکات. ئەم هەنگاوەی لیژنە پەڕڵەمانییەکەش پەلکێشانی هەژموونی پەڕڵەمانتارانی دەستڕۆیشتوو بەسەر ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکانی تێپەڕاندنی بودجە و لە پشت ئەویشەوە کابینەی حکومەت زیاتر ئاشکرا دەکات. ئەمە جگە لە بێبایەخکردنی ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی حکومەتی لەسەر پێکهێنراوە و دۆخێکی نوێ لە بێ متمانەیی درووست دەکات.
دەرەنجامەکانی تێپەڕاندنی بودجە ئەوە دەردەخەن کە لە ئێراق شتێک نییە بە واتا ڕاستەقینەکەی بودجە و پلانی ئابووری و سیاسەتی دارایی بێت، چونکە ئەگەر بە بودجە پەسەندکراوەکەدا بچیتەوە، زۆر لە ماددە و بڕگەکانی گوزارشتە لە خواست و داواکاری هێز و لایەن و گرووپ و پێکهاتەکان و، بەشی زۆری ئەمانەش زیاتر ئابووری بەرخۆر دەچەسپێنن کە هەموو دنیا هۆشداری لە مەترسییەکانی دەدات. هەر لەو میانەیەشدا حکومەت ناچارکرا بە ڕەخساندنی 150 هەزار هەلی کار لە کەرتی گشتی کە فەرمانبەرییە. هەروەها بە دەنگدانێک بایی 160 ترلیۆن دیناری پێشینەی وەزارەتەکان بەبێ پاکتاو پەردەپۆش کرا، بەم پێیەش بودجەکە زیاتر دابەشکاری داهاتە تاوەکوو ئەوەی نەخشەڕێیەکی دارایی و ئابووری بێت و، ئەگەر نرخی نەوتیش لە جیهان بێتە خوار 70 دۆلارەوە، ئەوە ئیتر قۆناخی زیان و مایەپووچی دەست پێدەکات و ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئێراق لە مەودای نێوەڕاست و دووردا و ئێستاش کە لە هێورییەکی کاتیی بێ وێنەدا دەژی، ئەوە کەمتر دیار دەبێت.
هەر لەبودجەشدا دەرکەوت ئەوەی ناوی لێ نراوە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، ناوێکی تاڕادەیەک بێ نێوەڕۆکە، چونکە لە پەڕڵەمان ئەوانەی یاسای بودجەیان ئاڕاستە کرد، زیاتر ئەو پەڕڵەمانتارانەن کە لینکی بەهێزیان لەگەڵ گرووپە چەکدارە ڕاستڕۆکانی ناو حەشدی شەعبی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە، ئەوانیش هیچ دەربەستی ڕێککەوتنە سیاسییەکان نین، جگە لە ئەجێندای تایبەتی خۆشیان زیاتر لەگەڵ ڕای گشتی شیعی و جەماوەری هاندەریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پابەندییان هەیە. هەروەها بەبێ ئەوەی بە زەقی لەسەر هیچ لایەنێکەوە ماڵ بن، دەستکەوتی گەورەیان لە بەرژەوەندی هەژموونی شیعی و ناوەندیبوونی دەوڵەت دا هەیە کە لەگەڵ ئامانجەکانی زۆر لە هێزەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا تەبایە.
لەسەر ئاستە سیاسییەکەش لە پاش بودجە بەرە نوێیەکانی دیکەی شەڕ دەکرێنەوە. زەقترین ئەو پێشهاتانەش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە لە کۆتایی 2023 دا، لەگەڵ یەکلاکردنەوەی مقۆمقۆی گۆڕینی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەڕڵەمان، ئەویش لە کاتێکدا کە ناوبرا لە گفتوگۆکانی بودجە لەنێوەڕاستدا وەستا و خۆی لە توڕەکردنی شیعەکان پاراست. جگە لەم دوو پێشهاتەش سوودانی بەڵێنی دابوو گۆڕانکاری لە وەزیرەکانی دا بکات، بەڵام ڤیتۆی لایەنەکان نەیهێشت و مشتومڕ و هەرای بودجەش ئەوەیان زیاتر کرد بەژێر ڕووداوەکانەوە. ئەم پێشهاتەش وەک پرسیار و تەگەرەی بەردەم سەرۆکوەزیران دەمێنێتەوە چونکە بەوەدا دەردەکەوێت کە ئاخۆ محەمەد شیاع سوودانی بەڕاستی هیچ بڕیاری بەدەستە لە پێداگیریی گۆڕانکاریی وەزیرەکان یان دیلی خواست و بەرژەوەندی ئەو هێز و گرووپانەیە کە بۆ سەرۆکایەتی وەزیران سەریانخست.
بودجەکەی 2023 دۆخێکی بێ پێشینە بوو لە پاش 2003، چونکە لەجیاتی ساڵێک بۆ سێ ساڵە. بۆچوونێکی بڵاویش هەیە کە پێیوایە چیدیکە حکومەت کاری بە پەڕڵەمان نەماوە و لەمەولا سوودانی ناچار نییە موجامەلەی پەڕڵەمانتاران و فراکسیۆنەکان بکات، ئەمەش دەرفەتی جموجوڵی زیاتری پێ دەبەخشێت، بەتایبەت کە چاوەکان لەسەر ئەوەن لە هەڵبژاردنی پارێزگاکان دا وەک جەمسەرێکی شیعی دەربکەوێت جا چ بە لیستی ڕاستەوخۆ بێت یان پاڵپشتیکردنی لیستی نیمچە سەربەخۆ و چینی ناوەندی شیعە کە لە خۆپیشاندەرانی جاران نزیکن.
لە مشتومڕی بودجەدا یەکڕیزی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەشێواوی دەرکەوت، بەڵام پێ ناچێت لە پاش بودجەش بەتەواوی پەرتەوازە ببن بەتایبەت کە هەمیشە مەترسی سەدر کە لە کەمیندایە وەک سێبەرێک بەدوایانەوەیە. لەدەرەوەی ئەوەش، ئەو سەنگەی ئێستا 130 کورسییەکی چوارچێوەی شیعە هەیەتی دەکەوێتە مەترسییەوە ئەگەر پەرتەوازە ببن. لە سەروو ئەمەشەوە ڕاگرە سەرەکییەکەی چوارچێوە شیعەکە کە تارانە لەسەر یەکڕیزی بەرهەمەکەی پێداگرە و، ئێستا لەجیاتی سەرقاڵی بە ئاڵۆزییەکانی نێوخۆی ئێراق، چاوی لەسەر ئاشتەوایی سعودیە و میسر و لێکتێگەیشتنە لابەلاو نافەرمییەکەیەتی لەگەڵ ئیدارەی بایدن.
مشتومڕەکانی بودجە هەڵگری پێشهاتی سیاسی و یاسایی نوێبوون لە تۆخکردنەوەی بێ متمانەیی نێوان پێکهێنەرەکانی پڕۆسەی سیاسی ئێستا و شێواندنی ڕێساکانی مامەڵەی حکومەت و پەڕڵەمان، لەڕووی ڕەهەندە ئابوورییەکەشەوە، بودجەکە هەڵگری کارەساتی گەورەیە و زیاتر لە دابەشکاری و بەخشینەوەی داهاتەوە نزیکە و مەحکومە بە مانەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت لە سەرووی 70 دۆلار، بەڵام لەبەرئەوەی ئێستا ئێراق لە دۆخێکی سەقامگیری سیاسی و ئابووری کاتی دایە کە نرخی نەوت تێیدا بەرزە و سەدر بێدەنگە و ئێرانیش ئۆقرەیی دەوێت، لێکەوتە خراپە سیاسی و ئابوورییەکانی بودجە دەرناکەون و ئاسەوارەکانی دوا دەکەون بۆ مەودای دوور و ئەگەریش هەیە بۆ مەودای نێوەڕاست. [1]