ناونیشان: لێگەڕێن با جیاببنەوە
نووسەر: #عارف قوربانی#
ڕۆژی دەرچوون: #18-06-2023#
زۆربەی ئەوانەی لەبارەی مێژووی کۆن و نوێی کوردەوە نووسیویانە، لە دوو شتدا هاوڕان، یەکەمیان لە باسی ڕووخانی میرنشین و دەسەڵاتدارێتیی کورد لە سەدەکانی ڕابردوو، دووەمیش لە باسی هۆکارەکانی درووستنەبوونی دەوڵەتی کوردی لە سەردەمی دوای درووستبوونی دەوڵەت، لە هەردوو بارەکەشدا مێژوونووسان بەشی زۆری هۆکارەکەی بۆ ناتەبایی و ناکۆکیی نێوان کورد خۆی دەگێڕنەوە. هەرچەندە ئەمە وەک ڕاستییەکی مێژوویی بە باڵای کورددا بڕاوە، بەڵام بۆ زۆر گەل و نەتەوەی دیکەش هەر ڕاستە. هیچ شتێک لە کۆمەڵگەیەکی تەبا لەپێشتر نییە بۆ ئەوەی گەلێک بە ئامانجەکانی بگات.
لە مێژووی نوێی کوردیشدا، لەو بەشەی کوردستان کە بە ئێراقی عەرەبییەوە لکێندراوە، ئەم ڕاستییە چەندجارێک خۆی دووبارە کردووەتەوە. سەرباری ئەوەی ستراتیجی دەوڵەتی نەتەوەی سەردەستەی عەرەب نەگۆڕە کە ئامانجی توانەوەی کوردە لە بۆتەی نەتەوەی عەرەب و گۆڕینی ناسنامەی نیشتمانەکەی، بەڵام لە کوێدا کورد پەرتەوازە بووبێت، هەنگاوەکانی نەتەوەی سەردەستە لە پاکتاوکردنی بنەچەی کورد خێراتر بوون، لە کوێشدا کورد یەکگرتوو بووبێت و پێکەوە بەرەنگاری سیاسەتی توانەوەی بووبێتەوە، پڕۆسەی سڕینەوەی خاو بووەتەوە.
تەنانەت ئەو کارەکتەرانەی خۆیان بەشێکن لە ناکۆکیی نێو ماڵی کورد، دان بەم ڕاستییەدا دەنێن. بەتایبەت لەناو هەردوو حیزبی سەرەکیی باشووری کوردستان (پارتی و یەکێتی) ، زۆرجار سەرکردەکانی خۆیان لە باسی کێشەکانی نێو ماڵی کوردی و بەدیاریکراوی ناکۆکی و ناتەبایی نێوان یەکێتی و پارتی، دەڵێن ئەزموون ئەوەی سەلماندووە هەرکات ئەم دوو حیزبە پێکەوە هاوهەڵوێست بووبن و بە یەکگرتوویی مامەڵەیان لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەکان کردبێت، دەستکەوتیان بۆ کورد بەدەستهێناوە و کە ناکۆک و ناتەباش بووبن، دەستکەوتەکانیان یا لەدەستداوە، یاخود کەوتووەتە مەترسییەوە.
لە دێرزەمانیشەوە گوتراوە (برا لە پشت برابێت، مەگەر قەزا لای خوا بێت) . ئەگەر تەبایی و پێکەوەبوون بۆ پتەوی هەر کۆمەڵگەیەک جارێک پێویست بێت، بۆ بارودۆخ و هەلومەرجی کورد دووجار پێویستە، بەڵام پێدەچێت قەدەری کورد وابێت کە نەتوانێت پێکەوەبێت. دوور نییە ئەوەش هەر دەستی دوژمنانی کوردبووبێت وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکەیان. هەندێ ڕووداوی نێو مێژووی کورد ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێنن کە دوژمنانی کورد بە پلان دەست و ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە درووستکردنی درز و کەلێن و دواجار لە دوژمنایەتیی نێوان کوردەکاندا.
لەم ساڵانەی دواییدا لە ئەمریکا پەڕتووکێک بەناوی شای ئێران، کوردی ئێراق و شیعەی لوبنان چاپ و بڵاوکرایەوە. پەڕتووکەکە لەبەر ڕۆشنایی بەڵگەنامەکانی (ساواکی سەردەمی شا و مۆسادی ئیسرائیل) نووسراوە، خۆشبەختانە شەفیقی حاجی خدر کردوویەتی بە کوردی و خوێنەری کورد دەتوانن بیخوێننەوە و کەڵکی لێوەربگرن. ئەوەی سەلماندووە یەکەمین لێکترازانی نێوان شۆڕشی کورد لە ساڵی 1964 کە تا ئێستاش کورد باجەکەی دەدات و پێناچێت نەوەکانی داهاتووش بێبەش بن لە قوربانیدانی ئەو لێکترازانە، لەسەر ڕێنوێنی و بە دەستی شای ئێران بووە.
هەرچەندە ئازاری ویژدان لەبەرانبەر ئەو مەینەتییانەی بەسەر کورددا هاتن، لە هەندێ وێستگەی ڕابردوودا ناوەندی بڕیاری حیزبەکان بەسەر هەموو ئاڕاستەکانی دیکەدا زاڵ بوون و خۆیان واتەنی بە پێکەوەبوون و هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی تێپەڕاندنی قۆناخ، لە باشوور دەستکەوتی زۆر بۆ کورد بەدەستهاتووە. وەلێ هیچ گومان لەوەدا نییە ئەگەر لە سەرەتاوە ناکۆکی و لێکترازان ڕووی نەدایا، یا هەر یەک حیزب و یەک ئاڕاستەی سیاسی هەبووایا، ڕەوشی کورد باشتر دەبوو، بەڵام ئێستا هاوکێشەکان جۆرێکی دیکەیە. هاوکێشەی هەرێمایەتی و سەنگەربەندیی نەیارانی کورد گۆڕاون، گەلەکۆمەکی لەنێوان دەوڵەتەکان هەیە بۆ لەباربردنی بەدەستهاتووەکانی کورد، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی بە جۆرێک لەبار ببرێت دەرفەتی هەستانەوە یاخود درووستبوونی متمانە بۆ هەستانەوە زەحمەت بێت. لە ئاستی بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکانیشدا لەبەر ئەوەی لەلایەک نەوەیەکی نوێ هاتوونەتە پێشەوە ڕک و کینەیان لە یەکدی زۆر لە جیلەکانی پێشووتر زیاترە. ئەزموونی ڕۆژگاری تاڵ و شکست و تێکشکانی ڕووحی و دەروونییان نەبینیوە و هێشتا نەکەوتوونەتە بەر ئازاری ویژدان و خۆ بە بەرپرسیار زانین لەبەرانبەر مەینەتییەکانی میللەتەکەیان. بۆیە بێباکن لەوەی دەگوزەرێ و ئەوەش چاوەڕوان دەکرێت، تەنیا بۆ ئەوەی دڵیان ئاوبخواتەوە و بۆ ساتێک بە شکستی بەرانبەرەکەیان ئاسوودەبن، لایان ئاساییە هەموو قەزییەی کورد بکەوێتە مەترسییەوە. لەلایەکی دیکەشەوە دابەشبوونیان بەسەر جەمسەرە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان، هەروەها بەهۆی ئەوەی دەستی وڵاتان و دەزگا هەواڵگرییەکانیان گەیشتووەتە ئاستی بەکاربردن و ئاڕاستەکردنی وەک سەربازی شەترەنج. بۆیە پێکەوەبوون نەک خەریکە دەبێتە مەحاڵ، بەڵکوو پێکەوەبوونی لەم شێوەیە دەبێتە هەڕەشە و مەترسی گەورە بۆ داهاتوو. جا لەبەر ئەوەی تا کەتنی گەورەتر ڕووی نەداوە، باش وایە لێک جیاببنەوە.
ڕاستییەکی تاڵیش هەیە و دەبێت دانی پێدابنرێت ئەویش ئەوەیە لە بنەڕەتەوە ئەم دوو هێزە لەسەر بنەمای کار و کاردانەوە سیاسەت دەکەن. ئەم ململانێیەش وایکردووە، نەیارانی کورد چاویان لەوەبێت هاوسەنگی ئەم دووانە وەک پێویستییەک ببینن، چونکە خەسڵەتی ئەو ململانێیە وادەکات هەریەکیان ڕێگربێت لەوی دیکەیان و بەوەش لە ڕەخساندنی هەر هەل و دەرفەتێکدا هەمیشە هێزێکی ئامادە هەبێت دۆخی کوردستان بەچەقبەستوویی بهێڵێتەوە. بۆیە پێکەوەبوونێکی لەم جۆرە لە زیان زیاتر قازانجی نییە.
چونکە لەلایەک ئەم پێکەوەبوونی لە بۆسەیە بۆ یەکدی، پێگەی کوردی لاوازکردووە و بەردەوام خەریکی دەستشکاندنی یەکدین. وەک دیمەنی شەڕە قۆچی ئەو دوو کەڵە ئاسکە وایە کە لەبەر شەڕی خۆیان ئاگایان لە هەڵمەتی پڵنگەکە نییە تا ئەوکاتەی قەپ بە گەردنیاندا دەکات. لەلایەکی دیکەشەوە بووەتە هۆکاری بێهیوابوونی دۆست و پشتیوانانی کورد. ئێستا بەپێی هەندێ زانیاریی ڕانەگەیێندراو، ئەمریکا و هاوپەیمانەکان کە تاکە پشتیووانی هێزی چەکداری کوردن، هەڕەشەی دەستبەرداربوون لە کورد دەکەن بەهۆی یەکنەخستنەوەی پێشمەرگە. هەمووشمان دەیبینین تاوەکوو گوشار و هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەی ئەم هێزە چڕتر بکرێتەوە، دەسەڵاتی قووڵ و سێبەری وڵاتان لەمپەڕەکان زیاتر دەکەن. دەرئەنجامەکەشی ڕوونە، جێهێشتنی کوردە وەک نێچیرێک لە بەردەم قەپاڵی گورگەکاندا.
ئێستا هەردوولایان وەک دوژمنی پلە یەک لەیەکدی دەڕوانن، ناکرێت لەناو خێزانێکدا دوو برا گەیشتبنە ئاستی وەک دوژمن لە یەکدی ڕوانین و هەر داوایان لێبکرێت لەژێر چەتری ماڵێکدا بژین، ڕەنگە بە جیابوونەوەیان مەترسی بەریەککەوتن کەمتر بێتەوە. دەرکەوت ناتوانن پێکەوە بەرپرسیارییەتی کوردستان هەڵبگرن، بەڵام ڕەنگە بتوانن هەریەکە و بەرپرسیارییەتیی سنووری خۆی لە ئەستۆ بگرێت. بەتایبەتی کە ئێستا هەندێ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا کراون و یاسای بودجەی سێ ساڵی داهاتوو دەرچووە. ئەگەر بەند و بڕگەکانی نەکرێن بە داو بۆ ڕاوکردنی کورد، دەتوانرێت بۆ تێپەڕینی کات و چاوەڕوانی ئەگەر و پێشهاتی دیکە، بە و جۆرە هەر لایەکیان زۆنی خۆی بەڕێوەببات؛ چونکە لە واقیعدا جگە لە سەرئێشە درووستکردن بۆ یەکدی، هیچ شتێکیان پێکەوەنەماوە. دەزگای ئەمنی و هەواڵگریی و هێزی چەکداریان جیاوازە. ئیدارە و تەنانەت دادگە و مەیتخانەشیان هەر جیایە.
ئەوانەی پێیان وایە بە جیابوونەوەیان قەوارەی هەرێمی کوردستان دەخەنە مەترسییەوە و جوگرافیای کوردستان دابەش دەکەن، دڵنیابن مەترسییەکان لەسەر بوونی قەوارەی کوردی بە پێکەوەبوونیان زیاترە وەک لە جیابوونەوەیان. لە ڕووی واقعیشەوە باشووری کوردستانیان دابەشکردووە، (کوردستانی ژێر دەستی بەغدا و کوردستانی ژێر دەستی پارتی و کوردستانی ژێر دەستی یەکێتی) ، شتێک نەماوە بەناوی باشووری کوردستانەوە. بە پێکەوەمانەوەی ئەم دوو هێزەش لە یەک سەنگەر و لە بۆسەی یەکدیدا، ئەوەی ماویشە لەدەست دەچێت؛ کورد واتەنی زەرەر لە نیوەش بگەڕێتەوە هەر قازانجە؛ بە جیابوونەوەیان ئەگەری ئەوە زیاترە وەک ئێستا بمێنێتەوە. [1]