ناونیشان: ناشیرینترین مشتومڕی نێوان سەلەفی و ئەشعەری-سۆفی
نووسەر: د. #ئادەم بێدار#
ڕۆژی دەرچوون: #22-06-2023#
ئەو چەند ڕۆژانە ناکۆکیی نێوان دوو بەرەی ئیسلامی زۆر قووڵبووەتەوە، هەر یەک لەبەرەکانی سەلەفی لەلایەک و ئەشعەری - سۆفی لەلایەکی دیکە سەنگەریان لەیەکدی گرتووە و هێرشی تووند دەکەنە سەر یەکدی.
ناکۆکی ئەو دوو بەرەیە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی مێژوویی هەیە، نامەوێت لێرە بچمە ناو ئەو لایەنە مێژووییە و ئێوەی خوێنەری پێوە سەرقاڵ بکەم، چونکە زیاتر مەبەستمە تیشک بخەمە سەر گەڕی نوێی ناکۆکیی نێوانیان.
ئەوەی گڕی بەردایە ئەو گەڕەی ناکۆکییەکە وتارێکی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد بوو، ئەو لە وتاری هەینی 20ی زولقەعدە - 9ی حوزەیرانی ئەمساڵ بوو بە ناونیشانی وریاکردنەوەی موسڵمانان لە بیروباوەڕە گومراکان، لەو وتارەدا د. عەبدوللەتیف ئەحمەد کە زۆر لەمیدیاکان وەک ڕێبەری ڕەوتی سەلەفیەت لە هەرێمی کوردستان وێنای دەکەن، هەر یەک لە گرووپەکانی (ئەشعەری، ماتوریدی) لە ڕیزی گرووپە (گومڕاکان - مونحەریفەکان) ئەژمار دەکات و بەرهەمی هزریان بە بۆگەن ناوزەد دەکات و ڕووشیان تێدەکات و دەڵێت: گومڕایی بۆ ئێوەیە. لە هەمان وتاردا دەڵێت: فرقەیەکی دیکەی گومڕا هات بەناوی سۆفی کە بریتییە لە یەک کوتلە خورافە، ئەو تەسەوفەی لەو سەردەمەدا دەیبینین و بەدی دەکەین، هاوکات، خەڵکانێک بە ئەولیای شەیتان وەسف دەکات، کە سۆفییەکان وەک ئەولیای ڕەحمان دایاندەنێن. ئینجا ڕوودەکاتە ئەوانەی ئەو ڕاستیدانە بە خەڵک ناڵێن و دەیشارنەوە و بە خیانەتکار ناویان دەبات.
پێشتریش یەکێک لە مەلا دیارەکانی ڕەوتی سەلەفی بەناوی مەلا هەڵۆ هێرشی تووندی کردبووە سەر ڕەوتی ئەشعەری، لە یەکێک لە وانەکانییدا لەبارەی پێشەوای ڕەوتی ئەشعەریەکان (ئەبولحەسەنی ئەشعەری) دەڵێت: لەکاتێکدا ئیمامە بۆگەنەکەی خۆیان کە بەسەر نێربازییەوە مرد وەکوو ئیبن ئەهوازی دەیگێڕێتەوە لەسەر پشتی منداڵێک لە حەمامێکدا مرد، هێنایانە دەرەوە، لە چەند وانەیەکی دیکەشیدا بە زمانێکی زبر باس لە ئەشعەرییەکان و مامۆستاکانی ئێستایان دەکات.
لەبەرانبەردا بەرەی ئەشعەریەکان کەوتوونەتە خۆ، بە بەیاننامە و یاداشت، لێدوان و گرێدانی کۆنفڕانسی گەورە کەوتوونەتە وەڵامدانەوە، وەڵامەکان جیاواز بوون، هەندێکیان بەهێمنی گفتوگۆیدان کردووە و لەدیدی خۆیانەوە ڕاستیی بابەتەکەیان ڕوونکردووەتەوە، ئەواندی دیکەش بەهێرشی تووند بۆ سەر کەسایەتی د. عەبدوللەتیف سەلەفی، وەڵامیان داوەتەوە.
بەرەی ئەشعەری - سۆفی لە وەڵامەکانیان، سەلەفیەکان بە ئەهلی قیژەقیژ، جاهیل و نەزان و خیانەتکار، کاڵفام و جنێوفرۆش وێنا دەکەن، بۆ نموونە: د. ئەحمەد #کەرکووک#ی لە وەڵامێکی مەلا هەڵۆدا بە ناونیشانی وەڵامێک بۆ جنێوفرۆش و مەلا کاڵفام و بێ ڕێزەکاندا نووسیویەتی: ئەم جۆرە لە لێدوان و قسەکردنە جگە لەدەرخەری بێ ئەدەبی و دەمشڕی و کەسایەتی لاواز و خاوەن پێشینەی خاوەنەکەی دەردەخات، خاڵیبوونی ئەو کەسە لە هەموو زانیاری و عیلم و مەعریفەتێک دووپات دەکاتەوە.
لەکاردانەوەی ئەشعەرییە سۆفیەکاندا ڕۆژی 13ی ئەم مانگەش یاداشتێک لەلایەن کۆمەڵێک مامۆستا کە خۆیان بە دەستەیەک لە زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە پارێزگاکانی #سلێمانی# و #هەڵەبجە# و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و #گەرمیان# ئاڕاستەی ڕای گشتی کرا، لەو یاداشتەدا هاتووە: بەم هەنگاوەیشیان ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان دەردەخەن کە خاوەن بیرێکی تووندڕەوی #داعش#ین و هۆکاری درووستکردنی گرفتن بۆ کوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی.
هاوکات، لەو بەیاننامەیەدا جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی: ئەم جۆرە کەسانە نەک نابنە هۆکاری خزمەتکردن بە مینبەر و میحراب و کۆمەڵگەی کوردەواری، بەڵکوو ڤایرۆسێکی کوشندەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی کاری نائەخلاقیان و تێکدانی خێزان و لەخشتە بردنی ئافرەت و ئافرەتی مێرددارو ناشیرینکردنی ناوی مەلا و میحراب و مزگەوت پەڵەیەکی ڕەشی لەنێوچاوانی خۆی و هاوبیرانی دا، کە بەداخەوە بەهۆی بێدەنگبوونی لایەنی پەیوەندیدار لەکارە بەدەڕەوشتییەکانی زیاتر بواری بۆ ناوبراو ڕەخساند کە سنووری زانایان و پێشەوایانی موسڵمانان ببەزێنێت.
هەڵدانەوەی مەلەفی یەکدی و شکاندنی کەسایەتیی یەکدی و باز هاوێشتن لە گفتوگۆی هزرییەوە بۆ شکاندنی کەسایەتی یەکدی بە جێودان و ناوزەدکردنی یەکدی بە ناو و ناتۆرەی زۆر ناشرین، بووەتە سیمای دیاری ئەو گەڕەی ناکۆکییەکە، تادێت ناکۆکیەکە قوولتر دەبێتەوە و ئەمەش ئاماژەیەکی زۆر خراپە، لەبەر ئەم خالانە:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= زۆرینەی کوردستانیان موسڵمانن، لەوانە خەڵکێکی زۆر پابەندی سرووتە ئایینیەکانن، ئەو خەڵکانەی کە بەدەستنوێژەوە ڕوو لە مزگەوتەکان دەکەن و ئومێدیانە دەروونیان ئارام بێتەوە و خواپەرستییەکی هێمن بکەن و بەشێک لە نەهامەتییەکانی ژیانیان لە مزگەوتەوە نەمینێت، دەبنە سووتەکی ئەو جەنگە وتارییە تووندە و گوێیان پڕ دەکرێت لە وشەی نابەجێ، بەمەیش لەبری ئارامبوونەوە زیاتر نائارامییان پێدەبەخشرێت.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= ئەو ناکۆکیانە شوێنەواری خراپ لەسەر ئاشتیی خێزان بەجێدەهێڵێت، خێزانی وا هەیە باوک و دایک سۆفین و کوڕ و کچ سەلەفین، یان بەپێچەوانەوە، کاتێک گوێیان لەو جۆرە بۆچوونانە دەبێت، دەکەونە ناو ئەو ناکۆکییە و بەمەیش ئارامی خێزان دەکەوێتە مەترسییەوە.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= ئاشتی کۆمەڵایەتیش بەدەر نییە لەو بابەتە، جاری وایە لەیەک گەڕەک دوو مزگەوتی لێیە یەکێکیان هی سەلەفییەکانە و ئەوەی دیکە هی ئەشعەری - سۆفیەکانە، دانیشتووانی گەڕەکیش دابەشبوونەتە سەر دوو مزگەوتەکە. کاتێک لەو دوو مزگەوتەوە ئاڕاستە دەکرێن وەک دوژمنی یەک، ئەوە مەترسی کردنە کرداری ئەو جۆرە وتارە پڕ لە ڕق و کینەیە لەئارادایە، مەترسی دووبارەبوونەوەی هێرشی جەستەیی و تیزاب بەیەک داکردن دێتە پێشەوە، کە لەرابردوودا ڕوویانداوە.
=KTML_Bold=چوارەم:=KTML_End= سۆشیاڵ میدیا بووەتە مەیدانێکی هەرە ئەکتیڤی ئەو ململانێیە، پلاتفۆرمەکانی هەردوو بەرە لە سۆشیاڵ میدیا تژین لە ڕق و کینە بەرانبەر یەکدی، زمانەکەیان ئەوەندە زبرە شەرم دەکەم لێرە ئەو وشانە بۆ ئێوە بگوازمەوە.
=KTML_Bold=پێنجەم:=KTML_End=چارەسەرنەکردنی ئەو ناکۆکییە و بنەبڕنەکردنی بەیاسایەکی تۆکمە و بە ڕەزامەندی ڕێبەرانی هەردوو ڕەوت، دەمانخاتە بەردەم مەترسییەکی جیدی، چونکە دەبێتە خاڵێکی لاواز و هەمیشە چەکێکی سانا بەدەست نەیارانی پێکەوەژیان و ئازادی ئایینی لە کوردستان هەر کات بیانەوێ بە سانایی گڕی تێبەر دەدەن.
ئینجا بەو پێیەی هەردووکیان موسڵمانن، هەردووکیشیان بانگەشەی پابەندبوون بە ڕێبازی ئیسلام و سەروەرەکەی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) دەکەن، پێویستە بەبیر هەردوو بەرەکە بێنمەوە ئەوەی ئەوان دەیکەن دوورە لە ڕەوشت و ڕێبازی موسڵمانان.
ئیسلام ئایینی خوڕەوشتە وەک ئەوەی ئایینی بیروباوەڕیشە، خوڕەوشت لە کردار و گوفتار یەکێکە لەپایە هەرە گرنگەکانی ئیسلام، لەبەر ئەوە خوای گەورە لە بارەی پەیامهێنەکەیدا دەفەرموێت (وإنک لعلی خلق عظيم) ، واتە: تۆ لەسەر خوڕەوشتێکی گەورەی.
دروشمی ئیسلام لە مامەڵە و وتاردا (وقولوا للناس حسنا) ، واتە: شتی چاک بەخەڵک بڵێن. خۆ ئەگەر کەوتنە گفتوگۆ و بانگەوازی ئەوە پێویستە (أدع إلى سبيل ڕبک بالحکمة والموعظة الحسنة) ، واتە: بەدانایی و حیکمەت و ئامۆژگاری باش بانگەوازی بۆ ڕێگای خوا بکەن. لەکاتێکدا ئەگەر تووشی مشتومڕ (جدال) بوون لەگەڵ بێباوەڕان، ئەوە (بالتي هي أحسن) واتە: بەباشترین شێوە مشتومڕیان لەگەڵ بکەن. جا ئەو شێوازە (چاکترین) دەبێ لەمشتومڕدا لەگەڵ بێباوەڕدا بەکاربهێندرێت، ئەی ئەگەر ئەوە موسڵمان بێت؟
وەڵامی ئەو پرسیارە لە دوو فەرموودەی پێغەمبەردا (د.خ) هەیە، کە دەفەرموێت: (ليس المؤمن بالطعان ولا اللعان ولا الفاحش ولا البذيء) هەر یەک لە پێشەوایانی فەرموودەناس تەبەرانی، تورمزی و ئەحمەد گێڕاویانەتەوە و ئەلبانیش بە فەرموودەیەکی درووست و ڕاست دایناوە. لە فەرموودەیەکی دیکەدا دەفەرمووێت: (سباب المسلم فسوق، وقتاله کفر) ، بەپێی ئەو فەرموودەیە، جنێودان بە موسڵمان دەبێتە هۆی فاسقبوون، کەواتە لە خوڕەوشتی موسڵمان نییە جنێو بەیەکدی بدەن، وەک ئەوەی ناو و ناتۆرە لەیەکترنانیش ڕەوا نییە و بگرە (ویل) کە دۆڵێکە لە دۆزەخ بۆ ئەو کەسانە سازکراوە کە ناو و ناتۆرە لە یەک دەبینەوە خوا دەفەرموێت: (ویل لکل همزة لمزة) .
بەگوێرەی ئەو دەقانە و دەقی دیکەش لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەدا، هەردوو بەرە هەڵەن، کە بەو شێوەیە ڕەفتار دەکەن. بەرەی سەلەفی، کە دەستیان بەهێرشەکە کردووە و هێما دیارەکانی سۆفی - ئەشعەری، کە سەدان ساڵ خزمەتیان بە ئیسلام و موسڵمانان کردووە، بە زمانی زۆر زبر وێنا دەکەن، بەرەی ئەشعەریش کە بە زمانێکی زبر و شێوازی نائیسلامی و ناشارستانی وەڵام دەدەنەوە، ڕاستییەکەی ئەو شێوازەتان لە بری (أحسن) و (حسنی) یەکەی قورئانی پیرۆز، (أقبح) و ناشرینترینە.
بە هەردووکیان دەڵێم: ئەرێ هەستتان چییە ئێستا خەڵکانی دەرەوەی ئیسلام سەیرتان دەکەن ئێوە بەو شێوازە دوور لەبەهای ئیسلامی - مرۆڤایەتی بەربوونەتە گیانی یەکدی و وێنای خۆتان لای ئەوان ناشرین دەکەن و وێنایەکی شێواوی ئیسلامیش بۆ ئەوان دەگوازنەوە؟! [1]