ناونیشان: کوشتن لەسەر جیاوازیی بیروباوەڕ؛ هەڕەشە جیدییەکەی سەر پێکەوەژیان
نووسەر: د. #ئادەم بێدار#
ڕۆژی دەرچوون: #25-06-2023#
#خواناس وریا گلی# گەنجێکی #چەمچەماڵ#ە، شانۆکار و ئەکتەر و وێنەکێش و دەرهێنەری شانۆ بووە، ڕۆژی پێنجشەممە، #22-06-2023#، لەنێو بازاڕی چەمچەماڵ کوژرا.
ڕۆژی هەینی 23ی حوزەیران، دەزگای ئاساییشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی تۆمەتباری کوژرانی خواناس وریای بە ناوی (ﮪ. ک. ع.) ڕاگەیاند و وتی، تۆمەتبار لەدایکبووی ساڵی 1995ە و دانیشتووی چەمچەماڵە.
ئەوەی زۆر کوشتنەکەی قوورس کردووە و کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە، ئەو بەشەی ڕوونکردنەوەکەی دەزگای ئاساییشی هەرێمی کوردستانە، کە تێیدا هاتووە تۆمەتبار هۆکاری کوشتنەکەی بۆ جیاوازیی بیروڕای ئایینی گەڕاندەوە و دانی ناوە، کە چەندجارێک گفتوگۆیدان کردووە و لێکتێنەگەیشتن ڕوویداوە.
دوای کوشتنی خواناس، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند کۆمێنتێک بڵاوکرانەوە لەلایەن خەڵکانێک کە ڕەوایەتی بەو کوشتنە دەدەن، ئەو خەڵکانە دەڵێن، خواناس سووکایەتی بە خوا و پێغەمبەر و پیرۆزییەکانی ئایین کردووە و، شایانی ئەوەیە بکوژرێت. من، نازانم ئەو کۆمێنتانە چەند ڕاستن، بەڵام ئەوەی بە ڕوونی دیارە لە گۆرانییەک بەشداریکردووە بەناوی (تەمام تەمام) ، کە ئەگەر هەستی زۆرینە مسوڵمانی کورد لەبەرچاو بگیرێت، نابێ بەمجۆرە باسی پیرۆزییەکانی بکرێت.
ڕووداوەکە زۆر گەورە و قوورسە، لەبەرئەوەی کوشتنە لەسەر جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینی، پێشتر لەسەکۆ نێودەوڵەتییەکان، هەمیشە شانازیمان بەوە دەکرد لە کوردستاندا کەس لەسەر جیاوازی بیروباوەڕ نەکوژراوە، بەڵام خواناس کوژرا.
لە ڕۆژی #07-03-2022# خاتوونێک بەناوی (#ئیمان سامی مەغدید# - ماریا سام) کوژرا، لەسەرەتای کوژرانەکە وا بڵاوکرایەوە هۆکاری کوژرانەکەی گۆڕینی ئایین بووە، بەڵام دواتر ئەو هۆکارە بەناڕاست زانرا، ئەگەر ماریاش لەسەر جیاوازی بیروباوەڕ نەکوژرابێت، ئەوە ڕوونە کە خواناس لەسەر ئەو بابەتە کوژراوە.
کوشتن لەسەر بیروباوەڕ پێشهاتێکی ئێجگار مەترسیدارە، چونکە گرنگترین دەستکەوتی ئێمە کە ئازادی ئایینی و پێکەوەژیانە دەخاتە بەردەم پرسیارەوە.
=KTML_Bold=ئازادییەکی ئایینی ناتەواو=KTML_End=
هەرێمی کوردستان هەنگاوی گەورەی لە مەیدانی ئازادی ئایینی و پێکەوەژیان بڕیوە، لێرە پەیڕەوانی هەشت ئایین بە فەرمی ناسێنراون و ئایینداری خۆیان دەکەن، خەڵک ڕێز لە بیروباوەڕی یەکتر دەگرن، بەشێوەیەکی گشتی جیاوازی ئایینی نەبووەتە کێشە بۆ هەڵگری بیروباوەڕە جیاوازەکان، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ئازادییە ناتەواوە، چونکە ئازادییەکە بۆ ئەوانەیە لەسەر ئایینی باوک و دایکیان ماونەتەوە، ئەوانەی ئایینیان بە میرات بۆ ماوەتەوە و بەردەوامن لەسەری، بەڵام بۆ ئەوانەی ئایینیان دەگۆڕن، کێشە هەیە و کێشەکان ئایینی و کۆمەڵایەتی و یاسایین.
لەڕووی ئایینییەوە ئەوانەی ئایینەکانیان دەگۆڕن بە (هەڵگەڕاوە) و (دەرچوو) لەو ئایینانە ئەژمار دەکرێن، ئیتر لەو کۆمەڵگە ئایینییە دادەبڕێندرێن، بەشێک لە شوێنکەوتووانی ئەو ئایینانە جۆرێک لە ڕەوایەتی بەکوشتنیان دەدەن. لە ئیسلامە باوەکەی کوردستان ڕەوتە جیاوازەکانی نێو فەزای موسڵمانان بەگشتی کۆکن لەسەر ئەوەی هەڵگەڕاوە (مورتەد) حوکمی کوشتنە، کەسێکیش سووکایەتی بە هێما و درووشمەکانی ئیسلام بکات، بەهەمان شێوە دەبێت بکوژرێت، بەڵام وەک ئەوەی جەختی لەسەر دەکەنەوە، لە وردەکاری کوشتنەکە و ئەو کەس و لایەنەی بەو کارە هەڵدەستێت، ناکۆکن، زۆرینەیان هاوڕان لەسەر ئەوەی شارۆچکە و دەسەڵات بەو کارە هەڵدەستێت، هەشیانە دەڵێت هەر کەسێک بتوانێت، با بیکوژێت.
تەنیا ئیسلامییە ڕۆشنهزرەکان لەگەڵ ئەوەدان هەڵگەڕاوە نەکوژرێت، وردەکاری هەردوو ڕا جیاوازەکە و بەڵگەکانیان زۆری دەوێت و لە وتارێکی دیکەدا دەکرێت باسی ئەوە بکەم.
لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، پەیڕەوانی ئایینەکانی کوردستان وەک یەکن و لەیەک بەرەن دژی ئەوانەی ئایینیان دەگۆڕن، ئەوان حاشا لەو کەسە دەکەن، کە واز لە ئایینەکەی دەهێنێت و لەباشترین حاڵەتدا هیچ جۆرە مامەڵەیەکی لەگەڵدا ناکەن و بێکەس دەمێنێتەوە، هاوسەرەکان لێکدی جیا دەکرێنەوە، بێبەش دەکرێن لە منداڵەکانیان، میراتیش وەرناگرن، لە خراپترین حاڵەتیشدا کۆتایی بە ژیانی دەهێنن، هەردوو نموونەش لە کوردستاندا لەناو پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکاندا هەبوون.
لە ڕووی یاساییشەوە ئەو بابەتە ئەگەر لە ئایینەکانی دیکەوە بێت بۆ سەر ئیسلام؛ ئەوە ڕێگە پێدراوە، بەڵام بەپێچەوانەوە بەتاوان ئەژمار کراوە، لەگەڵ جیاکردنەوەی خێزان لێی و هەژمارکردنی منداڵەکانیش بە ئیسلام و بێبەشکردن لە میرات و ... هتد.
بەمشێوەیە دەردەکەوێت، ئازادیی ئایینی لە پراکتیکدا ناتەواوە، هەر ئەوەشە وایکردووە خەڵکانێک بیروباوەڕی گۆڕاویان بە نهێنی بهێڵنەوە و، نەوێرن بە ئاشکرا ناسنامەی باوەڕیان ئاشکرا بکەن.
=KTML_Bold=دژەکان=KTML_End=
بەشێک لەوانەی باوەڕیان دەگۆڕێت، بەدەنگێکی بەرز گوزارشت لەو باوەڕە دەکەن، کە تازە وەریان گرتووە، جا ئایینێکی دیکە بێت یان بێ ئایینی، ئەوان بە ئاشکرا دەکەونە بەرەی دژ بە باوەڕە کۆنەکەیان، هەندێکجار پەرچەکرداریان بەرانبەر ئەو باوەڕە کۆنەیان ئەوەندە تووندە، سووکایەتی بە باوەڕە کۆنەکەیان دەکەن.
کۆمەڵگەش بەرانبەر ئەوانە دەبنە دوو بەش، بەشێکی زۆر کەمیان هانیان دەدەن، بە ڕێچکەشکێن و ئازادیخواز و چاوانەترس و بوێر ناوزەدیان دەکەن و چەپڵەیان بۆ لێدەدەن، لە ڕاستیدا قوڕمیشیان دەکەن بۆ ئەوەی زیاتر تووند بن و زبرتر هێرش بکەنە سەر ئیسلام و موسڵمان و پیرۆزییەکانیان.
بەرەی دووەمی کۆمەڵگەش زۆرینەی موسڵمانە کە دەبنە دژیان، بە کافر، مولحید، بێ دین، میکرۆب و..هتد وەسفیان دەکەن، وەک شێرپەنجە وێنایان دەکەن و هانی یەکتر دەدەن لەناو ببرێن، لەناو ئەو بەرەیەدا هەیانە موسڵمانێکی نەرمە، بەهیچ شێوەیەک ناکەوێتە ڕق و هاندان دژیان، بگرە هەوڵی دیالۆگی هێمن و نزای گەڕانەوەیان بۆ دەکات.
لە ڕاستیدا هەردوو بەرەکە لە کەیسی (خواناس) دا هەن، خەڵکانێک کە هانی ئەو گەنجەیان داوە، درێژە بەو سەنگەرگرتنە دەدەن لە ئیسلام، خەڵکانێکیش کە شەو و ڕۆژ لە وتاری ئایینییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی شەرعیبوونی کوشتنی مورتەد و ئەوانەشی سووکایەتی بە ئایینی ئیسلام دەکەن، بەمەش ناڕاستەوخۆ هانی خەڵک دەدەن دەستیان بچێنە خوێنی یەکتر.
لەو کەیسەدا، هەردوولا تاوانبارن، ئەوانەی زۆر بە خراپی ئازادی ئایینیان قۆستووەتەوە و هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر ئیسلام و ئایینەکان، هانی گەنجە خوێنگەرمەکان دەدەن بۆ ئەو سووکایەتییە و دەستیان لە پشت دەدەن، تاوانبارن، چونکە هەم سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئایین بەپێی یاسا قەدەخەیە، هەمیش گەنجێکی نامۆ وەک نێچیر فڕێدەدەنە بەردەم شێرێکی برسی، پێویستیش ناکات کە نێچیرەکەیان پەڕ و باڵی کرا و هەلاهەلا کرا، چاوی خۆیان بنووقێنن و خۆیان وا نیشان بدەن، کە نە بایان دیوە و نە باران.
ئەوانەشی وتاری تووند ئاڕاستەی کۆمەڵگە دەکەن، لەو کەیسەدا تاوانبارن، ئەوان شەرعیەت دەدەنە کوشتنی هەڵگەڕاوە و دژە ئیسلامەکان کە سووکایەتی دەکەن، چونکە ئەوان گەنجێکی خوێنگەرم و ناحاڵی لە ئایین پڕ دەکەن لە ڕق، وای لێدەکەن هەندێکجار کەسی وەرگر ئیتر تا سەر گوێ بۆ مامۆستاکەشی شل نەکات، بەڵکوو بەهۆی وتارە تووندەکەوە هەڵدەچێت و چاوەڕێی یاسا ناکات، یانیش باوەڕی بە یاساکە و دەسەڵاتی قەزاییش نییە تا چاوەڕێیان بکات، چونکە هەر ئەو مامۆستایە لە بۆنەی دیکەدا بە ڕوونی فێری کردوون کە لێرەدا حوکم بە قورئان ناکرێت و حاکمەکانیش کافرن و دەسەڵاتیش بەشدارە لەو سووکایەتیکردنە، سەرەنجام ئەو وەرگرە فەریکە موسڵمانە سادە و ساویلکەیە، خۆی دەچێت کەسی بەرانبەر دەکوژێت و شانازیش بەو کارەیەوە دەکات و پێیوایە بەهەشتی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە.
=KTML_Bold=رەگ و ڕیشەی مێژوویی=KTML_End=
ئەوە یەکەمجار نییە لە هەرێمی کوردستان خەڵک بە بیانووی لادان لە دین بکوژرێت، بەڵکوو لەوەتەی هەرێمی کوردستان دامەزراوە، جاروبار ئەو حاڵەتانە ڕوویانداوە، ئەوانە بەشێکن لەو دۆسیانەی کە بەهۆی جیاوازی باوەڕەوە کوژراون:
- مامۆستا سەلاح هەورامی، یەکێک لەمنەوەرە دیارەکان کە مامۆستا بوو لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەڵاحەدین، ڕۆژی 13-3-1995 لە بەردەم کۆلێژی ئاداب کوژرا.
- شاپر عەبدولقادر و قابیل عادل، دوو سەرکردەی دیاری حیزبی کۆمیونیستی کرێکاری بوون، ڕۆژنامەیەکیان دەردەکرد، باڵەخانەکەیان لە نزیک باڵەخانەی پەروەردەی #هەولێر# بوو، ڕۆژی #18-04-1998# تیرۆر کران.
- تیزابکردن بە قاچ و قوڵی ئافرەتی (سفور) لەناو بازاڕی هەولێر لە نەوەتەکانی سەتەی ڕابردوو.
لەراستیدا هەردوو بەرەکە مەترسی جیدین لەسەر کوردستان و ئازادی ئایینی و پێکەوەژیان، ئەوانەی سووکایەتی بە هێما ئیسلامییەکان دەکەن، ئەوانەشی کە وتاری پڕ لە ڕق و کینە ئاڕاستەی خەڵک دەکەن، بەرهەمی هەردووکیشیان بەڕوونی دیارە، هەرکەسێک ئەو چەند ڕۆژە سەرنجێکی سۆشیاڵمیدیای کوردستان بدات، دەبینێت کە چۆن بەشێکی موسڵمانان دەست خۆشی لەو گەنجە بکوژە دەکەن، کوشتنەکەی بەڕەوا دەبینن، بەمەش ڕاستەوخۆ هانی هەر گەنجێکی دیکە دەدەن هەمان ڕێچکەی بکوژی خواناس بگرنەبەر و، ببنە ئەستێرەی سۆشیاڵمیدیا.
لێرەوە پێویستە سەرجەم دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەزوویی بێنە سەرهێڵ و ڕێگری لەو مەترسییە جیدییە بکەن و نەهێڵن تەشەنە بکات. دەکرێت لە ڕێگەی پەروەردە، فەرمانگە حکومییەکان و میدیاوە هەڵمەتێک بۆ بنەبڕکردنی تووندڕۆیی دەستپێبکرێت، هەم بۆ سووکایەتی بە ئایین و پیرۆزییەکانی و کوشتنیش، سزایەکی یاسایی تووند بسەپێنن. [1]