ناونیشان: ئەمساڵ خواست لەسەر گازی سرووشتی کەمدەبێت
نووسەر: #مەحموود بابان#
ڕۆژی دەرچوون: #22-05-2020#
تەنانەت بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19 بەکارهێنانی گازی سرووشتی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا ڕووی لە دابەزین بوو، هۆکاری سەرەکی ئەم کەمبوونەوەیەش بۆ ئەو کەشوهەوا بێوێنەیە دەگەڕایەوە کە لە دیوی باکووری گۆی زەوی هەبوو. لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ خواست لەسەر گازی سرووشتی لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا بەڕێژەی 2.6٪ بە بەراورد بە چارەکی یەکەمی 2019 دابەزیبوو.
=KTML_Bold=زیادبوونی بەرهەمهێنانی کارەبا لە با=KTML_End=
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بەکارهێنانی گاز لە ماڵان و کارگەکان بەڕێژەی 3٪ و بەکارهێنانی گازی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا 5٪ دابەزیوە، ئەوەش دوو هۆکاری لە پشتە، یەکەمیان کارەبایەکی زیاتر لە ڕێگەی وزەی باوە بەرهەمهێنراوە و دووەمیان کارەبایەکی کەمتر بۆ گەرمکردنەوەی ماڵان بەکارهاتووە.
لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، خواستی ئەمریکا بەڕێژەی 4.5% لە چارەکی یەکەمی 2019 کەمتر بووە، لەکاتێکدا خواستی ماڵان و کارگە و کۆمپانیاکان بەڕێژەی 18٪ دابەزیوە. لە بازاڕی وڵاتە پێشکەوتووەکانی ئاسیا، خواستی گازی سرووشتی بەرێژەی جیاواز کەمیکردووە. لە سێ مانگی یەکەمی 2020، هاوردەی گازی سرووشتیی شل لە ژاپۆن لەچاو هەمان ماوەی 2019 بەڕێژەی 3% کەمبووە. بەڵام کەمبوونەوەی خواستی گازی سرووشتی لە چین گۆڕانی بەسەر نەهاتووە، لەکاتێکدا لە هیندستان خواستی گازی سرووشتی لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات بە ڕێژەی 8% زیادیکردووە.
بە گوێرەی ئەو داتایانەی نیوەی خواستی گازی سرووشتیی جیهان لە ئەمریکای باکوور، ئەوروپا و بازاڕە گەورەکانی ئاسیا دەخەنەڕوو، خواستی گازی سرووشتی بەڕێژەی 3% کەمیکردووە. هەروەها پێشبینی دەکرێت لە ڕووسیا و ناوچەی ئۆراسیاش بەهۆی لەباربوونی کەشوهەوای زستانەوە خواستی گازی سرووشتی دابەزیبێت.
کەرتی کارەبا بەکارهێنەری سەرەکی گازی سرووشتییە لە ڕووسیا. لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ خواستی کارەبا بەڕێژەی 1.9٪ دابەزیوە. بەڵام بەو پێیەی وڵاتانی دیکەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی کەشوهەواکەیان پێویستیان بە گەرمکەرەوەی کەمتر هەبووە، بۆیە بەکارهێنانی گازی سرووشتی لەو دوو ناوچەیە بەشێوەیەکی ئاسایی بووە.
هەرچەندە ئاستی بەکارهێنانی گازی سرووشتی لە کەمیداوە، بەڵام خستنەڕووی ئەو سەرچاوە سرووشتییە لە بازاڕەکاندا کەمینەکردووە، ئەوەش وایکردووە ئەمبارەکانی گازی سرووشتی پڕببن.
لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ، بەرهەمهێنانی گازی وشک dry gasی ئەمریکا بە ڕێژەی 7% بە بەراورد بە هەمان ماوە لە 2019 بەرزبووەتەوە. بازرگانیی گازی سرووشتیی شل بەڕێژەی 13% بەرزبووەتەوە. ئەوروپا هۆکارێکی سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە، چونکە وڵاتانی ئەو کیشوەرە بەرێژەی 60% هاوردەی ئەو جۆرە گازەیان بەرزکردووەتەوە. لەکاتێکدا هاوردەکردنی گازی سرووشتی لە ڕێگەی بۆڕییەکان لە هەردوو بازاڕی ئەمریکا و ئەوروپا کەمیکردووە، بەڵام ئەمبارکردنی گازی سرووشتی لەژێر زەوی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەمبارکردنی گاز لە ئەمریکا بە بەراورد بە چارەکی یەکەمی 2019 بەڕێژەی 77% بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک بە ڕێژەی 17% لەچاو تێکڕای گازی ئەمبارکراوی پێنج ساڵی ڕابردوو زیاترە.
لە ئەوروپا ئاستی ئەمبارەکانی گازی سرووشتی 40% بەرزبووەتەوەو، بە بەراورد بە تێکڕای گازی پێنج ساڵی ڕابردوو 80% بەرزبووەتەوە. دابەزینی نرخی گازی سرووشتی هۆکارێکی سەرەکی پڕکردنی ئەمبارەکانە. بەهای گازی هێنری هاب گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لە چارەکی یەکەمی 20 ساڵی ڕابردوودا، لەکاتێکدا نرخی گازی TTFی ئەوروپی گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە چارەکی یەکەمی 17 ساڵی ڕابردوودا.
قەدەخەی هاتوچۆ و ڕێکاری حکومەتەکانی جیهان بۆ پاراستنی تەندرووستی گشتی، بووە هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی خواستی گازی سرووشتی. لە چین، بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19 لە مانگی شوبات گەیشتە لووتکە، ئەوەش وایکرد گەشەی خواستی گازی سرووشتی لە سفر نزیک ببێتەوە، بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی چاکسازی و پەرەپێدانی نیشتمانی چین، لە مانگی کانوونی دووەم و شوباتی ئەمساڵ بەکارهێنانی گازی سرووشتی لە چاو دوو مانگی یەکەمی 2019 بە ڕێژەی تەنیا 1% زیادیکردووە. لەنێوەڕاستی مانگی ئادارەوە زۆر وڵاتی ئەورووپا و شارەکان داخران، ئەوەش بەکارهێنانی گازی سرووشتیی لە پیشەسازییەکان و کەرتی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمکردەوە. هەڵبەت لەو وڵاتانەی سنوودارکردنی هاتوچۆیان لەجیاتی داخستنی شارەکان پەیڕەوکردووە، خواستی گاز لەنێوەڕاستی ئادار بۆ نێوەڕاستی نیسان ڕێژەیەکی کەمتر دابەزیوە، بۆ نموونە خواستی گازی سرووشتی لە ئەڵمانیا بەڕێژەی تەنیا 3% و لە هۆڵەندا بەڕێژەی 7% دابەزی بە بەراورد بە 2019.
پێدەچێ خواست لەسەر گازی سرووشتی لە ئەمریکا لەکاتی جێبەجێکردنی قەدەخەی هاتوچۆ لە ویلایە جیاجیاکان جێگیرتر بووبێت. لەنێوەڕاستی ئادارەوە بۆ نێوەڕاستی نیسان خواستی پیشەسازییە جیاجیاکان بەبەراورد بە 2019 بە ڕێژەی 6% دابەزیوە، لەکاتێکدا ئەو گازە سرووشتییەی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرا بە ڕێژەی 8% بەرزبووەتەوە.
=KTML_Bold=پێشبینییەکان بۆ 2020=KTML_End=
بەپێی پێشبینییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، ئەمساڵ خواست لەسەر گازی سرووشتی بەڕیژەی 5% کەمدەبێتەوە. ئەم کەمبوونەوەیەش لە خواستی گازی سرووشتی بە بەراورد بە نەوت کەمترە، لەبەرئەوەی گازی سرووشتی کەمتر لە نەوت لە بەردەم هەڕەشەی نەمانی خواستی کەرتی گواستنەوەیە. سەرەڕای ئەوەش پیشەسازی گازی سرووشتی تووشی شۆک دەبێت، چونکە لە چەند ساڵی ڕابردوودا خواستی سەر گازی سرووشتی بەردەوام ڕوو لە گەشە بووە.
ئەوە یەکەمجارە لە 2009ەوە خواستی گازی سرووشتی دابەزێت، ئەوکات خواستی ئەو سەرچاوەیەی وزە بە ڕێژەی 2% دابەزیبوو. هەروەها لە نیوەی دووەمی سەتەی بیستەمەوە ئەوە یەکەمجارە خواستی گازی سرووشتی دابەزینێکی بەو ئاستە تۆمار بکات.
لەکاتی قەیرانە ئابوورییەکەی سەرەتای 1930، خواستی گاز لە ئەمریکا لە 1931 بە ڕێژەی 13% و لە 1932 بەڕێژەی 7% دابەزی. ئەوکات ئەمریکا تاکە بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەری سەرەکی گازی سرووشتی بوو لە جیهاندا. ئێستا گاز بۆ کاڵایەکی جیهانی گۆڕاوە و زیاتر لە 20%ی خواستی جیهان بۆ سەرچاوەکانی وزە تێردەکات. چاوەڕێدەکرێت خواستی گازی سرووشتی بەبەراورد بە 2019 لە هەموو کەرتەکاندا دابەزێت، بەڵام کەرتی بەرهەمهێنانی کارەبا گەورەترین دابەزینی خواستی گازی سرووشتی بە خۆوە دەبینێت.
بەکارهێنانی گازی سرووشتی لە کەرتی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی 7% دادەبەزێت، بەوەش 60%ی خواستی گاز لە جیهاندا کەمدەبێت. ئەم کەمبوونەوەیش بە زەقی لە ئەورووپا دەردەکەوێت، کە تێیدا بەکارهێنانی کارەبای کارگەکان و ماڵان بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، لەکاتێکدا بەکارهێنانی سەرچاوە پاکەکانی وزە بە جێگیری دەمێنێتەوە. درێژەکێشانی قەدەخەی هاتوچۆ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا ئەوەندەی دیکە زیان بە کەرتی گازی سرووشتی دەگەیێنێت، چونکە لەو ناوچەیە گازی سرووشتی سەرچاوەی سەرەکی بەرهەمهێنانی کارەبایە.
بەکارهێنانی گازی سرووشتی لە کەرتی پیشەسازی بەڕیژەی 5% دادەبەزێت، ئەوەش بەڕێژەی 25% خواستی گاز لە جیهاندا کەمدەکاتەوە. قەدەخەی هاتوچۆ و داخستنی شارەکان وادەکات خەڵک کەمتر بەرهەمی کارگەکان بەکاربێنن، ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئەو وڵاتانە دادەنێت کە پیشەسازییەکەیان بە گازی هاوردەکراو هەڵدەسووڕێت، لەوانەش وڵاتانی ئاسیایی.
بەشی هەرە زۆری ئەو دابەزینەی لە خواستی ماڵان و شوێنە بازرگانییەکان ڕوویداوە بەهۆی کەشوهەوای چارەکی یەکەمی 2020 بووە، لەکاتێکدا لە شوێنە بازرگانییەکان بەهۆی ساردنەبوونی کەشوهەواوە ناچار نەبوون گەرمکەرەوە دابگیرسێنن و ئەوەش خۆبەخۆیی بەکارهێنانی کارەبا و لەوێشەوە گازی سرووشتی کەمدەکاتەوە.
ئەگەر ئەوروپا و ئەمریکا خێراتر لێکەوتەکانی قۆناخی قەدەخەی هاتوچۆ و داخستنی شارەکان ببڕن و لە ناوچەکانی دیکەی جیهان ماوەی قەدەخەکە کوورتتر بکرێتەوە، ئەوە کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر وڵاتە خاوەن پیشەسازییەکانی ئاسیا و وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی گازی سرووشتی کەمتر دەبێت، لەوێشەوە بەکارهێنانی گازی سرووشتی بە ڕێژەی 2.7% دابەزێت، نەک 5%. [1]