ناونیشان: چاوەڕوانی چی لە بودجەی 2023ی ئێراق بکەین؟
نووسەر: #مەحموود بابان#
ڕۆژی دەرچوون: #15-12-2022#
=KTML_Bold=بەرایی=KTML_End=
سەرەڕای داهاتێکی سەروو 90 ملیار دۆلاری ئەویش تەنیا لە نۆ مانگدا، ئێراق ئەمساڵیشی وەکوو ساڵی 2020 بە بێ بودجە تێپەڕکر. ئێستا حکومەت لەسەرووبەندی ئامادەکردنی بودجەی 2023دایە کە چاوەڕوان دەکرێت گەورەترین بودجەی پێشنیازکراو بێت بۆ پەڕڵەمان لە مێژووی نوێی ئێراق، ئەویش بەهۆی دوو هۆکاری سەرەکییەوە: یەدەگی بانکی ناوەندی و نرخی نەوتەوە.
لەڕاستیدا مشتومڕەکانی بودجەی 2023 لەسەر چەند پرسێکی سەرەکییە وەک: دەستنیشانکردنی نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک و بڕی هەناردەی ئێراق بۆ ساڵی داهاتوو، پشکی وەزارەتەکان، کوتلە دەستڕۆیشتووەکان و خاوەن بەرژەوەندییە گەورەکان و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان. هەڵبەت زۆرێک لە سەرنجەکان لەسەر ئەوەیە کە داخۆ نرخی دینار بەرانبەر بە دۆلار لە بودجەدا چی لێدێت.
هەرچەندە سوودانی لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەتەوە، بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی داوە، بەڵام پێناچێت ئاڕاستەکە بەرەو دووبارە ناردنەوەی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بێت، ڕەنگە بەغدا بژارەی ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان بە باشتر بزانێت نەوەکو دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2023دا کە #هەولێر# ڕێژەی 17% بە مافی خۆی دەزانێت و بەغداش ڕێژەی 12% بۆ 14% دادەنێت، ئەگەر پەسەندی بکات. هەڵبەت، ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە دوای 2014ەوە بووەتە هەژمارکردنی، لێدەرکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان لەوەی لە بودجەی ئێراق بۆی دیاریدەکرێت و ڕەنگە ئەمجارەش هەروا بەردەوام بێت.
لێرەدا هەڵوەستەیەک دەکەین لەسەر چاوەڕوانییەکان لە بودجەی 2023ی ئێراق لەڕووی دەستپێشخەرییەکەی #وەزارەتی دارایی# بۆ شەفافییەت لە بودجە و گەندەڵی، پێشنیازەکەی بانکی جیهانی بۆ ئێراق، نرخی نەوت لە بودجە، پشکی هەرێمی کوردستان و چاوەڕوانییەکانی شەقامی ئێراقی و کوردی لە پڕۆژە بودجەی 2023.
=KTML_Bold=دەستپێشخەرییەکەی وەزارەتی دارایی بۆ بودجەی 2023 و گەندەڵی لە ئێراق=KTML_End=
وەزارەتی دارایی لە کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی دەستپێشخەریێکی کردووە و ماڵپەڕێکی بە ناونیشانی بودجەیەکی کراوە (الموازنة المفتوحة) داناوە و، ئاماژەی بەوە کردووە کەوا گرتنەبەری سیستمێکی کراوەی بودجە، بەشداریی هاووڵاتییان لە پڕۆسەی دیموکراسی مسۆگەر دەکات. جگە لە قازانجی ڕاستەوخۆ لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و باشترکردنی ئەدای دارایی دەوڵەت بۆ گەیشتن بە دەستکراوەیی زیاتر و شەفافییەت و کۆنترۆڵی بودجە، دابینکردنی سیستمێکی زانیاری لەسەر بەڕێوەبردنی دارایی و ستراتیژی حکومەت لە تەرخانکردنی سەرچاوەکان و هتد . لە ڕاستیدا وەزارەتی دارایی لە خستنەڕووی ژمارەکان، بەتایبەتیش لەم ساڵانەی دواییدا کێشەیەکی نەبووە، چونکە ئەوەتا مانگ بە مانگ داهات و خەرجییەکانی ئێراقی لە ساڵێکی بێ بودجەدا تاوەکوو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم بڵاوکردووەتەوە کە کۆی خەرجییەکانی زیاتر لە 79 تریلۆن دینار و داهاتەکەشی 136 تریلۆن دیناری تێپەڕاندووە و هەر بۆ یەکەمجاریش لەم دوو دەیەدا و لە داهات و خەرجی ساڵانەدا، 57 تریلۆن دینار سەرڕێژی هەبووە (تاوەکوو مانگی نۆ) . چاوەڕوان دەکرێت ئەو بڕە بەهۆی نزیکبوونەوە لە کۆتایی ساڵ زیاتریش بێت.
چیرۆکێکی دیکەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی گەڕاندنەوەی پارەکانی دزی سەدەیە، کە ئاماژەیە بۆ بردنی 3.7 تریلۆن دینار باج! سەرۆکوەزیران بۆ خۆی وتارێکی لە تەنیشت بەشێک لەو پارە دزراوانە پێشکیشکرد کە حکومەت دەڵێ گەڕاندوویانەتەوە و وتی: بەشێک لە پارە دزراوەکانی پارەی باج بە هەوڵی دڵسۆزان گەڕێندرانەوە. هەڵبەت تاوەکوو ئێستا کۆی پارە گەڕێندراوەکان گەیشتووەتە سەروو 317 ملیار دۆلار، بەڵام کۆی پارە دزراوەکە 3.7 تریلۆن دینارە. واتە تەنیا ڕێژەی 11%ی گەڕێندراوەتەوە و، چارەنووسی 89%ی پارەکە دیار نییە.
لەلایەکی دیکەوە، پێویستە ئەوەش لەبیر نەکەین کە ڕووبەڕووبوونەوە یان شەڕی گەندەڵی لە هەموو کابینەکانی ئێراق باس کراوە و سوودانی یەکەم سەرۆکوەزیران نییە کە لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دابێت، بۆ نموونە مالیکی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی هاوبەشی دژ بە گەندەڵی درووستکرد، بەڵام ڕکابەرە سیاسییەکانی گەندەڵییەکانی سەردەمی هەردوو خوولی سەرۆکایەتیی مالیکی وەک نموونەیەک بۆ دژایەتیکردنی ئەو بەکاردەهێنن. حەیدەر عەبادی ئەنجوومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دامەزراند کە یەدەگی دراوی ئێراقی گەیاندە نزمترین ئاست لە مێژووی خۆیدا. دواتر عادل عەبدولمەهدی لیژنەیەکی باڵای دامەزراندەوە، ئەمیش خەریک بوو لەسەر گەندەڵی دادگایی بکرێت و، مستەفا کازمی لیژنەی باڵای دژە گەندەڵی ڕاگەیاند، بەڵام ئێستا ڕاپۆرتی لیژنەی دەستپاکی باس لە تیوەگلانی نووسینگەکەی لە دزی سەدە دەکات. هەڵبەت ئەمەی کازمی بەهۆی سەرپێچیکردنی دەستوورییەوە لەلایەن دادگەی باڵای ئێراقەوە ڕاگیرا.
خاڵیکی دیکەی سەرنجڕاکێش لە کەیسی گەندەڵی ئێراق پەیوەستە بە سیستمەکەوە، لەکاتێکدا هەمووانیش پێکهێنەری سیستەمەکەن. هەر بۆیەش نوێنەری یۆنامی لە ئێراق دەڵێت گەندەڵی بەربڵاو و سیستماتیک یەکێکە لە ئاڵینگارییە هەرە گەورەکان کە ڕووبەڕووی ئێراق بووەتەوە. تێچووی ئابووری و کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ڕادەبەدەرە، چونکە دەبێتە مایەی لاوازکردنی پێشکەوتن و بێبەشکردنی هاووڵاتییان لە مافەکانیان و بێهیواکردنی وەبەرهێنانی دەرەکی و بردنی ناڕەوای ئەو سەرچاوانەی کە بۆ خەڵک پێویستن... بەداخەوە کەیسی هەرە بەنیوبانگی گەندەڵی لە ئێراق کە بە دزی سەدە ناسراوە، دوایەمین گەندەڵی نابێت!
دەستپێشخەرییەکەی وەزارەتی دارایی بۆ نیشاندانی ژمارەکان بە ئۆنڵاین، لەکاتێکدایە کە سەرۆکوەزیرانیش ڕۆژبەڕۆژ بڕیاری زیاتر لەوبارەیەوە دەردەکات، بەڵام دەبێت چاوەڕوان بین بزانین لەم قۆناخەدا چ ڕوودەدات، چونکە کابینەکەی مستەفا کازمی بە کاخەزی سپی دەستی پێ کرد و بە دزی سەدە کۆتاییهات.
=KTML_Bold=داوایەکی بانکی جیهانی بۆ گەشەکردنی سەوز لە ئێراق=KTML_End=
ڕۆژی #13-12-2022#، بانکی جیهانی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێراق کرد تاوەکوو 2040 بە بڕی 233 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ڕێگەکانی گەشەکردنی سەوز بکەن بۆ ئاشتکردنەوەی ئامانجەکانی گەشەسەندنێکی بەردەوام و پاراستنی کەشوهەوا. بەپێی ڕاپۆرتە 87 لاپەڕەییەکەی بانکی جیهانی کە بە ناونیشانی کەشوهەوای ئێراق و ڕاپۆرتی پەرەپێدان بڵاوکراوەتەوە، لە ئێراق قەیرانی کەشوهەوا، مۆدێلی گەشەسەندنێکی پشت بەستوو بە نەوت و لاوازکردنی توانای مرۆیی و دامەزراوەیی و، دابەشبوونێکی کۆمەڵایەتی قووڵ و نایەکسانیی گەورە، پێکهێنەری گەردەلوولێکی تەواون لە دژی گەشەسەندنەکان. هەروەها، ئێراق لەنێو ئەو وڵاتانەدایە کە زۆر لاوازن بۆ گوڕانی کەشوهەوا، ئەویش لەڕووی ڕووبەڕووبوونەوە (فیزیکی) وەک بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کەمبوونەوەی ئاو و ڕووداوی لەناوکاو، لە هەمان کاتیشدا لەڕووی داراییەوە، چونکە پشت بە نەوت دەبەستێت. کاتێک جیهان بەرەو نیت زیرۆ دەڕوات و نەوت ڕۆڵی خۆی وەک کاڵایەک لە ئابووریی جیهان لەدەستدەدات ئەوکات لاوازییەکان بەڕوونی دەردەکەون.
داواکەی بانکی جیهانی هێندەش قوورس نییە بۆ بڕیاربەدەستانی ئێراق، چونکە بۆ ماوەی 18 ساڵ تەنیا وەبەرهێنان لە ئابوورییەکی سەوز یاخود گەشەکردنی سەوز دەکات، واتە وەبەرهێنان لە وزە نوێبووەکان بە ئامانجی پاراستنی داهاتووی ئێراق کە ڕۆژبەڕۆژ بەهۆی لاوازی بۆ گوڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەرەو خراپتر دەڕوات.
پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە ئەوەی بانکی جیهانی داوایکردووە کە ئێراق 18 ساڵ وەربەرهێنان لە ئابوورییەکی سەوز بکات، تەنیا پارەی دوو ساڵی داهاتی نەوت، یان چوار ساڵی داهاتی یەک بەرمیل نەوتی 50 دۆلاریی تێدەچێت. هەڵبەت ئێستا چاوەکان زیاتر لەسەر چاکسازییە. هەر بۆیەش ڕۆژی 12ی کانوونی دووەمی 2022، ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیران سێ مانگی داوەتە بەڕێوەبەرە گشتییەکان کە لە ڕۆژی سێشەممەوە دەستپێدەکات، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی کارەکانیان. ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی چەندە بەرنامەی حکومەتیان جێبەجێکردووە. هەروەها شەش مانگی داوەتە وەزیر و پارێزگار و ڕاوێژکارەکانیش، بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانیان.
=KTML_Bold=نرخی دۆلار، نرخی نەوت و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان=KTML_End=
وەکو لە سەرەوەش ئاماژەمان پێداوە دووبارە ناردنەوەی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان ئەو ستراتیژە نیشاندەدات دەدات کە لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدییەوە بۆ هەرێمی کوردستان پێڕەو دەکرێت. ئەویش خەمڵاندنی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی بەشە بودجەکەی لە بودجەی گشتیی ئێراقە کە یەکەمجار بە سەروو 400 ملیار دەستی پێ کرد و دواتر کەمکرایەوە و دواتر نەنێردرا و دواتریش وەک نەریتێک پەیوەستکرا بە ڕێککەوتن و ڕەوشی دارایی ئێراق و نرخی نەوتەوە. کاتێک پەیوەندییەکان باشن و ڕەوشی دارایی ئێراق باشە دەنێردرێت، بەڵام کاتێک نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە ڕادەگرێت و دەست بە کۆبوونەوەکان دەکرێتەوە، هەروەها کاتێکیش پەیوەندییەکان خراپە نەک نانێردرێت بگرە هەوڵی بڕینی سەرچاوەکەی دیکەی هەرێمی کوردستان دەدرێت کە لە نەتەوە دێت وەکوو لە نۆ مانگی 2022 بە کردەوە بینیمان. کەواتە بەشێوەیەک لە شێوەکان، هەر لە ئێستاوە دیارە پشکی هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت.
هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوت لە پڕۆژە بودجەدا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کۆی پێکهێنەرەکانی پڕۆژە بودجەکە دەبێت، چونکە ئەگەر نرخی نەوت بە 10 دۆلار کەمتر یان زیاتر لە تێکڕای نرخی 2023 دابنرێت ئەو سەرڕێژ یان کوورتهێنانی گەورە دەخاتە بودجەکەوە، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە 95%ی داهاتی ئێراق لە نەوتەوە دێت. بۆ نموونە ئەگەر ئێراق ڕۆژانە بەتێکڕا چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات لە 2023دا و، نرخەکەیشی 10 دۆلار کەمتر بێت لەو نرخەی کە لە بودجەکەدا هاتووە، واتە نزیکەی 14.52 ملیار دۆلار کوورتهێنان ڕوودەدات یان بەپێچەوانەوە.
پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین، لەوانەیە خوێندنەوەی پەڕڵەمانتارانی ئێراق بەتایبەتیش لیژنەی دارایی لەسەر ئاسۆی نرخەکان لە 2023 ڕاست دەرنەچێت، وەک نموونەی پڕۆژە بودجەکانی ساڵانی ڕابردوو کە نرخی نەوت بەشێوەیەک دانراوە و دواتر نەک نزیک نەبووە بگرە جیاوازییەکەی 180 پلە بووە، بۆ نموونە لە ساڵی 2021دا لە پڕۆژەیاسای بودجەدا نرخی بەرمیلێک نەوت بە 45 دۆلار جێگیرکرا، بەڵام تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە 2021دا گەیشتە 70.86 دۆلار. لێرەدا پرسی شارەزابوون یان ناشارەزایی پەڕڵەمانتارانیش لەسەر ئەو بابەتانە فاکتەرێکی گرنگە کە دەبێ لە پێش چاو بگیردرێت.
لایەنی سێیەمی و هەرە گرنگی پڕۆژەی بودجە کە لە ڕاستیدا خاڵێکی زۆر گرنگە، نرخی دۆلارە بەرانبەر دینار. کابینەکەی مستەفا کازمی زیرەکانە و بوێرانە نرخی یەک دۆلاری بەرانبەر بە دینار لە 1118 دینارەوە کردە 1145 دینار، واتە دیناری ئێراقی بەهای بەرانبەر دۆلار کەمبووەوە، بەڵام یەدەگی بانکی ناوەندیی ئێراقی گەیاندە ڕیکۆردێکی نوێ و قۆناخێکی سەختی ئابووریی ئێراقی لە داڕووخان ڕزگارکرد.
هەروەها، لەکاتی کەمکردنەوەی بەهای دیناری ئێراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمریکی بانکی ناوەندیی ئێراق ڕایگەیاندبوو کەوا هەر یەک جار بەهای دیناری دەستکاری دەکرێت، بەڵام ئەمە کۆتایی بەو چیرۆکە ناهێنێت کەوا نرخی دینار بەرانبەر دۆلار چی لێدێت؟ چونکە ماوەیەک پێش ئێستا نووری مالیکی داوایکرد کە نرخی دۆلار بە ڕێژەی 5.5% بەرانبەر دینار بەهاکەی دابەزێت، واتە یەک دۆلار بە 1375 دینار بێت نەوەکو 1450 دینار، ئەم ج�%