وەزارەتی کارەبا بە مەبەستی دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ هاووڵاتییان، دەیەوێت سیستەمی پریپەید بۆ شارەکان دابین بکات و “ئەو شوێنانەی ئێستا کارەبایان کراوەتە ئەم سیستەمە، 24 کاتژمێر کارەبایان هەیە”.
بە پریپەیدکردنی کارەبای نیشتمانی، جگەلەوەی کارەبایەکی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان دابین دەکات، لەو شوێنانەی سیستەمەکە جێگیر کراوە، لۆدی سەر گۆڕەرەکانی کارەبا بە نزیکەی 50٪ کەمبووەتەوە و “کارەبای بەردەوام بۆ پڕۆژە، بیرەکانی ئاو و ڕووناکیی شەقامەکان دابین کراوە”.
ئەمە جگە لەوەی کە ئەم سیستەمەی کارەبا، دەتوانێت بارزۆری و کێشەی ڤۆڵتییە بەتەواوی چارەسەر بکات.
سیستەمی پریپەید، جگە لە ژینگەیەکی پاک و کارەبایەکی باش و بەردەوام، بارگرانی سەر شانی هاووڵاتییانی بەهۆی نەهێشتنی دوو سەرچاوەی پێدانی کارەبا کەمتر کردووەتەوە، “لەو شوێنانەی سیستەمەکەیان بۆ بەستراوە، سەرپێچییەکانی سەر کارەبا چارەسەر کراون و ژمارەی ڕاستەقینەی هاوبەشانی کارەبا بە دیار کەوتوون”.
ئەمەش لە کاتێکدایە ملیۆنێک و 300 هەزار پێوەری زیرەک لە تەواوی هەرێمی کوردستان بەستراون، بەمەش 92٪ى هاوبەشان پێوەرەکەیان بۆ بەستراوە و ئامادەن بۆ ئەوەی بکرێنە سیستەمی پریپەید. [1]