ناونیشان: #هەدەپە# دادەخرێت و چاندار دەبێتە کاندید!
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #06-04-2023#
دادگای باڵای تورکیا بڕیاری داخستنی هەدەپەی دا، هەدەپە بڕیاری داوە بەشێوەی زارەکی و لە دادگا بەرگری لەخۆی نەکات، بە پێچەوانە لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا پارتی چەپی سەوز کە بەدیلی هەدەپەیە دوابەدوای کاندیدکردنی حەسەن جەمال، ئەمڕۆ نووسەری پەڕتووکی شەمەندەفەری مێزۆپۆتامیا جەنگیز چانداری وەک بەربژێری پارتەکە بۆ پەڕڵەمانی ئەو وڵاتە کاندید کرد. ئێستا لە تورکیادا بەرەی فاشیزم و دژەفاشیزم بەتەواوەتی لێک جیابوونەتەوە، لەداهاتوودا چی ڕوودەدات گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە گەلانی تورکیا فاشیزم زاڵنەکەنەوە بەسەر بەرەی دژە فاشیزمدا. قەبووڵکردنلکی بێ پێشینەی وەک ئەوەی چاندار ببێتە کاندیدی پارتێکی نوێ ڕووداوێک هەروا سادە و ئاسن نییە، ئەم قەبوڵکردنە پێمان دەڵێت تورکیا لەم هەڵبژاردنەدا شەڕی مان و نەمانی خۆی دەکات بەرانبەر هێزی فاشیزم و سوڵتانەکەی.
چاندار لە کۆتایی شەتەکانی سەدەی ڕابردوودا بەشداری خەباتی دۆزی فەلەستینی لە شام و بەیرووت کردووە، دواتر ڕۆیشتۆتە پاریس و ئەستەردام و ساڵی 1974 وەک وانەبێژ گەڕاوەتەوە زانکۆی تەکنیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئانکارا (ODTU) . بەهۆی ژیانی تێیاندا زۆر بە باشی لە سیاسەت و کلتوری ئێران و وڵاتانی عەرەبی و یەکێتی سۆڤیەتی جاران گەیشتووە. لە کۆتایی هەشتاکاندا دەبێتە ڕاوێژکاری سیاسی سەرۆککۆماری بە ڕەچەڵەک کورد: توروت ئۆزاڵ. لە کۆتایی نەوەدەکان و سەرەتای دووهەزارەکان لە سەنتەری واشینگتۆن لە ئامریکا دەبێتە لێکۆڵەر، نووسەرێکی پڕۆ دیموکراسی و پڕۆ ئازادییە دژی فاشیزمی حاکم. لەکاتی شەڕی دا٭عش٭دا و بەهۆی ئەوەی نووسینێکی لە پێداهەڵدانی ئازایەتی عائیشە دەنیز کە میلیتانێکی پە٭کە٭کە بوو دژی دا٭عش، لە شوباتی 2021 وە فەرمانی دەستگیر کردنی بۆ دەرچوو. خاوەنی 8 پەڕتووکە گرنگترینیان فەلەسیت هەڵدەستێتەوە، شەمەندەفەری میزۆپۆتامیا
پازدە ساڵ بەر لە ئێستا و دەقیق لە شوباتی 2009دا لە پلاتفۆرمی ئابانت بۆ چارەسەری پرسی کورد (ABANT PLATFORMU) چاوم بە چاندار کەوت، ئەو دەم ئەندامی گرووپی عاقڵمەندانی تورکیا بوو کە ئاردۆگان بۆ بۆ چارەسەری کێشەی کورد پێکی هێنابوو. زۆر گەشبین بوو بە چارەسەری کێشەی کورد، زۆر خۆشحاڵ بوو من بە تورکییەکی ڕەوان قسەی لەگەڵ دەکەم و پێی وتم ئەویش خەریکی وەرگرتنی کۆرسی کوردی/کرمانجییە بۆ فێربوونی کوردی. باوەڕی وابوو مادەم ئێمە هاوبەشیی کولتووریمان هەیە، تا زمانی یەکتر فێر نەبین و لەیەک تێنەگەین ناتوانین بە ئاشتی لەگەڵ یەک بژین.
هەر لەو پلاتفۆرمەدا بەشێکی وتارەکەی خۆم کردم بە کوردی.
ئەو خاوەنی بیرێکی تیژ و زەینێکی بێ پەردە و کینایەیە سەبارەت بە دیموکراسی و ژیان و ئاشتی و گەلانی ئەم ناوچەیە، زمانەکانی ئینگلیزی و تورکی و فەرەنسی و عەرەبی بەباشی دەزانێت و پێشیان دەنووسێت.
پەڕتووکی شەمەندەفەری مێزۆپۆتامیا پەڕتووکێکە شیاوی خوێندنەوەیە، بەشکێم لە پەڕتووکەکە بیرماوە کە تێیدا چاندار دەڵێت:
گەشتێکم لە ڕابردوووەوە بۆ داهاتوو دەستپێکرد، لە بەیرووتی لوبنان سواری ئەم شەمەندەفەرە بووم، ئەم شەمەندەفەرە منی بە کەسێک ناساند کە سەرکردایەتی کوردەکانی ئێراقی دەکرد و دواتر بوویە سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، #جەلال تاڵەبانی#. منیش دوای چەند ساڵێک ئەم سەرکردەیەم بە سەرۆککۆماری تورکیا ئۆزاڵ ناساند مەبەستی توروت ئۆزاڵە. ئەم سەرۆکەم قەناعت پێکرد کە تورکیا بەبێ تێگەیشتن لە مێژووی ئانادۆڵ و بەبێ هەماهەنگی و تێگەیشتن لە کوردەکان ناتوانێت بە ڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکرێتەوە و گەورەببێت. شیمانەی مانەوەی ئەو دەوڵەتەی کە بۆ سەد ساڵێک دەچێت لەسەر ئەساسێکی وەک ئەساسی دەوڵەت-نەتەوە درووست بووە نزیکە لە سفر و نەمان، ئیدی کاتی دەوڵەت-نەتەوە بەسەر چووە و ئەم مەنزوومەیە ناتوانێت وەک خۆی بمێنێتەوە، دەشێ بچووک ببێتەوە یا گەورەتر ببێت بەڵام وەک خۆی نامێنێتەوە و مەحکومە بە گۆڕانکاری.
لەشوێنێکی دیکەدا دەڵێت:
ئەوەی ئەمڕۆ بۆ کوردەکان باشە بۆ تورکەکانیش هەر باشە، چاکەی کوردان چاکەی تورکەکانە و بە پێچەوانەشەوە، بەبێ تێگەیشتن لە دۆزی کورد مەحاڵە بزانین تورک چی دەوێت، گەر تورکیا دەیەوێت گەورە ببێت دەبێت لە کوردەکان تێبگات. [1]