ناونیشان: کاتێک بایەقوش وادەی ئاییندە دەدات!
نووسەر: د. #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #16-04-2023#
نووسەر و شانۆنووسی #سنە#یی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دکتۆر قوتبەدینی سادقی لە بیرەوەرییەکانییدا دەگێڕێتەوە و دەڵێت: کە لە پاریس و زانکۆی سۆربۆن دەمخوێند دۆستێکی ڕۆمانیم هەبوو ناوی ثیۆدۆر بوو. ڕۆژێک پێم وت ثیۆدۆر دیارە من لە ئێران و لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆچی هاتوومەتە پاریس، بەڵام تۆ کە خۆت خەڵکی ڕۆژاوای بۆچی هاتویت؟
ثیۆدۆر وتی تەماشاکە ئاغای سادقی، بەیانییەک باوکم بە دەستی بەتاڵ لە سەرەی کڕینی نیو کیلۆ گۆشت گەڕایەوە ماڵەوە بەبێ ئەوەی گۆشتەکەی دەستکەوتبێت ڕوویتێکردم و پێی وتم: کوڕی خۆم هەستە بوخچەکەت بپێچەرەوە و بڕۆ، تۆ لێرە خۆشبەخت نابیت، بڕۆ داهاتوویەک بۆخۆت درووستبکە.
ثیۆدۆر بەردەوام بوو لە قسەکردن وبەدەم کێشانی چروتە کوبییەکەیەوە وتی: بەیانیان زوو پێش هەڵهاتنی خۆر باوک و دایکم دەچوونە ڕیزە دوورودرێژەکانی کڕینی کیلۆیەک گۆشت و دوای چەندین ڕۆژ ئەوسا نیو کیلۆیەک گۆشتیان دەستدەکەوت و دەگەڕانەوە تا دابەشی بکەن بەسەر شەش سەر خێزاندا. وتم بۆچی؟ وڵاتەکەتان ئەوەندە هەژارە؟ وتی نەخێر ئێمە باجی حەز و ئاواتە شەخسییەکانی ئەحمەقێکی وەک نیکۆلا چاوشیسکومان دا.
خۆت دەزانێت ڕۆمانیا وڵاتێکی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری زۆر بە پیت و خاوەن دەرامەتێکی باش بوو، بەڵام چاوشیسکۆ بەبێ ئەوەی خوێندەواری هەبێت و لە بنەماکانی دەوڵەتی پیشەسازی تێبگات پێی وابوو دەبێت ڕۆمانیاش هاوشێوەی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا ببێتە دەوڵەتێکی پیشەسازی. ئەو دیکتاتۆرە سەرەڕۆیە بەبێ هیچ لێکدانەوەیەکی فیکری و لۆژیکی دەستی کرد بە کڕین و هێنانی دەیان کارگەی گەورە گەورە لە ئیتاڵیاوە. ڕاستە کارگەکان کەوتنە کار بەڵام هەرگیز نەیاندەتوانی بەهەمان کواڵیتیی ئیتاڵیا کاڵا بەرهەم بهێنن، بەهۆی بێ کوالێتییانەوە کەس کاڵای لە ڕۆمانیا نەدەکڕی ساغنەدەبوونەوە، وڵاتان هەمان کاڵایان بە کواڵیتیییەکی بەرز لە خودی ئیتاڵیا خۆی دەکڕی. ناچار کاڵاکان دەمانەوە و دواتر بەزەرەر و بە نیوەقیمەت دەبوو بیانفرۆشینەوە. هەر ئەوەندەش نا بۆ دەرچوون لەباری قەرزی ئەو کارخانانەی لە ئیتاڵیامان کڕیبوون قازانج سەری مایەی خوارد. کەڵکەڵەی ئەم شیعارە قەبە و موبتەزەل و بێ ناوەرۆکانە بۆ ئەوەی ببین بە دەوڵەتێکی پیشەسازی ئێمەی خستە سەر ساجی عەلی و ئەوەشی لە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ دەستماندەکەوت بە مەجبووری لەبری قەرز داماندەنان و دەماندایەوە بە ئیتاڵیا. بەم جۆرە وڵات بوو بە کۆیلە و ڕەهنێکی بێ قەید و مەرجی ئیتاڵیا، باشترین بەرهەمی ئاژەڵ و کشتوکاڵمان بە خۆڕایی دەدا بە ئیتاڵیا و خۆشمان دەبوو نانەسکی بژین.
من کە ئەم یادەوەرییەم خوێندەوە ڕاستەوخۆ بیرم بۆلای ئابوورییە سەربەخۆکەی لای خۆمان چوو.
پازدە ساڵ بەر لەئێستا نادانێک بە ناونیشانی دکتۆری نەوت بەخۆی جانتاکەیەوە کە تەنیا لە جرت و فرت و سپیکردنەوەی نەوت لە بازاڕی ڕەشدا حاڵی بووبوو بە هاوکاری هاوڕێ پاکستانی و بەریتانییەکانی کە زیاتر لە فۆڕمی چەتەی دەریاییدا ناویان دەرکردووە، بەبێ ئەوەی لە مەترسییە سیادی و سیاسیی و ئابوورییەکانی نەوت تێگەیشتبێت، هات مێشکی سیاسی و دەوڵەتمەدارەکەی ئێمەی هاککرد! ئەمیش بەبێ حیساباتی سیاسی و نێودەوڵەتی وەک چاوشیسکۆ ئیدیعای ئەوەی دەکرد هاوشێوەی قەتەر و ئیمارات و کوێت کوردستان دەخاتە سەر نەخشەی وزەی جیهانی. بەڵام نەک هەر نەیتوانی ئەوە بکات، بەڵکوو بەم سەرەڕۆییەی ژیانی نیوەی ئێمەی هاوشێوەی باوکی ثیۆدۆری ڕۆمانی لە سەرە دوورودرێژەکانی بەنزین، نەوت، ئاو، کارەبا، مووچە و بەجێهێشت و نیوەکەی دیکەشمانی ئاوارەی هەزار و یەک دەریای ئیجە و بیلاڕووس و یۆنان و کەمپی ئیجباری ئەوروپاکرد دواتر ئەم دەڵاڵە خۆشی پاش شکست و سکانداڵە کەڵەکەبووەکانی و قەرزارکردنی هەرێمۆچکەیەکی چوارملیۆن کەسیی دابەشبوو بەسەر هەزار و یەک پاراتخێڵ و سەردا و پاش قەرزدارکردنی بە بڕی زیاتر لە سی ملیارد دۆلار بە خشکەیی و بە بێ دادگاییکردن لێیدا ڕۆیشتەوە زێدی خۆی، بەبێ ئەوەی کەسێک پێی بڵێت ئاغا کوا دەفتەری حیسابات. دەبینین ئەمڕۆ سەرۆک و حاشییەکانی دەوری سەرۆک دەستی چەوری خۆیانی پێدا دەسڕن و دەڵێن گوایە کڵاوی لەسەر ناوین!
دیکتاتۆرەکانی وەک چاوشیسکۆ هەمیشە یەک جۆر بیریان کردۆتەوە: خەیاڵ و حیکایەتی گوێ ئاگردانەکانی گەڕەک و ماڵەکانی خۆیان بکەنە واقیعی ژیاری و سیاسی و بەبێ هیچ حیسابکردنێکی عەقڵانی و سیاسی و ئەنجامگیری، وەک مشکی نێو تاقیگە ویستوویاەنە ئەوەی دەیانەوێت فەرزی بکەن بەسەر کومەڵگادا، بەبێ ئەوەی بچوکترین خوێندنەوەی عەقڵانییان بۆ گەورەترین ڕووداو کردبێت کە خوڵقاندوویانە و بکەری بوون، سەرەڕۆییەکانی سەدام و پەلاماردانی کوێت ڕوونترین ڕووداوی چەند دەیەی نزیک و ڕابردووی ئێمەن و نموونەی ئەم باسەن.
دیکتاتۆر پێی وایە ئەوەی دۆخە هیسترییەکەی ناخی ئەم دەیەوێت واقیعیش هەر ئەوەی دەوێت، بۆیە سڵ ناکاتەوە لە بڕیاردانی پەرچەکرداری و خێراو نەگەڕانەوە بۆ موقەویماتی فەلسەفەی سیاسی و لۆژیک و عەقڵی دەستەجەمعی کۆمەڵگە، کەسێتی دیکتاتۆر ئەسڵەن شتێک ناناسێت بەناوی عەقڵی دەستەجەمعی کۆمەڵگە، ئەو پێی وایە کۆمەڵگە شتێکی بێ گیان و بێ ڕۆح و نەجوڵاوە، مردووە و بیرناکاتەوە، بۆیە وا پێویستدەکات ئەم بیری بۆ بکاتەوە و دەبێت کۆمەڵگەش لە پاداشی ئەم کارەیدا وەک مەڕ گوێ لەمستی خەیاڵە نامەدروسەکانی ئەم بێت.
مێژووی دوور و نزیکی ئێمە سەلماندوویەتی ئەوەی سەربەخۆیی وڵاتێک دەستەبەر دەکات نە نەوتە نە پیشەسازی و نە تەکنەلۆژیا، چاوشیسکۆکان لەباشترین حاڵەتدا ڕۆمانیا دەکەن بەژێر باری قەرزەوە و باکیشیان نییە، تۆ سەرباری فرۆشتنی نەوت و سیخورمەگرتن لە قوت و مووچە و پڕۆژەی خەڵک هێشتا هەر قەرزاری.
ئەوەی سەربەخۆیی کۆمەڵگەیەک دەکاتە ئەمری واقیع و بەوانی دیکەی قەبوڵدەکات عەقڵێکی بیرکەرەوەی فەلسەفی ڕەخنەگر و پرسیارکەرە کە سڵ نەکاتەوە لە هەڵەکردن و و پرسیارکردن، نەک هەر سڵی لێنەکاتەوە هەڵە وەک ڕێگایەیکی درووست ببینێت بۆ گەیشتن بە ژیان، نەوەک پێی وابێت سەرۆک هەرگیز هەڵە ناکات. لە کۆمەڵگەی پیاوسالار و شەرمندا هەڵەکردن عەیبەیە، بە پێچەوانەوە بوونیادی کۆمەڵگەی مەدەنی هەڵەکردنە، ئیعترافکردن و فێربوون لە هەڵە (Error & trial) بەردی بناغەی درووستبوونی جڤاتن. کۆمەڵگەیەک تێدا ژیری بەردەوام پرسیار بکات ئێمە بە چ میکانیزمێک دەکرێت بە کوێ بگەین؟ چۆن دەکرێت ڕووبەڕووی کێشەکان ببینەوە مەحاڵە ببێتە ڕۆمانیای چاوشیسکۆ و کوردستانەکەی ئابووری سەربەخۆ.
ئەمڕۆ ئێمە لە دونیایەکدا دژین کە ڕێز لە ئازار و تراژیدیای کەس ناگرێت، نەک هەر ڕێزی لێناگرێت ئەسڵەن نایناسێت و نادیدەشی دەگرێت، هەزار جاری دیکە ئەنفال و جینۆساید بکرێینەوە، سەد #هەڵەبجە#ی دیکەمان تێدا درووستبێتەوە، دەیان شەنگال و زیلان و کۆبانی دیکە ناتوانن ئێمە بخەنە سەر نەخشەی سیاسی و وزەی جیهان چونکە شتێک نییە لەم دونیایە بەناوی درووستبوون لەڕێگای تراژیدیاوە، ڕاستە دونیا زیندووە بەڵام بێ عاتیفەیە، دونیا بۆ ئازاری کەس ناگری. ئەوەی ئەمڕۆ دونیا حیسابی لەسەر دەکات و حورمەتی بۆ دادەنێت تەنیاوتەنیا یەک شتە، تۆ چ چارەسەرێکت پێیە بۆ ڕزگاربوونت لەو تراژیدیایەی کە تێی کەوتوویت! دونیا تەنیاوتەنیا ڕێز لەو چارەسەرە عەقڵانیانە دەگرت کە کۆمەڵگەیەک بە تەنیا لە چێژی مەرگدۆستی و فرمێسک و نووزە نووزی عاتیفیدا ناهێڵێتەوە بەڵکوو دەیگوازێتەوە بۆ ژیان و عەقڵانییەت، عەقڵێک تراژیدیا تێیاندا بکاتە پردی پەڕینەوە و سەرکەوتن. کە ئەمەت هەبوو خۆبەخۆ دەچیتە سەر نەخشەی وزە و پێشەسازی و تەکنەلۆژیا گەر نەوت و جەوتیشت نەبێت! [1]