ناونیشان: ئایدۆلۆژیای خێڵ و زانکۆکەی زەڕایەن
نووسەر: د. #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #21-04-2023#
فاروق ڕەفیق لەمڕۆدا عەقڵێکی زۆر باشی بیرکەرەوەی کۆمەڵگەی ئێمەیە، بەدەر لە هەموو ڕەخنەیەکی کەسیی کە کەس بێ خەوش و خەتا نییە و نابێ، بەرگریکردن لەو عەقڵە کە لانی کەم دەیەوێت ئێمە بگوازێتەوە قۆناغی پاش خێڵ ئەرکێکی ئەخلاقی و ویژدانی و مێژووییە. هەرچەندە دەزانم مەحاڵە لە نەبوونی پەروەردەیەکی درووست و هۆشیاری تاکدا گۆڕانکاری قووڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە چەند ڕۆشنبیر و نووسەرێک درووست ببێت، خۆ گەر دژ و دوریش بن لە دەسەڵات ئەوا دەنگیان هەر ناگات، بەڵام بێدەنگیشیان دۆخەکە خراپتر و ئاڵۆزتر دەکات. گۆڕانکاری لە زیهنییەتی دەستەجەمعی خەڵکدا بەبێ بوونی پشتیووانییەکی پەروەردەیی و کلتوریی واتە کونکردنی ئەزمەڕ و لێدانی تونێل بە دەرزی.
=KTML_Bold=حەزی #بەعس# و حیزبی کوردی بۆ خێڵ لە کوێوە دێت=KTML_End=
نیو سەدەی دەسەڵاتی بەعس و پاشانیش شۆڕش و حیزبی کوردی وەک دوو هێزی تەواو نالەخۆ و زڕ و ناڕەسەن نەک هەر نەیانتوانی گەلانی ناوچەکە بگەیەنن بە موقەویماتی دەوڵەتی مۆدێرن و کۆمەڵگەی مەدەنی، بە پێچەوانەوە هاتن خەڵکیان لەژێر ناونیشانە غەریب و نامۆکانی وەک بنەماڵە، هۆز، عەشیرەت، تیرە و خێزاندا مۆب و تەجنید کردەوە بۆ ئامانج و مەبەستی کەسی و حیزبی و لە مەفهوومە کۆنەکەی نەتەوەش دایانڕنین. بەم جۆرە توانیان هەم ئیرادەی ئازادی دەستەجەمعی کۆمەڵگە و هەمیش هەستی ئازادی و خودێتی لەتاکدا بکوژن. چونکە بە بۆچوونی ئەمان ئاسانترین ڕێگە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تاک و کۆمەڵگە درووستکردنەوە و زیندوو کردنەوەی ئەم خێڵ و عەشیرەتانەن کە بەریتانییەکان تا ڕادەیەک ڕۆڵ و پێگەیان لاواز کردبوون. لە میتۆلۆجیای ئەماندا زۆر ئاسانترە سەرۆک خێڵێک بکڕیت و هێزێکی چەکداری بۆ درووستبکەیت و مووچە و دیوەخانانەی بۆ ببڕیتەوە تا لەبەرانبەردا ئیرادە و ئازادی و دەنگی ئەندامانی هۆزەکەی مسۆگەر بکەیت، وەک لەوەی بێیت ئەجێندایەکی سیاسی و ماقوڵی خزمەتگوزار پێشکەش بە جڤات بکەیت تا لە ڕێگەی خزمەتگوزاری و دامەزراوە و ماف و ئازادییەکانەوە بتوانیت خەڵک لەدەوری خۆت و پڕۆژەکەت کۆبکەیتەوە.
=KTML_Bold=کۆمەڵگەی مەدەنی و خێڵ=KTML_End=
ئەمڕۆ لە کوردستاندا گەشەی خێزان و خێڵ و عەشیرەت و تیرە و هۆزەکان گەورەترین لەمپەڕن بۆ درووستبوونی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و خاوەن دامەزراوە و بەهای مۆدێرن. هۆز دەتوانێت چی لە دامەزراوە تێبگات لەکاتێکدا هەموو ئاواتی درووستکردنی قەڵاو دیوەخانێکە بۆ ئەوەی بەخێرهاتنی قەرەباڵخی بێ ئەجێندا و بێ ئامانجی تێدابکات؟
بۆ ڕزگار بوون لێی بە حوکمی ئەزموون و دەرگیر بوونی لەگەڵ تەنیاییە قوڵ و پڕوکێنەر و خنکێنەرەکانی مرۆڤ بە سرووشت کائینێکی شوناس پەرەستە، بەبێ نان و ئاو ژیان دەکات بەڵام بە بێ شوناس نا. کاتێک تۆ لە شوناسی نەتەتەوە و نیشتمان بێ هیوا دەکرێیت و ئەو ناسنامە گەورانەی دونیای مۆدێرنت بۆ پێکەوە لکان و پێکەوەژیان بە ئەنقەست تێدا تیرۆر دەکرێن، ئیدی شتێک نییە تۆ بەویترەوە گرێ بدات وەک ناسنامە، ئەوەی لەپێشتە دیسان تەنیاییە، بۆ ڕزگار بوون لەم تەنیاییە بە ناچاری ناتوانیت دەست بۆ چڵەپوشی شوناسۆچکەی بچووک و ناسنامەی سەرەتایی وەک خێزان و هۆز و خێڵ عەشیرەت نەبەیتەوە. ئەمە ئەو شوێنەیە کە حیزبی کوردی سی ساڵە توانیوێتی عەقڵی ئێمەی تێدا هاک بکات و وەک خاڵی لاواز کاری لەسەر بکات.
=KTML_Bold=هۆز و عەشیرەت لە دونیای نوێدا=KTML_End=
کێشەکەی وابەستەبوون بە هۆز و عەشیرت و خیڵ لە دونیای مۆدێرندا ئەوەیە ئەم ڕەوتە بە پێچەوانەی مەبادیئەکانی دونیای مۆدێرنەوە دەجوڵێتەوە، بە پێچەوانەی شەپۆلەوە مەلە دەکات، ئیرادە و ئازادی تاک و خودێتی لە تاک سەلب دەکات و دەیداتە دەست ئاغا و ڕیشسپی عەشیرەت و هۆز. کۆبوونەوە زۆر و زەوەندەکانی ئەمڕۆ کە لە میدیای سێبەر و و سۆشیال میدیا بە کامێرای 4K و مۆنتاژی سەرنجڕاکێشەوە مارکێتینگیان بۆ دەکرێت نە سەر بە دونیای شارن نەسەر بە دونیای گوند و دێهاتی جاران، ڤستیڤاڵ و تەجەموعەکانیان پڕکردنەوەی ئەو گرێ و بۆشاییە دەروونییانە تێناپەڕێنێت کە تێیکەوتوون. هەموو ئەوەی ئەنجامی دەدەن لە چالاکی خۆی لە مەسرەفگەرایی خواردن و خواردنەوە و بەڕێکردنی میواندا دەبینێتەوە بەبێ بوونی ئەجێندایەکی دیرایکراو. هەمووان پاش چەند کاتژمێرێک لە خورادنی دەستەجەمعی و خواردنەوەی ڕیزە دیژلەمە دەچنەوە ماڵەکانی خۆیان. کۆبوونەوەکانیش زیاتر سەر بە دونیای نێرینە و پیاوانن، ڕۆڵ و پێگەی ژن و مێیینە لەم کۆبوونەوانەدا سفرە.
=KTML_Bold=شار و کۆمەڵگەی مەدەنی=KTML_End=
خاوەنی پەڕتووکی مێژووی شارستانییەت ویلیام جەیمس دیورانت پێی وایە هەر کۆمەڵگەیەک چوار پێدراوی مەدەنییەتی تێدا نەبێت ئەوا ئەو کۆمەڵگەیە بە گۆمەڵگایەکی شاری و مەدەنی داناندرێت.
یەکەمین پێدراو بە بۆچوونی دیورانت بوونی ئیدارە و دامەزراوەی سەربەخۆی پێکەوە گرێدراوە بۆ ڕاپەراندنی کارەکانی خەڵک لە شاردا. ئەوەی کۆمەڵگەی شار لە دێهات و گوند و جیادەکاتەوە بوونی دامەزراوەیە وەک بەدیلی ڕیش سپی و سەرۆک هۆز و مەجلیسەکانی حەل وعەقد و سوڵح.
دامەزراوەکانی وەک دادگا، بانک، زانکۆ وەزارەتەکان، حکومەت و پۆلیس و ..هتد لە شاردا ئەو کارانە ئەنجام دەدەن کە لە دێهاتدا ڕیشسپی و مەرجەع بە تاقی تەنیا خۆیان هەموویان ئەنجام دەدا و کەسیش نەیدەتوانی پرسیار بکات لەبارەیانەوە. چەندە دامەزاروە شارییەکان وردتر و ئەکتیڤتر بن ئەوەندە کۆمەڵگە شاریتر و مەدەنیتر دەبێت لەلایەک و ڕیشسپی و مەرجەعیش ئەوەندە ناکاریگەر و بێ کارتر دەبن لە لاکەی دیکەوە.
دووەمین پێدراو بەبۆچوونی دیوارنت مەعیشەت و کار و کەسابەتی خەڵکە، دیوارنت پێی وایە ئەوەی شار لە کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی جیادەکاتەوە کارە. کار واتە دانانی ستراتیژ بۆ داهاتوو، دەهەزار ساڵ پێش ئێستا ئێمە بۆ ئەوەی بژین ڕاومان دەکرد، ڕاوێک بۆ ڕاوی داهاتوو بە برسێتی دەماینەوە، بەڵام ئێستا سایلۆ و ساردکەرەوە و خانووی پلاستیکی بۆ کشتوکاڵ درووستدەکەین و بەشی دەیان ساڵ گەنم و دانەوێڵە و میوەیان تێدا هەڵدەگرین. کار واتە ژیان، گەر ڕۆژێک نان و قوتی خەڵک ببڕدرێت بازاڕ دەوەستێت، کە بازاڕ وەستا چی ڕوودەدات؟ کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگەی ڕاوچێتی و ئەوسا چەتە و ڕێگر درووستدەبن بۆسەر ژیان. ئەو ڕۆژانەی حکومەت بە بڕیاری ڕیشسپی و بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا و دامەزراوەکان قوت و مووچەی خەڵکی بۆ بەرژەوەندی خۆی دەبڕی ژیان چۆن بوو؟ ئێمەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە هەموو کەس باشتر لەم خاڵە تێدەگەین، ئێستاش هەمان شت بەردەوامە لایەک بە بڕیاری تاکەکەس و ڕیشسپی مووچە و قوتی پێشمەرگە و خانەنشینی لایەکی دیکە دەبڕێت لەسەر ئەساسی ئینتیما.
پێداروی سێیەم بە بۆچوونی دیوارنت عورف و ئەخلاق و بەها باڵا گەردوونییەکانە، هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت بەبێ عورف و ئەخلاق و بەها مانەوە مسۆگەر بکات، بیر لە کۆمەڵگەیەکی داڕزاو و نامەدەنی بکەرەوە کە جوامێری و پیاوەتی تێدا نەمێنێت! حورمەت و ڕێزی گەورەوبچووک هەڵگیردرێت تێیدا، یان کۆمەڵگەیەک بهێنە پێش چاوی خۆت دزی و گەندەڵی و خیانەت وەک دەستکەوت و فەزیلەت تەماشا بکات و ئەندامەکانی ملی یەکتر بشکێنن لەسەر گرتنی سێڵفی لەگەڵ دز و گەندەڵ و ناپاک و خائینانیدا! ئەم کۆمەڵگەیە هەرگیز شیمانەی مانەوەی نییە.
چوارەمین پێدارو بەبۆچوونی دیوارنت کلتوور و هونەرە. دیوارنت پێی وایە ئەو سیانەی پێشوو پێشەکین بۆ چوارەم. لوتکەی کرانەوەی هەر کۆمەڵگەیەک لە کلتور و هونەردا خۆیان دەنوێنن. کۆمەڵگەیەکی بێ کلتور و بێ هونەر هێندەی مەحاڵ نەکردەیە ببێتە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و شاری.
ئەوەی ئێمە دەگەیەنێت بە خۆشبەختی و لانی کەمی ژیان و ژیانسازی دەوڵەت و نەوت و گازی سرووشتی نین، بەڵکوو کلتوور و هونەرن. کلتور و هونەر بە مانا گەورەکەیان، نەک ئەوەی ئەمڕۆ لە زیقە زیق و کەلەپوور کە هەن و بەناوی هونەر و کلتورەوە بانگەشەیان بۆ دەکرێت. نە زیقەزیق هونەرە نە کەلەپور کلتوورە.
گرنگی فەلسەفە لەشاردا دەقیق ئەمەیە، دێت پرسیار لەم پێدراوانە دەکات، فشار بۆ کۆمەڵگە درووستدەکات تا بزانێت هەڵەکە لە کوێدایە. مەحاڵە بەبێ پرسیارکردن لەو تراژیدیا و ئازار و دۆخە خراپانە دەرچیت کە تێی کەوتوویت، بەبێ بوونی کلتوور و هونەر و فەلسەفە هەرگیز ناتوانیت پرسیار بکەیت. دکتۆر فاروق ڕەفیق ئەمڕۆ دەقیق هاتووە لەڕێگای فەلسەفەوە ئەم پرسیارانە دەکات. ئەو شوێنەی فەلسەفەی لێیە پرسیاری لێیە، ئەو شوێنەشی پرسیاری لێ بوو ژیان و مەدەنییەت حزوور هەیە تێیدا.
دونیا دونیایەکی بێ گوێ نییە بەڵام بێ عاتیفەیە، بێ زمان نییە بەڵام بێدەنگە، بە ئەندازەی دواندنە لۆجیکی و پرسیارەکانی تۆ لێی دێتە گۆ. دونیا بۆ ئازار و تراژیدیای کەس ناگرێت، بەڵکوو چاوی لە میتۆدانەیە کە تۆ بەکاریان دێنیت بۆڕزگار بوون لە ئازار و تراژیدیا، گەر سەرکەوتوو بوویت لە ڕزگاربوون ئەوە شەبقەکەی سەری دادەگرێت و لە بەردەمتدا دەچەمێتەوە و چەپڵەت بۆ لێدەدا، دەتخاتە سەر ستەیجی شانۆی مێژووی خۆی، بە پێچەوانەوە چاوی لە چێژی مەرگدۆستی و گریان ونووزە نووزی ئەنفال و ڕاگواستن و کیمیا باران کردنت نییە. تۆ تەنیا وتەنیا لە ڕێگەی پرسیارکردنەوە دەشێ لەو ئازار و تراژیدیایانە دەرچیت کە تێی کەتوویت، بۆ پرسیارکردنیش ئێمە لەبری دەوڵەت و نەوت و پارە و مەسرەفگەرایی ناپێویست لە باڵەخانەی هەوربڕ و فڕۆکەخانە و جێتی تایبەتی بەرپرسان پێویستیمان بە فەلسەفە و عەقڵی بیرکەرەوە هەیە.
زانکۆ و دامەزراوەکانی دیکەی شار میوەی ئەم عەقڵەن، هەتا ئەم عەقڵە ڕەخنەگرە بیرکەرەوە پرسیارکەرە نەیەت نە زانکۆ دێت نە دامەزراوە. ئەمە ئەو شوێنەیە کە شار لە دێهات و هەژموونی دامەزراوە لە هەژمونی مەڕجەع و ڕیشسپی جیادەکاتەوە. لە دێهات و مێنتاڵیتی دێهاتیدا کەس بۆی نییە قسە لە قسەی ڕیشسپیدا بکات، پرسیاری لێبکات و بە ڕەخنە فشاری بۆ درووستبکات، فشارکردن بە واتای بێڕێزی کردن بە ڕیشسپی دێت، هەموو شتێک لە مێنتاڵیتی دێهاتیدا بە کەسی و سەبجێکتیڤ لێکدەدرێتەوە، تۆ ناتوانیت بێڕێزی بە ڕیشسپی بکەیت لەڕێگای پرساندنییەوە، بە پێچەوانەوە لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا شتکان ڕوو لە کەسایەتییەکان نین، بەڵکوو بابەتی و ئۆبجێکتیڤن، ڕوویان لەباشترکردنی ژیانە.
قسەکەی فاروق ڕەفیق سەبارەت بە زانکۆ و ڕۆڵی زانکۆ دەقیق لەشوێنی خۆیدایە، نەک زەڕایەن ئەمڕۆ #هەڵەبجە# و #هەولێر# و #سلێمانی#ش پێویستییان بە زانکۆ نییە، نەک هەر زانکۆ بانک و وەزارەت و حکومەت و پارلەمانیش وەک شتانێکی کارتۆنی و زیادە دەردەکەون، چونکە لە ئەساسەوە فەلسەفەی پرسیار و عەقڵی پرسیارکەر حزووری نییە. ئێمە ئەمڕۆ ئەو باجەی دەیدەین باجی بێ دەوڵەتی و بێ پارەیی نییە، بەڵکوو باجی نەبوونی فەیلەسوفی پرسیارکەر و عەقڵی بیرکەرەوەیە. عەقڵێک کە کۆپی نەکات، خۆی بە میتۆدی درووستی خۆماڵی خۆی بخوێنێتەوە، ڕەچەتەی درووست بۆ بیمارییەکانی خۆی بنووسێت، عەقڵێک لەبری ماستاوچێتی و تەمەلوق و چاپلوسی بۆ سیاسی و ئەربابانی هۆز و خێڵ بێت پرسیار بکات، عەقڵێک بتوانێت وزەی گریان و نووزە نووز وچێژی مەرگدۆستی بگۆڕێت بۆ دەرچوون لە ئازار و تراژیدیا و شکست. [1]