ناونیشان: بۆچی نیشتمان بە ڕیفڕاندۆم چێ نابێت؟
نووسەر: د. #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #03-05-2023#
نیشتمان و نیشتمانسازی پڕۆسەیەکی بەردەوامی گەشەسەندووی مەدەنیی-کولتوورییە، نە بە ڕیفڕاندۆم درووستدەکرێت، نە بەشۆڕش و نە لەسەر پشتی دەبابەشەوە بۆت دێ، چونکە بە یەک وشە نیشتمان نە وڵاتە نە دەوڵەت، نە ئابوورییە نە سیاسەت و نە سوپای بەهێز، نیشتمان شوێنێکە کۆمەڵێک کەس لەسەر ئەساسێکی کلتوری لەخۆی کۆدەکاتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ بە ئێمە ناسێندراوە لە ماناکانی نیشتمان زیاتر سەر بە مەنزومەی دەوڵەت و حکومەت و سوڵتەو دەسەڵاتن. گرنگترین ڕەکیزەی نیشتمان و نیشتمانسازی کلتوور و کلتوورسازییە.
ئالبێر کامۆ ڕستەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە دەڵێت: من نائومێد نیم بەڵام لە ئومێدیش مەحرومم، گەر ئەم قسەیەی کامۆ وەک دەستکەلایەک بۆ کایەیەکی دیکە بەکار بهێنینەوە ئەوا بێ ئینسافیمان نەکردووە گەر بڵێین: ئێمە بێ کلتوور نین، بەڵام لە کلتور و میوەکانی کلتوور مەحرومین بۆیە بێ نیشتمانین.
کلتور جیاواز لەو کەلەپوورەی کە ئەمڕۆ لەچوارچێوەی هەندێ گۆزەی گڵین و بەڕە و جاجم و کۆنە قاڵیدا لە بۆنە و مەراسیم و یادکردنەوەی ساڵیادی دامەزراندنی گەڕەک وشارەکاندا دادەندرێت و وەک کلتور بە ئێمە دەناسێندرێت شتێکی دیکەیە. کلتور هۆکاری سەرەکی گەورەبوون و مانەوە و بەرگەگرتنی شار و کۆمەڵگەکانە. دەشێت تۆ هەبیت، بمێنیتەوە و بەرگەی زەمەن بگریت لە هەمانکاتدا مێژوویەکی درێژ و پیشەسازی و سوپا و ئابووری بەهێز و نەوت و تەنانەت وڵات و دەوڵەتیشت نەبێت، بەڵام هێندەی مەحاڵ نەکردەیە گەلێک بتوانیێت بە بێ کلتور بژی، بمێنێتەوە و بەرگری لەخۆی بکات.
مانیعول جەمعەکەی ئێمە وەک کورد دەقیق لێرەدایە، بەم بێ کولتوورییەوە چۆن توانیومانە ئەم هەموو ڕێگایە ببڕین، لەنێو ئەم هەموو سوڵتە و میللەتە دژ و هێزە نابەرابەرەدا بەرگری لەخۆمان بکەین وبمێنینەوە، بە بۆچوونی شکەستەنەفسیانەی من زمانەکەمان و بەهێزییەکەی توانیوێتی وەک بەدیلی کلتوور خۆی بنوێنێت و ڕۆڵ ببینێت تا ئێمە بگەیەنێتە ئەمڕۆ.
کلتوور ڕەهەندی زۆری هەیە بەڵام بە بۆچوونی من باشترین پۆلێنکردن ئەوەیانە کە قوتابخانە فەڕەنسییەکان دەیکەن. ئەوان پێیان وایە کلتور واداری دوو ڕەکیزەی زۆر گرنگە، ئەوانیش:
=KTML_Bold=یەکەم: کار و ڕەفتاری دەستەجەمی خەڵک=KTML_End=
=KTML_Bold=دووەم:بیرکردنەوەی ئازاد=KTML_End=
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End=
کار یان ڕەفتاری دەستەجەمعی ئەو بوارانەی ژیان دەگرنەوە کە خەڵک بەهۆی کلتورێکی هاوبەشەوە بەشێوەیەکی یەکسان لێیان بەهرەمەند دەبن. دەشێت هەموو خەڵک فێراری و لاندکروزەر و مازیراتی پێ نەبێت بەڵام هەموو خەڵک لانی کەمی کارێکیان هەیە بۆ بژێوی لانی کەمی ژیان، منداڵەکانیان دەتوانن لە پەروەردەیەکی هاچەرخی یەکساندا بخوێنن، عەدالەت و دادگاکان بە یەک دووری لە هەموو خەڵکەوە دەوەستن.
ڕەفتارە دەستەجەمیعییەکەی ئێمە چونکە درووە لە کلتوور، بە جۆرێک دیزاین بووەکە ئامادەین ماشێنی سەد هەزار دۆلاری و زیاتر لێخوڕین، تەنیا ڕووکاری دەرەوەی خانووەکەمان چەندین هەزار دۆلاری تێبچێت، بەڵام منداڵەکەمان لە خوێندنگەیەکی ڕوخاوی سێ دەوامیدا بخوێنت، دەیان ملیۆن دینار لە پیاڵە و قەدەحی کریستاڵدا خەرجدەکەین بەڵام ئاوی خواردنەوە یان نییە یان پیسە.
لەگەڵ دەرچوونیان تابلێت و مۆبایلە زیرەکەکان نۆرە بۆ کڕینیان دەگرین ، بەڵام فانیلەکەی ژێرەوەمان هەفتەی جارێک ناشۆرین و ساڵی جارێک نایانگۆڕین. ئەمڕۆ ئێمە بە جۆرێک دژە کلتورین پێمان وایە لێدان لە منداڵ بەشێکە لە سیستمی پەروەردەی منداڵ، مەگەر قسەکانی مەزهەب چوارە و کوتەک پێنجەمی، یان گۆشتەکەی بۆ تۆ و ئێسقانەکەی بۆ من ئەم حیکایەتە ناگێڕنەوە؟ شکاندنی کەرامەتی خوێندکار و سووکایەتیکردن بە کەسایەتییەکەی لە سەرەتاییەوە بۆ پۆست دکتۆرا بە بەشێک لە سیستمی فێرکردن دەبینین و پێمان وایە مرۆڤ لەژێر سترێس و ڕووشاندنی کەرامەتدا دەبێت فێر ببێت.
بەهەمان میتۆدی پاوانخوازی گوندەکانی جاران و بە بێ ماستەرپلانی شاری و بە شێوەی تێترنجاندن و کەڵەکەکردن شارەکان فراوان دەکەین، بەهەمان عەقڵییەتی لێخوڕینی ئەسپ و عەرەبانەی جاران شۆفێری دەکەین، لێبووردەییمان بۆ یەک نییە لەسەر ئاساییترین جۆری توڕەبوون میلی دەمانچە لەیەک ڕادەکێشن. ئایا ڕوووداوەکانی کوشتن لەسەر فول لایت و دەست شکاندنەوە و کۆنەقین هەموویان حەقیقەتی ئەم چیرۆکە تراژیدیایەی بێ کولتووری ناگێڕنەوە؟
بەشێکی دیکەی ڕەفتارە دەستەجەمعییەکان تەندرووستی جەستەیی و دەروونییە. ئەوەی لە وڵاتێکی بێ کلتووردا گرنگی پێنادرێت تەندرووستییە. سەرباری ئەوەی لە هەموو شارێکدا سەدان نەخۆشخانەی گشتی و تایبەت هەن، هەزارن دەرمانخانە و پۆلیکلینیک هەن بەڵام چونکە تەندرووستی لەسەر بنەمای چارەسەرکردن و دەستکەوتنی داهاتی قەبە دیزاین کراون و دوورە لە بنەماکانی تەندرووستی وەک خۆپارێزی prevention و دەستنیشانکدنی پێشوەخت screening و و تەندرووست ژیان، ئیدی ئەو فەوزاریە درووست دەبێت کە ئێمە ئەمڕۆ لە کەرتەکانی تەندرووستی ەستەیی و دەروونیدا تێیکەوتووین. سەرباری لەشکرێک لە نەخۆشخانە و پزیشک و پەرەستار کەس لەتەندرووستی جەستەیی و دەروونی خۆی دڵنیا نییە، ناخۆشترین و چەپەڵترین شوێنەکان دەستشۆر و ساڵە و هۆڵی نێو نەخۆشخانەکانن.
ئاوی پاک گرنگترین فاکتەری ژیانێکی تەندرووستە، بە گوێرەی ئامارەکانی WHO ڕۆژانەی ئاوی پاک بۆکەسێک 250 لیترە، باسی باوەنوور و #چەمچەماڵ# ناکەم کە بەگوێرەی داتایەکی 2018 داهاتی تاکی ئاو لە هەندێک لە ڕۆژانی هاویندا کەمترە لە 10 لیتر بۆ هەرتاکێک، لەشوێنێکی کوێستانی ئاوداری وەک #سلێمانی#دا کە خاوەنی سیروان و #دەربەندیخان# و دوکان و #سەرچنار# و تانجەرۆ و دونیایەک ڕووباری وەرزیی وەک خەمەڵوکە و مۆکەبە و زەڵمە، هەندێ جار لە 72 کاتژمێردا تەنیا 45 خولەک ئاو دەدرێتە هاووڵاتی، هاوینانی کەمئاوی لە #هەولێر# و ئاو کڕین بە تانکەر ئازارێکە کەس حەز ناکات بەبیری خۆی بهێێتەوە، ئەمە جگە لەو ستەمەی کە بە ناحەق لە ئاوی ژێر زەوی دەکرێت و قوڵایی ئەو ئاوەی بۆ سەدان مەتر دابەزاندووە.
ڕەفتارێکی دیکەی دەستەجەمعی وەرزشە. ئێمە سەلامەتی جەستەییمان نییە بۆچی؟چونکە وەرزشکردنمانن نییە، وەرزش بەشێک نییە لە کولتووری تەندرووست ژیانی خەڵک. داتایەکەی تەواو بەردەست نییە بە گوێرەی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی تێکڕای ژیان لە وڵاتێکی وەک هوڵەندا 81.6ساڵە بەڵام لە ئێراقدا تەنیا 69.3 ساڵە. کلتور و ڕەفتارێکی دەستەجەمعی کلتوری وەک وەرزشکردن بە فاکتی تاقیکراوە سەلماندوویەتی کە دەتوانێت شەڕی ئەجەل و مردنیش بکات و دوای بخات. بەگوێرەی ئاماری بانکی نێودەوڵەتی لە وڵاتانی ئەوروپادا کە چڕی دانیشتووانیان پێکەوە 450 ملیۆن زیاترە، فەزا و مەودای وەرزشکردن بۆ هەر تاکێک 16.5 مەتری دووجایە، لە وڵاتێکی وەک هۆڵەندادا لە پازدە ملیۆن کەس یازدە ملیۆنی پاسکیلی خۆی هەیە و گرنگترین شەقامەکانی ئەو وڵاتە شەقامەکانی پاسیکلسوارانن، . لەبەرانبەردا لە شارێکی وەک تاراندا فەزای وەرزش بۆ هەر تاکێک تەنیا 1.5 مەتری دووجایە، بەگوێرەی ئەوەی شارەکان هەمووی بوون بە باڵەخانەو شوقەی بەرپرسان و ئەو گەنە پارکانەش کە هەن و زیاتر لەشێوەی سەربازگەدا درووستکراون پەیتاپەیتا دەفرۆشرێنەوە کەرتی تایبەت بۆ درووستکردنی باڕ و کافتریا بۆ تەمبەڵ و تەوەزەلەکان تا تێیدا دانیشن و وەرزش نەکەن. دەبێت فەزای وەرزشکردن لە شارێکدا کە بە گەز و مەتر و ئۆلک و دۆنم و هێکتار و گرد و شاخ زەوییەکانی وەک شاباش تەخشان و پەخشان دەکرێت چەند بێت؟ وەرزش و وەرزشکردن دەلالەتی کولتووری هەر کۆمەڵگەیەکن. خۆت شتەکانی دیکە لێکبدەرەوە!
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End=
ڕەهەندی دووەمی کولتووری هەر کۆمەڵگەیەک ئەندێشە و بیرکردنەوەی ئازادێتی. شتێکی بەدیهییە ژیری تەنیا لە ئازادیدا گەشەدەکات. لە بوونی بیرکردنەوەی ئازاددا عەقڵانییەت گەشەدەکات، کە عەقڵانییەت درووستبوو خۆبەخۆ زانکۆ درووستدەبێت، پێویست ناکات کەسێک بیهێنێت، کە زانکۆشت هەبوو پسپۆڕییە جیاوازەکانت دەبێت.
بنەماییترین کاری عەقڵانییەت ئەمڕۆ درووستبوونی پسپۆڕێتییە جیاوازەکانە لە کایە جیاوازەکاندا. جوانترین شتێک خودا بە مرۆڤی بەخشیبێت عەقڵە، ئەم عەقڵە ئەمڕۆ لەڕێگای پسپۆڕێتییەکانەوە کار دەکات خۆی دەنوێنێت، بۆ ئەوەی ببیتە پسپۆڕ دەبێت بچیتە زانکۆ، بۆچی؟ چونکە زانکۆ شوێنی درووستکردنی پسپۆڕە. بەڵام ئایا لای ئێمە زانکۆ ئەمڕۆ ئەم ڕۆڵە دەگێڕێت؟ بەدڵنیایی نەخێر، چونکە دژە کلتورین زانکۆ لە شوێنی تەعەقول و عەقڵاندنەوە بووەتە شوێنێک بۆ ئیجحاف و دەرخکردنی مەلزەمەی مامۆستا یەکشەوەکانی، بوەتە شوێنێک بۆ بڕوانامەبازی وبڕوانامە فرۆرشتن. ڕۆژانە ڕیکلامی زانکۆکان بۆ خوێندن دەبینین لە چ ئاستێکی نزم و ناجۆردان. ئەم لەشکرە لە مامۆستا و ئاکادیمیسیان ناتوانن سەرەتاییترین کێشە ژیاریەکانی وەک کارەبا، ئاو، عەدالەت و کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان چارەسەر بکەن. دیارە لە ئەساسەوە زانکۆ نەهاتووە بۆیە ئەمانە وا دەستەوسانن، دەنا ماقولە مەجلیسێکی خوێن خۆشکردن و مارەبەجاش و حەل و عەقدی کۆمەڵایەتی کوێرە دێیەک لە بەشی کۆمەڵناسی زانکۆیەک ئاوەدانتر و پڕکارتر و کاریگەرتر بێت؟ مرۆڤ شەرم دایدەگرێت ئەو هەموو زبڵەی بەناوی ڕیسێرچ و توێژینەوە و تێزی زاستی بەپارە و بۆ پارە بڵاو دەکرێنەوە، بەڵام چارەسەری کێشەیەکی بنەڕەتی کۆمەڵگەیەکیان پێ ناکرێت!
کلتوور ئەمڕۆ داخوازی پسپۆڕێتییە، ئاکادیمیسیان و پسپۆڕ عەوداڵی کاغەزێکی بێ ئەرزشی وەک بڕوانەمە نییە بۆ ئەوەی مووچەی مۆڵ و چەوری پێ وەرگرێت، ئەو کەسێکی کارزانە بەشوێن چارەسەری کێشەکانەوەیە. بێرتراند ڕەسل لە وەسفی زانکۆ و ئاکادیمیسیان و پسپۆڕیدا دەیوت:
گەر پەروەردەی زانکۆ لای دەسەڵات گرنگە، پێویستە تێچووی خوێندکاری بەتوانا و چالاک لە ئەستۆ بگرێت. نابێت کەسانێک لە زانکۆ و کۆلێژەکان وەربگیرێن کە خاوەنی توانای تایبەتی نین. پێویستە بە چەند تاقیکردنەوەیەکی قوورسدا ببرێن، کە دەرکەوت توانای شیاویان نییە بۆ تەواوکردن و خوێندنی زانکۆ ڕێگەیان پێنەدرێت بەردەوام بن لە زانکۆدا، ئەمەش لەپێناو ئەوەی زانکۆ نەبێت بە شوێنی بەسەربردنی کات و تەمبەڵی.
پێویستە ئاکادیمیسیان و مامۆستای زانکۆ خۆی سەرقاڵ بکات بەتوێژینەوە، ھەمیشە خۆی وەک خوێندکار ببینێت. کەسانی لەش قوورس و تەمبەڵ بۆ مامۆستایەتی زانکۆ شیاو نین. پێویستە سیستمی زانکۆ وادابنرێت کە چەند ساڵ جارێک ماوەی سالێک پشوو بدرێتە مامۆستای زانکۆ تاکوو ئەزموونی وڵاتانی دەرەوە بکات. گەر ئەمانە نەکرێن زانکۆ دەبێتە شوێنی کات بەسەربردن. [1]