ناونیشان: ئایا دڵسۆزی بێمەرج بۆ یاسا هەمیشە ئەخلاقییە؟
نووسەر: د. #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #05-05-2023#
=KTML_Bold=ئەو کاتەی جەللاد خۆی قوربانی سیستم و یاسایە.=KTML_End=
زوڵم و فەساد تەنیا سوڵتە و زاڵمان سەرڕێی ناخەن بەڵکوو ئەو چینە لە ڕەشۆک و مەدەنی و ئەفەندی و نووسەر و ڕۆژنامەنووس سەرڕێی دەخەن دەکەن کە هەوڵدەدەن لەپێناو مشتێک پارە و ماڵی دونیا، ئافەرینێکی سەرۆک و ڕابەری سیاسی ڕووی زوڵم و فەساد و زاڵم جوان بکەن و لە کۆمەڵگەدا ئاساییان دەکەنەوە. ئایا بکوژەکان هەمیشە جانی و سایکۆپات و جەللاد و دڵڕەق و بێ بەزەیی و داخ لەدڵن؟ ئایا گونجاوە کەسی بکوژ دڵسۆز و بەسۆز و بەبەزەیی و بەئیخلاس بێت؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ بکوژ وەک فەرمانبەر بکرێت کە کوشتن وەک ئەرک و فەرمانبەرداری دەبینێت و ناتوانێت لێی لابدات؟
ئادۆڵف ئایشمان بەڕێوەبەری کاروباری جووەکان بوو لە دەوڵەتە نازییەکەی هیتلەردا. لەسەروبەندی جەنگی دووەمی جیهانیدا ئایشمان فەرمانی بە سووتاندنی هەزارن جوو کردبوو لە فڕنە سووتێنەرەکاندا. پاش شکانی نازییەکان و دۆڕاندنی جەنگەکە، ئایشمان توانی لەگەڵ ژنەکەی خۆی بگەیەنێتە ئەرژەنتین و ڕزگاری ببێت. لە سەردەمی حکومەتەکەی دەیڤید بن گۆریۆندا مۆساد توانییان بینا#سنە#وە و لە هەوڵێکی سەرکەوتودا توانییان دەستگیری بکەن و بیگەڕێننەوە ئیسرائیل.
خانمە فەیلەسووفی دژە ستەمکاری هانا ئارێنت خۆی بەڕەگەز جووە یەکێک بوو لەوکەسانەی لەلایەن گۆڤاری نیۆرکەرەوە وەک نێردەی گۆڤارەکە نێردرایە ئیسرائیل بۆ ئەوەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئایشماندا بکات و ئامادەی دانیشتنی دادگاییکردنەکەی بێت تا دواتر ئەوەی ڕوودەدات لەو دادگاییەدا لەشێوەی زنجیرەیەک ڕاپۆرتدا بینێرێتەوە بۆ گۆڤارەکە. ئارێنت دواتر هەموو ئەوەی لە ئایشمانی دیبوو یان بیستبوو لە دووتوێی پەڕتووکێکدا بەناوی ئایشمان لە ئۆرشەلیم، ڕێپۆرتێک لەسەر مەسەلەی شەڕ (Eichmann in Jerusalem) بڵاوکردەوە.
لەسەرەتادا ئارێنت فڕاندنی ئایشمانی لە ئەرژەنتین بەکارێکی نایاسایی لەلایەن مۆسادەوە وەسف دەکات. ئارێنت پێی وایە دەیڤید بن گۆریۆن توانیوێتی مێشکی دادوەری دادگاکە: گیدۆن هاوزنەر هاک بکات و مەسەلەی دادگاییکردنی ئایشمان لە دادگاییەکی عادیلانەی تاوانبارێکەوە بۆ دەرخستنی حەقیقەت بگۆڕێت بە دادگاییکردنێکی سیاسیی بە مەبەستی گەورەکردن و جەختکردنەوە لەوەی کە لە هۆڵۆکۆستدا دژ بە جووەکان ڕووی دابوو نەک دادگاییکردنی تاوانبارێک بۆ جەختکردنەوە لەوەی ئەنجامیداوە تا ئەوەی وابکات حەقیقەت دەربکەوێت. ئارێنت پێی وابوو ئەم دادگاییکردنە دادگاییکردنێکی سیاسییە بە ئیمتیاز نەوەک یاسایی، ئەم بەسیاسی کردنەی بن گۆریۆن کارێک دەکات حەقیقەت ون ببێت. ئەم قسانە کارێکیان کردن ئەنجوومەنی باڵای جووەکان لە ئیسرائیل تەکفیری ئارێنت بکەن و بە لادەر لە دینی دابنێن.
ئارێنت لە سەرەتای پەڕتووکەدا دەڵێت: سەرەتا پێش ئەوەی بیبینم بیرم دەکردەوە ئەم جەلادە خوێنمژەی کە هەزاران کەسی لە نزیکەکانی من بەزیندوویی سووتاندووە دەبێت چەندە ترسناک و مەترسیدار بێت! بەڵام کە دیم تەواو پێچەوانەی ئەوەبوو کە سەبارەت بە ئایشمان بیرم لێکردبوویەوە، چاوم بە دەموچاوێکی پاک کەوت کە بەرائەتی لێدەباری، هیچ لە جەللاد نەدەچوو. هیچ جۆرە ڕق و کینە و خوێنێک یان ئارەزوویەکم بۆ خوێن لە ڕوخساری ئایشماندا نەدەدی. لێرەدا ڕستە بەناوبانگەکەی دەنووسێت و دەڵێت: ئەوەی فەساد دەکات بەتەنیا فاسدەکان نین، بەڵکوو ئەو خەڵکە ئاساییەن کە ماکیاژی فەساد دەکەن و وەک ئەرکێکی ئەخلاقی لە بەجێگەیاندنی یاسا نائەخلاقییەکانی فەرمانبەرداری زاڵم و فاسد دەڕوانن.
ئایشمان لە دادگا باوەڕی وابوو کە ئەو وەک مەجبوور بووە فەرمان بکات جووەکان بسووتێندرێن، چونکە بە گوێرە تیۆریا ئەخلاقییەکەی ئیمانوێڵ کانت جوڵاوەتەوە، تیۆریای فەرمانی ڕەها categorical imperative. ئەم تیۆریایە دەڵێت: بە گوێرەی ئەو فەرمانانە بجوڵێرەوە کە پێت دەکرێن، بەشێوەیەک هەوڵی جێکەوتکردنیان بدە وەک ئەوەی یاسایەکی گەردوونی بن و تۆ موکەلەف بیت بە جێبەجێ کردنیان. ئایشمان بۆچوونی وابوو دەبێت ئەو یاسایانەی کە دەوڵەتەکەی هیتلەر دەیداتێ لە حوکمی یاسای گەردوونیدان و ئەم دەبێت بە ئیخلاس و دڵسۆزییەوە بەبێ کەموکوورتی جێبەجێیان بکات تا ئەوەی کەسی سەرووی هەرەمەکە کە خودی هیتلەر بوو و هەرخۆشی یاساکانی دەردەکد لەم کارمەندە دڵسۆزەی ڕازیبێت و چەپڵەی بۆ لێبدات. یاسا پەرەستی بە جۆرێک ئایشمانی تەوق دابوو نەیدەتوانی هاوار و ناڵەی هەزاران ژن و پیر و و منداڵی بێتاوان ببیستێت کە بەزیندوویی دەکران بە فڕنەکانی مرۆڤ سووتاندندا. ڕازیکردنی مەرجەع و سەرۆکی وەک ئەرکێکی ئەخلاقی دەبینی، بۆیە بەدڵسۆزی ڕۆژانە فەرمانی سووتاندنی هەزاران جووی دەردەکرد. وەک عەرەب دەڵێت لە ڕۆژی ڕژانی خوێنی حسێندا باسی بێ نوێژی خوێنی مێشوولەی دەکرد گەر بە جلەوە بێت.
ئارێنت بۆچوونی وایە ئایشمان بە هەڵە لەو تێوریایەی کانت گەیشتووە و جێبەجێی کردووە، کانت بۆچوونی وایە ڕۆحی یاساکان و سەرچاوەکانیان دەبت ویژدانی خودی مرۆڤەکە بێت نەوەک کەسێک لەدەرەوەی مرۆڤ بێت و یاسای بۆ دابڕێژێت و ئەمیش وەک ئەرکی و یاسایی گەردوونی چاویان لێبکات و جێبەجێیان بکات. بەگوێرەی تیۆریاکەی کانت هەموو مرۆڤێک ویژدانی خۆی دەبێت چاودێر و سەرچاوەی دەرکردنی یاسا بێت. تاوانەکانی ئایشمان لەوێوە سەرچاوەی دەگرت کە ویژدانی خۆی لەبەرژەوەندی هێزەێکی دەرەکی وەک هیتلەر کوژاندبوویەوە، تەنیا هیتلەری بە شیاوی ئەوە دەزانی یاساکان دەربکات و کەسیش بۆی نەبێت ملەجەڕێ لە جێبەجێکردنیاندا بکات. هەر بۆیە هەموو هەوڵێکی دڵسۆزانە کارکردن بوو بەو یاسایانەی هیتلەر دەریدەکردن ئەگەر چی دژە مرۆڤ و نائەخلاقیش بوونایە.
ئارێنت دەڵێت: لە دادگاییکردنەکەیدا هیچ نیشانەیەکم لە کین و ڕق و نەفرەتی پێشوەختەم لە قسەکردن و هەڵسوکەوت و چاوەکانی ئایشماندا بەدی نەدەکرد دژ بە جووەکان، کە پرسیاریشم لێکرد ئەو هیچ ڕقێکی پێشوەختەی بۆ جووەکان نەبوو، تەنیا باسی لەوە دەکرد وەک فەرمانبەرێکی دڵسۆز و موخلیس و گوێرایەڵ بۆ یاسا کارەکانی خۆی بەوپەڕی جیدییەتەوە ئەنجام داوە. بۆ ئەم مەبەستەش ئەو هەڵە تێگەیشتنەی لە تیۆریاکەی کانت کردبوویە مەرجەعێک بۆخۆی، کاتێک کە ویژدانی ختوکە و ئازاری دەدا لەوەی ئەم هەموو کوشتارە بۆچی، خێرا نووزەکەی نێو ویژدانی سەرکوت دەکرد و وەک مەرجەعێک دەگەڕایەوە بۆ تیۆریا کانتییەکە و دەیوت من لەڕووی ئەخلاقییەوە پابەندی یاساییم هەیە بۆ یاساکانی هیتلەر، نائەخلاقییە لێیان لا بدەم.
ئارێنت دەڵێت: ئایشمان هەرگیز نەیتوانیبوو بەبێ مەرجەع و سەرۆک و سەرکردەیەک ژیان بکات، پێش چوونە نێو پارتی کرێکاریی سۆسیالیستی ئایشمان گوتبووی لەهەر پارتێک ڕێگام بدەن ئامادەم ئەرک و فەرمانبەرداری بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەجێبهێنم. ژیانی بێ سەرکردە و سەرۆک بۆ ئایشمان ژیانێکی سەخت و دژوار بوو. نەیدەتوانی بەبێ سەرۆکێک بژی. شکانی نازییەکان لە 8ی مایسی 1945 وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە ژیانی ئایشماندا چونکە تێگەیشت ئیدی بەبێ ئەندامێتی لە حیزبێکی دیاریکراو و بەبێ بوونی سەرکردەیەک دەبێت بەردەوامی بە ژیان بدات، ئەمە نەکردەترین جۆری ژیان بو بۆ ئایشمان.
ئارێنت دەڵێت: زۆر بە سانایی دەتوانیت ناتوانایی و لاوازی ئایشمانت لە شێواز و کڵێەشەی قسەکانییدا بۆدەرکەوێت. هەر ئەمەشە وادەکات نەتوانێت بە بێ بوونی سەرکردەیەک بجوڵێتەوە، ئایشمان خۆی ناتواێت بیر باتەوە، پێویستی بە سەرکردەیەکە بیری بۆ بکاتەوە و فەرمانی پێبکات تا ئەمش بێ چەندوچون بەوپەڕی دڵسۆزییەوە جێبەجێیان بکات. بەبڕوای ئارێنت فەرمانەکانی ئایشمان دژی جووەکان پێش ئەوەی هەڵقوڵاوی ناخێکی پیس و ڕقێکی پێشوەختەی ئایشمان بێت لە جووەکان، هەڵقوڵاوی دڵسۆزییەکی کوێرانە و ئیخڵاسێکی بێ چەندوچون و وەفادارییەکی بێ پرسیار و نائەخلاقییە بۆ سەرکردە و سەرۆک مەرجەع و سیستم.
ئایشمان دەڵێت: پاش شکستی ئەڵمانیا ئیدی تێگەیشتم دەبێت ژیانێکی سەختی بێ سەکردە و بێ حیزب دەستپێبکەم، دڵنیابووم ئەمە بۆ من زۆر مەحاڵ و دژوار دەبێت چونکە ئیدی کەس فەرمان دەرناکات تا من جێبەجێی بکەم، هیچ حیزبێک نییە من بتوانم لەژێر یاسا و ڕێساکانییدا مانا بە ژیانم بدەم. ژیانی من بەبێ ئەم دیسپلین و یاسا حیزبیانە تەواو بێمانا دێنە پێش چاو. بە گوتەی ئارێنت، ئایشمان وەک ئاستی خوێندەواری نەیتوانیبوو قۆناغی ئامادەیی تەواو بکات، هەر بۆیە کاتێک لە دادگای ئۆرشەلیم باسەکە دەهاتە سەر بڕوانامە و تەواوکردنی خوێندن لە خەجاڵەتیدا ئایشمان سوور هەڵدەگەڕا، ئەم لاوازییەی ئایشمان چاڵێکی ڕەش بوو کە ئایشمان هەستی بە بچوکی خۆی دەکرد تێیدا و نەیدەویست قسەی لەسەر بکات. لەگەڵ ئەمەشدا پارادۆکسەکە ئەوەبوو ئایشمان مرۆڤێکی لاف و گەزاف باز بوو، ئەو دەیویست وەک تاوانبارێکی جەنگ لەسێداە بدرێت و ناوبانگی دەنگ بداتەوە بە دونیادا نەوەک بە بێ ناو و نیشان لە زیندانێکدا بەردەوامی بە ژیان بدات.
حکومەتی ئیسرائیل شەش دەروون پزیشکی ناردە لای ئایشمان بۆ ئەوەی بزانن ئەم تاوانبارە هیچ نەخۆشییەکی دەروونی هەیە یاخود نا، ڕاپۆرتی کۆتایی پزیشکەکان ئەوەبوو کە ئایشمان هیچ جۆرە نەخۆشییەکی دەروونی نییە. لێرەدا هانا ئارێنت زۆر بە دەقیقی دەڵێت: بەڵێ ڕووداوەکانی هاوشێوەی هۆڵۆکۆست مەرج نییە تەنیا مرۆڤە نەخۆش و سایکۆپات و دەروون بیمارەکان بیانخوڵقێنن، دەشێت ئەم تراژیدیایانە لەڕێگای ئەرک و فەرمانبەرداری بۆ ئاغا و سەرۆک و مەرجەعەوە ئاساییترین و بێوەیترین و بەوەفاترین مرۆڤەکانی کۆمەڵگەی وەک ئایشمان لەڕێگای ئاساییترین ئەنگێزەی ئایدۆلۆژییەوە بیانخوڵقێنن. بۆ ڕژاندنی خوێن و خوڵقاندنی تراژیدیا هەمیشە پیاوکوژ و مرۆڤی توندڕە و پێویست نین، زۆرجار ئاساییترین مرۆڤەکانی وەک ئایشمان لەڕێگای ئاساییکردنەوەی زوڵم و فەرمانبەردای بۆ حاکمی زاڵمەوە دەتوانن خوێناویترین تراژیدیا درووستبکەن.
=KTML_Bold=لە کۆتاییدا ئارێنت دەنووسێت:=KTML_End=
سەرباری هەموو ئەو بەڵگانەی کە دادگا لە دژی ئایشمان خستبوویە ڕوو بەڵام هیچ کەس لە ئامادەبوان ئایشمانی وەک دێو و خوێنڕێژێک تەماشا نەدەکرد، بەڵکوو ئەو وەک کۆیلە و بوکەڵە و قوربانییەکی بێ ئیختیاری دەستی یاسا و سیستم و سەرۆک دەردەکەوت، هەر ئەمە وایکردبوو سەرەڕای هەموو ئەو خوێنڕێژییە دادگا نەتوانێت بە ئاسانی بڕیای کۆتایی بدات.
ئایشمانەکانی وڵاتی خۆمان لەوەدا زۆر لە ئایشمانەکەی هیتلەر زەبوونترو داماوترن کە لەناو سیستمێکی تۆکمەی وەک ئەوەی هیتلەریشدا کار ناکەن، مەرجەع و سیستم و سەرۆک هیچ ڕێزێکیان نییە بۆیان وەک فەرمانبەر، یاسایەکی دیاریکراو نییە ئەمان بیلێسنەوە و بیپەرەستن، ئاییندەیان ڕوون نییە، هەر ڕۆژە و لەسەر وەتەری سەرۆکێک یاری دەکەن، سەرۆک خۆشی هەر ڕۆژەی بە میزاجێک یاسا دەردەکات تەماشای شەڕێکی میزاجی وەک هەشت ساڵەی نێوان خومەیینی و سەدام یا شەڕی هەشتا ساڵەی ناوخۆی خۆمان و سی هەزار قوربانی بکە.ُ ئایشمانەکان لێرە نانەسکی کاریان پێ دەکەن و هەندێ جاریش تێر سکی خۆشیان نان ناخۆن. لە کۆتاییدا بەهۆی نەبوونی سیستمێکەوە زۆرینەیان سەرۆک خۆی تەسفییەیان دەکات نەوەک نەیارەکان، ئەویش بەهۆی نەبوونی سیستمێکی ئایدۆلۆژی تۆکمە تا ڕایانبگرێت. لە هەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە هیچ شتێک نییە پاڵیان پێوە بنێ یاساکانی سەرۆک جێبەجێبکەن وەک ئەوەی ئایشمان تیۆریاکەی کانتی بەکاردەهێنا وەک هەواگۆڕکێی ویژدانی، ئەمانهەمیشە لە ئازاری ویژداندا دەژین و وەک کەسێکی شیزۆفرێنی هاوئاهەنگی نێوان ناوەوە و دەرەوەی خۆیان بۆ ناکرێت، ئەمەش گەورەترین مەترسییە بۆ سەر خودی سەرۆکەکان و هەڕەمە سوڵتەوییەکانیان، زۆرینەی کات ئەم مەترسییە دژی خۆیان سەرڕێ دەکەوێتەوە و وەک لافاوێکی وێڵ خۆیان ڕادەماڵێت. [1]