ناونیشان: لە شەڕی نێوان دایک و باوکتدا بێ تەرەف بە دەنا...!
نووسەر: د. #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #08-05-2023#
لە شەڕی نێوان دایک و باوکتدا بێ تەرەف بە دەنا...!
فارسەکان دەڵێن ژن و مێرد شەڕ دەکەن بەڵام تەنیا گەمژەکان باوەڕیان پێ دەکەن (زن و شوهر دعوا کنند ابلهان باور کنند) . شانۆنووسی فەرەنسی ساشا گویتری دەڵێت: (ژن و مێر دوو ڕوی یەک دراون، هەرگیز پێک ناگەن و ڕووی یەک نابینن، بەڵا قەتیش بێ یەک هەڵناکەن) .
دۆستێک گێڕایەوە وتی باوک و دایکم دەنگیان لێک بەرزکردەوە، منیش سەنگەرم لە تەرەفی دایک و لە دژی باوکم لێدا، چونکە پێم وابوو باوکم زوڵم لە دایکم دەکات، پێم وابوو نائەخلاقییە گەر تەرەفی دایکم لە دژی باوکم بەهێز نەکەم. کە زانی لەم شەڕەدا کە لە دژی دایکم بەرپای کردووە دۆڕاوە و کەس لە سەنگەرەکەی ئەودا بەرگری ناکات، باوکم دەستێکی خستە سەر شانم و پێی وتم وەرە با حیکمەتێکت لە ژیان فێرکەم: هەرگیز لە شەڕی ئێمەدا تەرەف مەبە، چونکە ئێمە هەردووکمان کە ساردبووینەوە و تینمان بۆهات بە خشکەیی دەچێنە ئەو ژوورەی دیکە و بە دزی تۆوە زۆر ئاسان پێک دێینەوە وەک ئەوەی نە بامان دیبێت نە بۆران، دواتر ئەوەی بۆ تۆ دەمێنێتەوە تەنیا ....
سیاسەت و جووڵانەوەی سیاسی بەدەر لە ئاسانکردنی ژیان و هونەرەکانی بەڕێوەبردنی، هەشتا ساڵی ڕەبەقە لەم وڵاتەی ئێمەدا بە میتۆدی تۆران و ئاشتبوونەوەی ژن و مێردایەتی دەکرێت.
بەگوێرەی گێڕانەوەکانی دیداری تەمەنی سەڵاح ڕەشید کە لەگەڵ #مام جەلال# کردوێتی نێوانی قاسم و مەلامستەفا لەسەر کێشەیەکی بچوکی خێزانی ئاغاواتەکان تێکدەچێت کە مەلا مستەفا ڕازی نابێت بە ڕادەستکردنەوەی یەکێکیان لەسەر تاوانێکی کوشتن، دواتر باجی تێکچوونەکە خەڵک بە ماڵوێرانبوون دەیدات. شەڕی ناوخۆیی نەوەدەکان لەسەر ڕیزێک دوکان لە قەڵادزە و شەڕی بزووتنەوە و یەکێتی لەسەر قازێک هەڵدەگیرسێن، دیارە ئەمانە هەمووی تڕەکەڵەک و بیانووی بچوکی نێوان دوو کەسی وەک ژن و مێردن بۆ پێکنەهاتن و هەڵگیرساندنی شەڕە دەنوک نەک دوو تەوژمی سیاسی کە بیانەوێت دەوڵەت بۆ گەلێکی بێ دەوڵەت درووستبکەن وەک ئەوەی ئیدیعای دەکەن.
لە نموونەی کۆتا تێکچوونی ژن و مێردانە بیرمە نێوان گۆڕان و پارتی لەسەر نەخواردنەوەی دیژلەمەیەک لە گردەکە بە جۆرێک تێک چوو پارتی تێیدا ڕێکخەری گشتی گۆڕانی کردە تیرۆرست و تۆپخانە ڕەحمەتییەکەش قسووری نەدەکرد لەشکاندنی ئێسکی خودی سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێم، بەڵام دواتر وەک بەسەرهاتی دۆستەکەی من هەموویان ڕۆیشتنەوە ژوورە تاریکەکە و پێک هاتنەوە و وتیان خەتای ئێمە نەبووە، ئەوەی بۆ تەرەفەکان مایەوە تەنیا...... بوو. تەرەف نەدەبوو مەنجەڵی لە کورە داختر بێت.
وا دیسان ئەمڕۆ جارێکی دیکە هەندێک تەنیا پیاوخراپییەکەیان بۆ مایەوە، زیاتر لەشەش مانگە تەرەفەکان ئەوەی شتی ناشیرین و نائەخلاقییە پەیتاپەیتا بەیەکیدا دەڵێن، کار لە شکاندنی ئێسکدا نەماوە خەریکە مۆخی ئێسکی یەکتریش دەکرۆژن و حەیا و حورمەتی یەکتر کالدۆژە دەکەن، بەڵام دیسان دووبارە تۆران کۆتایهات و موغازەلە و دڵداری دەستی پێ کردەوە بەبێ ئەوەی بزانین لەسەرچی تۆرابوون و بۆچی دڵداری دەستی پێ کردەوە!
گەر نەچم لێم زویر دەبێ، وەقتێ دەچم مەنعم دەکا
سەیری کە بێ مروەتە چیم لێ دەکا و چیم پێ دەکا
تۆران و ئاشتبوونەوە و پاشانیش موغازەلەکردنەوە وەک نێوانی دوو کەس یان دوو بەرەی کۆمەڵایەتی نەک هەر ئاساییە بگرە سوونەتی ژیانیشن، چونکە تەرەفەکان نایشارنەوە کە لەسەر بەرژەوەندی کەسی لێک تۆراو و دوڕدۆنگن، ئەوەی نائاساییە شەڕکردن و تەرەفداری و خۆناشیرینکردن و خۆکردن بە سوورەی بەرلەشکری داوایەکە کە دوو لایەن هاتوون دەڵێن شەڕی تۆ و مافەکانی تۆ دەکەن، بەڵام دواتر بێ پرسکردن بە تۆ و جێبەجێکردنی مافەکانی تۆ هاوشێوەی ئاشتبوونەوە کۆمەڵایەتییەکەی ژن و مێردەکە پێک دێنەوە. ئەوە هەشتا ساڵە چوار نەوەی دوای یەکە ئێمە لە هەمان بازنەی شەڕ و ئاشتی، تۆران و ئاشتبوونەوەی ئەم جمکەدا دەسوڕێندرێینەوە بەبێ ئەوەی جارێک پرسیارێکمان کردبێت ڕێسانەوەی ئەم خەڕەکە پیرەژنانەیە چی لەژیانی ئێمە دەگۆڕێت! ئایا دەشێت سیاسەت و ژیانی گشتی هاوشێوەی سیاسەتی نێوان ژن و مێردێک ئیدارە بدرێت؟ ئایا دەوڵەت بە ستراتیژ و ڕوانینی ژن و مێردێکی حولحولی چێ دەبێت؟
فەرەنسییەکان پەندێکیان هەیە دەڵێت: کاتێک ژن و مێرد یەکتریان خۆشدەوێت هەردووکیان پێکەوە تەماشای ئاڕاستەیەک یان ئامانجێک دەکەن، بەڵام کاتێک ڕقیان لەیەکە و لێک زیزن زەق زەق تەماشای یەکتر دەکەن٭٭٭، کتومت ئەم پەندە کۆمەڵایەتییە لەسەر ژن و مێرد بۆ سیاسەتی سەد ساڵی ڕابردووی ئێمە ڕاستە، سەدەیەکە سیاسییەکانی ئێمە نەیانتوانیوە وەک کەپڵێکی تەبا پێکەوە تەماشای ستراتیژ و داهاتوویەک بۆ خەڵک نا، تەنانەت بۆ خۆشیان بکەن، ئەوان هەمیشە نێزەی نیگا ڕقاوی وعاتیفییەکانیان و لەسەر یەکتر بووە بۆ گرتنی زۆرترین هەڵەی یەکتر و ئابڕووبردنی یەکتر.
تۆ کە وەک جۆکەر هاتوویت شەو تا بەیانی شەڕێکی بەوەکالەتی بێ جەدوا بۆ دوو دەمی تیژی یەک مقەست دەکەیت کە لە بنەڕەتەوە بۆ ئەوە هاتوون تا بەندی دڵی هیوا و ئاوات و داخ و کەف و کوڵ و ئەنەرژییە پەنگخواردووەکانی تۆ بە یارییەکی منداڵانەی لێک زویر بوون و پاشان ئاشتبوونەوەیان ببڕن، ئیدی پێم ناڵێیت گلەییکردنت لە چەرخ و دەوران و خودا و دین و فەڵەک چ مانایەک دەدات؟ بۆچی گلەیی لە بەختی خۆت دەکەیت بەڵام هەرگیز لە ژیری و هۆشیاری خۆت نا؟ لەم دۆخەدا چۆن ڕوت دێ بڵێیت بەریتانیا و فەرەنسا ڕقیان لە ئێمە بوو بۆیە دەوڵەتیان بۆ درووستنەکردین! یان بێیت بڵێیت ئیمپریالیزمی ڕۆژاوایی خیانەتی لێکردین و دابەشی کردین بەسەر چوار دەوڵەتدا؟ لەلایەکی دیکەشەوە ئەم زڕ باوکانە وەک باوکی دۆستەکەی من نەک هەر دەستیان نەدەخستە سەرشانمان تا فێری حیکمەتی ژیانمان بکەن و بڵێن لە شەڕی ئێمەدا ئێوە بێلایەن بمێننەوە چونکە هەر پێک دێینەوە، بەڵکوو خۆیان چەک و باروتی شەڕی بەوەکالتی تەرەفداریی ویست و بەرژەوەندییەکانیان بۆ ساز و ئامادە دەکردین.
شتە عەنتیکەکە ئەوەیە کە چۆنە دوای هەشتاساڵ لە تۆران و ئاشتبوونەوە هێشتا ئەوەندە هۆشیار نین کە بزانین ژیان ڕۆمانێکی تۆڵستۆی نییە تا لە مێشکی ئەواندا شەڕ بێت و دڵی ئێمە بۆ ئاشتی نێوانیان لێبدات؟ ئایا هەشتا ساڵ بەس نییە بۆ ئەوەی فێر بووبین فرمێسک بۆ گریانێک نەڕژین کە تراژیدیاکەی هی ئێمە نییە، لە ڕیزێکدا سێ پێیی سەرچۆپی نەگرین کە ڕیزی ئێمە و شایی ئێمە نییە، چەتر بۆ بارانێک هەڵنەدەین کە لەجوگرافیاکەی ژیانی ئێمدا نابارێت، ڕەشماڵ لە دژی تاوێک چێ نەکەین کە تینەکەی لە ئێمە نادات؟ [1]