ناونیشان: لە کوێ بۆ ئەخلاق بگەڕێین؟
نووسەر: د. #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #16-05-2023#
کێشمەکێشە سیاسییەکان هەمیشە و بە بێ دوودڵی بەرگی دینی یا قەبەلییان قەومییان بەبەردا دەکرێت بۆ ئەوەی سەرکردەکان شوێنکەوتوانیان ئامادە بکەن خۆیان بەکوشت بدەن بۆیان، ئەمانیش کە دەکوژرێن وا هەستدەکەن لەپێناو ئەو مەبادیئانەدا کوژراون - ئیبن خەلدوون.
دینداریی مرۆڤی کورد ئەمڕۆ تووشی قەیرانی نامۆبوون هاتووە بەدەست فەقیهانی حەرام و حەڵاڵ و پۆلیسەکانی شوناسی دینییەوە لەلایەک و چەپ و دژەدینی تەحریفکەر لەلایەکی دیکەوە. دین بە پێچەوانەی ئێران و تورکیا تا چەند دەیەی ڕابردوو بۆ کورد زیاتر دەلالەتێکی کولتووری-ئیمانی هەبووە تا ئەوەی ڕقێکی سیاسی-سایکۆلۆژی یا چێژێکی نۆستالژیکی وەک ئەوەی لە ئێران و تورکیادا هەیە دنەی بدات. لێرە نە وەک ویلایەتە فیقهییەکەی ئێران دین بەئاگر و ئاسن حوکم دەکات تا دژە دین بەو شێوەیە لێرە پێیدا هەڵشاخێن و هەموو ناتەواییەکانی کۆمەڵگەی وەک عەلاگە پێدا هەڵواسن، نە وەک تورکیا کەمالیستییەکەی جارانیش قەدەخە کراوە تا ئیسلامییەکان بەو جۆرە کە نامۆیە بەڕۆحی دین و ئیمانی دینی بێن چێژی زیندووکردنەوەی شوناسەکەی هێندە چاویان سوور بکات تا هەموو دەرەوەی خۆیان بە بێئەخلاق و دژە خودا و دوژمن بزانن.
دینداری و بێ دینی تا ئەو شوێنە دەشێت بێ کێشە بن بۆ کۆمەڵگە کە زیانیان بۆ ژیانی گشتی نابێت و لە یاسا گشتییەکانی ئەخلاق لانادەن، هەر ئەوەندەی لە یاسا گشتییە ئەخلاقیەکان لایاندا هەردوو بەرەکە لەبری هەتوان دەبنە کێم و جەراعەت بۆ برینێک کە سی ساڵە ئەنەرژی و وزە لە کۆمەڵگەی ئێمە دەکوژێت. بە حوکمی ئەوەی خۆم کەسێکی دیندارم، خۆم بە بەرپرسیارتر دەزانم بەرانبەر کەموکوورتی و نوقسانییەکانی ئەو بەرەیەی کە پێی وایە دەتوانێت لەڕێگای دین و شوناسەکەیەوە دونیا و قیامەت و ژیانی هەمیشەیی ئێمە ڕزگار بکات. ئەوەی وادەکات کۆمەڵگەیەک سەنتەر لەدەستنەدات لە هەمووبارێکدا، زەقکردنەوەی شوناسی دینی یان بێدینی نییە، بەڵکوو مەنزومەیەکی ئەخلاقی مرۆڤسەنتەر و دژە ستەمکارییە. ئەخلاق مەنزومەیەکی ویژدانی-عەقڵانییە، تاکە قیبلەنومایە تا ئەم کەشتییەی ژیان بتوانێت ڕێگای لێهەڵەنەبێت لە گەشتەکەیدا و خۆی بپارێزێت لەوەی بکەوێتە دەست چەتەکانی شوناسی دینی لەلایەک و دەغدەغە ئایدۆلۆژیەکانی دژەدینەکانەوە.
لە سادەترن بێوەیترین پێناسەیدا ئەخلاق واتە ڕیعایەتی ئەدەبی مەقام. ئەخلاقی فەقیر سەبرە، هیی دەوڵەمەند شوکرە، بۆڵەبۆڵ و مەغرور بوون لەو دوو حاڵەتەدا ئەوپەڕی نا ئەخلاقییە. ئەخلاقی دەوڵەت و پیاوی دەوڵەت عەدالەتە ئەخلاقی چینی دەستەبژێر و خەڵکیش بەگشتی بەگژداچوونەوەی ناعەدالەتییە، نەبوونی عەدالەت و بەگژدانەچوونەوەی زوڵم بێئەخلاقییەک تەمام عەییارە بۆ سەرەونی دەوڵەت و نوخبەی دەسەبژێر.
ئەخلاقی ڕێزگرتن لە قورئان و هەر پەڕتووکێکی دیکەی ئاسمانی ماچکردن و کەڵەکەکردنی نییە لەسەر ڕەفەی مردوو و بەرزکردنەوەی نییە لە بەردەم جەماوەر بۆ بەدەستهێنان و کڕینی وەلائیان، کارکردنە کرۆکەکەی کە بنەماکانی عەدل و ئیحسان و پشتگیرییکردن لە مەزڵوم جا مەزڵومەکە هەر ناو و نیشان و شوناسێکی هەبێ، نائەخلاقی مامەڵە دەکات کەسێک بیهەوێت بە ماچێک و دوان و هەنێ فرمێسکی تیمساحی و مل لارکردنەوە خۆی قوتاربکات لە مەسئولیەتی خوێندنەوە و خۆ دزینەوە لە بەرپرسیارییەتیی عەدالەت و پشتگیریی نەکردن لە مەزڵوم وچوونە بەرەی زاڵم بە بیانووی ئەوەی زاڵمەکە شوناسەکەی لە شوناسی ەو نزیکە و مەزڵومەکەش شوناسی ئەوی نییە.
ئەخلاقی ئینسانیی و نەتەوەیی و دینی و سەرکردایەتیی هەر تاکێکیش هەڵوێستی گونجاوە لە کاتی گونجاودا، تۆ ئەمڕۆ لەبەر شوناسێکی موزەیەف کە هاوبەشیت لەگەڵی هەیە نەتوانیت بە فاشیست و زاڵمێک و منداڵکوژێکی وەک ئاردۆگان بڵێی سەری چاوت برۆیە، ئیتر هەزار ساڵ باس لە زاڵمێتی سەدام و قەزافی و حەجاج و مۆسۆلۆنی و ئەسەد و هیتلەر و ئامریکا بکەیت کەس بە دینارێک لێتی نایکڕێت، چونکە تۆ هاتویت ئەخلاق ڕێژەیی دەکەیت، پێت وایە گەر شوناسەکەی تۆ پیاو بکوژێ جیهادە و گەر غەیری شوناسەکەی تۆ کوشی قەتڵە. لەسەر بنەمای وەلاء و بەڕائی شوناسی ئەخلاقت دابەش کردووە بۆ دووبەرەو بە دووتەرازووی جیاواز دەیکێشیت. ئەوپەڕی نائەخلاقیی و فاشیستیانە مامەڵەت کردووە کاتێک خۆت بە ڕۆحانی و گەوەرە مشوورخۆری قیامەتی خەڵک بزانیت، لەسەرێکەوە خۆت بە باوکی بێ باوکان و نەوای بێ نەوایانی جۆرە شوناسێک بزانیت، لەسەرێکی دیکەوە پشتگیری لەزاڵمێک بکەیت کە منداڵی دەرەوەی شوناسەکەی تۆ بێ باوک دەکات دەنگ و نەوای ئازادیخوازانی گەڕەکەکەی ئەودیو گەڕەکەکەی تۆ کپ و بێدەنگ دەکات. لەم دۆخەدا نەک هەر پشتگیریکردن بەڵکوو بێ تەرەفیی و بێ لایەنیش لوتکەی بێ ئەخلاقی و فاشیستییە، کاتێک دەنگی قەدەحی سەر سفرەی سوڵتانی سەڵتەنەتێکی جائیر وابکات تۆ هاوار و ناڵەی مەزڵومێک نەبیستیت تەنیا لەبەر ئەوەی سەر بە ناسنامەو شوناسەکەی تۆ نییە، ئیدی ئەو شوناسە دینییەی تۆ نەک قیامەت بەڵکوو بەکەڵکی خراپترین جۆری ژیانی دونیاش نایەت.
شتێکی سەیرە ئەمڕۆ بەشی زۆری پیاوانی ئایینی و خاوەن قەناعەتە دینییەکان کەمینەیەکیان بە قیمەت و زۆرینەیان بە هیممەت بێدەنگ و بێلایەنن لە مەسەلەیەکی ئەخلاقی و ئینسانی وەک ئەوەی ئەم ڕۆژانە دەیانبینین دەگوزەرێن. لەکاتێکدا مامۆستا و دانەری مەزهەبەکەیان ئیمامی شافیعی لەبەرانبەر زاڵمی سەدەمی خۆیدا کە نازناوی خەلیفەشی هەبووە هاوار دەکات و دەڵێت: (همتي همَّة ُ الملوکِ، ونفسي نَفْسُ حُرٍّ تَرَى الْمَذَلَّة َ کُفْرَا) . ئەمە جگە لەوەی هەریەک لە ئەبوحەنیفە، ئەحمەد، مالیک، ئەوزاعی، حەلاج، جونەید و سەدان سەرمەشقی تریان زیاد لە نیوەی تەمەنیان لە زیندانەکانی خەلیفەدا بەسەربردووە و تەنازولیان بۆ مشتێ ماڵی دونیا نەکردووە. هەر ئەوە نا پێغەمبەر د.خ پێش بوون بە پێغەمبەر لە پەیمانێکدا بەشداری دەکات بە ناوی پەیمانی فزوڵحلف الفضول بۆ پشتگیریی کردنی مەزڵوم و دژ وەستانەوە بەرانبەر زاڵم بە بێ ئەوەی باس لە شوناس زاڵم و مەزڵوم بکرێ بڕیار ەدات دژی زاڵم بێت ئەگەرچی لە قەبیلە و ماڵباتەکەی خۆشی بێت.
ئەوەی مرۆڤ دەهێڵێتەوە تا بەرگەی زەمەن بگرێت ئەخلاق و هەڵوێستە نەوەک بێلایەنی، پیاوانی دینی ئێمە بەتەمای چین؟ [1]