ناونیشانی بابەت: میدیای پۆپۆلیست و کۆمەڵگە
ئامادەکردن: #سۆزان سەعید#
ئەگەر ئێمە هەر ماوەی جارێک لە خۆمان بپرسین میدیا چییە و ئەرکی میدیا و میدیاکاران چین، بێگومان هەوڵێکی درووست و پێویستمان داوە بۆ تێڕامانی زیاتر له و کاریگەییانەی کە دەشێت میدیا هەیبێت و نییەتی، یان بە زمانێکی دیکە هەڵوێستەیەکە له و کاریگەرییانەی کە میدیا نابێ بیبێت بەڵام هەیەتی. سەردەمی ئێستەی ئێمە سەردەمی میدیایە، واتە سەردەمی وێنە و وێنە بزۆک و پڕ ئاڵاوواڵاکانە، سەردەمێکە وەکوو بیرمەند و کۆمەڵناسی فەرەنسیی “ژان بۆدریار” دەڵێت سەردەمی ئەو وێنانەن کە واقیع دەنوێننەوە نەک وەک خۆی بەڵکوو وەکوو وێنە و شتێکی وێناکراو. خودی ئەم پڕۆسەیە دەتوانێت جۆرە پەیوەنییەک لەنێوان بەردەنگانی میدیا یان بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگە ( کە ئێستە هەر تاکێک بە شێوەیەک لە شێوەکان لە جۆرێک میدیا یان تۆڕی کۆمەڵایەتی وەکوو فەیسبووک، تویتەر، ئینستاگرام، تیکتۆک، تیلیگرام و یان ئەپە جۆراوجۆرەکانی دیکە بەکار دێنن) درووست بکات کە ئاسایی و تەندرووست نییە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گواستنەوەی ڕووداوەکان یان ئەو شتەی ئێمە وەکوو واقیع و بابەتی ڕیال ناسیومانە بە درووستی و لە دەروازە حەقیقییەکەی خۆی نەیەتە ژوورەوە و ئێمە نەزانین هۆکاری سەرەکی یان بنی ڕووداوێک چییە و تەنیا بە وێنە و ئەو نمایشانەی جەستە و ئەکتەرچێتی وابزانین ئەم ڕووکەش و ڕووکارە جەوهەر و ڕووی ڕاستەقینەی ڕووداوەکەیە.
بۆیە ئێمە دەتوانین بەوردی و هەستیارییەوە ئاگادار بین و بزانین کە بەهۆی میدیاوە پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ واقیع و ڕاستییەکان دەتوانرێت بە ئاسانترین شێوە نەک داببڕێت، بەڵکوو ببێت بە پەیوەندییەکی چەوت و خواروخێچ. لە هاتنە ئارای ئەم حاڵەتە سامناکەدا دوو ئاڕاستە و ڕێڕەوی میدیایی ڕۆڵ دەگێڕن. یەکەم کاتێک کە میدیا وەکوو بژاردەکەرێک بەپێی خواست و ئامانجە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایدۆلۆژی و حیزبییەکانی خۆی دەجووڵێتەوە و لە بنەمادا ئەو بەشە لە ڕاستیی ڕووداوێک دەگوازێتەوە کە ئامانج و مەبەستەکەی خۆی بپێکێت بۆ نموونە شەڕێک لە جوگرافیایەکی بچووکدا ڕوو دەدات، میدیایەک دێت و لەباتی هۆکاری شەڕەکە باسی شێوازی شەڕەکە دەکات و بەم شێوەیە بە ئێمە دەڵێت ئەو لە باتی گەیاندنی هەواڵ بە شێوەی ڕاستەقینە و درووست، ڕۆڵی زڕە کۆمەڵناسێکی گێڕاوە کە بە وێنە و دەق یان بە وێنە و پێشکەشکارێکەوە لەگەڵ کۆمەڵگە پەیوەندی گرتووە، لە حاڵێکدا ئەمە ئیشی میدیا بە مانا گشتییەکەی یان میدیا گشتییەکان نییە، میدیا بۆی نییە لە گواستنەوەی هەواڵی ڕووداوێک دەست بکات بە شیکاریی سادە و سووک و ڕۆڵی پسپۆڕ یان کۆمەڵناس و…بگێڕێت، بەڵکوو میدیا لەم پڕۆسەیەدا زیاتر ڕۆڵی پرد و چاودێڕێکی وردبین ئەگێڕێت کە لە هەمانکاتدا هەڵگری ویژدان و ڕاستبێژی و تەواوبێژییە پاش ئەوە دەتوانێت لە بەرنامە یان مێزگردێکی پسپۆڕانەدا و بە ئامادەیی چەند پسپۆڕ و شارەزا لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم ڕووداوە هەڵسەنگێنیت، لەدەرەوەی ئەمە بێت تەنیا فەوزا و بشێویی زەینی و دەروونی لە ناو کۆمەڵگەدا بڵاو دەکاتەوە.
واتە لەم ئاڕاستەیەدا ئێمە مەعریفە یان زانیاریمان نادرێتێ بەڵکوو لە پڕۆسەیەکی هەواڵسازیی چەوت و مەعریفەسازیی درۆینەدا نغرۆ دەبین و ئەگەر تێڕوانینی ڕەخنەگرانە و ڕوانگەی پرسیارئامێزمان نەبێت ئەوا ئیتر ئێمە بەردەنگ و بینەر و گوێگر نین بەڵکوو بەشێک لە میدیاکە یان ئەندام و هۆگرێکی گوێ لەمشت و گوێقوڵاخی میدیاکەین. ئاڕاستەی دووەم کاتێکە کە میدیا مەبەستی نییە هیچ پەیوەندییەکی ئەرێنی لەگەڵ کۆمەڵگە هەبێت بۆیە ئەوەی دەیکات تەنیا بۆ بەدەستهێنانی هەندێ ئامانجی تاکەکەسیی (ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و…) ە و لە ڕاستیدا ئەمەیان هەرگیز به و شێوە نیوەچڵەی ئاڕاستەی یەکەمیش لە ڕووداوەکان نزیک نابێتەوە، بەڵکوو ئەمانە ڕووداوی ناڕاست درووست دەکەن، بەپێی ئەوەش هەواڵ درووست دەکەن. دیارە لێرەدا من ئەم دوو ئاڕاستە نەرێنی و نێگەتیڤەم لە ڕۆڵی میدیا هێناوەتەوە و به و مانایە نییە کە میدیا ناتوانێت ڕۆڵ و دەوری باشی لە وشیارکردنەوە و ڕۆشنبیری و کولتوورسازیدا هەبێت، بەڵکوو من لێرە خەسارناسانە سەیری کاریگەریی و کایە نەرێنییەکانی میدیا دەکەم.
میدیای کوردی بەدەر نییە له و دوو ئاڕاستە گشتییە، ئەگەر فاکتۆری کایەی سیاسیی و دوالیزمی حیزبی و کۆمەڵایەتیشی بخرێتە سەر ، تێدەگەین لەگەڵ دۆخێکی مەترسیداردا ڕووبەڕووین و ڕۆژبەڕۆژ و هەنگاوبەهەنگاو ئێمە له و شتەی کە مەبەستی میدیا بووە واتە وشیارسازیی و ئاگادارکردنەوە و زانیاریی بەخشی بە هەموو مرۆڤایەتی بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی تەندرووست و دادپەروەرانە و ئازاد، مەودا دەگرین و دەکەوینە ناو ڕایەڵە و لایبێرنێتییەکی فانتازیایی و شێتکەرەوە، ڕەنگە بەشێوەیەک ئەم پڕۆسەیە پراکتیزە بکرێت ئێمە تەنانەت نەزانین و سڕکراوتر لەوە بین کە تێبگەین لە ناو داڵانێکی ڕەنگاڵەیی و شووشەبەندا بە دەست کۆمەڵێک وڕێنە و وێنە گیرمان خواردووە و وەکوو ئەمری واقیع قبووڵمان کردووە. ئەم فەزا ناتەندرووست و ناستانداردە پەیوەندیی میدیا و کۆمەلگا بەرەو ئاقارێک دەبات کە وشیاریی و ئاستی تەحەمول و پشوودرێژیی تاکەکان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، ئێمە پەیوەست بەم باسەوە دەشیت کۆمەڵێک پرسیار گەڵاڵە بکەین. میدیاکانی ئێمە چەندە لە بڵاوکردنەوەی بەرنامە و بابەتە کولتووری و ڕۆشنبیرییە جدییەکاندا هەوڵیان داوە؟ واتە ژمارەی ئەو بەرنامە و بابەتە چەند و چۆنە؟ بۆچی بابەت و تەوەری شوناسسازی و نەتەوەسازیی لە بەرنامەی زۆرێک لەم میدیایانە، تەنانەت میدیا بەئەزموون و لەپێشینەکانیشدا خراوەتە پەراوێزەوە؟ چەند میدیای ئازاد و تەنانەت حیزبی لە باشووری کوردستان دۆزی کورد وەکوو دۆزێکی گشتیی و لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دەبینن و دەیخوێننەوە و لە جوگرافیای باشووری کوردستاندا کوورتی ناکەنەوە؟ چەند بەرنامە و میزگردی جدی لەبارەی دۆخی ژنان و جێندەر و هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە جیهانی ژن و به ئەمڕۆییکردنی پەیوەندی ژن و کۆمەڵ، زانست و مەعریفە بەرهەم دەهێنن؟ ئێمە تەنیا بەسە چاوێک بخشێنین بە میدیاکاندا و لەسەر یەک پرسیاری وەکوو ئەمەی خوارەوە هەڵوێستە بکەین: ساڵانە ئەم هەموو کەسە لە زانکۆکاندا لە پلەی زانستی جۆراوجۆردا خوێندن تەواو دەکەن و تەخەڕوج دەکەن جگە لە ڕووماڵی ڕێوڕەسمێکی ڕازاوە و مەکیجاکراو نامەی خوێندنی کام یەک لەوانە (وەکوو بژاردە) هێنراوەتە سەر شاشە و باسێکی لەسەر کراوە؟
نابێ ئەم پرسیار و قسانە بە حوکمێکی ڕەها وەربگیرێت چونکە هیج شتێک ڕەها نییە و دیارە مەبەستی من دۆخی زاڵ و حاڵەتی زۆرینەیە.
وەکوو لە سەرەوە تیشکم خستە سەری ئێمە لە ڕؤژگاری واقیعی میدیاییدا دەژین، سەرباری ئەوەی خودی ئەم قۆناغە لە مێژووی مرۆڤایەتی و شارستانییەتدا قۆناغێکی ئەفسوناوی و گۆڕانساز بووە لە هەموو ڕوویەکەوە، بەڵام دۆخێکی ناچارەکیش بووە کە بە چاک و خراپییەوە لە دڵی تەکنەلۆجیا و مۆدێڕنیزمەوە هاتووەتە دەرێ، بەڵام ئێمە وەکوو وڵاتانی پێشنەکەوتوو و قەیراناوی بە تایبەتی جوگرافیایەکی وەکوو کوردستان و نەتەوەیەکی وەکوو کورد، میدیا لە فۆرمێکی زۆر قەیراناویدا بۆمان بەرجەستە بووەتەوە، لە سەردەمی شاخەوە لە ڕێگەی وێستگەیەکی ڕادیۆییەوە جەماوەر و خەڵک وشیاریی کوردانە و نەتەوەییان وەردەگرت و بگرە کارکردن و چالاکیی له و سەردەمەدا هەڵگری ڕەسەنایەتی و ئاڕاستەیەکی تەندرووستتر و پڕ پیت و پاراوتر بووبێت، کەچی ئێستە بەم هەموو کەناڵ و میدیایانەوە زۆربەی هەواڵەکان لەبارەی بابەتە ڕۆژانەییە بێ کاریگەر و ناوەرۆکەکانن وەکوو ئەوەی فڵان هونەرمەندی شووی کرد! یان لە هاوسەرەکەی جیا بوویەوە و لەبارەی جیابوونەوەکەیەوە وتوویەتی نۆ کۆمێنت! یان بەرجەستەکردنی هەندێک بابەت و کێشە کە زیاتر لە ناو ململانێیەکی بەرتەسکی حیزبیدا مانا وەردەگرێت وەکوو قیرتاونەکردنی ڕێگای فڵان شوێن بۆ فیسار شوێن کە ئەم حیزبە نەیتوانیوە ئەنجامی بدات و ئەوەی دیکەیان توانیویەتی! یان فڵان بەرپرس ڤیلای هەیە لە ئەمەریکا و ئەوی دیکە لە تورکیا هەیەتی! و زۆر شتی دیکە.
ڕەنگە هەر کام لەم سەردێڕ و تەوەرانە بشێت هەڵوێستەی لەسەر بکرێت و بەدواداچوونی بۆ بکرێت بەڵام نەک لە ناو کایەیەکی میدیایی کە ئامانجی ململانێی حیزبی (لاواز پیشاندانی لایەنی بەرامبەر، تیرۆری کەسایەتییەکانی ئەم لا یان ئەو لا، بەرهەمهێنانی زانیاریی درۆ بە زمانێکی میکیاجکراوی بێ ناوەرۆک و…) یان کۆ کردنەوەی لایک و کۆمێنت و مەبەستی بازرگانیی لە پشتەوە بێت، میدیایەک کە ئەم بنەما و خەسار و تێبینیانە لەبەر جاو نەگرێت بێگومان لە درێژماوەدا خۆیشی شکست دێنیت چون نازانێت لە ناو چ وتارێکی سیستەماتیک و دیاریکراودا ئیش دەکات و درەنگ یان زوو دژوازی و لێکدژیی بابەت و تەوەر و قسەکانی بۆ بەردەنگ و خوێنەر و بینەر کەشف دەبێت هەر بۆیە بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕووبەڕووی پەرچەکرداری تووندی ئەوان دەبێتەوە، ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو هەموو جوێندانه (کە بێگومان کارێکی پەسەندنەکراوە) لە کۆمێنتی بەشێکی زۆر لە پەیجەکانی فەیسبووک ئەوە بێت کە باسم کرد، ئەوان بە ڕادەیەک بەردەنگیان تووڕە و عەسەبی کردووە کە بایی ئەو کاتەی دایدەنێن بۆ بابەتە بێ ناوەرۆکەکانیان بەردەنگ لە زهنی خۆیدا ئەو بە فیڕۆچوونەی کاتەکەی لە ڕێگەی جنێودانەوە قەرەبوو دەکاتەوە و ئەگەریش لە ڕووی دەروونناسییەوە چاوی لێ بکەین ئەمە ڕەنگە تێبینی و ڕەخنە هەڵبگرێت، بەڵام پەرچەکردارێکی ئاساییە بۆ ئەو دۆخ و جۆرە کایەیە.
بۆیە میدیا پۆپۆلیستییەکانیش واتە ئەو میدیایانەی بابەتی ناگرنگ و ڕۆژانەی زەرد و نابەرهەمهێن وەکوو ئەو نموونانەی سەرەوە کە باسم کرد بڵاو دەکەنەوە تا قۆناغێک دەتوانن خەڵک و بەردەنگ فریو بدەن و بەرەو لای خۆیان ڕایانبکێشن و لە درێژماوەدا بەرەبەرە تووشی پەرچەکرداری تووندئاژۆ و جنێو دەبنەوە، لە ئاوەها هاوکێشەیەکدا ڕەنگە هێندەی میدیا خۆی کاریگەر و پاڵنەری بەرهەمهێنانی جنێو و تووندئاژۆییە ئەو کەسەی کە جنێوەکە دەدات بەرپرس و تاوانبار نەبێت. [1]