ناونیشانی بابەت: چارەنووسی بودجە لەنێوان نیگەرانیی گەورەکان و بێباکیی بچووکەکاندا
ئامادەکردن: #ئەیوب سابیر گەڵاڵی#
دوای ڕووخانی ڕژێمی ئێراق لە نیسانی 2003 تاوەکوو ئێستا، سازان و ڕێککەوتنی لایەنەکان بووەتە پرسێکی حەتمی و بگرە یەکێک لە پێداویستییە سەرەکی و سەرەتاییەکان بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی سیاسی لە ئێراقدا، تەنیا سازان و ڕێککەوتن بووە کە توانیویەتی کۆتایی بە سەرجەم ئەو جیاوازی و ناکۆکییانە بهێنێت کە لەنێوان جەمسەرە سیاسییە سەرەکییەکانی وڵات (عەرەبی شیعە و کورد و عەرەبی سوننە) هەن و لە زۆر ڕووەوەش توانیویەتی پرسە سیاسییە ئاڵۆز و هەڵپسێردراوەکان لە وڵاتێکدا کە زیاتر لە ساڵەهای ساڵە سەقامگیریی سیاسیی بەخۆیەوە نەبینیوە - تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت - بەرەو پێشەوە بچێت.
ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی ئیتیحادی لە 25-5-2023 لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی لە پەڕڵەمانی ئێراقدا بەرانبەر بە مافە ڕەواکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون، لە بنەڕەتدا گۆڕانکاریی نادەستووری و نایاسایی قبووڵنەکراون، هەروەها وێڕای دژایەتیکردنی ئاشکرای حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی ئێراقە، هاوکات سەرپێچییەکی حاشاهەڵنەگرە لەگەڵ ئەو بنەمایانەی کە ڕێککەوتنەکە (هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت) لەسەری بنیات نراوە و پێچەوانەی ناوەرۆکی ئەو بەرنامە و پرۆگرامە وەزارییەشە کە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر داوە.
هەر بۆیە ئەم هەنگاوە نادادپەروەرییەکی ئاشکرایە و پێشێلکارییەکی ڕوونی مافە ڕەواکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە و بە هیچ شێوەیەک هەرێمی کوردستان پابەندی هیچ بڕیارێکی لەم جۆرە نابێت کە لەدەرەوەی چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ حکوومەتی بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی واژۆ کراوە، هەروەک لە بەیاننامەکەی حکوومەتی هەرێم لە 26-5-2023دا هاتووە. دیارە ئەو گۆڕانکارییانەی لە ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵیدا کراون، بەتایبەتی لە هەردوو مادەکانی 13 و 14 کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ماف و شایستە داراییە ڕەواکانی هەرێمی کوردستان دەبێت کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 4ی نیسانی ڕابردوو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراق و حکوومەتی هەرێمەوە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و هاوکات لە ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیدا جێگیر کرابوون، نەک تەنیا لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە، بەڵکوو لەلایەن سەرجەم هاووڵاتییانی کوردستانیشەوە ڕەت دەکرێتەوە.
بەڕێز #مەسرور بارزانی# سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە داوای پەلەکردن و هەنگاونانی زیاتر بەرەو پێشڤەچونی پەسەندکردنی بودجەی گشتیی فیدراڵیی کرد، هاوکات بەڕێزیان جەختی لە پێویستی ڕێزگرتن لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەنجامنەدانی هیچ گۆڕانکاری یان دەستکاریکردنێک لە پڕۆژەکەدا لەدەرەوەی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە و لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا کردووەتەوە، ئەوەشی دووپات کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان تەواوی ئەرکە دەستووری و یاسایییەکانی جێبەجێ کردووە، بۆیە لەبەرانبەردا پێویستە حکوومەتی فیدراڵی ئەوەی لەسەریەتی جێبەجێی بکات و ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی ئێراق مسۆگەر بکات.
لەم سۆنگەیەوە و سەبارەت بە و ڕێککەوتنەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر پڕۆژەیاسی بودجەی فیدراڵی، هەندێک بە ڕێککەوتنی خەمخۆرانەی گەورەکان ناویان بردووە، کەچی بەداخەوە بچووکەکان دەیانەوێت لەباری ببەن، بەو پێیەی لێکتێگهیشتنی پێشوەختە لەنێوان هەردوو لادا هەبووە و بابەتی بودجە بنەمایەکە لەنەگۆڕە نیشتمانییەکان بۆ پاراستنی یەکێتیی وڵات و سەقامگیریی سیاسی و مافی هاووڵاتییان لە هەموو ئێراقدا بەبێ جیاوازی. هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی، هەموو کاتێک ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو پابەندبوونانەی کە لەسەریەتی، بەڵام ئەوەی ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەگوزەرێت لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری و دەستکاریکردنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتی کە پێشوەختە سەرجەم لایەنەکان لەسەری ڕێک کەوتوون، ئاماژەیەکی ترسناکی نییەت و هەوڵی خراپەکارین بۆ درووستکردنی درزێک لە پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی کە بە شێوەیەکی بەهێز و تۆکمە لەلایەن کورد و سەرکردەکانییەوە پاڵپشتیی لێ دەکرێت.
سەرکردەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە حکوومەتی ئێراقی فیدراڵییان پێکهێناوە، دەبێ زۆر بە وریایی و ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەنگاوە مەترسیدارە بکەن کە هەندێک هەوڵی بۆ دەدەن، هەروەها پێویستە لەسەریان سۆزی کورد بۆ خۆیان ڕابکێشن نەک پێچەوانەکەی، چونکە - نەخوازەڵا - لە ئەگەری هەر ڕووداو و گۆڕانکارییەک لە سەرەتادا کاریگەریی لەسەر خودی خۆیان دەبێت بەر لە هەر کەس و لایەنێکی دیکەو، ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە پڕۆسەی سیاسی لە ئێراقدا لە بیست ساڵی ڕابردوودا بەبێ پشتیووانی و هاوکاریی کورد، بە هیج جۆرێک سەرکەوتن بەخۆیەوە نابینێت. [1]