ناونیشانی بابەت: لە شەقراوێ لۆ نەمسای / بەشی دوانزەیەم
نووسینی: #ڕزگار خۆشناو#
ئەمن گەیشتبوومە سنفی سێی مەعهەدی مۆسیقای، ساری 1974 بوو، یەکیەتیی قوتابیانی #کوردستان# کە عایدی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە بەغدایێ و مقەڕیان لە ژێرزەمینەکی بوو لە مەنتیقەی وەزیرییەی و زۆر لە مەعهەدی مەش دوور نەبوو، تەکلیفیان لێ کردم، کۆڕسەک و فڕقەکی مۆسیقایان لۆ دانێم! ئەمنیش تانیم کۆرسەکی پێک بینم کە 18 کەس بوون 15 گەنج (7 کوڕ و 8 کیژ) لەگەر 3 منداران، کاک (بروسک نوری شاوێس)یشمان لەگەر بوو، فڕقەی مۆزیقاش نۆ کەس بوون لەگەر ئەو فڕقەی حەفلەی (18 شوبات)مان کرد بە مناسەبەتی تەئسیسی یەکیەتیی قوتابیانی کوردستان، کە لە قاعەی موستەنسڕییەی کرا لە بەغدایێ و خەرکەکی زۆر هاتبوون.
دوایێش (یەکەمین فێستیڤاڵی مۆسیقا و گۆرانیی کوردی) لە بەغدایێ دەکرێ و ئەمەش بەو فڕقەی ئیشتیڕاکەکەین. حەفتەی یەک دوو جار تەمریننەکرد و گەلەک بەجۆش و گەرم بووین. کۆڕسەکە پێشتر گۆرانییان نەگۆتبوو قەت کۆڕسیش نەبووینە، بەران ئەمن زۆر ڕام لێبوون. هەر لە حەفلەی تەلەبەی لە هەژدەی شوباتی بووە هەرا و بەزم، خەرکی ناو قاعەی بە هەموو دەنگیان هاواریان دەکرد: (#کەرکووک# شاری کوردانە - با لێی دەرچێ بێگانە) یا (بژی کورد و کوردستان - #مەلا مستەفای بارزان#) زۆر شیعاریتکەش، خەرک زۆر بەغیرەت بوون و ناترسان!
هەر لە دوو ئەو حەفلەش، یەکەمین میهرەجانی مۆسیقا و گۆرانیی کوردی لە قاعەی خولد لە بەغدایێ دەستی پێکرد. گڕووپ لە هەموو شارەکانی کوردستان هاتبوون، قاعەکەش پڕی کورد بوو، ئەوڕۆژی زانیم، چەند کورد لەو بەغدایەیەخینی و چەند عائیلەی کوردیشی لێژی! نەک هەر ئەوانەی لەگەر فڕقەکانی مۆسیقای کە لە هەولێرێ و سولەیمانی و دهۆکێ هاتبوون، جلکی کوردیان لەبەر کردبوو، بەرکوو زۆربەی ئەو خەرکەی لۆ میهرەجانەکەش هاتبوون!
چەند گۆرانیبژەکی مەشهووری کورد لە ئیستگەی کوردی بەغدایێش مشارەکەیان کرد وەک ڕەحمەتی ڕەسور گەردی و محەمەد عارف جەزراوی و عیسا بەرواری یادیان بەخێر. کاک (خەلیل وەندی)یش* لەگەر بوو، کە ئەمن گۆرانییەکی تازەم لۆ تەلحین کردبوو بە ناوی (نامەکەت گەیی)، لەگەر فڕقەی هەولێرێی تەقدیم کرد. گۆرانیبژییمە کوڕەکی کەرکووکی بوو گۆرانیی (توخوا فاتم دە واز بێنە)ی گۆت و دەنگی هەتا برێی خۆش بوو لۆیێ جائیزەی سێیەمی میهرەجانەکەیان دا فرقەی مە.
ئەو میهرەجانە ئاگری شۆڕشەکی بوو، چونکە هێشتا میهرەجانەکە تەواو نەبوو حەملەی بەرەو شاخ ڕۆیشتن و بوون بە پێشمەرگە دەستی پێکرد و زۆربەی تەلەبە کوردەکان خیندن و بەغدایان بەجێ هێشت و لەوانە ڕەنجبەری برام و زۆر برادەر و ناسیاوی دکە! ئەمنیش گەڕامەوە شەقراوێ، بەو نیازەی بچمە ڕێزی پێشمەرگەی، بەران داکم لێنەگەڕا گۆتی سێ برات ڕۆیشتینە ئەگەر شەهیدیش بوون یەکەک هەر بمینێ! ناچار چوومۆ بەغدایێ و دەستم بە دەوامی خۆم کرد، بەران بەغدا بە نەوعەک گۆڕابوو، بەغدای پێشتر نەبوو! تەلەبەی کورد کەم ببوون، وەکوو کوردەکی، حست دەکرد مڕاقەبەت دەکەن و دەبایە حیسابی ئەوەی بکەی هەر لەحزەک ئەمن بێ و بتگری!
لەبەرەوەی لە مقەڕی یەکیەتیی قوتابیانی کوردستان، لەو ژێرزەمینەی تەمرینمان لێکرد، هەندەک شتی شەخسیم لەوێ لەبیر کردبوو، ڕۆژەکی چوومە جێیەکەی، کە گەیشتمە پێش مقەڕەکەی، دیتم دوو ئەمن لە پێش دەرکەی ڕاوەستاینە /باش بوو لە دەرێ ڕاوەستابوون، خۆ ئەگەر لە خواڕێ ڕاوەستابان، ئەوە بێ سێ و دوو هەر بچووبامە ژۆرێ دەیانگرتم!/ ئەمنیش خۆم مشەوەش نەکرد و هەر یەکسەر سوئالی مارەکم لێ کردن و گۆتیان نازانین و ئەو جارەش خوا قورتاری کردم!
ئەو ساری ئەمن لە ئوتێلی (سامان)ی دەنووستم کە بە ئوتێلی کوردان مەشهوور بوو، هەندەک جار درەنگی شەوان شوڕتە و ئەمن دەهاتن لۆ (تەحقیق هەوییات)ی، جارەک درەنگی شەوێ بوو لە حەفلەکی دەگەڕامەوە، هەر لەسەر قادرمان ئەمنەک گۆتی هەویەکەت! ئەمنیش عوودەکەم پیشان داو گۆتم ئەوە هەویەکەمە! بەران بەو هەویەی قەناعەتی نەینا و هەتا هەویەی مەعهەدیم پیشان نەدا ئێخەی بەرنەدام! ئەمنەکان ئەیانزانی کێندەر نیسکان دەینی و ئەو دوو ئوتێلانەیان مستەمڕ تەفتیش دەکرد! لە ئوتێل (سامان)یی ژۆر هەبوو 6-7، 5 یا 4 یاتاغی تێدابوو، غورفەکەی ئەمنی لێ دەنووستم، جێی پێنج شەش کەسی دەبوو، زۆر جار بەتەنێ بووم هەندەک جاریش پڕ دەبوو، لە هەمووشی خراتر ئەوەبوو، وەختی خەرک سەعات دوو سێی سبەینێ دەهاتنە ئوتێلی.
* خەلیل موڕاد وەندی، ئەو وەختی عومری لە من نزیک بوو، لە بەغدایێ دەژیا و لە برادەرە نزیکەکانم بوو، دەنگی زۆر خۆش بوو سێ لەحنم لۆ دانا (نامەکەت گەیی)، (ئەرێ هەی داد و بێ داد)، (وەرە وەرە پێشەوە) دووی ئاخیری لە ئێستگەی کوردی بەغدایێ تەسجیل کرا.
*(ئەربیل و سامان) دوو ئوتێلی مەشهور بوون لە بەغدایێ، ساححێبەکەشیان کوردەکی شەقراوێ بوو، یەکەمیان هەندەک گرانتر بوو، ئەو کوردانەی بڕەک ئیمکانیەتیان باشتر بوو دەهاتنە وێ و فەقیرەکانی وەکی منیش دەچوونە (سامان)ی.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!