زۆر جار گوێمان لەو باسە بووە، هەر مرۆڤێکی بەتەمەن شەوانە پێویستی بە 7-9 کاتژمێر خەو هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا خەوی باش بە خەوێک دەگوترێ کە خەوی قووڵ و ئارام بێت، بەو مانایەی زووزوو ڕانەچڵەکی و بەئارامی خەوی لێ بکەوێت و جۆری خەوەکەی باش بێت.
پزیشکان ئاشکرای دەکەن: ئەو کەسانەی خەویان قوورسە، مێشکیان بەراورد بەو کەسانەی بەدخەون، یاخود خەویان سووکە چالاکترە، هەروەها ئەو کەسانەی بە قووڵی دەخەون، مێتابۆلیسم، واتە گۆڕانی کیمیایی مەوادی خۆراکی لەناو لەشیاندا زیاد دەکات.
پزیشکان لە توێژینەوەیەکی دیکەدا بۆیان دەرکەوت، خەوی قووڵ و قوورس بۆ مێشک و بیر و زەینیش باشە و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر مێشک هەیە، مێشکی هەر مرۆڤێک بە شێوەی سرووشتی لە هەوڵی ئەوە دایە، شەوانە لە کاتی خەودا مرۆڤ کەمتر گوێی لە سریوە و دەنگەکان بێت و بە باشترین شێوە هەلی بۆ دەڕەخسێنێت، کە خەوێکی قووڵ و ئارامی هەبێت و کاتێک مرۆڤ بەم شێوەیە خەوی لێ دەکەوێت، خوێنی زیاتر بە ماسوولکەکانی دەگات و وزەی پێویست بۆ جەستەی دەستەبەر دەبێت و خانەکانی جەستەی مرۆڤ نوێ دەبنەوە. [1]