ناونیشانی بابەت: پەیماننامەی زەهاو
ئامادەکردن: #عارف باوەجانی#
ئەمڕۆ 384 ساڵ بە سەر پەیماننامەی قەسری شیرین (زەهاو) تێپەڕ دەبێت، لەو مێژووەدا جارێکی دیکە کوردستان پارچە کرا.
هەر کام لەو هاوپەیمانییە دێرینانەی ناوچەکە دەخوێنینەوە، ڕاشکاوانە دەردەکەوێ کە بەشی زۆری ناوەرۆکی ڕێکەوتنامەکان، لەسەر دابەشکردنی خاکی کوردستان، لەنێوان ئەوانەدا بووە کوردستانیان داگیرکردووە. نموونەی ڕوون پەیماننامەکانی نێوان دەوڵەتانی سەفەویی و عوسمانین. بۆ یەکەم جار لە ڕۆژی 17 مای 1639، بە پێی پەیماننامە بە سەودا و مامەڵەی خاکی کوردستان، کۆتایی بە شەڕی دێرینی زیاد لە150ساڵەی نێوان خۆیان هێنا. شەڕ ناکۆکییەکانی نێوان سەفەوی و عوسمانی لە شەڕی چاڵدێرانەوە لە ساڵی 1514 تا ساڵی 1639 زیاتر لەسەر خاکی کوردستان بووە و بە زیانی خەڵکی کورد و نیشتمانی کوردستان کۆتایی پێهاتووە.
=KTML_Bold=قەسری شیرین کام شوێنی کوردستانە؟=KTML_End=
قەسری شیرین واتە ‘ کۆشکی شییرن’ یەکێکە لە شارە دێرین و مێژووییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەر بە پاڕێزگای #کرماشان#ە. هەڵکەوتەی سنووری داسەپاوی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی نیشتمانە. قەسری شیرین دەستە خوشکی #خانەقین#ی باشووری نیشتمانە؛ زۆر جاران هەر بۆ ( قەسر) کوورت دەکرێتەوە و دەناسێنرێ؛ لەگەڵ باشووری وڵات و حکوومەتی ئێراقیشدا خاوەنی دوو خاڵی سنووری فەرمیی بە ناوەکانی پەروێزخان و خەسرەوییە. لە زەمانی فەرمانڕەوایی عوسمانی و سەفەویدا قەسری شیرین کاروانسەرای ئەو 2 وڵاتە بوو، هەر بۆیەش یەکێک لە شوێنە دێرینەکانی ئەم شارە بە ناوی کاروانسەرای عەبباسی ناسراوە.
بە پێی پشتڕاستکردنەوەی زۆربەی سەرچاوە مێژووییەکان، ناولێنانی بۆ ئەفسانەی شیرین و فەرهاد دەگەڕێتەوە، کە گوایە کۆشکی شیرین لەو شارە درووسکراوە و فەرهادیش لە تاقۆسان بووە. بە پێێ دوایین سەرژمێری کۆماری ئیسلامی ئێران، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 28000 هەزار کەسن و بە شێوەزاری #سۆران#ی و کەڵهوڕی دەدوێن.
ئایین و پێکهاتەی دانیشووتانی شارەکە، لە پێڕەوانی ئایینزای سوونی و شیعەی ئیسلام و ئایینی یارین (یارسان) . ئەم شارە لە دەستپێکی شەڕی عوسمانی و سەفەوی تا دوا شەڕی ئێران و ئێراق چەندین جار وە بەر پەلاماری داگیرکەران کەوتووە و چەند جارێکیش بە تەواوی وێرانکراوە.
=KTML_Bold=ڕێککەوتننامەی قەسری شیرین، ڕێکەوتننامەی زەهاو.=KTML_End=
دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانی، بۆ یەکەمین جار لە ڕۆژی 17 ئایاری ساڵی 1639 بە پێی ڕێککەوتننامەیەک کۆتاییدان بە جەنگی درێژخایەنی نێوانیان هێنا، کە بۆ ماوەی 150 ساڵ بە شێوەی جۆراوجۆر درێژەی پێدرابوو. ڕاستییەکەی، ئەو شەڕانە لە زۆر سنووری فەرمانڕەوایەتیان، واتە لە جۆرجیا و ئەرمەنستانەوە تا سنوورکانی کوردستان درێژەی هەبوو. سەرەنجام بە گوێڕەی پەیماننامەیەک کە بەشی زۆری خاڵەکانی بۆ دابەشکردنی خاکی کوردستان تەرخان کرابوو، کۆتاییدان بە شەڕی نێوانیان هێنا. ئیمپراتۆریی سەفەوی کە ناوەندی دەسەڵات و بڕیاردانی شاری ئیسفەهان و ئیمپراتوریەتی عوسمانییش ناوەندی دەسەڵات و بڕیاردانی ئەستانە (ئەستەمبۆڵ) بوو.
چەند ساڵ پێش پەیماننامەکە، شەڕەکانیان بە شێوەی هێڕش و پەلامار بۆ داگیرکردنی خاکی ژێر قەڵەمڕەوی یەکدی، زۆر تووندتر و خوێناوی بوو. بۆ نموونە دەوڵەتی عوسمانی ساڵی 1635 هێرشی کردە سەر یەرێڤان-یایتەختی ئێستای ئەرمینیا و لەژێر چنگی سەفەوییەکانی دەرهێنا و لە ساڵی 1638یش هێرشی کردە سەر بەغداو لە شەڕێکی چەند ڕۆژەی خوێناویدا و کە هەزاران سەرباز و خەڵکی سیڤیلی تێدا کوژرا، زۆربەی ناوچەکانی کوردستان و ئێراقیشی خستە ژێر قەڵەمڕەوی خۆییەوە. لەو شەڕەدا سەفەوییەکان زیاتر زیانیان بەرکەوت، بەو هۆیەوە زۆر ناوچەی گرنگیشیان لە دەستدا. ئیتر شاسەفی پاشای دەوڵەتی سەفەوی بۆ بە دەستهێنانەوەی هێندێک ناوچەی گرنگی لە دەست چووی، کە نموونەیان یەرێڤانی ئەرمەنستان بوو. شەڕی ڕاگرت و داوای ئاشتی و ڕێکەوتنی کرد، ئەو ئاشتییەش بە ناسناوی پەیمانی ئاشتی “پەیمانی قەسری شیرین” کە بە “پەیمانی زەهاو”یش دەناسرێت لە مێژوویاندا تۆمارکرا.
بە گشتی پەیماننامەکە لەنێوان هەردوو پاشای ئیمپراتۆرەکە، واتە “سوڵتان مورادی چوارەم”ی عوسمانی و “شا سەفی”ی پادشای دەوڵەتی سەفەوی بوو، لە شاری “سەرپێڵ و زەهاوی” پارێزگای کرماشان لە نزیک قەسری شیرین (لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان) ئەنجام درا. لەو پەیمانە بێخێرەدا، دیسانەوە بەشێکی دیکەی خاکی کوردستان کە لەو سەردەمەدا بە ویلایەتی #شارەزوور# ناسرابوو، واتە بەشی زۆری سنووری ئیستای باشووری وڵاتە، خرایە سەر دەوڵەتی عوسمانی و لە بەرابەریشدا دەوڵەتی عوسمانی شاری یەرێڤانی بۆ ئیمپراتۆری سەفەوی گەڕاندەوە.
=KTML_Bold=ئیتر کەم بڵێن کوردستان داگیرنەکراوە و گوایا تەنیا دابەشکراوە.=KTML_End=
زۆر جار لە کاتی شیکاری ئاکادیمی یا دیالۆگدا، ناڵێم زۆربەی بەڵام بەشێکی کەم لە کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان، پێیانوایە کە خاکی کوردستان بە شێوەی خاکی نەتەوەکانی دیکە داگیرنەکراوە، گوایا دابەشکراوە. بۆ وڵامی ئەو بۆچوونە ڕوونە کە ئەگەر داگیرکەرانی پێشوو! کە لە2 وڵاتی بە سیستەم ئیمپراتۆری داگیرکەرەوە و دواتر زیاترکرا بۆ 4 وڵات، ئەگەر خاکێکیان داگیرنەکردبێت و کۆنترۆڵی تەواویان بە سەردا نەبێت، چۆن لەگەڵ ڕکابەرەکەیاندا بە مامەڵە و سەوداو هاوپەیمانی نێوانیان بە ویستی خۆیان هێلی بۆ دەکێشن و بە سەر خۆیاندا دابەشی دەکەن. کەوابێت هیچ درووست نییە نکۆڵی لە داگیرکراوی ئەو ڕووداوە مێژوویانەدا بکەین.
بە پێی سەرچاوە مێژووییەکانی ئەودوو2 ئیمپراتۆرە تا ساڵی 1918 نزیک بە 20 جۆرە ڕێکەوتن و پەیماننامەیان واژۆ کردووە، کەچی دیسانیشەوە پەلاماری یەکتریان داوە و شەڕی نێوانیان جۆش دراوەتەوە، مخابن بەشی زۆری ئەو شەڕو داگیرکاریانەش خاکی کوردستانی گرتۆتەوە. بۆچوونی وا هەیە کە گوایە بۆ یەکەمین جار لە ڕێکەوتننامەی قەسری شیریندا کوردستان دابەشکراوە، بەڵام داگیرکردن و دابەشکردنی کوردستان لە شەڕی چاڵدرانی 1514وە دەستی پێ کردبوو، لەو پەیماننامەیەدا جارێکی دیکە سنووری دابەشکاری داڕێژراویەوە.
=KTML_Bold=تێبینی:=KTML_End=
لەو بوارەدا باس و ئاماژەی مێژوویی یەکجار زۆرن، بەڵام من مەبەستم بوو، بە کوورتی بە خوێنەران و نەوەی ئێستا بگەیەنم، هەرچەندە لە پەڕتووکی هەنگاوەکان بەرەو سەربەخۆیی زیاتر ئاماژەم پێکردووە. [1]