ناونیشانی بابەت: کوردی باکوور لەنێوان بنبەست و بنبەستدا
ئامادەکردن: #حەبیب ساڵحی#
هەڵبژاردنەکانی تورکیا، پاش ململانێیەکی سەخت و جۆش و خرۆشی جەماوەری و لێدوانی تووند و دەیان نومایشی دیکەی کاتی هەڵبژاردن کەوتە گەڕی دووەم، لە دواجاردا بە پشتگیریی سینان ئوغان لە ئەردۆگان دیسانەوە دەسەڵات کەوتە ژێر دەستی “ئاکەپه” و بۆ بیست ساڵ زیاتر سەرۆککۆمارێتی ئەردۆغانی بەردەوام کرد.
لە ڕاستیدا من نامەوێت لێرەدا بپەرژێمە سەر وردەکاریی هەڵبژاردنەکانی تورکیا، چوون ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی دوو خولی پێشوو و ئەمەشیان، ئەمە بە ئێمە دەڵێن لەم دوو دەیەیەدا نە شەقامی گشتیی تورکیا توانیویەتی ڕای جیاواز و ڕەخنەگرانەی دژی دەسەڵات بە شێوەیەک ئاڕاستە بکات، کە پارسەنگی هێز بگۆڕێت و گۆڕانکاریی درووست بکات و نە کوردەکانیش لە هەڵبژاردەی نێوان خراپ و خراپتر یان دڕندەی گەورەتر و دڕندەی گەورە بژاردەیەکی دیکەیان خرایە بەردەم، #عوسمان بایدەمیر# سەرۆکی پێشووی (2004-2014) شارەوانیی #ئامەد# و پاڕلەمانتاری کورد و سیاسەتمدار لەسەر لیستی هەدەپه، ئێستا لە مەنفایەک کە خۆی هەڵیبژاردووە دەژی، چونکە دەزانێت لە تورکیا بێت چارەنووسی لە #سەڵاحەدین دەمیرتاش# و دەیان ئەندامی دیکەی دیاری “هەدەپه” باشتر نابێت، دەمیرتاش چەندین ساڵە لە زیندان دایە ئەویش بە تاوانی هاوکاریی لەگەڵ تیرۆریستان! ڕاستە ئەو هێزەی کە لە وتاری هەموو حیزبە ڕاستەکانی تورکیادا (واتە پ ک ک) ئاماژەی ناڕاستەوخۆی پێ دەدەن لە لیستی تیرۆری بەشی زۆری وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکادایه، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئەگەر (پ ک ک) و میتۆدە سەربازی و ئایدۆلۆژییە مارکسی لینینییەکەی نەبوایه، ئایا دۆخی کوردان لە باکوور لەمە باشتر دەبوو؟
مەبەستم ئەوە نییە دان بە و شێوەیە لە خەبات و چالاکی بنێم، بەڵکوو مەبەستم ئەم پرسیارە لە پێکهاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی تورکیا و باکووری کوردستان بکەم، ئایا ئەگەر دۆخی چالاکیی سیاسیی کوردان بە شێوەیەکی جیاوازتر بایە دەستکهوتەکان جگە لەمە بوون کە ئێستە هەن؟ ئەستەمە وەڵامی ئەم پرسیارە بە ئاسانی بدرێتەوە، بەڵام ڕەنگە لەسەر ئەمە کۆک بین کە نەک (پ ک ک) بەڵکوو هەر هێزێکی کوردیی دیکەش هەبایە کە پەیوەست بایە بە خەبات لە باکووری کوردستان چارەنووسی هەر ئەمە دەبوو، ئەمە چاوی ئێمە لە هەڵە و کەم و کورڕی و فاولەکانی هیچ لایەنێکی کوردی کە لە باکوور و بۆ باکوور خەبات دەکەن کلا ناکات. مامۆستا “ئیبراهیم ئەحمەد” لە وتووێژێکدا چارەسەرکردنی کێشەی باکووری کوردستان و دۆزی کورد لەوێ بە هۆکاری یەکلاکەرەوەی دۆز و دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دادەنێت، ئەمەش پێم وایە چەند هۆکاری سەرەکیی هەبێت یەکێک ئەوەی ڕێژەی دانیشتووانی کوردانی باکوور لە پارچەکانی دیکە زۆرتر و چەند قاتە، دووەم، ئەوەی کە هەڵکەوتەی جوگرافیی باکوور بە شێوەیەکە کە هەلی زۆر بۆ کوردانی پارچەکانی دیکەش درووست دەکات و هۆکاری سێیەمینیش ئەوەیە کە هەژموونی و هەیمەنەی تورکیا لەسەر پارچەکانی دیکەش کەم دەبێتەوە.
چوون ئەگەر تۆزێک ختووکەی یادەوەریی خۆمان بدەین دەزانین تورکیا لەنێو چەند دەوڵەتی داگیرکەری دیکەی کوردستان ناوازەیە و هەڵویست و دەربڕینەکانی بە نیسبەت کورد و دۆزەکەی تەواو ڕوون و ئاشکرا و شۆڤینانەیە و لەم ڕووەوە نە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نە یەکێتی ئەورووپا و نە زلهێزە دیموکراتیخوازەکان هیچیان لە دەست نەهاتووە، بمانەوێت و نەمانەوێت تورکیا کایەی سەربەخۆی سیاسیی خۆی هەیە و یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ئێستە خەریکە دەچێتە ناو سەدەی دووەمی کۆمارە نوێکەیەوە، بەم شێوەیە ئەزموونێکی زۆریان لە کایەی سیاسی و ناسینی هێزەکانی زەخت لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و دانوەستانی سیاسی هەیە و لەوەش گرینگتر تورکیا ئەندامێکی بەهێزی ناتۆیە و ڕەنگە ئەم فاکتۆرەی دوایی ڕۆڵی سەرەکیی بگێڕێت لە چاوپۆشیکردنی ڕۆژاوا لەو هەموو سەرەڕۆیی و دەسدرێژییەی لە تورکیا دەرهەق بە هەر جۆرە ئازادییەک و بەها عەلمانی و دیموکراسییەکان دەکرێت، پەیمانی ناتۆ لە پاش جەنگی دووەمی جیهانی و هەڕەشەکانی لەناوچوون و هەروەها لە هەمبەر یەکێتی سۆڤییەت و مەترسییەکانی هاتووەتە ئاراوە و بۆ ماوەی نیو سەدە زیاترە هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی ئەندامانی ئەو پەیمانە و لە سەرووی هەمووشیانەوە وڵاتانی ڕۆژاوا و ئەمریکای دیاری کردووە.
پەیمانێک کە پەرەپێدانی لە پاش شەڕی سارد تاکوو ئێستە بووەتە هۆی ختووکەدانی خواستی شەڕانیی ڕووسیا و ماوەی نێزیکەی دوو ساڵە شەڕێکی کوشندە و خوێناوی لە ئۆکراینا درووست کردووە. لەدەستدانی تورکیا بۆ ڕۆژاوا کرانەوەی بەرەیەکی گەورەی شەڕ یان ئەگەری شەڕ و دژایەتیی لە دژی کۆی ڕۆژاوایە، ئەردۆغان بە باشی توانیویەتی کاریگەریی و هەژموونی خۆی بە سەر هێزە تووندڕەوە ئیسلامییەکانی سووریا و تەنانەت داعەش بە چاوی ڕۆژاوادا بداتەوە لەگەڵ ئەوەی کە ئەم کارەی بە نهێنی و هونەرمەندانە کردووە زۆریش شاراوە نەبووه، بەڵام ڕۆژاوا ئەم فایلە ناکاتەوە، ڕەنگە ئەردۆغان خۆی بابەتەکەی وا نەخشاندبێت بۆ ڕۆژاوا، ئەو هەر ماوەی جارێک بە بیانووی پیلانگێڕی، تیرۆریسم و ئاساییشی نەتەوەیی، کۆمەڵێک لە سیاسییە پلەباڵاکانی کورد و چەپ و ڕەوتەکانی سەوز دەگرێت و سەیر لەوەدایە دادگاکانیش هەر ئەوە دەکەن کە ئەردۆغان دەیەوێت! ئەمانە هەموو خاڵی بۆشایی و هەرێمی بەتاڵی سیاسی و ئایدیۆلۆژین لەو شتە سەیر و سەمەرەیەی کە لە تورکیا پێی دەڵێن دیموکراسی! دیموکراسییەکی ڕۆژهەڵاتیی ئیسلامی لەسەر وێرانەکانی ئیمپراتۆرییەتێکی ئیسلامیی کە تورکانی شەڕئاشۆ درووستیان کردووە، وڵاتێک بە سیستەمێکی لائیک، سەرۆککۆمارێکی مەفتوونی ئیسلامی سیاسی و ئیخوانی، خەڵکێکی تا سەر ئێسقان یان ئایینی یان شۆڤێنیزم لەمە باشتری لی دەرناچێت!
تورکیا زیاتر لە هەر هێز و وڵاتێکی دیکە بەپێی ئەو سرووشتە مێژوویی و نکۆڵیکارەی لە دژی نەتەوە و کیانەکانی دیکە جووڵاوەتەوە و ئەمەش جەوهەری شۆڤێنیزمی ئەو کەلتوورەیە و لەمپەڕ و ڕێگرە لە بەردەم دیاریکردنی چارەنووسی کورد لەو وڵاتە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، بۆیە دوای چەندین دەیە خەبات ڕەنگە ڕەوا و ئاوەزمەندانە بێت ئێمە بپرسین کورد دەبێت لە باکوور چی بکات؟ ئایا دەبێت ڕێگای دیکە هەڵبژێرێت؟ ڕاستە بەپێی ئاماری دەنگدەرانی ناوچە کوردستانییەکانی تورکیا دەنگەکانی ئەردۆغان کەمی کردووە و هی “کەماڵ قلیچدار ئۆغلوو” زیادی کردووە بەڵام ئایا هاتنی کەماڵ قلیچدار ئۆغلووش هیچی لە هاوکێشەکە دەگۆڕی بۆ کورد؟ یان نا ئەمە درووستترین لۆژیک و پێناسەیە کە وترا (ئێمە بە هاتنی قلیچدار ئۆغلوو دەرگای بەهەشتمان بەڕوودا ناکرێتەوە بەڵام لانی کەم لە دۆزەخ دەرباز دەبین!) ڕاستە ئەم تێڕوانینە بەشێک لە واقیعبینیی سیاسی تێدایە، بەڵام جۆرێک لە ناچاریی و ملکەچیی ئایدۆلۆژیکیشی تێدایە، یانی دۆخەکە ئەگەر واقیعبینانە ببینین هەر ئەمەیە کە لە ئەرزی سیاسیی و کولتووری گشتیی تورکیادا کەمترین کڵاوڕۆژنە بۆ کورد و ئۆپۆزیسیۆن و چەپ و سەوزەکان بەدی دەکرێت، ئەم بوونبەستە سەخت و سامناکەش مێژوویەکی کۆنی هەیە و دەکرێت وەکوو خەیاڵدانێکی فاشییانە پێناسەی بکەین، لە پەڕتووکی “پشکۆیەک لە خۆڵەمێشدا” کە وتووێژە لەگەڵ یەکێک لە کۆنە خەباتکارانی کورد و دامەزرێنەرانی سەرەکیی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# واتە کاک هۆمەری شێخ مووس لە لاپەڕەی 42ی پەڕتووکەکەدا لە میانەی وتووێژێکی درێژدا دەڵێت:
(سەبارەت بە ڕادیۆی کوردی لە قاهیرە ساڵی 1982 لە لەندەن مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد شتێکی خۆشی بۆ گێرامەوە و وتی: لەسەر داخوازی و فشاری پارتی، حکومەتی عەبدولکەریم قاسم پاش سەرکەوتنی شۆڕشی 1958، بڕیاریدا بۆ گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی و بارزانییەکان بۆ ئێراق. بۆیە پارتی بڕیاریدا کە من (ئیبراهیم ئەحمەد) و نووری ئەحمەد بچین بۆ پراگ بۆ دیتنی مەلا مستەفا و تا بە یەکەوە بگەڕێینەوە بۆ ئێراق. بەڵام وامان بە پەسند زانی کە لە ڕێگای گەڕانەوەدا سەردانی سەرۆک جەمال عەبدولناسر بکەین، ئەمە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 1958 بوو. کە لەگەڵ مەلا مستەفا بۆ ژوورەکەی چووین جەمال عەبدولناسر زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی کردین و ڕووی لە مەلا مستەفا کرد و وتی: زۆر خۆشحاڵ بووم بە دیتنی ئەو بوونەوەرەی کە هەموو کاتێک نووری سەعید ئێمەی پێ دەترساند. “اننی مسروور جدا للقاء هذا البعبع اللی کان بخوفنا فی نووری السعید”. پاشان جەمال عەبدولناسر باسی ئەم ڕووداوە خۆشەی کرد لەگەڵ باڵوێزی تورکیا لە میسر سەبارەت بە ڕادیۆی کوردی لە قاهیرە و وتی: ڕۆژێکیان کە تازە ڕادیۆی کوردی لە قاهیرە دەستی بە پەخش کرد لە ساڵی 1957دا، سکرتێرەکەم واتە محەمەد حەسەنین هەیکەل هاتە لام و وتی: باڵوێزی تورکیا بە بێ مەوعید هاتووە و داوا دەکات یەکسەر بتبینێ و لە ڕەوشێکی سەیر دایە، جەمال عەبدولناسر لە هەیکەلی پرسیوە لەم ڕۆژانە هیچمان بەرانبەر بە تورکیا کردووە؟ هەیکەل گوتوویەتی نەخێر، ئەویش پێی گوتووە بۆ نیو کاتژمێرێک لای خۆت دایبنێ، با کەمێک سارد بێتەوە، ئینجا بیهێنە ژوورەوە. جەمال عەبدولناسر لە درێژەی قسەکانیدا گوتوویەتی پاش نیو کاتژمێر کە باڵوێزی تورکیا هاتە ژوورەوە هەر تووڕە دیار بوو و پێی وتم: تورکیا ئەم هەڵوێستە دوژمندارییەی ئێوە کە بەرانبەرمان دەیکەن هەرگیز قبووڵ ناکات و کاردانەوەی زۆر خراپی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی میسر و تورکیا. سەرۆک عەبدولناسر پێی گوتووە: جەنابی باڵوێز تکایە پێم بڵێ چیمان کردووە لە دژی ئێوە؟ باڵوێزەکە گوتوویەتی: چۆن چیتان کردووە، ئەوە نییە ڕادیۆی کوردیتان لە قاهیرە داناوە. ئێمە ئەمە بە هەڵوێستێکی دوژمنکارانەی تووندی دەزانین لە دژی خۆان. سەرۆک عەبدولناسر گوتوویەتی: جەنابی باڵیۆز تکایە بە حکوومەتەکەی خۆت ڕابگەیەنە کە کردنەوەی ئەم ڕادیۆیە بە هیچ شێوەیەک دژی تورکیا نییە، لەبەر ئەوەی خۆتان دەڵێن کورد لە تورکیا نییە، ئەم ڕادیۆیە زیاتر ئاڕاستەکراوە بۆ کوردی ئێران و ئێراق، وایە یان نا؟ لە وەڵامدا باڵیۆزی تورکیا وتوویەتی ڕاستە کورد لە تورکیا نییە، بەڵام ئەم هەنگاوە هەر بە هەڵوێستێکی دوژمنکارانەی دەزانین بەرانبەر بە ئێمە. سەرۆک عەبدولناسر بە ئێمەی وت بە باڵیۆزی تورکیام گوت: جەنابی باڵوێز هەرکات حکوومەتی تورکیا بە ڕەسمی ڕایگەیاند کە کورد لە تورکیا هەیە ئەو کاتە بیر لەوە دەکەینەوە کە ڕادیۆکە دابخەین یان نا.
مەبەستی من لەو باسەی سەرەوە و لەم بەڵگە مێژووییەش ئەوەیە کە نابێ دوای ساڵانێکی زۆر لە ململانێ و خەبات و قوربانیدان و ناسینی ڕۆحی شۆڤێنیزمی کۆنی ڕۆژهەڵاتی کە تورکیا وەکوو سەرچاوە و دایکە بۆیان، ستراتیژیست و بیرمەندە سیاسییەکان و ڕۆشنبیرانی ئێمە بە شوێن چارەیەکی دیکە بۆ دۆزی کورد لە باکووردا بگەڕین؟ عەوداڵی هەنگاوێکی کردەکی و کایگەری نوێ بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ کولتووری شۆڤێنی و کینەی وشترییانە و کۆنی پانتورکیسم بن؟ ئەم پرسیارە هیچ نەبێ ڕێنیشاندەر دەبێت بۆ ئەوەی واقیعی پێکهاتەی کولتووریی سیاسی و کولتووی نەتەوەیی و پان تورکیسم زیاتر بناسین و وەکوو ئینگلیزییەکان دەڵێن لەدەرەوەی بازنە و باکسەکە بیر بکەینەوە! و بیر لە شتی نوێ بکەینەوە بۆ ڕزگاربوون! [1]