ناونیشانی بابەت: پێکهاتەی کەلتووری ئێرانی و وەهمی دیموکراسی
ئامادەکردن: #حەبیب ساڵحی#
“خوێندنەوەیەکی پێکهاتەناسانە”
لە سەردێری ئەم نووسراوەیەدا، دەبێت سەرەتا ڕوونی کەمەوە مەبەستم لە ئێران چییە، ئایا مەبەستم کۆماری ئیسلامیی ئێرانە؟ یان دەوڵەتانی پێش کۆمار هەر لە پەهلەوییەکانەوە بەرەو دواوە تا دەگاتە سەفەوییەکان؟ یان مەبەستم قەوارەیەکی کولتووری و کۆمەڵایەتییە؟ لە ڕاستیدا ئەگەر بمەوێت بە ڕوونی بیڵێم مەبەستم هەموو ئەوانەیە و هیچ کامەشیان نییە بە تاقی تەنیا، یانی مەبەستم هەموو ئەوانەیە و زۆر شتی دیکەشە کە لە پڕۆژەی فاشیزمناسیی ئێرانیدا دەکرێت کەشفی بکەین و هەڵیکۆڵین. من هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی کە لە سەرەوە باسم کردن لەژێر ناوی (پێکهاتی بەلاڕێدابراو) دا باس دەکەم. مەبەست لە پێکهات ئەو جومگە و کۆڵەکە سەرەکییانەیە کە کۆمەڵگە یان جڤاک یان تەنانەت قەوارەی ڕەوەند و کۆچبەران و لەوەش وردتر خێزانیش دیاری دەکەن. بۆ نموونە لە خێزانێکدا باوک پێناسە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە و دایکیش بە هەمان شێوە، لە زۆربەی کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا باوک ڕۆڵی فریادڕەس و دابینکەری بژێوی ژیان و پارێزەری سنووری خێزان و بە گشتی پاڵەوانی سەرەکیی چیرۆکی بنەماڵە بووە و ژنیش ڕاگری کۆڵەکەی ماڵ و مەعنەویەتی خێزان و بەڕێوەبردنی هەموو ئەو ئیش و کارانەیە کە زیاتر پەیوەستن بە ناو ماڵەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا دونیای ژن دونیایەکی ناسکتر و نیانترە و بە شێوەیەک لە شێوەکان پەناگە و پشتیووانی بەهێز و لە هەمانکاتدا شاراوەی پیاو بووە. ئەگەر لەم خێزانەدا کوڕ و کچێک لە دایک بن، ڕۆڵ و پێگە و جێگەی ئەوانیش بە پێی تەمەنیان لە کاتی گڕۆگاڵەوە تا باڵقبوون و پێکهێنانی ژیانی هاوسەری دیاریکراوە. ئەمە پێکهاتی گشتیی خێزانە لە کۆمەڵگە پێش مۆدێڕنەکان لە حاڵەتە گشتییەکەیدا، ئەگەر کەسێکی بێگانە یان غەریبە لەدەرەوە بیەوێت دەست لەم پێکهاتە وەر بدات چ وەکوو دەستێوەردانێکی مادی (دزیکردن لە ناو ماڵ) چ وەکوو دەستدرێژیکردنێکی مەعنەوی (وەکوو چاوی خراپە ڕوانین بۆ ژن یان کچی ئەو ماڵە) ئەمە بە مانای دەستێوەردان لەو پێکهاتەیەیە، بەڵام ئەم دەستێوەردانە مەرج نییە حەتمەن لەم حاڵەتە ئەرێنییەدا بێت بەڵکوو ئەگەر بە ئاقارێکی درووستدا بڕوات ئەگەرێکی ئەرێنی بۆ گۆڕانی ئەم پێکهاتەیە دەکرێتەوە. لە حاڵەتێکی ئاوادا دوو ئەگەری لە بەردەمدا دەکرێتەوە یان دەبێتە هۆی ئەوەی کە پاڵەوان و پارێزەری ئەم پێکهاتەیە بەتوندی ڕووبەڕووی ببێتەوە (لە ڕێگەی کوشتن یان ڕاونان) یان نا پێکهاتەکە بە بێ ئامادەیی تووندئاژۆی پاڵەوان و پارێزەر (باوک) و بە کەمێک لادان لە یەکێک لە کۆڵەکەکانی پێکهاتەکە تووشی جۆرە گۆڕانکارییەکی شێنەیی و نەرمونیان دەبێت. بۆ نموونە لە ئەگەری دووەمدا ئەگەر کەسێک لەدەرەوەی پێکهاتەی خێزان حەز بکات لەگەڵ کچی ئەم ماڵەدا پەیوەندیی هەبێت (دڵداری یان هاوسەرگیری) و کچەکەش بە شێویەک قبووڵی کات و ئەم پەیوەندییە لە هەر قەوارەیەکدا (بە بێ ئاگاداریی دەسبەجێ و تووندئاژۆیانەی باوک) بەردەوام بێت، ئەوا ئەو پێکهاتەیە لە بەردەمی ئەگەرێکی کرانەوە و گۆڕان و نوێبوونەوەدایە.
ئەمە نموونەیەکی سەرەتایی بوو لە پێکهات و ئەگەری گۆڕانکاریی پێکهاتێک، بۆ ئەوەی ڕوونی بکەمەوە کە مەبەستم لە پێکهاتی بەلاڕێدابراو چییە. (بەلاڕێدابراو) دەرئەنجامی شێوەیەکە لە ئەکت و کایەی سیاسیی کە بە سەر پێکهاتێکدا دەسەپێنرێت و بەر لەوەی مەبەستی گۆڕینی پێکهات و یان کاژخستنی بێت ڕووخاندنی ئەو پێکهاتەیە و درووستکردنی پێکهاتێکی دیکەیە، ئەگەرچی ئەم ڕووخاندنە لە ئاستێکی زەق و دیاردا دەرنەکەوێت بەڵام بە کایەی نۆرم و یاسای نوێ دەکرێت کۆی ڕۆحی پێکهاتێک دابڕزێت و گۆڕانی بەسەردا بێت. لە حاڵەتی ئەوەی کە پێکهاتێک بە نەرمونیانی دەگۆڕێت وەکوو لەو نموونەیەی سەرەوەدا باسم کرد ئێمە لە بەردەم ئەگەرێکی مێژوویین، ئەگەرێک کە دەیەوێت بە سرووشتتی و شێنەیی ڕیگای خۆی ببڕێت و شتی نوێ ببەخشێتە جیهان و شتی نوێش لە جیهان وەرگرێت. بەڵام ئەم پێکهاتە کاتێک بەلاڕێدا دەبرێت کە بۆ نموونە ئەو کەسەی لە نموونەکەی سەرەوەدا باسم کرد (مەبەستی نە دڵداری بێت نە هاوسەرگیری لەگەڵ کچی ناو ئەو خێزانە بەڵکوو تەنیا ڕابواردن و دەسدرێژیکردنێکی کاتی بێت) ، لەم حاڵەتەدا ئەم پێکهاتە نەک تەنیا لە دۆخە و حاڵەتە ئاساییەکەیدا نامێنێتەوە، بەڵکوو بەهۆی ئەو زام و برینەش کە لێی کەوتووە تووندئاژۆتر و دڕتر دەبێت و گۆڕانی بەرەو ئاقاری نوێتر و گونجاوێتی لەگەڵ جیهانی سەردەم سەختتر و خوێناویتر دەبێتەوە.
لە ڕاستیدا ئەمە بۆ پێکهاتی کۆمەڵایەتی و سیاسیشدا هەر بەم شێوەیەیە. کۆمەڵگەی ئێرانی وەکوو هەموو کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات پێکهاتێکی تابۆپەرەست و بڤەتەوەریان هەبووه، بەڵام لە ماوەی یەک سەدە زیاتر کە کەوتوونەتە بەر شەپۆلەکانی جیهانیبوون و ململانێی سیاسی و شۆڕشە ناوخۆ و دەرکەییەکان، پێکهاتەکەیان نەک بە شێنەیی بە ئاقار و هەرێمێکی باشدا نەگەیشتووە بەڵکوو بەلارێدا براوە و لاقە کراوە هەر بۆیە تووندوتیژیی جار دوای جار بەرهەم دەهێنرێت. ئەم بەلاڕێدابردن و لاقەکردنەش بە گشتی بەرهەمی دوو هۆکارن کە هەر دووکیان لە هەناوی دەسەڵاتخوازییەوە هەڵدەخێزن. هۆکاری یەکەمیان ململانێی فۆرمە سەرەتاییەکانی دەسەڵات لەوانە زەویندار و بەگ و خان، هۆکاری دووەم شەڕ و کێشمەکێشی هێزە سیاسییە مۆدێڕنەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و یەکدەستکردنەوەی کۆمەڵگەکان. پێکهاتی کۆمەڵگەی ئێرانی بە زۆری لەژێر کاریگەریی و دەسدرێژیی ئەم دوو هۆکارە بوون، ئەگەرچی هۆکار و دۆخی یەکەم بەشێک بووە لە سرووشتی گەشە و نەشەی کۆمەڵگەکان بەڵام هۆکاری دووەم دەستی تێ وەرداوە و بەلاڕێیدا بردووە بۆیە لە سەردەمی دامەزراندنی دەوڵەتی ئێرانی مۆدێڕن لەسەر دەستی ئینگلیزەکان تەواوی هەوڵ دەخریتە خزمەت سڕینەوەی ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان و هەر جۆرە ئەویدی و لایەنێکی غەیری فارس نکۆڵی لێدەکرێت و سەرکوت دەبێت، وەکوو نموونە لەسەرکردنی کڵاوی پاڵەوی لەو سەردەمەدا وەکوو فرمانێکی یاسایی بووە و جگە لەلایەنانێکی وەکوو مەلا و سۆفی و فەقێکان کەسیان لێ نەبواردووە و سەرپێچیکردن لێی غەرامە و زیندانیشی هەبووە.
ئێستە بە ناو ئەم ڕەوتە مێژووییەدا کە سەفەر دەکەین، تێدەگەین ئەو پێکهاتە کۆناباوە لە ڕێگەی دەستێوەردانێک بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کلاسیکیی دوگم بەلاڕێدابراوە و لاقەی کراوە هەر بۆیە پاش نێزیکەی دوو سەد ساڵ لە ئەزموونی دەوڵەتی بەناو مۆدێڕن لە ئێران و پاش زیاتر لە سەد ساڵ لە وتاری مەشرووتەخوازی و باسی دیموکراسی، ئەم پێکهاتە لاقەکراوە ڕازی نابێت کەمترین مافی نەتەوەکانی ناو جوگرافیای ئێران بدات، گرینگیی پێکهات لێرەدا دەردەکەوێت کە وەکوو قەواربەندیی بینایەکە تاکوو لەسەرڕا نەیچنینەوە و پێکی نەنێینەوە هیچ گۆڕانکارییەک لەدەرەوە و ناوەوەی ئەم بینایە نایەتە ئاراوە، هەر بۆیە دوای ئەم هەموو ساڵە لە ئێران ئێمە چەمکەکانی دیموکراسی، ئازادی، ڕادەربڕین، لێبووردن، پێکەوەژیان تەنانەت لە ئاستە هەر نزم و ڕووکەشەکەشدا نابینین چون لەژێر سێبەر و تارمایی ئەو پێکهاتەیەدایە و زمان و وتاریشی بە ڕۆحی ئەو پێکهاتەیە ڕێک دەخات بۆ نموونە لە ئێران دیموکراسی وەرگێڕاوەتە سەر (مەردومسالاری یان خەڵکسالاریی ئایینی) ، ئازادیی بە پاشگرەوە دەناسێنرێت بۆ نموونە دەڵێن ئازادییەک کە سنوورەکانی خۆی بناسێت، لە حاڵێکدا لە کولتوور و سیستەمێکی دیموکراتدا ئەمە قسەیەکی بێ واتایە، پێکەوەژیانی ئیرانی هەر ئەو نموونە شۆکهێنەر و تراژیکەیە کە دوو ساڵ پێش ئێستا ڕووی داو و باوکێک کوڕ و زاواکەی خۆی دەکوژێت (بنەمالەی خوڕەمدین) و ساڵانێکیش دەسدرێژی سێکسی کردووەتە سەر کچەکەی خۆی بە ئاگاداری ژنەکەی (واتە دایکی کچەکە) و لە لێداونیشیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان باوکە دەڵێت باوەڕی تەواوم بە ئیسلام و ئیمام عەلی هەیە؟ ئەمە لە ڕاستیدا درک و تێگەیشتنێک نییە لە ئیسلامیش یان هەر ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو بەڵکوو تێکچوون و نەخۆشییەکە کە بەهۆی ئەو پێکهاتە لاقەکراوە وە فیچقە دەکات.
بۆیە ئێستەش لەم قۆناغەدا ئەو هێزانەی ئیرانی (ناوەوە و دەرەوەی ئێران و ناوەوە و دەرەوەی ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامیی) بە یەکدەنگییەکی زۆر و زبەندەوە لەپاڵ وەهمی ئەوەی کە خۆیان بە دیموکرات دەناسێنن بە یەک بست لە خەون و خولیا و ئاواتە تاکڕەهەند و لە مێژینەکانیان کە بەرهەمی تووتالیتاریزم یان ئسیتیبدادی شەرقین ناکشێنەوە، بۆیە باسکردن لە دیموکراسی لە ئێران وەکوو باسکردنی سیکولاریزمە لە ئەفغانستان یان باسکردنی تاڵیبانیزمە لە سویسرا! تا کاتێک ئەم پێکهاتە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەی ئێران دەسکارییەکی جیدی نەکرێت هەموو جۆر باوەر بە هەبوونی دیموکراسی لە ناو هێزە سیاسییەکانیاندا تەنیا داو و هەڵەیەکی سیاسییە و نابێت هێزە کورد و غەیری فارسەکان تێی بکەون. [1]