ناونیشانی بابەت: سیاسەتی کلتوریی هەرێم و ئاسۆکانی بەردەمی
ئامادەکردن: #حەبیب ساڵحی#
(بە بۆنەی ڕێزلێنان لە هونەرمەند شەهرام نازاری)
یەکسانسازیی کولتووریی یان (Assimilation) پرۆسێسێکە کە تێیدا گرووپێک یان پێکهاتێکی کەلتووریی کەمینە وەک گرووپ یان پێکهاتی زاڵ و سەردەستیان لێدێت یان بەها و ڕەوشت و باوەڕەکانی ئەو گرووپە وەردەگرن و پەسندی دەکەن.
یەکسانسازیی کولتووریی وەک ڕەگو ڕەچەڵەکی وشە بەمانای پڕۆسەی هاوڕەنگکردنە و لە زانستە مرۆییەکاندا پڕۆسەیەکە کە دەبێتە هۆی گۆڕانی ئەو کەس و گرووپانەی کە سەر بە نەتەوەی جیاوازن بەڵام لەژێر هەیمەنە و تاپۆی کولتووری زاڵی ئەو کۆمەڵگەیەدا ئەم گۆڕانەیان بەسەردا دەسەپێت.
یەکسانسازی لە ڕاستیدا توند و تۆڵترین حەڵەتی قبووڵکردنی کولتووری ئەویدییە و وەرگرتن و پەسەندکردنی تایبەتمەندییەکانی کولتووریی زاڵ تا ئاستێک قووڵ دەکاتەوە کە هەڵاواردن و هاوێرکردنی (خود) و (ئەویدی) سەخت و ئەستەم دەکاتەوە، ئەگەرچی ئەم یەکسان و یەکدەستکردنەوەیە ڕەنگە بە تۆپزی و زۆرەملێ بێت بەڵام بەدەگمەن دەتوانێت شوێنپی و ئاسەواری نەتەوە و زمان و کولتووری کەمینە کاڵ و بنەبڕ بکاتەوە، بە و کەسەی کە کەوتووەتە ژێر ئەم شەپۆل و کاریگەرییەی کولتووری زاڵ و سەردەست دەڵێن ئاسیمیلەکراو یان یەکسانکراو یان بە دەربڕینێکی دیکە توێنراو.
لە پڕۆسەی گۆڕانکاری و سەپاندنی گۆڕان بە سەر پێکهاتێکی کولتووری یان نەتەوەیەکدا، گۆڕانی ئامانجدار و مەبەستدار کە پلان و ستراتیژێکی بنەمایی و بنەڕەتییە لە پڕۆسەکەدا، کاتێک دێتە ئاراوە کە گرووپێک لە ڕێگەی هێرشی سەربازی یان کۆنترۆڵ و دەسبەسەرداگرتنی سیاسی بە سەر کلتوور و نەتەوەیەکی دیکەدا زاڵ دەبێت. ئەو پرۆسانەی کە لەژێر کاریگەریی گۆڕانێکی مەبەستداردا دێنە ئاراوە بریتین لە ئاسیمیلاسیۆن یان یەک دەستکردنەوەی زۆرەملییانە، واتە جێگیرکردن و سەپاندنی تەواوەتیی کلتوورێک لەلایەن ئەویدییەوە و هاوکات هاتنەئارای ئەکت و کردەوەی بەرگری و بەرخۆدان لە هەمبەر دەسەڵاتی زاڵ، ئەم ئاستە لە (ئاسیمیلاسیۆن) و یەکدەستکردنەوە بەهۆی ئەوەی کە بە شێوەی مەبەستدار ئاڕاستەکەی دەجووڵێت و بەسەر ئەندامانی کلتوورێکدا سەپاوە، کەمتر ئەگەری ئەوەی لە بەردەمە کە کاریگەرییەکانی بمێننەوە.
ئەو شتەی کە ڕەنگە بە نیسبەت ئێمەی کوردەوە کەمتر ئاوڕی لێ درابێتەوە (ئاسیمیلاسیۆن) ی نەرم یان یەک دەستکردنەوەی کەلتوورییە، لانی کەم ئەم پڕۆژەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانێکە بە دیاری و زەقی لەگەڕدا بووە، جیاواز لەوەی تا سەردەمێک پاش شۆڕشی گەلانی ئێران ئەم پڕۆسەیە هەم بە شێوەی ڕەق و سەربازی و ئەمنی و هەم بە شێوەی نەرم و هێواشی کولتووریش پاش ساڵانی دوای سەرهەڵدانی خاتەمی (1997ز) یان دەوڵەتی چاکسازیی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بوو، خاڵێکی زۆر گرنگ و جێگەی سەرنج لە ئێران کە سنوورەکانی کەشف و ناسینی ئەم (ئاسیمیله) و یەکسانکردن و وەکیەککردنە ئەستەم و سەخت دەکاتەوە لەیەکچوونی کولتووری فارس و کوردە لە هەندێ ئاستی گشتیدا وەک مۆسیقا و زمان، جیاواز لەوەی کە ئەم لێکچوونە چەندی بەهۆی ئەو هاوکێشەی (سەردەست، ژێردەست) بوونەوە بێت بەشێکی ڕاستییەکی مێژوویی جوگرافییاییە کە دراوسێتی و ئاڵووێر و دانوەستانی کولتووری و بازرگانی و سیاسی و شەڕ و شۆڕ لەمێژینە لەنێوان ئەم دوو نەتەوەیەدا درووستی کردووە و ئەوەش کە وەک ڕاستییەکی تاڵی مێژوویی هەیە زاڵبوونی کولتووری و سیاسی ئەوان بووە لە قۆناغانێکی زۆری مێژووییدا بەڵام خاڵی گرنگ و درەوشاوەیی کوردبوون بەرخۆدان و بەرگری لە هەمبەر ئەم یەکسانسازییەدا بووە، لە هەر کوێ تەقەیەک کرابێت کورد چەندین تەقەی کردووە!
ئەمەش جەوهەری وتاری بەرگری و مانەوەیە، ئەمە خاڵێک بووە کە بەردەوام کورد وەک (وشیاریی) یەک لە هەمبەر ئەویدیدا خۆی پێ مانیفێست کردووە، پێویست بە ئاماژە ناکات کە زمانی فارسی بەهۆی دەسەڵاتی فارسەوە هەر لە سەردەمی بەرمەکییەکان لە ناو خەلافەتی عەباسییەکاندا لە ساڵانی 170ی هەتاوی تاکوو ئێستا هەیمەنە و زاڵبوونێکی بۆ خۆی تۆمار کردووە و هەر ئەمەش وایکردووە هەم مێژوو وەکوو دەسەڵات و حاکم بنووسێتەوە و دەستی تێوەربدات و هەم پڕۆسەی یەکدەستکردنەوەی نەتەوەکانی دیکە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە بەتایبەتی ئەمە لە بەڵگەکانی سەردەمی پەهلەوی یەکەم و دووەمدا دەبینرێت و لە سەردەمی ئێستای دەسەڵاتی کۆماریشدا پڕۆسەکە وەها تێکەڵی باری ئەمنی وڵاتی ئێران بووە کە تاکوو ئێستا بەڵگەیەکی ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە، بەهۆی ئەم هەژموونی و هەیمەنە مێژوودارەوە ئێمە نووسەران و وەرگێڕانێکی مەزنی وەکوو محەمەد قازی، ئیبراهیم یونسی و عەلی ئەشرەف دەرویشیان و…مان هەبووە کە ئەگەرچی بە ڕەچەڵەک و زمان کورد بوون بەڵام بە زمانی ئەوان واتە فارسی دەیاننووسی، ئەگەرچی لانی کەم لە بەرهەمەکانی یونسیدا کێشە و پرسگری کورد بە زەقی و بەرجەستەیی دیار بوو و تەنانەت وشەی کوردیشی دەچپاندە نێو زمانی فارسییەوه، بەڵام دەرویشیان بەهۆی بیرکردنەوە و تێڕوانینی چەپ و مارکسیستییانەی زیاتر پەرژاوەتە سەر هەژاری و ڕەنجدەری و ژیانی چینی خوارەوەی کۆمەڵگە، بەتایبەت لە ناوچەی #کرماشان# و دەوروبەری.
ئەم نووسەرانە وەک فۆڕم واتە زمان و دەربڕین لە خزمەت ئەویدیدا بوون بەڵام وەک ناوهڕۆک لانی کەم کەسێکی وەک یونسی دیسکۆرس و وتارێکی خستە ڕوو کە نواندنەوەی جیهان و دونیا و جیهانبینی و ئیستاتیکای و کولتووری کورد بوو، نموونەی یونسی وتاری بەرگری و ئەدەبی کەمینەیە کە لەناو هاوکێشەی کولتووریی سەردەستدا دەجەنگێ و خەبات دەکات و زۆر نێزیک لە ئەزموونی کافکای جوولەکە کەبە زمانی ئاڵمانی دەینووسی بەڵام بۆ بەرگری لە نەفرەتلێکراوان و ژێردەستانی نەتەوەکەی و سەردەمەکەی، نموونەیەکی ئاوەها لە ناو کورددا لە ڕاستیدا دەکرێت لەژێر ناوی ئەزموونی شەقکراو و لەتکراوی فۆڕم و ناوهڕۆک پێناسە بکرێت واتە یونسی بە فۆڕم و دەربڕین لە ناو زمان و خانەی دەربڕین و ستراتیژیی ڕستەسازیی ئەواندا بوو بەڵام دونیای کوردی دەگێڕایەوە، ئەگەر بمەوێ وێنەیەکی ڕوون لەم شەقبوون و لەتبوونە بدەم بە دەستەوە دەتوانم بڵێم کەسێک بهێنینە پێش چاوی خۆتان هۆرە یان سیاچەمانە یان حەیران بە زمانی فارسی یان هەر زمانێکی دیکە جگە لە کوردی بڵێت، ڕەنگە ئەم وێنەیە بڕێکیش تۆخ و ڕادیکاڵ بێت بەڵام ئەگەر زیاتر ڕوونی کەمەوە دەڵێم لەو فۆرمەدا ئێمە کوردبوون مانیفێست دەکەین بەڵام لە پۆشاک و جلوبەرگی ئەویدیدا و ئەگەری ئەمە زۆر دەچێتە سەرەوە کە ڕەگ و ڕەچەڵەک و ڕەسەنایەتیمان لە ڕووی فۆرمەوە وردەوردە بکەوێتە ژێر مەترسی گەورە و داڕمانی قەرەبووهەڵنەگری مێژووییەوه، هەر بۆیە لە ڕووی نەتەوەناسییەوە تەکوزیی و هاوسەنگیی نێوان فۆڕم و ناوەرۆک لە مانیفێستکردنی بەها و دیسیپلینەکانی نەتەوەیەکدا گرینگییەکی لەڕادەبەدەری هەیە و بابەتێکی جەوهەرییە، ئەم حاڵەتە بۆ مۆسیقا و ئاواز ڕوویەکی ئاڵۆزتر و ناسکتر پەیدا دەکات، زۆر ئاواز و گۆرانی کوردی لەلایەن کەسانی وەک حەمەڕەزا شەجەریان یان ئیرەجی بەستامی یان لەیلا فروهەر و …بە فارسی وتراون و بە دەگمەن ئاماژە بۆ سەرچاوە کوردییەکەی کراوە ئەمە پیشاندەری ئەو پڕۆسە لەگەڕە چالاکەی ئاسیمیلاسیۆن و یەکدەسکردنەوەیە کە لێرەدا بە شێوەی نەرم و ناوشیار خەریکە ئیش دەکات، مۆسیقای کوردی بە وتەی زۆرێک لە شارەزایانی بواری مۆسیقا سەرچاوەی سەرەکی و دەوڵەمەنی مۆسیقای ئێرانییە بەڵام ئەم دەربڕینەیان بە واتای ئەوە نایەت کە مۆسیقای کوردی مۆسیقایەکی سەربەخۆیە بەڵکوو وەکوو بەشێکی سەرەکی لەناو خشتەی مۆسیقای ئێرانیدا دایدەنێن کە ئەمە هەمان ئایدۆلۆژیای ئێران شاری یان ئێران پەرستییە کە نەتەوە و ئەویدییەکانی دیکە ئاوەها پێناسە دەکات.
ئەزموونی چەندین ساڵ چالاکیی هونەریی شهرام نازری ئەزموونێکی تایبەت و دانسقەیە کە دەشێت لێکۆڵینەوەی فرەڕەهەندی جیاوازی لە بواری نەتەوەناسی و هونەری کەمینەوە لەسەر بکرێت، ئەو خاوەنی 50 کۆمەڵە گۆرانییە و لە ئاستی جیهاندا وەک هونەرمەندی گەورە ناسراوە و زۆربەی گۆرانییەکانی بە زمانی فارسی وتووە و بەشێکیشیان بە کوردی، ئەگەرچی خۆی دەڵێت کە کارە فارسییەکانیشم لەژێر کاریگەریی کوردییەکاندان بەڵام ئەم ڕاستییە ناشاردرێتەوە کە شهرام هونەرمەندێکی جیهانیی کوردە کە زۆربەی کارەکانی بە فارسی پێشکەش کردووه، خاڵی جێی سەرنج کە لێرەدا دەشێت هەڵوێستەی لەسەر بکەین یەکەم سیاسەتی کولتووریی هەرێمی کوردستانە کە وەک تاقە جەمسەری بووژاندنەوەی کولتووری کوردی کە دەسەڵاتێکی کوردی پاڵپشتی دەکات دەبێت پێناسە بکرێت و بەم ڕێوڕەسمە و ڕێوڕەسمانی هاوشێوە لایەنێکی ستراتیژیی خۆی بەم شێوەیە چالاک کردووە بە و مەرجەی هەر وا بەردەوام بێت، یەکێک لەلایەنە سیاسییەکانی کلتوور هەژموون و هەیمەنەی کەلتوورییه، ئەگەر ئەم سیاسەتەی حکومەتی هەرێمی بە شێوەی ڕەسەن و نیشتمانیانە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان یان هەر ڕێکخراو و وەزارەتێکی دیکەی پەیوەندیدارەوە بەردەوام و بەپێی پلانێکی تۆکمە پەیڕە و بکرێت بێگومان لە ڕووی سیاسیی و هاوکێشەی هەیمەنەیی سیاسیشەوە بۆ باشووری کوردستان و حکوومەتی هەرێم بەدەسکەوت و درەوشاوە دەبێت، ئەگەرچی بەدیهاتنی ئەم دەسکەوتانە لە درێژماوەدا بێت، خاڵی دیکە کە دەبێ سەرنجی بدرێت دوو بابەت بوو لە قسەکانی شهرام نازریدا کە گرینگیی ئەم خاڵەی سەرەوەمان زیاتر بۆ ڕوون دەکەنەوە، ئەویش ئاماژەی بۆ دوو بابەت بوو یەکەم ئەوەی کە ئەو خەڵاتگەلێکی زۆری وەکوو شوالییەی ئاوازی فەرەنسا و خەڵاتی ئافیسێر بە مانای خاوەن پلەوپایەی هونەر و ئەدەبیات و…پێ بەخشراوە کە خەڵاتی گرینگن لە ئاستی جیهانیدا بەڵام ئەم خەڵاتە چونکە هی وڵات و خاک و نیشتمانی کوردستان و نیستیمانی خۆمە لە هەموویان بەرزترە و بابەتی دووەمیش کە نازری وەک ڕەخنە دەریبڕی ئەوە بوو کە لە میدیا و سیاسەتی بڵاوکردنەوەی کوردیدا زیاتر گۆرانی و هونەری نزم و نەوی برەوی پێ دەدرێت و ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوامبێت داهاتوو و ئاسۆیەکی باش بۆ هونەری کوردی و کورد بەدی ناکرێت.
بە نیسبەت بابەتی یەکەمەوە ئەوەی کە بۆ ئێمە ئاشکرایە ئەمەیە کە شهرام نازاری بەشێک لە ئیش و کارە هونەرییەکانی بۆ کلتوور و دیسکۆرسی فارس کردووە بەڵام ئەم هەڵوێست و قسەیەی لە ڕووی سیاسی و کەلتوورییەوە بە قازانجی دیسکۆرس و وتاری کوردییە و نیشانەی بەرخۆدان و خۆڕاگرییەکە کە هێشتا کەلتووری فارس یەکدەستی نەکردووە و دەکرێ بڵێین بۆ نەوەی داهاتوو و ئێستەش ڕابوون و ڕاسانێکە، بانگهێشت و داوەتکردنی هونەرمەندانێکی وەکوو شهرام نازاری و هەڵوێستی ئاوەها کوردانەی دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی زۆری دەبێت بە تایبەت کە دوور لە هەر جۆرە دەربڕینێکی ئێرانتەوەرانە بوو. دووەم بابەتی جێی سەرنجی قسەکانی ئەم هونەرمەندە ئەو ڕەخنەیەیە کە بەڕاستی ڕەخنەیەکی بەجێ و درووستە و ئێمە وەک کورد ئەگەر ئاستی بەرز و ڕەسەنی مۆسیقای کەوردی کە بە وتەی نازری لە ڕەسەنترین مۆسیقاکانی دونیایە نەپارێزین ئەو هەیمەنە کەلتووریەش کە هاوشانی سیاسەت و خەباتی چەکداری خزمەتی بە دۆزی ڕەوای ئێمە کردووە لە دەست دەچێت.
لە کۆتاییدا نابێت ڕەش و سپی چاو لە بابەتەکان بکەین شهرام نازاری لە جوگرافیای کوردستان و لە شاری کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتە یەک لە دوای یەکە فارسییەکاندا لە دایک بووە و لە ناو کایەی ئەواندا ئیشی کردووە و لە ناو کایە و چالاکییە هونەر و مۆسیقاییە کوردییەکەشدا جێگە دەست و ههڵوێستی دیارە و ئێستەش ئەم ڕێزلێنانەی ڕۆژی دووشەممە 16/ئایار/2022 دەتوانین بکەینە سەرەتایەک بۆ ڕزگاربوونی ئەو بەشەی شهرام نازاری کە لە #هەولێر# دێتە گۆ و قسە دەکات، بەشێکی ڕەسەن و بنەمایی و ڕەچەڵەکدار کە دەشێت سەرەتای هەیمەنەیەک بۆ ئێستە و داهاتوو بێت وەک دەڵێن زەرەر لە نیوەش بگەڕێتەوە قازانجە بەڵام بە و مەرجەی پلان و ستراتیژ و بەرنامەی تۆکمە و نیشتمانی هەبێت. [1]