ناونیشانی بابەت: ئاساییشی هەرێمی کوردستان لە چڕنووکی دێوەزمەی مادە هۆشبەرەکاندا
ئامادەکردن: #حەبیب ساڵحی#
مادەی هۆشبەر مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، لە ڕۆژگار و سەردەمە کۆنەکاندا هەم وەک دەرمانی پزیشکی کەڵکی لێ وەرگیراوە و هەمیش ئامرازی ڕابواردن و چیژوەرگرتنی چینە باڵادەست و دەسەڵاتدارەکانی کۆمەڵگە بووە. بەپێچەوانەی ئەو شتەی دەیڵێن چینییەکان یەکەمین نەتەوە نەبوون کە مادەی هۆشبەر (تلیاق) یان ناسی بەڵکوو پێش ئەوان سۆمەرییەکان لە لەم مادە هۆشبەرە کەڵکیان وەرگرتووە و ناوی (ڕووەکی شادی بەخش) یشیان لەسەر داناوە. وەک دەرکەوتووە مادەی هۆشبەری خەشخاش یان ماریجوانا سەرەتا لە میسری کەون داچیندراوە و بە ناوی (تیبائیکا) ناسراوە، و 1500ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیح لە میسرەوە براوەتە یۆنان و لەوێ چێندراوە.
بەگشتی لە هەر وڵاتێک سەربوردە و پێشینەی خۆی هەیە و وڵاتان و شارستانییەتەکانی سەردەمی کۆن ئاگاداری لایەنی پزیشکی و چێژبەخشی ئەم مادانە بوون. ئەگەر لەو سەردەمەدا زیاتر لایەن و کارکردی هێورکەرەوە و چیژبەخشیی لە کاتی نەخۆشی و ڕابواردندا هەبووه، بەڵام ئێستا پێش لە هەر شتێک کۆریدۆر و سەرچاوەیەکی گەورە و قەبەی بازرگانی و مادییە کە وەکوو ئەژدیهایەکی حەوت سەر و لۆیاتانێکی نوێ هەموو شتێک هەڵدەلووشێ و هەر تێریش نابێت. مادەی هۆشبەر لە ڕیزی تاوانە سەرەکیی و پلە یەکەمەکانی جیهان ئەژمار دەکرێت و ساڵانە پارەیەکی خەیاڵی لەو ڕێگەیەوە لەلایەن بازرگانانی مادەی هۆشبەرەوە کۆ دەکرێتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە تەنیا ئامانج و مەبەستی بازرگانانی مادەی هۆشبەر نییە، یان ئەگەر سەردەمانی پێشتر تەنیا پارە مەبەست و ئامانجیی بازرگانیکردنی مادەی هۆشبەر بووە، ئێستە و لە ناو پاراهەمیشە و هاوکێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەنووکەدا و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەبەستەکەیان هەر بەمە کۆتایی پێ نایەت بەڵکوو لایەن و ڕەهەندی دیکە پەیدا دەکات. لە زنجیرە درامای (دێکستێر (Dexter دا کە زنجیرە درامایەکی جینایی و پۆلیسییە، لە سیزێنی شەشەمدا بەڕێوەبەری یەکێک لە یانە شەوانەکان بە یەکێک لەژێردەستەکانی دەڵێت “بازرگانی بە ناوگەڵەوە و پێشکەشکردنی لەشفرۆشان تەنیا ڕووکار و دەمامکێکە بۆ بازرگانییە گەورەکەی ئێمە کە مادەی هۆشبەرە” دەمەوێ سەرنجتان بۆ ئەم خاڵە ڕابکێشم کە زۆربەی کاتەکان لەشفرۆشی و مادەی هۆشبەر هاوتەریب و هاونەوا و هاوزێی یەکن. ساڵانی پێش ئێستا لە ساڵی 2003 و لە وڵاتی ئێران دا دۆکیۆمێنتارییەک لەلایەن یەکێک لە کەسایەتییە بەسیجی و سیاسییەکانەوە لەژێر ناوی (هەژاری و لەشفرۆشی) بڵاو کرایەوە، لەوێ بە بێ ڕووتووش و سانسۆر تا ڕادەیەکی زۆر سیمای ڕاستەقینەی مافیا و هێزی بازرگانیکەری پشت مادەی هۆشبەر و پەیوەندیی هەژاری و لەشفرۆشیی بەم مادەیەوە خستە ڕوو، زۆربەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی هەژارییەوە گلابوون بە لەشفرۆشییەوە دواتر تووشی مادە هۆشبەرەکانیش بووبوون، ئەمە پێوەندییەکی هۆکارێتی واتە (علیتی) لەنێوان هەژاری و مادەی هۆشبەردا ناخاتە ڕوو چون زۆر کۆمەڵگە هەن کە چینێکی هەژاری زۆریشی هەیە و لە ناویاندا مادەی هۆشبەر کەمترین بەکارهێنانی هەیە بەڵکوو ئەم قسەیەم خستنەڕووی ئەم ڕاستییە تاڵەیە کە هەژاری و دە#سنە#ڕۆیشتوویی دەتوانێت زەمینەیەکی لەبار بێت بۆ خراپ کەڵکوەرگرتن و بەکارهێنانی خراپ لەلایەن تۆڕەکانی مافیا و بازرگانیکار بە مادەی هۆشبەرەوە و لەپاڵ هەژاری و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەریش لەشفرۆشی دێتە ئاراوە، واتە سێ گۆشەی مادەی هۆشبەر، هەژاری و لەشفرۆشی دەتوانن یەکتری تەواو کەن و سێگۆشەیەکی ڕەش و دێز بکێشن.
ئەو ساڵانە ئەو دۆکیۆمێنتە زیاتر بە مەبەستێکی ئایدۆلۆژیکی ئایینی و شیعەباوەڕی خرایە ڕوو و ئەم پرسیارانەی گەڵاڵە کرد کە ئایا ئەمە وێنەی کۆمەڵگەیەکی ئیسلامییە کە کچان و ژنانی دەست بدەنە لەشفرۆشی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و بازرگانییان پیوە بکرێت؟ ئەم فیلمە دۆکیۆمێنتییە ئەوکات هەندێ سەرنجی لە ئاستی باڵای دەسەڵاتی کۆماریشدا بە لای خۆیدا ڕاکێشا و بە شێوەیەکیش ئاماژەیەک و قامکخستنەسەر ڕاستییەک بوو کە کچان و ژنانی ئێرانی بە قاچاخ دەگوازرانەوە بۆ دوبەی بۆ کاری سێکسی و پێشکەشکردنی وەکوو خۆیان دەڵێن (خزمەتگوزاری سێکسی و ئێسکۆرتی سێکسی) ، بەڵام لە دواجاردا و بە هەر هۆکارێک بوو ئەمە تەنیا لە خەیاڵ و زەینی بەشێک لەوانە مایەوە کە دیوی سامناکی دیاردەکەیان لە ساڵانێک کە جیهان ئەوەندە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زانیاری و وێنە و ئەزموونی نوێی تێ نەڕژابوو، بینیبوو و دواتر و دە ساڵ پاش ئەم دۆکیۆمێنتییە دۆکیۆمێنتییەکی دیکە بە ناوی (پارە و پۆرن) ، لە تەلڤیزیۆنی فەرمیی ئێراندا بڵاو کرایەوە کە باسی تۆڕێکی بەهێزی بازرگانیی سیکسیی دەکرد کە لەلایەن کەسێکی بەڕەچەڵەک ئێرانی بە ناوی خوازراوی ئەلێکس و بە ناوی واقیعیی شەهرووزی سوخەنوەری دامەزرا و بەڕێوەدەبرا، بەشێک لەوانەی لە ناو ئەم تۆڕەدا کە دواتر دەستبەسەرکران و گیران دانیان بەمەدا نا کە ئێمەیان دەبردە دوبەی و کڕیارەکان دەهاتنە لامان و زۆر بە دڕندەییەوە سێکسیان لەگەڵدا دەکردین و ئەمە ناچاری دەکردین پەنا ببەینە خواردنی قوورسی ئارامکەرەوە و مادەی هۆشبەر و مەشرووبات بە شێوەیەکی بەردەوام. چارەنووسی ئەم تۆڕە بازرگانییە سێکسییەی ئالێکس کە بەشێکیان پێوە بوون و ئالێکس خۆی هیچ سەرودەرێکی نەبوو هێشتا نادیارە، بەڵام ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە بازرگانیی مادەی هۆشبەر و بازرگانیی لەشفرۆشی پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان پێکەوە هەیە و ئەگەر نەڵێین هەژاریش گۆشەیەکی هەمیشەییە لەپاڵ ئەو دوو گۆشەیەدا دەشێت بڵێین بەشێک لەو خەون و خەیاڵانەی کە جیهانی نوێ و سەرمایەدارانە بۆ مرۆڤەکان درووستی دەکەن لە پشتەوەی بابەتەکە هەیە، واتە هەست بەهەژاری کردن و حەسەرتخواردن بۆ دۆخێکی ئابووریی و مادیی باشتر، لێرەدا هەژاری زیاتر مانایەکی کەلتووری وەردەگرێت نەک تەنیا دەلالەتێکی ئابووری، لێرەدا زیاتر ڕەهەندی تەرفیهی و ئاساییشێکی دواڕۆژ بۆ ژیان دەبینرێت تاکوو تێرکردنی زگی برسی منداڵ و خێزان، وەک دەبینین ئێستە بەشێکی زۆری پۆرن ستارەکان پارەیەکی خەیاڵی کۆ دەکەنەوە و لە دوورگە و شوێنە ئایدیالەکانی گۆی زەویدا موڵک و سامانیان هەیە ئەگەرچی دان بەوەشدا دەنێن کە چەندە لە ڕووی سایکۆلۆژی و دەروونی و ڕۆحییەوە شکاو و داماو و هەڵوەشاوەن. ئەمانەم وەک پێشەکی و زەمینەیەک باسکرد کە پانتایی پەلکێشان و بڵاوبوونەوەی مادەهۆشبەرەکان لە فاق و ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە ببینین و پەیوەست بە دۆزی کورد لە دوو پارچەی کوردستان واتە ڕۆژهەڵات و باشوور هەڵیسەنگێنین. بە سەرنجدان بە و ڕاستییانەی سەرەوە و کایەی سیاسیی ئاڵۆزی ناوچەکە و بینینی هەرێمی کوردستان وەک مەترسییەک لەلایەن دەوڵەتانی ئێران و تورکیا و ئێراقەوە، مادە هۆشبەرەکان ڕەهەندێکی سیاسی و ئەمنی پەیدا دەکەن و دەشێت وەک کارتێک دژی کورد کەڵکی لێوەربگیرێت.
سرووشتی مادەی هۆشبەر بە شێوەیەکە کە دەسکاریی پێکهاتی مێشک دەکات و کاریگەریی کیمیایی لەسەر خانەکانی مێشک و کۆی ئیشکردنی مێشک و پەیوەندی وەگرتن لە جیهاندا دادەنێت، بۆیە مرۆڤێک کە ئاوەها لە ڕووی پێکهاتەی فیزیۆلۆژی و جەستەییەوە دەسکاری دەکرێت و گۆڕانی بەسەردا دەهێنن، ئیتر وەک درۆن نییە کە بیری لێ بکەیەنەوە لێی دەین یان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە عیلاجی بکەین و کەم تا زۆر ئاڕاستە و ئامانجەکەی دیار بێت بەڵکوو درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی نەخۆش و ناتەندرووستە کە ژێرخانی مرۆیی کۆمەڵگە دەکاتە ئامانج و نائەمنی و هەڵوەشاندنەوەی ژیانی خێزانی و کوشتوبڕ و دەسدرێژی و لێدان برە و پی دەدات و وەک دەڵێن بەڵای ماڵوێرانکەر و خانومان تێکدەرە.
وەک لەو دۆکیۆمێنتارییەی کە ڕەنج سەنگاوی لە ناو زیندانی ئاساییشی #سلێمانی#دا ئامادەی کردبوو، بینیمان و لەگەڵ چەند تووشبوویەکی مادەی هۆشبەردا قسەی دەکرد ڕەهەندی سامناکی ئەم دیاردەیە تەنیا بە لەناوبردنی مرۆڤ وەک تاک نابڕێتەوە بەڵکوو پێکهاتەی خێزان و شیرازەی کۆمەڵگە دەکاتە ئامانج و لە زاری ئەو بەکارهێنەرانەشەوە کە بە داخەوە تەمەنیان لەنێوان 21 تا 45ساڵ بوو، باس کرا، هەموو جۆرە مادە هۆشبەرێک لە شارەکانی ڕانییە، #قەڵادزێ#، #هەڵەبجە# و…بە ئاسانی دەست دەکەوێت. وەک لە قسە و باسیشیان تیشک خرایە سەری لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەر هۆکارێک بێت ڕێگرییەکی ئەوتۆی لێناکرێت. هەمووشیان پاش سەردانیان بۆ ئێران تووشی مادە هۆشبەرەکان بوون، بۆ تێگەیشتن لە کاریگەریی نەرێنی و دێز و سامناکی ئەم دیاردەیە هەر ئەوەندە بەسە بیر لە قسەی یەکێک لەوان بکەینەوە کە دەڵێت 8 ساڵە زیندانی دەکێشم و پەنج جاریشە تەرکم کردووە و دیسانەوە ڕۆشتوومەتەوە سەری، پێنج کەڕەتیش گیراوم تەمەنی خواری ئەم بەکارهێنەرانە و بەردەوامبوونیان لە بەکارهێنان پیشاندەری ڕەهەندی سامناک و کوشندەی دیاردەکەیە و هەمیش دەرخەری پیلانێکە کە لەو دیو سنوور دادەڕێژێت، ئێران دراوسێی وڵاتی ئەفغانستانە کە یەکەمین وڵاتە لە چاندنی ماری جوانا و تلیاق و بە ئاسانیش ناتوانێت هەناردەی دەرەوەی بکات بۆیە لە ڕیگەی زەوینییەوە دەیگەینێتە وڵاتە جۆراوجۆرەکان کە بەداخەوە هەرێمی کوردستانیش کەوتووەتە ناو بازنەی ڕەشی سێبەری ئەم دێوزمەیەوە. ئەو شتەی کە پێوسیتە هەڵوێستەی لەسەر بکەین ئەمەیە کە مادەی هۆشبەر و پلانی بڵاوکردنەوەی بە ئاڕاستەیەک دەڕوات کە بەنرخترین و زێڕینترین سەرمایەی ئێمە کە مرۆڤە دەیکاتە ئامانج و لەوەش کارەساتبارتر زیاتر گەنجان و خوێندکاران دەکاتە ئامانج، ئەمە لایەنێکی دیکەیەتی، لایەنی دیکەی بڵاوکردنەوەی بە ناو خانمان و ژناندایە کە ئەمەش ڕەهەندی سامناکی دیکە لە ئەخلاق و پێشێلبوونی کەرامەتی مرۆڤی ئێمە بە تایبەت ژنان دەکاتەوە. و کەسایەتی و کەرامەتی ژنی کۆمەڵگەی ئێمە ورد و خاش دەکات و بەرەو شوێنی بێگەڕانەوەیان دەبات.
بە سەرنجدان بەم دۆخە ئەگەر پلانێکی ورد و زانستیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە و دەستەکانی پشتەوەی نەبێت ئەوا لە درێژماوەدا ئێمە کۆمەڵگەیەکی خەواڵوو و سڕ و مردوومان لە بەردەمدایە کە بە ئاسانی ناتوانین ئاسەوارەکانی بۆ چەندین ساڵ لە کۆمەڵگەدا بسڕینەوە، مادەی هۆشبەر خۆی وەک دیاردەیەکی نەگریسی سەرچاوە و سەرەکییە کە کۆمەڵێک دیاردەی دیکەی وەکوو دزی، لەشفرۆشی، کوشتوبڕین و لادان لە هەموو جۆرە نۆرمێکی کۆمەڵایەتی و کەلتووری بەدوای خۆیدا دێنێت. لەپاڵ ئەمانەدا ئێمە پێویستمان بە کۆمەڵێک ناوەند و بنکەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی لەم بارەیەوە هەیە تاکوو هەم پێشگیریی زیاتر لەم کارەساتە بکرێت بە شێوەی کەلتووریی و فێرکلاریانە و نەرم، و هەمیش ڕۆحییەت و هەروەزییەکی کۆمەڵایەتی درووست بکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جەمعی لەگەڵ دیاردەکەدا، ئەگینا حکوومەت تەنیا و بە یارمەتیی ئاساییش و هێزی ئەمنی ناتوانێت دێوەزمەی ئالوودەبوون بکوژێت، ڕەنگە حکوومەت تەنانەت بتوانێت سەردەستە و بەڕێوەربەر و مافیا سەرەکییەکانیشی بگرێت بەڵام پلانی ئالوودەکردنی کۆمەڵگەی کوردیی لە باشوور و ڕۆژهەڵات لە ئەفغانستانەوە دەست پیدەکات و بە ناو هەموو بیابان و جادەی خۆڵ و شۆستە و دارستانەکاندا دێت تاکوو دەگاتە سنووری پەروێزخان و باشماخ و لەوێشەوە ئاودیوی بووکی کوردستان واتە سلێمانی و باشووری کوردستان دەکرێت. ئەمە ئەگەر بزانین قاچاخچییەکانی مادەی هۆشبەر بۆ گواستنوەی مادە هۆشبەرەکان لە هەر ڕێگایەک کەڵک وەردەگرن ئاستیی سامانک و چەندڕەهەندیبوونی دیاردەکەمان زیاتر بۆ دەردەکەوێت وەکئەو نموونەیەی کە لە ڕۆژانی پێشوودا حەشیشی لە کۆمیدا شاردبووەوە تاکوو دەربازی بکات و نەگیرێت. [1]