ناونیشانی بابەت: شێوە ناوشیارەکانی دیکتاتۆر پەرستی
ئامادەکردن: #حەبیب ساڵحی#
(لە یادی 16 ساڵەی لەسێدارەدانی #سەددام حسێن#دا)
یادکردنەوەکان زیاتر بە مەبەستی تێڕامان و بەرهەمهێنان و هەڵخڕاندنەوەی کۆمەڵێک هەستن، کە بۆ بۆنە یان ڕووداوی یادکراو دێنە ئاراوە، جیا لەوەی کە خودی یادکردنەوە ڕێچواڵ و ڕێوڕەسمێکی ڕەمزییە بۆ بەبیرهێنانەوە و بەیادسپاردنی بۆنە یان ڕووداوێک لە دونیای هەست و بیرکردنەوەدا، پڕۆژەیەکیشە کە لە ناو زەمەندا بە ئاڕاستەی شوناسمەندکردنی کۆمەڵگە و بیچمدان بە تێڕوانین و ڕوانگەیان بە خۆیان و مێژوو و ڕووداوەکان دەجووڵێت. یەکێک لە ڕووداوە هەرە گرینگەکانی دونیای ئێمەی کورد لەسێدارەدرانی سەدام حسێن بوو ئەویش شانزە ساڵ لەمەوبەر.
سەدام حسێن ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕا لە پووکاندنەوەی هەوڵی کورد بۆ ڕزگاری لە هەموو پارچەکانی کوردستان و ناتوانین مەزەندی شتێک بکەین کە ئەو دەرهەق بە کورد لە باشووری نەی کردبێت، ئەنفال و #هەڵەبجە# و کوشتنی بارزانییەکان تەنیا پڕۆژە دیارە و بە بەڵگەکراوەکانی سیستەمی #بەعس#ن، ئەگین پلانی قڕانکردنی شوناس و بوونی کورد لە دونیای بەعسدا زۆر وردتر و سامناکتر پیادە کراوە و دونیای نەست و ناوشیاری ئێمەی تەنیوە، ئەگەرچی بە جەستە ئێمە بینیمان لە سێدارە دراوە بەڵام وەکوو خەیاڵ و فانتازیایەکی بەهێز لە ناوشیاریی کۆمەڵگەی کوردیدا جار نا جار بانگهێشت دەکرێتەوە و وەکوو ستایش و ڕێز یادی زیندوو دەکرێتەوە، ئەمە لە حاڵێکدایە یادکردنەوەی مەرگ و لەسێدارەدانی سەدام یادکردنەوەی خوێن و عەدەم و قوربانیبوونی ملیۆنان خەڵک و چەندین نەتەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەدام گرێیەکی گەورە بوو لە پڕۆسەی مۆدێڕنیزاسیۆنی وڵاتانی ئێراق و دەوروبەری، کەتنێکی مەزن بوو لە درووستبوونی ژیانی مرۆڤ لە سەردەمی نوێ بە مانائاساییەکەی، سەدام یادکرنەوەی مۆتەکە و کابووسێکە کە هێندە سێبەری ڕەشی بە سەر سەرمانەوە بووە کە لە ناوشیاریماندا وەکوو بەشێک لە خود و خۆمان هەستی پێدەکەین.
پەیوەندی هەست و نەست یان وشیار و ناوشیار پەیوەندییەکی ئاڵۆز و بێ پلان و ئاسۆیە واتە نە ئاسۆییە و نە ئەستوونی بەڵکوو لە جنس و ماهییەتێکی دیکەیە و زیاتر لە یاسا بێ نۆرمەکانی جیهانی ناوشیار پێڕەوی دەکات، جیهانێک نە زەمەن تێیدا بە ئاڕاستەیەکی وەکوو جیهانی وشیاری دەڕوات و نە زمان و هەستیش تێیدا دەلالەت و مانابەخشییەکانی وەکوو جیهانی بێداری و واقیعە. بۆیە لێرەدا ئێمە زیاتر لەگەڵ جیهانێکی خەون ئامێز و ناوەکیدا بەرەوڕووین، جیهانێک کە لە بێداریدا وا هەست دەکەین دەسەڵاتمان بە سەرییەوە هەیە و بووە بە بەشێک لە ڕابردوو و مێژوو، بەڵام لە جیهانی نەست و ناوشیاریماندا هێندە ئاڵۆزی و برین و ترس و مۆتەکە دەیجووڵێنێت کە ناتوانین بە ئاسانی فۆرموولەی بکەین و ڕابردوو و داهاتووشمانی خستووەتە ناو کەوانەوە. ئەمە یەکێک لەو لایەنانەی ڕەفتارناسیی دیکتاتۆر و دیکتاتۆرپەرستە کە لە ڕووی سایکۆلۆژیی کۆمەڵایەتییەوە تێیدا زۆر هەژار و دەستەوەستانین. ڕەنگە وەڵامی ئەم پرسیارانەی خوارە لە بازنەی مەعریفەناسییەکی ئاوەهادا ببینینەوە کە تیشکم خستە سەری. بۆچی هەندێک (پێویستی بە ئامار نییە لە یەک کەسەوە بگرە تاکوو تاقمێک یان ئەندامانی حیزبێکی دیاریکراو) کەس هێشتا مەدح و ستایشی دیکتاتۆر دەکەن و بە حەماسەت و بگرە پیرزۆییەوە وێنە و ڤیدیۆکانی بەرز دەکەنەوە و بانگهێشی دەکەن؟.
ئایا بانگهێشتکردنەوەی دیکتاتۆر هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ڕۆح و نەرێتی هەژموونیی پیاوسالارانە کە نیشانەکانی لە جەستە و جووڵە و دەرکەوتنە میدیاییەکانی سەدام وەکوو سمێڵی فش، جلی سەربازی (وەکوو هێمایەک بۆ لەشەڕبوون و بوێری و ڕۆحی جەنگاوەریی پیاوانە) ، چەک بە دەستبوون، غارغارێن بە ئەسپ لە ناو شەقامەکانی بەغدا، نواندنی میهرەبانی لە هەندێ دەرکەوتنی میدیایی وەکوو بەسەرکردنەوەی ماڵی هەژار یان لێقەوماوێک یان نەخۆشێک لە نەخۆشخانە و…بەدی دەکرا، هەیە؟ ئەم پەیوەندییە چۆناوچۆن فورموولە دەکرێت؟ ئایا ئەگەر پیاوسالاری لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان بە گشتی و کۆمەڵگەی کوردیش کز و لاواز بکرێت ئێمە دەتوانین لە خواست و ئارەزووی ناوشیار بۆ دیکتاتۆر بە شێوەیەکی ڕێژەیی ڕزگارمان ببێت؟ ئایا ئەمە پلانێکی سیاسی-کولتووری لە پشتە و ئێمە لە ناو کایەیەکی مەزنی تۆڕ و داو و دامەزراوە سیاسییەکاندا خەون و ختوورە و خەیاڵەکانمان فۆرم پەیدا دەکات؟
ئەم پرسیارانە بەر لەوەی وەڵامی ڕاست و بێ ئەملاولایان پێویست بێت، دەبێت هەڵوێستەیان لەسەر بکرێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفەیەک کە پەیوەندی نێوان دیکتاتۆر و دیکتاتۆرپەرست/ کۆمەڵگەی دیکتاتۆر لێدراو و حکوومەتی دیکتاتۆر زیاتر ڕوون بکاتەوە. لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە سێ بەرنامەی جیاجیادا و لە سێ پەیج و تەلەڤیزیۆنی جیاوازدا چەند پرسیار فۆرموولە کران کە هەموویان خزمەتیان بە یەک وێنا و ئایدیا لە یادکردنەوەی دیکتاتۆر دەکرد ئەویش هەیبەت و سامی دیکتاتۆر وەکوو خاڵێکی ئەرێنی! هەڵبەت بێگومان لەم میدیایانەدا بە ڕاستەوخۆ ناوترێت ئەرێنی بووە، بەڵکوو بە دەربڕین و ئەداکردنێکەوە دەگوترێت کە گوایە ئەم تایبەتمەندییە کائینێکی جیاوازی لەو کەسە (سەدام حسێن) درووست کردووە، بۆ نموونە لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی ئێن ئار تیدا کە دیمانەیەکە لەگەڵ حاکم ڕزگار ئەمین؛ ئەو دادوەرەی کە سەرەتا ئەرکی سزادان و موحاکەمەکردنی تاوانبارانی بەعسی لەسەر شان بوو پێشکەشکار ئەم پرسیارەی لێدەکات… “هیچ کاتێک هەبووە لە کاتی دادگاییکردنەکە چاوت لە ناوچاویی سەدام کردبێت و ترسێک لە دڵت نیشتبێت؟” حاکم ڕزگاریش بەپێکەنینەوە وەڵام دەداتەوە نەء! یەکەم ئەوەی کە خستنەڕووی ئەم پرسیارە بە و سیاقە پۆپۆلیستییە و بە بێ زەمینەسازیی ئەوەی کە مەبەست لە ترس چییە و چ کاتێک نەترسی باشە و چ کاتێک بترسی باشە خۆی دابەزاندن و سووککردنی مەعریفەیەکە کە بڕیار بووە بەعس و سێبەرە ڕەشەکەی و مەکینە پیسەکەی بناسێت! لە زمانی کوردیدا نەترسی هەمیشە دەلالەتێکی تاقانە و ڕێک و باشی نییە، بۆ نموونە دەڵێن: کابرایەکی نەترس و بوێرە، دیارە لێرەدا ڕوونە بوێری و نەترسی یەک واتایان هەیە یان لە سیاقێکی دیکەدا دەڵێن کابرایەکی لەخواترس و بەویژدانە لێرەدا ترس فەزیلەت و سەرێتییەکی ئەخلاقییە و کارکردێکی دیکەی چالاک کراوە، مەبەستمە بڵێم ترسان و نەترسان لە سیاقی خۆیدا دەتوانێت مانا و دەلالەتەکەی ڕێژەیی بێت، ئەوی کە جەنابی “حاکم ڕزگار” لە سەدام ناترسن لایەنێکی هاوکێشەکەیە و لایەنێکی دیکەی خودی سەدامە کە ئەو درووستکەری ترس بووە و ترسێنەر بووە کە لە هەمانکاتدا دەشێت واتای نەترس و بوێریشی هەبێت ئەمە ئەو تۆرە ناوشیارییە زمانییەیە کە بەشێکی زۆر لە میدیاکانی ئێمە فڕیان بە سەرییەوە نییە بە تایبەتی لە بابەتێکی ئاوەهادا کە برین و شوناسی نەتەوەیی لە ئارادایە.
سەدام لەم بەرنامانەدا دەشێت وەکوو تاوانبار و دواتر نەخۆشێک باسی لێبکرێت نەک وەکوو سووژەیەک کە توانایی ترس و تۆقاندنی هێشتا لە ناو قەفەزەکانی دادگاشدا ماوە! ئەم نواندنەوەیە دەرخەری ناوشیارێکی تاریک و دڕە کە خەریکە پانتای وشیاری داگیر دەکات و شوێن پێی ئەقڵ و مەعریفە لێژ دەکات، ئەم نواندنەوەیە لە ڕاپۆرتی یەکێک لە پەیجەکان کە لە زاری ژەنەڕاڵێکی خانەنشینەوە بە ناوی کێڤن هۆڵاندەوە دەیگێڕێتەوە کە سەرپەرشتی تیم و یەکێک بووە لە ئەندامانی ئەو تیمەی سەدام حسێنیان دەسگیر کردووە، دەبینرێت، پەیجی زەمەن لە زاری ئەم ژەنەڕاڵەوە دەیگێڕێتەوە کە گوایە سەدام بە و دۆخەش کە لە ناو ئەو چاڵەدا دەریانهێناوە هێشتا سامدار و مەترسیدار بووە! یان پەیجێکی دیکە بە مۆنتاژ و بڕینی ڤیدیۆی دادگاییکردنەکە لە زمانی ئاماژە کەڵک وەردەگرێت و دەڵێت دادوەر وا تێگەیشتووە لە جووڵەیەکی دەستی سەدام کە گوایە سەدام هەڕەشەی لێدەکات و بۆیە دادوەر بە تووڕەییەوە بە سەریدا دەگرمێنێ و ئەویش پێدەکەنێت! ئەم بوێراینواندن و نەترسانەی! دیکتاتۆر نیشانە و ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ دۆخێکی ناتەندرووستی سایکۆلۆژی و نەخۆشییەک کە ساڵانی ساڵ بەعس لە ناو ئێراق و ناوچەکەدا و لە ناو کۆمەڵگەی کوردیش بڵاوی کردووەتەوە، ئێستە پرسیاری سەرەکیی ئەمەیە کە ئایا ئەو وێنەسازییە لە دەرگای وشیاریی و عەقڵیەتێکی بچووک و سیاسیکار کە قایل بە کایەی سیاسی و حیزبی لە ناو هەر پانتاییەکدایە، دێتە ژوورەوە یان فیچقەکردن و کوڵدانی ناوشیارییەکی پڕ برینە کە دەیەوێت مەعریفە و ئەقڵانییەتی ئێمە داگیر و بەند بکات؟.
بێگومان بۆ هەڵوێستەکردن لەسەر ئەم پرسیارە و پرسیارانی دیکە پێویست بە بنکەی بەعسناسی و لێکۆڵینەوەی چڕوپڕ لەسەر پەیوەندی دیکتاتۆر و کۆمەڵگە و نواندنەوەی یادکردنەوەکان لە زمانی هەست و نەست هەیە، تاکوو ئێمە بزانین دیکتاتۆر مردووە لە هەناوماندا یان نا و بە شێوازی ناوشیار و لە بیچم و دەمامکی دیکەدا بەرهەم دەهێنرێتەوە؟. [1]