ناونیشانی بابەت: تیشکێک بۆ سەر هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە 14ی ئایاری 2023 دا
ئامادەکردن: #سامان ساڵح#
“سەرەتا”
وابڕیارە 14ی ئایار (5) ی 2023، واتە چەند ڕۆژێکی دیکە، هەڵبژاردنی گشتیی (پەڕڵەمان، ئەنجوومەنی نیشتمانی گەورە و سەرۆک کۆمار) لە تورکیا ئەنجام بدرێت، دەنگدەری تورکیا سەرۆک کۆمار و 600 ئەندامی پەڕڵەمان هەڵدەبژێرن.
بە گوێرەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە؛ ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە بریتیین لە 64 ملیۆن و113 هەزار و941 دەنگدەر، لەم ژمارەیە، سێ3 ملیۆن و416هەزار و89 دەنگدەریان لەدەرەوەی وڵات دەنگ دەدەن، بە گوێرەی هەمواری نوێ (2022) ی قانونی هەڵبژاردن لە تورکیادا، پارتی سیاسی بەشدار یان هاوپەیمانێتی پێویستە (7%) ی کۆی دەنگی دەنگدەران بەدەست بهێنن، ئەوکات بۆیان هەیە بچنە پەڕڵەمانی تورکیاو ئەم سیستەمەش بە بەربەستی (7%) ناسراوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم هەڵبژاردنەدا دەرکەوتنی کاریگەریی توێژی لاوانە کە تەمەنیان لەنێوان (18 بۆ 29) ساڵیدایە، کە ڕێژەی (25%) ی کۆی دەنگدەران پێکدەهێنن.
هەڵبژاردنی گشتیی لە تورکیا، لە کاتژمێر (7) ی بەیانی بە کاتی تورکیا، دەست پێدەکات و لە کاتژمێر (5) ی ئێوارە، کۆتایی دێت، بەگوێرەی ئەزموونی چاودێریکردنم لە هەڵبژاردنی گشتی 2015 دا لە تورکیا-پارێزگای #ئامەد#، لەو وڵاتە #وەزارەتی ناوخۆ# سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان دەکات و نوێنەری پارتە سیاسییەکان کارەکانی دەنگدانی هاووڵاتی لە وێستگەکاندا بەڕێوەدەبەن و دەنگدەر لە ناو قوتابخانەکان و شوێنە گشتییەکان کە “لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان دیاریکردووە” دەنگدەدەن، هەر دەنگدەرێک مۆری “بەڵێ-evet” لەسەر بۆشایی خوارەوەی لیست و بەربژێری سەرۆک دەدات.
ئەنجامی بەرایی دەنگدان، لە پێش کاتژمێر 12ی شەو (11:59) خوولەکی هەمان ڕۆژی دەنگدان، ڕادەگەیەنرێت و ئەنجامی کۆتاییش لە 19ی ئایار ڕادەگەیەنرێت و لەرۆژنامەی فەرمی بڵاو دەکرێتەوە، هەتا ڕۆژی 15ی ئایار، کاتژمێر پێنج ی ئێوارەش، کاتی تانەدان بۆ قەوارە بەشدارەکانی هەلبژاردن کراوەیە.
لەم هەڵبژاردنەدا، 26 پارتی سیاسی بەشدارن، ژمارەی پارتە بەشدارەکان بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو کەمیکردووە، هۆکارەکەشی بۆ درووستبوونی هاوپەیمانێتییەکان دەگەڕێتەوە، تورکیا لەم هەڵبژاردنەدا بۆ حەوت ناوچەی هەڵبژاردن دابەشدەبێت، (ناوەڕاستی ئەنادۆڵ، ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆل، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاست، ناوچەی دەریای ئیجە، ناوچەی دەریای ڕەش و ناوچەی مەڕمەڕە) .
ئەم هەڵبژاردنە، بە یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی نیوەی یەکەمی ساڵی 2023ی ناوچەکە و جیهان دادەنرێت، کە کاریگەریی نەک هەر لەسەر تورکیا و ژیانی هاووڵاتییانی هەیە، بەڵکوو لێکەوتەی جۆراوجۆری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیش هەیە.
یەکەم، ژمارەی کورسی پەڕڵەمان بە گوێرەی بازنەکان:
ژمارەی کورسییەکانی پەڕڵەمانی تورکیا 600 کورسین و بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان و ناوچەی جوگرافی بەمجۆرە دابەشبوون:-
- ناوەڕاستی ئەنادۆڵ (13 ویلایەت) 97 کورسی.
- ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (14 ویلایەت) 53 کورسی.
- باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (9 ویلایەت) 65 کورسی.
- ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاست (8 ویلایەت) 74 کورسی.
- ناوچەی دەریای ئیجە (8 ویلایەت) 75 کورسی.
- ناوچەی دەریای ڕەش (18 ویلایەت) 66 کورسی.
- ناوچەی مەڕمەڕە (11 ویلایەت بە ئەستەنبولەوە) 170 کورسی.
دووەم، بۆچی 14 ی ئایار، بۆ هەڵبژاردن دیاریکرا؟
سەرباری گرنگیی و بایەخی ئەم هەڵبژاردنەی تورکیا، کە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکایی بە “هەلبژاردنی سەدە” ناوی بردووە، وەک ئاماژەیەک بۆ تێپەڕینی سەد ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزان و درووستبوونی تورکیای نوێ دا، ئەوا چەندین مانای شاراوە لەم ڕێکەوتەدا هەیە.
بۆ پارتی دەسەڵاتداری ئێستای تورکیا، دیاریکردنی ڕۆژی (14ی ئایار) مانای تایبەت و سیمبولیی گرنگیی هەیە، چونکە (14ی ئایار) لە مێشکی تورکەکاندا پەیوەستە بە یەکەم دەرکەوتنی ڕاستەقینەی ئیسلامی سیاسی و پارێزگارەکان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی تورکیادا، دوای ئەوەی لە پارتەکەی مستەفا کەمال، جیابوونەوە و سەردەمی تاک حیزبی کۆتایی هات. ئەم مێژووە ئەوە بیری تورکەکان دەخاتەوە؛ کاتێک هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی تورکیا لە (14ی ئایاری 1950) بەڕێوەچوو، کە بە یەکەم هەڵبژاردنی دیموکراسی دادەنرا، کە ئەنجامدرا لە سەردەمی نوێداو دووەم هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی بوو کە زیاتر لەلایەنێکی سیاسی بەشداری تێداکرد، لەو هەڵبژاردنەدا، پارتی دیموکرات بە ڕێبەرایەتی “عەدنان مەندەریس”، لەبەرانبەر پارتی گەلی کۆماریی مستەفا کەمال، سەرکەوت و ئەم دۆڕانەی پارتەکەی مستەفا کەمال، کاریگەرییەکەی هەتا 27 ساڵ دوای ئەوەشی خایاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا، لە دیاریکردنی ئەم ڕۆژەدا، دەیەوێت لەڕووی سیمبولییەوە ئەو پەیامە بە کەمال کڵچدار ئۆغڵۆ بدات، کە دیسانەوە پارتەکەی کەمالی کۆن بەڕێبەرایەتی کەمالی نوێ، شکست دەهێنێتەوە.
سێیەم، بەربژێرەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، کێن؟
چوار بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا، لەم هەڵبژاردنەدا ململانێ دەکەن، ئەوانیش؛
- بەربژێری هاوپەیمانێتی کۆمار: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئێستا.
- بەربژێری هاوپەیمانێتی گەل: کەمال کڵچدار ئۆغڵۆ، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی (پارتەکەی مستەفا کەمال) .
- بەربژێری هاوپەیمانێتی ئەتا (عطاء) : سینان ئۆغان.
- کاندیدی پارتی وڵات، موحەڕەم ئینجە.
دوو لە بەربژێرەکان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کڵچدار ئۆغڵۆ، هەرە بەهێزترین کێبڕکێکاری هەڵبژاردنەکەن و بەگوێرەی ڕاپرسییەکان، ململانێکە لەنێوان ئەو دوو بەربژێرە دەبێت، هەروەک بەگوێرەی سیستەمی هەڵبژاردنی سەرکۆمار لە تورکیا، ئەگەر لە خوولی یەکەمی هەڵبژاردن، دەرچوون بۆ یەکێک لە بەربژێرەکان یەکلا نەبێتەوە (واتە: 50 + کۆ 1) ی دەنگە ڕاستەکانی بەدەست نەهێنا، ئەوا لە خوولی دووەمدا هەر بەربژێرێک زۆرینەی دەنگە ڕاستەکانی بەدەستهێنا، ئەوە بە براوە دێتەژماردن، شارەزایان و ئەنجامی ڕاپرسییەکان، ئاماژە بەوە دەکەن بەلایەنی زۆرەوە هیچ کام لە بەربژێرەکان ناتوانن لە خوولی یەکەم سەرکەوتن بە دەستبهێنن!.
چوارەم، پارت و هاوپەیمانێتییە سیاسییەکانی بەشداربوو لە هەڵبژاردنی تورکیادا؟
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، 26 لایەن لیستەکانیان پێشکەشکردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەڕڵەمان، لەنێویاندا ژمارەیەک لایەن هاوپەیمانێتیان درووستکردووە.
لە هەڵبژاردنی پەڕڵەماندا پێنج هاوپەیمانی بەشدارن، ئەوانیش:-
1-هاوپەیمانێتی کۆمار- پارتی دەسەڵاتدار.
2- هاوپەیمانێتی گەل، کە لە شەش حیزبەکەی (دیالۆگی شەشی) پێکهاتووە.
3- هاوپەیمانێتی ئەتا.
4-هاوپەیمانێتی کرێکاری و ئازادی.
5- هاوپەیمانێتی هێزە سۆسیالیستەکان، کە پارتی دیموکراتی گەلان- نوێنەرانی کورد، لەم هاوپەیمانێتییەدان، ئەمانیش پێکدێن لە؛ هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان و بەربژێری سەرۆک کۆماریان نییە، بەڵام پشتگیری بەربژێری سەرۆک کۆماریی -هاوپەیمانێتی گەل (کەمال کڵچدار ئۆغڵۆ) دەکەن.
پێنجەم، کورد لە هەڵبژاردنی تورکیادا
پارتی دیموکراتی گەلان، تاکە پارتی کورد لە تورکیادا، کە لە ئێستادا هەردوو هاوسەرۆکی پێشوویان (#سەڵاحەدین دەمیرتاش# و فیگەن یوکسەک داغ) لە زینداندان، وەک ڕێگەیەکە بۆ ڕزگاربوون لە داخستنی پارتەکەیان (#هەدەپە#) لەلایەن دادگاکانی تورکیاوە لەسەر سکاڵای ڕەجەبە تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆمار، بە ناوی پارتی چەپە سەوزەکان (یەشیل سۆل پارتەسی) (YSP) لە هەڵبژاردنی گشتی 2023بەشدارن.
ئەم پارتە و کاندیدەکانی ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاو لە هاوکێشەی سیاسی تورکیادا دەگێڕن، ئەم پارتە لەبەرانبەر ئەرۆدغاندا پشتیووانی لە کەمال کڵچدار ئۆغڵۆ دەکات، وەک ڕێگەیەک بۆ شکستهێنان بە ئەردۆغان و سیاسەتەکانی لە تورکیادا دژ بە کورد، لەبارەی گرنگیی و ڕۆڵی ئەم پارتەی کورد لە تورکیادا پێگەی سی ئێن ئێن ی ئەمریکایی وەک “پاشا درووستکەر- king Maker” ناوی بردووە.
ئەوەی پەیوەستە بە تێڕوانینی ڕاست و ڕەوا بۆ بەشداری پارتی چەپە سەوزەکان (کورد) و هەڵوێستەکانیان لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەیە کە؛ نەبوونی بەربژێری سەرۆک کۆمار هەنگاوێکی ڕاست بوو بە ئاڕاستەی کۆکردنەوەی هێز بۆ ڕێکخستنی پارتەکە و بەربژێری ویلایەتەکان و دوورکەوتنەوە لە دژایەتی ڕاستەوخۆی کەسیی و بوون بە قوربانیی ستەمی سیاسی لە تورکیادا، هاوکات پشتیووانیکردنی کەمال کڵچدار ئۆغڵۆش لەبەرانبەر ئەردۆغاندا، سیاسەتێکی مامناوەندییە بۆ کارکردن بە ئاڕاستەی هەوڵە هەمەلایەنەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لادانە سیاسی و دەستوورییەکانی تورکیا، کە نەدەکرا بە تەنیا کورد، ئەوبارە قوورسە هەڵبگرێت، چونکە ئەوەی کرۆکی ئەم هەڵبژاردنەی تورکیایە و هەموو دنیا چاوی لەسەریەتی، ئەوەیە کە؛ ئایا دوای سەدساڵ لە مێژووی تورکیای نوێ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرۆک لە سیستەمێکی سەرۆکایەتی لە دوای 15ی ئایاری 2023 بەردەوام دەبێت، یان کەمال کڵچدار ئۆغڵۆ، سیستەمی پەڕڵەمانی دەگەڕێنێتەوە و تورکیا بەرەو ئەوروپا پێچ پێ دەکاتەوە؟ بە پەرۆشییەوە چاوەڕوانی ئەنجامەکان دەکەین. [1]