ناونیشانی بابەت: ڕیالیزم و ئاساییشی نیشتمانی
ئامادەکردن: #محەمەد حسێن زادە#
“پێشەکی”
دوای سەرهەڵدانی (دەوڵەت-نەتەوە) و پەرەسەندنی ئەرکەکانی، دابینکردنی ئاساییشی نەتەوەیی یا ئاساییشی نیشتمانی، وەکوو یەکێک لە سەرەکیترین و گرنگترین ئەرکەکانی دەوڵەت دیاریکرا، بە جۆرێک کە زۆربەی شارەزایان لەو بڕوایەدان کە هۆکاری سەرهەڵدانی دەوڵەتەکان یا گرنگترین ئەرکیان دابینکردنی ئاساییشی ناوخۆیی و دەرەکییە. بۆیە ئاساییشی نیشتمانی لە شانۆی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بابەتێکی ئێجگار گرنگە. چەمکی ئاساییشی نیشتمانی هەم لەسەر دەسەڵاتداران و هەم لەسەر دەوڵەتەکان کاریگەریی بەرچاوی داناوە. زۆر جار ڕێبەرانی وڵاتان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بنەما و ئامانجی سیاسەت و هەڵوێستەکانیان دابینکردنی ئاساییشی نیشتمانییە. لێرەوە دەردەکەوێت دابینکردنی ئاساییشی نیشتمانی وەک گرنگترین ئەرکی دەوڵەتەکان بە هەژمار دێت. وەکوو پێناسەیەکی سەرەتایی، ئاساییشی نیشتمانی؛ بریتییە لە هەستکردن بە نەبوونی هەڕەشە. کەوا بێت هەبوون و نەبوونی ئاساییش بەستراوەی هەبوون و نەبوونی هەڕەشەیە. بەڵام ئەوە پێناسەیەکی سەرەتایی و گشتییە. لە ڕووی زانستییەوە چەمکی ئاساییش و بە تایبەت ئاساییشی نیشتمانی لە قۆناغە جیاوازەکاندا، گۆڕانکاریی قووڵ و بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و لە ئێستادا پێناسەی جۆراوجۆر لە ئاساییشی نیشتمانی هاتوونەتە ئاراوە. بۆیە، پێناسە و ڕوانگەی هەر کەسێک سەبارەت بە ئاساییشی نیشتمانی، بەستراوەی ئەوەیە کە ئەو کەسە چۆن بیر دەکاتەوە و تێڕوانینی بۆ جیهان چۆنە و لەژێر کاریگەریی کامە دیسکۆرس و گریمانە و تیۆردایە. کەوا بێت، ئێمە ناتوانین پێناسەیەکی پڕوپەرداخت لە ئاساییش پێشکەش بکەین کە کۆدەنگی لەسەر بێت، بەڵکوو بۆ تێگەیشتن لە واتای ئاساییشی نیشتمانی، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ تیۆرە جیاوازەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان. من هەوڵ دەدەم لە چەند نووسراوەیەکدا، ڕوونی بکەمەوە کە تیۆرە سەرەکییەکانی سیاسەتی نێونەتەوەیی، ئاساییشی نیشتمانی چۆن پێناسە دەکەن و گریمانە سەرەکییەکانیان سەبارەت بەو پرسە کامانەن. بۆ ئەو مەبەستە، هەر جارە و باس لە گریمانەکانی یەکێک لە تیۆرەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دەکەم. بۆیە لێرەدا، وەکوو دەستپێک هەوڵدەدەم بە کوورتی، باس لە ڕوانگە و گریمانەکانی تیۆری ڕیالیزم سەبارەت بە ئاساییشی نیشتمانی بکەم. سەرەتا با بزانین ڕیالیزم چییە.
=KTML_Bold=“ڕیالیزم لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا”=KTML_End=
قووتابخانەی “ڕیالیزم” تا ئێستا گرنگترین و سەرەکیترین قوتابخانە بووە لە زانستی سیاسەت و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا. لێرەدا بە ئەنقەست دەستەواژەی “قوتابخانەی ڕیالیزم”م بەکار هێناوە، چونکە ڕیالیزم تاقە یەک تیۆری نییە، بەڵکوو ڕێبازێکی گشتییە سەبارەت بە سیاسەتی نێونەتەوەیی. ڕیالیزم دابەش بووە بەسەر چەندین تیۆری جیاوازدا کە بە شێوەیەکی گشتی بریتین لەوانە؛ ڕیالیزمی کۆن ( کە گرنگترین بریمەندانی بریتین لە توسیدید، ماکیافێللی و توماس هۆبز) ، ڕیالیزمی کلاسیک (هانس جی. مۆرگێنتا، نیکۆلاس سپایکمەن، ڕاینهۆڵد نەیبۆر، ڕیمۆن ئارۆن، ئارنۆڵد وێلفۆرز، جۆرج کێنان و فدریک شومان) ، ڕیالیزمی نوێ ( کنێت واڵتز، ڕۆبێرت گیلپین، ستیڤان کراسنێر) و ڕیالیزمی نوێ-کلاسیک کە خۆی دابەش دەبێ بەسەر دوو ڕەوتدا: یەکەم، ڕیالیزمی هێرشبەرانە (جۆن جی. مێرشایمێر، فرید زەکەریا، ویلیام ولفۆرپ، ڕانداڵ شوێلێر) و ڕیالیزمی بەرگریکارانە (ستیڤان واڵت و ڕۆبێرت جرویس) . بیرمەندانی سەر بە تیۆرە جیاوازەکانی قوتابخانەی ڕیالیزم، سەبارەت بە سیاسەتی نێونەتەوەیی و بە تایبەت دەربارەی شێوازی سیاسەتکردن و هەڵسوکەوتی دەوڵەتەکان و بزوێنەر و پاڵنەرەکانی ڕەفتاری دەوڵەتەکان، بیروبۆچوونی جیاوازیان هەیە. بۆ نموونە، وەڵامەکانیان بۆ ئەو پرسیارانە جیاوازن؛ ئەوەی کە ئایا دەوڵەتەکان چەندە و تا چ ڕادەیەک هێزیان پیویستە؟ ئەوەی کە ئایا دەوڵەتەکان بۆ پاراستنی خۆیان و دابینکردنی ئاساییشی خۆیان پێویستە پەلاماری لایەنەکانی تر بدەن و هەوڵی بەدەستهێنانی پێگەی هەژموونی بدەن یا خود هەوڵی جێگیرکردن (یا پاراستنی) هاوسەنگی هێز بدەن؟ ئەوەی کە ئایا بۆ دابینکردنی ئاساییشی خۆیان هەوڵ بدەن بۆ سەرچاوە و تواناکانی خۆیان بگەڕێنەوە یان هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ وڵاتانی تر بدەن؟ وەڵامەکان بۆ ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری هاوشێوە، بیرمەندانی ڕیالیست لێک جیا دەکاتەوە.
بەڵام زۆرینەی بیرمەندانی ڕیالیست لەسەر هەندێ خاڵ و گریمانە بنەڕەتی کۆک و هاودەنگن بۆ نموونە، لە ڕوانگەی ڕیالیستەکانەوە:-
1. مرۆڤ بوونەوەرێکی خۆویست، خۆخواز و قازانجخوازە.
2. هەر وەکوو مرۆڤ، دەوڵەتەکانیش خۆویست، سەربەخۆییخواز و سەروەریخوازن و ئەوانە تابەتەمەندییە سەرەکییەکانی دەوڵەتەکانیشن.
3. دەوڵەتەکان تاقە گەمەکەر (یان لانی کەم گەمەکەری سەرەکی) شانۆی سیاسەتی نێونەتەوەیین.
4. دەوڵەتەکان گەمەکەری ئاوەزمەند یا ژیرن، بەو واتایە کە هەڵسەنگاندن بۆ تێچوو و قازانجەکانی سیاسەت و هەڵوێستەکانیان دەکەن و دەرئەنجام سیاسەتێک دەگرنە بەر کە زیاترین قازانج و کەمترین تێچووی هەبێت. گرنگترین ئامانجی دەوڵەتەکان بریتییە لە مانەوە و دابینکردنی ئاساییشی خۆیان.
5. بەدەستێنانی هێز بە گونجاوترین ڕێگای گەرەنتیکردنی مانەوەی خۆیان دەزانن، [ئەگەرچی ڕیالیستەکان سەبارەت بەوەی کە بۆ دابینکردنی ئاساییش، چەندە و تا چ ڕێژەیەک هێز پێویستە، هاودەنگ نین].
6. لە ڕوانگەی ڕیالیستەکانەوە، هێز هەم کەرەستەیە و هەم ئامانج. دەوڵەتەکان بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کەڵک لە هێز وەردەگرن. سەرەکیترین بەرژەوەندیش بریتییە لە دابینکردنی ئاساییش. پێگەی دەوڵەتەکان لە شانۆی نیونەتەوەییدا بەپێی هێزی بەردەستیان دیاری دەکرێت. واتە وڵاتانی زلهێز، بچووک یان مامناوەندی بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی هێزی بەردەستیان پۆلێنبەندی دەکرێن.
7. یەکەمین و سەرەکیترین لایەنی هێز، بریتییە لە هێزی سەربازیی.
8. بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان چرای ڕێنوێنی سیاسەتی دەرەکین.
9. ئانارشی [فەوزا] تایبەتەمەندی سەرەکی سیستەمی نێونەتەوەییە. بەو واتایە کە دەسەڵاتێکی ناوەندیی لەسەرەوەی دەوڵەتەکان لە ئارادا نییە. دەوڵەتەکان لە ڕووی یاسا و سەروەرییەوە پێکەوە بەرابەرن و ئەوەی کە جیایان دەکاتەوە، ڕێژەی هێزی بەردەستیانە.
10. لە دۆخی ئانارشی یا فەوزەویدا شەڕ و ململانێ تایبەتەمەندی هەمیشەیی سیاسەتی نێونەتەوەییە.
11. یاسا و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان بەشێکن لە سیاسەت، بەڵام بەدەگمەن دەتوانن لەسەر ڕەفتاری ستراتیژیکی دەوڵەتەکان کاریگەریی دابنەن.
12.هەر وەها ڕیالیستەکان دەڵین دوەڵەتەکان پێداگری لەسەر دەستکەوتە ڕێژەییەکان دەکەنەوە [نەک دەستکەوتی ڕەها]، بۆیە هاوکاریی دیاردەیەکی دەگمەن و دژوارە.
ئەوانە، سەرەکیترین گریمانەکانی ڕیالیزمی نێونەتەوەیین. بۆیە بۆ تێگەیشتن لە ڕوانگەی ڕیالیزم سەبارەت بە ئاساییشی نیشتمانی پێویستە ئەو گریمانە سەرەکیانە لەبەرچاو بگرین. کەوا بێت، با بزانین ڕوانگەی ڕیالیستەکان سەبارەت بە ئاساییش چییە.
=KTML_Bold=“ڕیالیزم و ئاساییشی نیشتمانی؛ هێز و ئاساییشی دەوڵەت”=KTML_End=
ڕیالیستەکان پێیان وایە؛ لە ناوخۆی وڵاتەکاندا پرسێک بە ناو پرسی ئاساییش لە ئارادا نییە و ئاساییش تەنیا لە ئاستی نێونەتەوەییدا مانای هەیە. بە واتایەکی تر، ئاساییشی نیشتمانی شتێک نییە جگە لە ئاساییشی نێونەتەوەیی. بە گشتی، لە دیدی ڕیالیستەکانەوە نەبوونی ئاساییش [نائەمنیی] تایبەتەمەندی سەرەکی سیستەمی نێونەتەوەییە و شەڕ بەرچاوترین دەرکەوتەی نەبوونی ئاساییشە لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا. بۆیە سوپا و هێزی سەربازیی گرنگکترین ئامرازەکانن بۆ دابینکردنی ئاساییشی دەوڵەت. ئاساییشی دەوڵەتیش بە ئاساییشی نیشتمانی دادەنرێت. کەوا بێت لەو ڕوانگەوە، ئاساییش و هێز (بە تایبەت هێزی ماددی و سەربازیی) پێکەوە گرێ دراون. بە واتایەک، ڕیالیستەکان پێیان وایە پێشمەرجی دابینکردنی ئاساییش بەدەستهێنانی هێزە، واتە ئاساییش دەرکەوتە و بەرهەمی هێزە. هەر گەمەکەرێک بیەوێت ئاساییشی خۆی دەستەبەر و گەرەنتی بکات، پێویستە هێندە هێز کۆ بکاتەوە کە هەڕەشەکان نەتوانن مەترسی لەسەر ئاساییشی درووست بکەن و ئاسوودەیی تێک بدەن. ڕیالیستەکان پێشبینی دەکەن کە داهاتووی جیهان پڕ بێت لە پێکدادان و کێشمەکێش. هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ زیادبوونی ژمارەی گەمەکەرەکان (دەوڵەتەکان) لە شانۆی ئانارشیکی جیهانیدا. هەروا کە لەسەرەوە ئاماژەم پێ کرد، مەبەسیان لە شانۆی ئانارشیک (فەوزا) ئەوەیە کە لە سیستەمی نێونەتەوەییدا بەپێچەوانەی سیستەمی ناوخۆیی، دەسەڵاتێک لەسەرەوەی دەوڵەتەکان نییە کە گرژی و ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکات و لایەنی پەلاماردەر سزا بدات و قەرەبووی ئەو لایەنە بکاتەوە کە پەلامار دراوە. بۆیە هەر گەمەکەرێک بەرپرسیاری دابینکردنی ئاساییشی خۆیەتی و سەرپشکە لەوەی بە هەر جۆرێ بە گونجاوتری دەزانێ، هەوڵی مانەوەی خۆی بدات. ئەم تایبەتەمەندییەی سیستەمی نێونەتەوەیی هەمیشەیی و هەتاهەتاییە، بۆیە ناکۆکی و گرژییەکانیش هەمیشەیی و هەتاهەتایین. دەوڵەتەکان لەو شانۆیەدا بۆ بەدەستهێنانی هێز پێکەوە پێشبڕکێ و کێبڕکێ دەکەن، چونکە لەژێر سێبەری هێزدایە کە ئاساییش دابین دەبێت. کەوا بێت، دەوڵەتەکان بۆ ئەوەی ئاساییشی خۆیان دابین بکەن، دەبێ هەموویان بەردەوام ئامادە بن لەبەرانبەر هێزدا، هێز بەکار بهێنن.
بەگشتی لە ئێستادا لەناو ڕیالیستەکاندا، دوو ڕوانگەی زاڵ سەبارەت بە شێوازەکانی دابینکردنی ئاساییش لە ئارادان:. دەستەی یەکەم کە بە ڕیالیستە هێرشبەرەکان ناسراون، دەڵێن هەر هەر گەمەکەرێک بیەوێت باڵاترین ئاستی ئاساییش بۆ خۆی تەرخان بکات، پێویستە هەوڵەکانی خۆی چڕ بکاتەوە بۆ ئەوەی باڵاترین پێگە یا خود پێگەی هەژموونی لە سیستەمی نێونەتەوەییدا بەدەست بهێنێت. لەم ڕوانگەوە، هەموو دەوڵەتەکان هەوڵ دەدەن ببن بە هەژموون، چونکە تەنیا هەژموونە کە دەتوانێت هەست بە ئەرخەیانی و نەبوونی ئاساییش بکات. دەوڵەتەکان بۆ ئەو مەبەستە پێکەوە کێبڕکێ دەکەن و تەنانەت هەر کات هەست بەوە بکەن کە قازانجەکانی شەڕکردن لە تێچووەکانی زیاترە، بێ ئەملاو و ئەولا شەڕ دەست پێ دەکەن. هەر بەم بۆنەوە لە ئاستی تیۆریشدا بە ڕیالیستە هێرشبەرەکان ناسراون. لەم دیمەنە خەمهێنەرەدا کە ناشێت دەوڵەتەکان هەموویان بتوانن پێگەی هەژموونی بەدەست بهێنن، ململانێ و ناکۆکی و پێشبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی هێزی زیاتر، دەبێتە تایبەتمەندی سەرەکی و نەگۆڕی سیاسەتی نێونەتەوەیی. دەستەی دووەم کە زۆر جار بە ڕیالیستە بەرگیرکارەکان ناویان دەبرێت، وەکوو ڕیالیستە هێرشبەرەکان دان بەوەدا دەنێن کە هێز بۆ دابینکردنی ئاساییش پێویست و مەرجی سەرەکییە، بەڵام دەڵێن دەوڵەتەکان لە جیاتی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پێگەی هەژموونی، دەتوانن لە ڕێگای جێگیرکردنی هاوسەنگی هێزەوە ئاساییشی خۆیان دابین بکەن.
ئەم دەستەیە پێیان وایە کە هەوڵدان بۆ باڵادەستی و بەدەستهێنانی پێگەی هەژموونی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕ، ئەوەش ئاساییشی دەوڵەتەکان زیاتر دەخاتە مەترسییەوە. کەوابێت، دەوڵەتەکان بۆ دابینکردنی ئاساییشی خۆیان هەمیشە پەنا بۆ شەڕکردن نابەن، بەڵکوو لە ڕێگەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەکانی تر، هەوڵی دەدەن بەرەنگاری هەڕەشەکان ببنەوە. بەم چەشنە دەکرێت پەرە بە هێزی خۆیان بدەن و نەیشچنە ناو شەڕێکی ڕاستەقینەوە. بەپێی ئەم ڕوانگە، مانەوە و ئاساییش لە ڕێگای بەدەستهێنانی “ڕێژەیەکی دیاریکراو” لە هێز بە مەبەستی پاراستنی هاوسەنگی لەبەرانبەر وڵات یان هاوپەیمانێتییەک کە دەیەوێت ببێتە هەژموون و باڵادەستی خۆی جێگیر بکات، بەدی دێت. بەم چەشنە ئەو دەوڵەتانەی کە هەوڵی دابینکردنی ئاساییشی خۆیان دەدەن، ئامانجیان لە کەڵەکەکردنی هێز، بەرگریکردنە لە خۆیان و دەیانەوێت لە ڕێگای پاراستنی هاوسەنگی هەنوکەیی هێزەوە، مانەوەی خۆیان گەرەنتی بکەن. هاوسەنگی هێز گونجاوترین ستراتیژیی و باشترین میکانیزمە بۆ جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیریی سیستەمی نێونەتەوەیی. ئەم ڕوانگە بەپێچەوانەی ڕوانگەی هێرشبەرەکان دەڵێت: ئەگەر دەوڵەتێک هەوڵ بدات باڵاترین پێگە بەدەست بهێنێت، مەرج نییە دەوڵەتی دراوسێش بێ ئەملاوئەولا ئەو ستراتیژییە بگرێتە بەر، چونکە ڕەنگە زیانی زیاتری پێ بگات. دەوڵەتەکان لەو کاتانەدا هەوڵ دەدەن هاوپەیمانێتییەک دامەزرێنن و لەبەرانبەر دەوڵەتی پیداچوونەوەخوازدا کە هەوڵی باڵادەستی دەدات، هاوسەنگی پێک بێنن. لەو حاڵەتەدا پیویستیان بە کەڵەکەکردنی هێزی زیاتر نییە. بە دەربڕینێکی ڕوونتر، لەبەر ئەوەی سیستەمی نیونەتەوەیی دەوڵەتەکان ناچار دەکات بەرگریی لە خۆیان بکەن، پاڵنەر و ئیشتیایەکی ئەوتۆیان بۆ پەلهاوێشتن نییە، بەڵکوو بەرژەوەندیی خۆیان لەوەدا دەبیننەوە کە لەبەرانبەر هەڕەشەکان بۆ سەر ئاساییشی نیشتمانیان، هاوسەنگێ “هەنوکەیی” بپارێزن. هەڵبەت ئەم ڕوانگەیە، لەلایەن هێرشبەرەکانەوە تەحەدای لێ کراوە. بەتایبەت هێرشبەرەکان دەڵێن، هەرگیز هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت لەوە دڵنیا ببێتەوە کە چ ڕێژەیەک لە هێز دەتوانێت بۆ دابینکردنی ئاساییش بەسەندە بێت. بەتایبەت هیچ وڵاتێک ناتوانێت پێشبینی ئەوە بکات ڕکابەرەکەی لە داهاتوودا چەندە هێزی دەبێت و پێویستە خۆی چەند هێز کەڵەکە بکات. لێرەدا پێویست ناکات بچینە ناو وردەکاریی ئەو باسەوە.
بە هەر حاڵ، هەردوو لایەن بۆ سەلماندن و پشتڕاستکردنەوەی ڕوانگەکەیان بەڵگەی بەهێز و نموونەی فراوانیان لەبەردەستە. بەڵام ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە گرنگە، تێگەیشتن لەو خاڵەیە کە هەموو ڕیالیستەکان پەرەپێدان بە هێز وەکوو مەرجی سەرەکی دابینکردنی ئاساییشی دەوڵەت دادەنێن و ئاساییشی دەوڵەتیش وەکوو ئاساییشی نیشتمانی سەیر دەکەن. بە کوورتی، لە ڕوانگەی ڕیالیزمەوە، دەوڵەتەکان بۆ دابینکردنی ئاساییشی دەوڵەت [ئاساییشی نیشتمانییە] دەبێ هەوڵ بدەن هێزی خۆیان بگەیێننە ئەوپەڕی خۆی، چونکە دەوڵەت چ ئاساییشی خۆی لەوەدا ببینێتەوە کە ببێتە هەژموون یا گەمەکەری باڵادەستی ناو سیستەمی نێونەتەوەیی یاخود ئاساییشی خۆی لەوەدا ببینێتەوە کە هاوسەنگی پێک بهێنێت، پێویستی بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە هێز و بەتایبەت هێزی سەربازیی و ماددی هەیە. ئاشکرایە، ئەم ڕوانگەیە سەبارەت بە ئاساییش، ڕوانگەیەکی دەوڵەت-تەوەرە و گرنگییەکی ئەوتۆ بە گەمەکەرە نادەوڵەتییەکان نادات، بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە کە نەتەوە بێ دەوڵەتەکان نەتوانن لە هەندێک لە ئامۆژگاریی و ڕێنوێنییەکانی ڕیالیستەکان کەڵک وەربگرن. بۆ نموونە هەرێمی باشووری کوردستان و تا ڕادەیەکیش ڕۆژاوای کوردستان وەکوو دوو گەمەکەری شێوە- دەوڵەتی دەتوانن لە هەندێ لە ڕێنوێنییەکانی ڕیالیزمی نێونەتەوەیی بۆ دابینکردنی ئاساییشی خۆیان کەڵک وەربگرن.
=KTML_Bold=“ڕیالیزم و ئاساییشی نیشتمانی کورد”=KTML_End=
پێشتر وتم، لە ڕوانگەی ڕیالیستەکانەوە دەوڵەتەکان سەرەکیترین گەمەکەری ناو سیستەمی نێونەتەوەیین، بۆیە لە لێکۆڵینەوەکانیشیاندا دەوڵەت دەبێتە مەرجەع و سەنتراڵی ئاساییش. مەخابن لەبەرئەوەی نەتەوەی کورد بە گشتیی خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ نییە لە خوێندنەوەی ڕیالیستیدا جێگە و پێگەیەکی ئەوتۆی نییە و گرنگی پێ نادرێت، چونکە وەکوو گەمەکەرێکی سەرەکی سەیر ناکرێت. بە تایبەت لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان کە نەتەوەی کورد و نیشتمانی کوردستان بە چڕترین شێواز لەژێر هەیمەنە و دەسەڵاتی داگیرکەردان لە ئێستادا زیاتر پێویستیان بە داڕشتنی پلانێکە بۆ بەهێزکردنەوەی ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازیی. هەڵبەت لەو ئاڕاستەیەدا دەتوانن کەڵک لە هەندێ لە ئاموژگارییەکانی ڕیالیزم وەربگرن کە جەخت لە پیویستی هێزگرتنی گەمەکەرەکان دەکاتەوە. بەڵام سەبارەت بە ئاساییش، ڕیالیزم یارمەتیدەرێکی ئەوتۆ بۆ ئەو دوو بەشە نییە. ڕۆژاوا و بە تایبەت هەرێمی باشووری کوردستان دۆخ و پێگەیەکی تا ڕادەیەک جیاوازتریان هەیە، ئەم دوو بەشەی کوردستان لەبەرئەوەی کە خاوەن دەسەڵاتێکی نیمچە سەربەخۆن و دەتوانن هەندێ بڕیاری سەربەخۆ لە ئاستی دەرەوە و ناوخۆی نیشتماندا بدەن، بوونەتە بەشێک لە گەمەکەرەکانی سیستەمی سیاسی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەو واتایە کە کردە و هەڵوێست و سیاسەتەکانیان لە لایەکەوە دەتوانێت تا ڕادەیەک کاریگەریی لەسەر سیاسەتی گەمەکەرەکانی تر دابنێت و لە لایەکی تریشەوە خۆیان دەکەونە ژێر کاریگەریی بڕیار و سیاسەتەکانی باقی گەمەکەرەکانی ناوچە. لەم ناوچەیەدا گریمانەکانی ڕیالیزم بە شێوەیەکی بەرچاو پراکتیزە کراون و کاریان پێ دەکرێت، لەو ئاڕاستەیەدا هەموو گەمەکەرەکان بە مەبەستی دابینکردنی ئاساییش و گەرەنتیکردنی مانەوەی خۆیان بەردەوام هەوڵی زیادکردن و بەرفراوانکردنی هێزی خۆیان دەدەن. بۆیە پیویستە کوردیش وەک بەشێکی پێکهێنەر لەم سیستەمە لەپاڵ هەنگاوەکانی تر [ کە هەوڵ دەدەم لە نووسراوەیەکی تردا ئاماژەیان پێ بکەم] بە گونجاوترین شیواز هەوڵی بەرفراوانکردنی هێزی سەربازیی و ماددی خۆیان بدەن و بە هیچ بیانوو و پاساوێک ئەم ئەرکە پشتگوێ نەخەن.
خۆبەهێزکردن و پەرەپێدان بە هێز، بژاردەیەک نییە کە دەسەڵاتدارانی کورد پێیان خۆش بێ و حەزیان لێ بێت هەوڵی بۆ بدەن یان نا، بەڵکوو هەنگاوێکی پێویست و ناچارەکییە، چونکە لە ژینگەیەکدا دەژین کە ناشێت بەبێ هەبوونی ڕێژەیەکی پێویست لە هێزی سەربازیی و ماددی، مانەوە و ئاساییشیان دابین ببێت. لەڕاستیدا، گوشارەکانی سیستەمی جیهانی بە گشتی و گوشارەکانی سیستەمی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی، هێندە قوورس و بەهێزن کە هەرێمی باشووری کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان ناچار دەکەن ڕەفتاری هاوچەشنی باقی گەمەکەرەکان لە خۆیان بنوێنن، واتە هەوڵی پەرەپێدان بە هێز و تواناکانی خۆیان بدەن. مەبەست لە گوشارەکانی سیستەم ئەوەیە کە لە دۆخی ئانارشیک (فەوزا) دا، دەستێکی شاراوە و نهێنی گەمەکەرەکان بەرەو ئەوە ڕادەکێشێ کە پەرە بە ڕێژەی هێز و دەسەڵاتی خۆیان بدەن. بەحەقیقەت، ئەو تراژێدیا و کارەساتانەی کە لە ڕابردوودا بەسەر نەتەوەی کورددا هاتوون، دەبێ پاڵنەرێکی بەهێز بن بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستا بە گونجاوترین شێواز کەڵک لەو دەرفەتانە وەربگرن کە دەبنە هۆی پەرەپێدان بە هێزی بەردەستیان.
=KTML_Underline=“ئەنجام”=KTML_End=
سەرەڕای ئەوەی تیۆری ڕیالیزمی نێونەتەوەیی ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە، بە تایبەت لەبەر ئەوەی کە نەیتوانی پێشبینی کۆتاییهاتنی شەڕی سارد و هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت بکات، هەروەها سەرباری ئەوەی دوای پەرەسەندنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ڕەوتی بەجیهانیبوون، جگە لە دەوڵەتەکان چەندین گەمەکەری نوێ لە شانۆی سیاسەتی نێونەتەوەییدا دەرکەوتن و تەنگیان بە دەوڵەت هەڵچنی و ڕیالیزم کەوتە بەر ڕەخنەی توند و جدی، بەڵام بە کردە و لە گۆڕەپانی کردەوەدا، هێشتا ڕیالیزم و گریمانەکانی سەبارەت بە دەوڵەت و ئاساییش باشتر لە باقی تیۆرەکان توانای شرۆڤە و ڕوونکردنەوە و پێشبینیکردنی پرس و ڕووداوەکانی پەیوەندیدار بە ئاساییشی نیشتمانی و جیهانیان هەیە. بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لۆژیکی سیاسەتی ڕیالیستی زاڵە و دەوڵەتان و دەسەڵاتداران زۆر گرنگی بە گریمانەکانی ڕیالیزم دەدەن و بەپێی ئەو گریمانانە سیاسەت دەکەن و هەڵوێست وەردەگرن و بۆ بەدەستهێنانی هێز بەردەوام لە پێشبڕکێ و کێبڕکێدان، پێویستە نەتەوەی کوردیش لەژێر گوشاری ئەو سیستەمەدا کە هەموو گەمەکەرەکان بەرەو ڕەفتارێکی هاوچەشن (واتە دابینکردنی ئاساییش لە ڕێگای خۆبەهێزکردنەوە) ڕادەکێشێت، گونجاوترین میتۆد و ڕێگاکان بۆ هێزگرتن و پەرەپێدان بە هێزی خۆی بگرێتە بەر. ڕەنگە هەرێمی باشووری کوردستان کە تا ڕادەیەکی زۆر لەژێر هەیمەنەی داگیر ڕزگاری بووە لە بەراورد لەگەڵ پارچەکانی تر دەرفەتی زیاتری بۆ هێزگرتن بۆ بڕەخسێت، بۆیە پێویستە بەردەوام خۆی مەڵاس بدات و لە بۆسەی دەرفەتەکاندا بێت بۆ ئەوەی زیاترین سوودیان لێ وەربگرێت. [1]