ناونیشانی بابەت: کۆنگرەی ئاساییشی میونشن 2023؛ پێگەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکە
ئامادەکردن: #ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد#
59هەمین خولی کۆنگرەی ئاساییشی میونشن دەستی پێ کرد، کە لە 17 تا 19ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. کۆنگرەی ئاساییشی میونشن لە ساڵی 1963 دامەزراوە و دروشمەکەی “ئاشتی لە ڕێگەی دیالۆگەوە”یە و بە گەورەترین کۆنفرانسی ئاساییش لەسەر ئاستی جیهاندا دادەنرێت. بۆ ئەوەی کۆنفرانسەکە وەک ساڵی 2020، زۆر قەرەباڵغ نەبێت زۆر بەرپرس و ڕاگەیاندکار و ڕێکخراو، داواکاری بەشداری کردنیان بۆ کۆنگرەکە ڕەتکراوەتەوە. ئەمساڵ گەورەترین شاند لە ئەمریکاوە بەشدار دەبێت، نوێنەری وڵاتانی ڕووسیا و ئێران بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا ناکەن، لەو بارەیەوە “کریستوف هیوسگن”، سەرۆکی کۆنفرانسی ئاساییشی میونشن ڕایگەیاند، “رووسیا جێگەی لێرە نییە، چونکە ڕووسیا بە تاوانی جەنگ ناسێندراوە. “هەروەها وتی: ئەم جارە ئێرانیش بەشدار نابێت، لەبەرئەوەی “مافی مرۆڤی پێشێڵ کردووە و لە شوێنی شاندی ئێران، چەند کەسایەتییەکی ئۆپۆزیسیۆن لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار دەبن.”
“کریستوف هیوسگن” ڕایگەیاند ئەمساڵ باسی دۆخی ئێران، سووریا و ڕۆژهەڵاتی ئێران دەکەن، هەروەها ژمارەیەک ئێزدی بانگهێشتکراون، چونکە دەمانەوێت بە بیری خەڵکی بهێنینەوە کە دەبێت نەهامەتییەکانی مرۆڤایەتی لەبیر نەکرێن”. پرسی سەرەکیی کۆنفرانسی میونشنی ئەمساڵ هێرشی ڕووسیا دەبێت بۆ سەر ئۆکراینا ” ئامانجی یەکەم ئەوەیە کە چۆن ئاشتی بەرقەرار بکەین و چۆن کۆتایی بەم شەڕە بهێنین”. سەرۆکی کۆنفرانسی ئاساییشی میونشن ئاماژەی بەوەکرد، کۆنفرانسی ئەمساڵ لە کاتێکدا دەستپێدەکات، کە نزیکە لە ساڵیادی لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا. ئەم کۆنفراسی ئاساییشە بێگومان دەبێتە دەستپێکێک بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێک بکەین، تاوەکوو بزانین ئێمە لە کوێدا وەستاوین. سەبارەت بەوەی کە من پێی دەڵێم پێشێڵکردنی شارستانی، کە لەلایەن “ڤلادیمێر پووتین”ەوە کراوە. لە کوێدا وەستاوین لە بەرگریکردن لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە پاراستنی یاسای نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای ڕێساکان.
لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەکوو “د.کریستۆف هیوسگن” وتی، “لە کۆبوونەوەی گشتیدا بە تێکڕای 143 دەنگ، دەنگماندا بە شەرمەزارکردنی هێرشی ڕووسیا. دەمانەوێت بزانین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردانەوەی چۆن دەبێت سەبارەت بە کردەوەی زیاتر، ئەوەی ئەمساڵ لە کۆنفرانسی میونشن ئێمە گرنگی زیاتری پێدەدەین لەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا کردوومانە، ئەوەیە کە زیاتر ئەم کۆنفرانسەمان لەڕووی جوگرافییەوە کردووەتەوە، میوان و نوێنەرمان زۆر دەبن، ئەوەی من هەمیشە پێی دەڵێم لە باشووری گۆی زەوییەوە. لە هەمان کاتدا کەمێک دەگەڕێینەوە بۆ ڕەگی کۆنفرانسی ئاساییشی میونشن، وەک ئەو کۆنفرانسەی بە پلەی یەکەم لە ترانس ئەتلانتیکەوە دەستی پێ کرد. ئەوەش لەوەدا ڕەنگدەداتەوە کە ئەمساڵ گەورەترین شاندمان دەبێت لە ئەمریکاوە کە لە کۆنگرێسەوە دێن”.
=KTML_Bold=“تەوەرەکانی کۆنگرەی ئەمساڵ”=KTML_End=
کۆنفرانسەکەی ئەمساڵ دوای ساڵێک بەسەر ئەو جەنگەدا تێپەڕ دەبێت کە ئەورووپای گرتۆتەوە. بەرپرسە ڕۆژاواییەکان لە هۆڵەکانی کۆنفرانسەکە تاوتوێی ئەو فاکتەرانە دەکەن کە کاریگەریی لەسەر ئاڕاستەی سیاسیی و ئابوورییان داناوە. تەوەرەکانی بریتین لە: سیاسەتی بەرگریی وڵاتانی زەریای ئەتڵەسی، جموجوڵی سیاسەتی جیهانی، ئاساییشی مرۆیی جیهانی، سەقامگیری ئاساییش و تەکنەلۆجیا و تیرۆری سایبەری، پەیوەندییەکانی چین و ئەوروپا، جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا، وزە و گۆڕانی کەشوهەوا.
=KTML_Bold=“لایەنە بەشداربووەکانی کۆنگرەی ئاساییشی میونشن”=KTML_End=
“#نێچیرڤان بارزانی#” سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکات. هاوکات 40 سەرۆک وڵات و سەرۆک وەزیر بەشداری دەکەن، هەروەها 100 وەزیری بەرگری، دەرەوە و ناوخۆ ئامادە دەبن. جگە لەوانەش دەیان کەسایەتیی بەناوبانگی جیهان و شارەزایانی بواری تیرۆر و ئاساییش بەشدارن. سەرۆکی فەرەنسا، سکرتێری ناتۆ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، شاندێکی ئەمریکا کە زۆرینەیان ئەندامی کۆنگرێس-ن، شاندێکی باڵای ئۆکراینا، چەندین شاندی وڵاتانی جیهان، ڕێکخراو و ناوەندە ستراتیجی و سیاسییەکانی جیهان بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن. لەنێو شاندەکەی ئەمریکادا “کامالا هاریس”، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و “ئەنتۆنی بلینکن”، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەن. لەبارەی گرنگیی بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسەکەدا، کریستۆڤ هیوسگن ئاماژەی بەوەدا، کە “زۆر گرنگە کە ئەو لە کۆنفرانسی ئاساییشی میونشن دا بەشدار دەبێت”.
“وۆڵفگانگ ئایسینگەر”، بەڕێوەبەری پێشووی کۆنفرانسی ئاساییشی میونشن لە ساڵی 2008 بۆ 2022 باس لەوە دەکات؛ ئەو کۆنفرانسە بۆ کۆبوونەوەی لایەنە دژیەکەکانی جیهانە و نەدەبوو نوێنەرانی ڕووسیا و ئێران بانگهێشت نەکرێن. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەمیشە لەو کۆنفرانسەدا هەوڵی ئەوەی داوە نوێنەری ئەو وڵاتانە بەشداری بکەن کە پەیوەندییان لەگەڵ سیاسەت و بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپاوە جیاوازە. کۆنفرانسی ئاساییشی میونشن کە لە لای زۆرێک بە داڤۆسی ئاساییش ناسراوە، کەم جار هەبووە بەشداربوو و قسەکەرەکانی هاوبیر بن. ساڵی 2007 “ڤلادیمیر پووتین” سەرۆکی ڕووسیا وتارێکی زۆر تووندی دژی سیاسەتەکانی دوای جەنگی ساردی ئەمریکا پێشکەشکرد، کە بە یەکێک لەو وتارانە دادەنرێت کە کەلێنێکی گەورەی کردە نێوان پەیوەندییەکانی ئەو دوو زلهێزەی جیهان. ئەو دوو جەمسەرەی لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن “ئەنتۆنی بلینکن” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و “وانگ یی”، وەزیری دەرەوەی چین کە بڕیارە بە یەکەوە گرژییەکانی باشووری ئاسیا و ئەمریکا بخەنە بەر باس. یەکێک لەو پرسانەش کە چاوەڕوان دەکرێت گرنگی زۆری پێ بدرێت، خستنە خوارەوەی باڵۆنێکە کە ئەمریکا بە باڵۆنە چینییەکە ناوی دەبات لە ئاسمانی ئالاسکا. بە گوێرەی ئەمریکا چین مانگی دەستکرد، ڕادار و ئامێری چاودێری بەو باڵۆنەوە کردووە و بۆ کاری سیخوڕی بەکاریهێناوە.
=KTML_Bold=“پێگەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەکە”=KTML_End=
ئەو کۆنگرە بە گەورەترین سەکۆی گفتوگۆکردنی ئاساییش لە جیهان دادەنرێت و تاوەکوو ئێستا چەندین ڕێککەوتنی ئاساییش و دیپلۆماسیی جیهان لەوێوە کراون، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەشدارە و چەندین دیدار و کۆبوونەوەى لەگەڵ بەشداران و ئامادەبووانى کۆنفرانسەکەدا دەبێت، ڕۆژی هەینى 17-02-2023، “نێچیرڤان بارزانى”، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە بانگهێشتێکى فەرمى بۆ بەشداریى لە کۆنفرانسى ئاساییشى میونشن گەیشتە ئەڵمانیا. بەگوێرەی ڕاگەێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان، “نێچیرڤان بارزانى” لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەى وڵاتان، بەشدارى لە دیدار و گفتوگۆکانى پەیوەست بە بوارى ئاساییش و سەقامگیرى و ئەو ئاڵنگارییانەدا دەکات کە ڕووبەڕووى جیهان دەبنەوە. بانگهێشتکردنی “نێچیرڤان بارزانی”، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیشانەی بەهێزی و گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستانە لە بواری ئاساییش و وزە لە ناوچەکەدا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لە کۆنگرەکەدا؛ زۆر پرسی ئاساییش و ستراتیجی وتووێژ دەکرێت و کۆنفرانسەکە هەلێکە بۆ هەرێمی کوردستان، تاوەکوو پێگە و کاریگەریی لەسەر ئاستی هەرێمی و ناوچەکە بنوێنێت. بەشداریی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لەو گفتوگۆیدانە، گرنگی #هەولێر# لەسەر نەخشەی سیاسی و وزەی جیهان نیشان دەدات. بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی میونشن ئاماژەیە بۆ ئەوەی بۆچوون و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بە لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە گرنگە و، بەهێزی و مانەوەی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی خاوەن بڕیار گرنگە. لە کۆبوونەوەکانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان دەکات و ئەمەش ئاماژەیەکە، کە وڵاتان خوێندنەوەی باشیان بۆ سیاسەتی هەرێمی کوردستان هەیە.
لە کۆنگرەی میونشن زۆر بابەتی گرنگ تاوتوێ دەکرێن و بڕیار بەدەستانی نێودەوڵەتی بەشداریی هەرێمی کوردستانیان لە کۆنفرانسی میونشن بەهۆی ئەو پێگە سیاسی و ستراتیجی و جیۆپۆلیتیکییەی هەیەتی لە لا گرنگە. هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو پێگەی لە بواری ئاساییشی وزەدا هەیە، دەتوانێت ڕۆڵ و کاریگەریی لە سیاسەتەکانی ناوچەکەدا بگێڕێت. “ڤۆلڤگانگ ئیشینگەر”، سەرۆکی پێشووی کۆنگرەی ئاساییشی میونشن بەشداری “نێچیرڤان بارزانی” سەرۆکی هەرێمی کوردستان شان بە شانی سەرۆک و سەرۆکی وەزیرانی وڵاتانی جیهان بە گرنگ ناودەبات لە کۆنفرانسەکە. کۆنفرانسەکە هەلێکە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بینینی بەرپرسانی وڵاتان، تاوەکوو لە نزیکەوە گەنگەشەی دوایین پێشهات و پرسەکانی پەیوەست بە ئاساییش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان بکەن. تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە لای هاوپەیمان و دۆستەکانی بە گرنگ بینراوە. پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان وەک ئەکتەرێک لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گرینگ دەبیندرێت. هەرێمی کوردستان ڕۆڵی هەبووە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە ئاساییش و سەقامگیریی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچەکە. لەو دیدارانەدا هەرێمی کوردستان دەتوانێت پەیوەندیی دوو لایەنە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان پتەو بکات.
هەرێمی کوردستان وەکوو ئەکتەرێکی نا دەوڵەتی بەشداری لە کۆنفرانسەکە دەکات، کە ئەمەش گرنگی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان لە پرسەکانی پەیوەندیدار بە ئاساییشی ناوچەکە دەدات، هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەشداریکردن لە کۆڕبەندە جیهانییەکانی هاوشێوەی کۆنفرانسی ئاساییشی میونشن، دەتوانێت پێگەی سیاسی و ئاساییشی خۆی بەهێز بکات. بەوپێیەی کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی کۆنفرانسەکە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیدا کردووە. [1]